Goran-2

ئەبوبەکر جاف : فاشیزمی گۆڕان ، گۆڕانی فاشیستانه‌ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەغدەغەو كەڵكەڵەی فاشیزم لە هەناوی بزوتنەوەی گۆڕاندا .

خولقاندنی تەقس و فەزایەكی پڕ فەوزای وەها ، كە دونای ئێمەی دابەشكردووە و ئەم دابەشكردنەش گوازراوەتەوە ناو مۆراڵەوە ، ئەمە كارەساتێكەو دەبێت لێی بدەین . ئەم تەقسە سەرباری ئەوەی زیندووكردنەوەو گەشەكردنی بونیادی خێڵەكی – ناوچەیی بەسەرنەچووی ئێمە ، واتە پێمان دەڵێت كۆمەڵێك دەمامكی نوێن بە ماهییەتێكی ناوچەگرییەوە ، هیچی تر نییە . تێكەڵكردن و نەهێشتنی مەودایەك بۆ بیركردنەوەو ڕامان و وەستان و هەڵوەستە كردن لە بارەی ئەوەی كە دەگوزەرێت ، كاری هێزە سیاسییەكانی ئێمەبوو . ئەوەی بوو بە قوربانی ئاوابوونی ” شەپۆل و هێزو گوتاری سێیەمە ” كە دەبوایە لە دەرەوەی هێزە سیاسییەكانمام هەم كاری دیاگنۆستیك و هەم ڕەخنەگرتن و هەمیش بینینی فاكتەكان بوایە وەك خۆی . فەزایەكی چواردەوردراو بۆ گوتاری مۆراڵی نیشتمان پەروەر/ خاین ، نەتەوەیی / نا نەتەوەیی ، ئەوەی لەگەڵ دەسەڵات بێت دزو گەندەڵ و دژە خەڵكە / ئەوەی لە گەڵ ئۆپۆزسیۆندابێت ئەگەر جەللادیش بێت ئێستا پیاوچاك و وەلییە .
حەماقەترین دیدگاو تێڕوانین ، ئەو تێروانین و تەفسیرەیە وا بزانێت هێزێك پەیدابووە لە نەسلی فریشتەو ئاسمان و ئەمانە بە تەواوی لە بەرەی خەڵك ، هەرچی هێزی دیكە هەیە لە بەرەی دزو گەندەڵكارانن . جێگۆڕكی و ناولێنانی نوێ لە هێزێك بەس نییە بۆ ئەوەی ئیتر بڕیار بدەین و یەكلابینەوە كە ئەم هێزە تەواو لە بەرەی نیشتمانی و لە بەری خەڵك و لە بەرەی دژە دەسەڵات و گەندەڵكارانە .
بەڕاستی نازانین ڕێژەیەكی بەرچاوی خەڵك چۆن كۆمەڵێك ئەكتەری سیاسی دوێنی ناو شەڕو كوشتارو دزی و جەردەیی و شەوكوتی بوون بە وەلی و ڕزگاركەر؟!. هێزێكی جیابوویەوە و بڕیاریدا ئۆپۆزسیۆن بێت ، هەویەت و شوناسی خۆی لە ئەویتری دەسڵاتەوە وەرگرێت . بەڵام دونیایەك ئیهانەكردن و غەدرو ناحەقیكردن لە دەسەڵات وەەك چەمك و وەك مومارەسەیەكی مەدەنیانەی چەندین سەدەی قوربانی بۆدان و خۆێن لە پێناودا ڕشتن . ناشیرنكردنی ” دەسەڵات ” وەك تۆڕێك لە پەیوەندی و كورتكردنەوەی دەسەڵات لە دوو هێزی سیاسی و چەند ئەكتەرێكی كەمدا ، ترۆپكی جەهل و بێئاگایی تیۆرییە لە دەسەڵات و دەسەڵاتداری و حاكمیەت و حوكمكردن و ڕابەرایەتیكرنی سیاسیانەی جڤاكێك . ئەم هێزە بە دەمامك نوێیەی بە ناوی هێزی نەوەی نوێ و هێزی خەڵك و حەشاماتی بەشخوراوەوە دەركەوت ، بەڵام بێئاگایی جەماوەر لەوەی كە جگە لە ماسك ، لە فۆرمی نوێی گەمەكردن و پاوانخوازی و ململانێی هێزەكان هیچی تر نییە .
ئەم هێزە دونیایەك بێحورمەتی نواند لە ئاواپێكردن و نەهێشتنی گروپە بچوكەكانی بەرگری و بەرهەڵستكاری و بەرەنگاربوونەوە . ئەم هێزە یەكەم زەربەی لەو گروپە بچوكانەی فشارو گروپە مەدەنیانە بوو كە ، دەیانتوانی بە هێمنی و بە بەبێ بەركەوتنی زبرو ڕەق پانتایی و پەراوێزەكانی ئازادی و مومارەسەی سیاسی گەورەو فراوانتر بكەن . ئەم هێزە هەڵتۆقیوە نەشازو ناكۆیە ، هیچ مانایەكی بۆ میكرۆ سیاسەت و میكرۆ بەرگری و كاری فەردی و گروپی بچوك نەهێشتەوە كە فشارو پاڵەپەستۆیان زیاترە . ئەم هێزە دونیایەك هێزی نا سیاسی و مەدەنی لە فشارێكی سۆسیۆ – سیاسیدا قوتداو خستییە ناو ماكینەی گۆڕان و فشاری سەرتاسەرییەوە . بە شێوەیك ، لە جەهل و كاڵفامی خۆیدا بەرانبەر ” چەمك و ئەزموونە تیۆری و پراتیكییەكانی” دونیا و فەزای سیاسەت و سیاسەتكردن و فەزای گشتی ، خولقاندن و زیندووكردنەوەی گوتارێك كە دابەشكراوە بە سەر دوالیزمەكاندا ، چاك و خراپ ، پاك و دز ..
هێڵی سێیەم و تەوژمی سێیەمی نەهێشتەوە . لە لایەكی دیكەشەوە ئەكتەرو بكەرگەلێكی باشی ناو هێزە سیاسییەكانی ئێمە كە دەیانتوانی باشتر پانتایی ئازادی و ڕەخنەگرتن و بەرەنگاری فراوان بكەن ، خستنییە ناو ڕەقبوون و زبریی و یەكلایبوونەوە لە ناو بەرەوە جەمسەرگیرییەكاندا . واتە پەراوێزێكی ناو هێزەسیاسیەكانی ئێمەی خستەوە ناو سێنتەرە . پەراوێزێكی نەرم هەبوو ، ئەم پەراوێزە یان فەزا نەرمەی تەواو ڕەق كرد .
تۆ تەمشاكە چ قیامەتێك لە سەر بونیادی مۆراڵی و ئەخلاقی دروستبووە كە ئەگەر بێتو لە سەر ئەم بنەما مۆراڵییە خودی ئەو هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنە دادگایی و مەحكەمە بكرێت ، ئەوا تەواوی ڕابەرانی ئەم هێزە بە كەمترین ڕێژە لێی دەردەچن . گەمەی مەدەنی و دیموكراسی و ململانێ هێزەكان لە سەر كولتورێكی دیموكراسی بەڕێوە دەچێت نەك پڕكردنی فەزاكە بە دادگایەكی ئەخلاقی كە خۆشیان لێی دەرناچن . بەڵام دیارە كێشەو ئیشكالەكە وەك ئەوەی ولیام ڕایش باسی دەكات و دولوزیش جەختی لە سەر دەكاتەوە ، لە ئارەزووی جەماوەرو خەڵكدایە بۆ دۆیزنەوەی ستەمكار و باوكی نوێ كە هێزەكەی پێشوو سیحری ئەو باوك و ستەمكارەی لە دەست داوە .
هێزە نوێیەكە سیحرێكی دیكەی فریودان و چاوبەستنی دۆزیوەتەوە بۆ گردكردنەوەو خڕكردنەوەی خەڵك . ترسی ژیل دولوز لە حیكایەتی گەورەو پرۆسێسیوسی بەرگری گەورەو سەراپاگیرو شمولی لە بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی فاشیزم و فاشیبوون بووە . ئەو كە پێداگیربوو لە سەر وردە بەرگری و میكرۆ سیاسەت و وردە بەرهەڵستكاری و وردە بەرەنگاربوونەوە و وركردنەوەو فراوانكردنی وردكردنەوەی بەرگرییەكان ترس لە فاشیزمی پۆپۆلیست و جەماوەرگەراوە بووە .
گۆڕان بە خولقادنی فەزایەكی مۆراڵی و موحاسەبەكردن و لێپرسینەوەو لێپێچینەوەی مۆراڵی و تۆمەت و تۆمەتكاری لە بری گەمەی مەدەنی و پرۆژەی فكری گەورەو مەودا درێژ ، جۆرێكی نوێی فاشیزمی خولقاند . فاشیزمی ئەخلاقگەراو فاشیزمی پۆپۆلیستی و فاشیزمی خەبات و بەرهەڵستكاری سەرتاسەری و سەراپاگیر . هەر بۆیە ، لە سەرەتای دروستبوونی گۆڕانەوە ” پۆتێنسیالی فاشیست ” زیاترو زیاتر دەركەوتووە ئەویش لە ڕق و كینەو بوغز بەرانبەر پارتی و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی هەیەتی . زیندوكردنەوەی پۆتێنسیالی فاشیبوونی گۆڕان لەو دەغدەغەو كەڵكەڵە كۆدێتایی و ئینقلابییەی دایە كە تەنیا درێژبوونەوەو دەركەوتنی ” ئەو كۆنەستەی ” ی شاخە كە مێژوویەكی درێژی هەیە لە ململانێی ناوچەگەری و قەبیلە و خێلەكیانە . ئەو درزو لێدان و شەقبردنەی هێزێكی وەك گۆڕان خستییە ناو جەستەی وردە بەرگری و میكرۆ سیاسەتەوە ، مێژووی یەكێتی و پارتی ئەو درزەیان دروست نەكردبوو . چونكە یەكێتی و پارتی بە ناچاری ملكەچی فشارە بچوك و پەراوێزەكان بووبوون و ئومێدی فراوانبوون و گەورەكردنی پانتاییەكەی لێ دەكرا .
ئێستاكەش سیاسەتكردن بەم نەفەسە دەماكدارەوە بە مەبەستی گرتنە دەست و بەڕ لە ژێرهەڵكەندن لە هێزەكانی دیكە، جگە لە دەرخستن و خوێندان و خوێن بەخشین بەو گوتارە قەبەلی و خێڵەكییەی لە هەناوی هێزەكانی ئێمەدا نوستووە ، هیچی دیكە نییە ، كە لە مێژووی نزیكی ئێمەدا دەیان ئەزممونی لەوشێوەی تێدایەو هێشتاكە چەندین نەوەی ئێمە لە ناو ئەو حیكایەت و زبرییەدایە .

تێبینی – ئەم نوسینە وشەی زبریی تیایە ، بەڵام نوسەر ئۆباڵەکەی خستە سەر خۆی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت