Abubakir-Caf-3

ئەبوبەکر جاف : فەلسەفە وەک ستراتێژی دەستنیشانکردن و پشکنینی ئێستا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

La PHILOSOPHIE COMME LA STRATEGIE DE DIAGNOSTIC ET D’EXAMEN ” D’ACTUEL” DU PRESENT

فەلسەفە لەوە دەرچوو ، فەلسەفە ئەوەی تێپەڕاند کە کاری چالاکییەکی تیۆری و ئینسکلۆپیدی بێت کە کۆتا ماناو مانا کۆتاییەکان و ئامانجەراکان ڕێکبخات . فەلسەفە چیدیکە سەروکاری بەوەوە نەما ئامانج و مەبەستەگەورەکانی بوون و مومارەساتی مرۆیی کەشف بکات . فەلسەفە بوو بە ستراتیژی دەستنیشانکدن و دیاریکردن و پشکنین و هەڵوەشانندنەوەو ڕەخنەکردنی ئێستا .
ئەم سەردەمە گەوەرەیە تێپەڕی و بەسەرچوو لە فەلسەفەی هاوچەرخدا کە تێکستی فەلسەفەی یا تێکستێکی تیۆ ری دەبوایە کار و وەزیفەی لە کۆتایی گەشتەکەیدا پێدانی وەڵام بوایە سەبارەت بە مانای ژیان و مەرگ و ماناو ئامانجی گەوەرە لە ژیانکردن ، وە کاری فەلسەفە بوو کە پیچمان بلێتی خوداوەندێک بوونی هەیە یان نا ؟ ئازادی چییەو چی ئازادی پێک دێنێت ، وە پێویستمان بە چییە لە ژیانی سیاسیماندا، وە چۆن لە گەل ئەوانیدا هەڵسوکەوت و مامەڵە بکەین. لەمەولا بانگەشەکردن بۆ ئەم شێوە و فەلسەفە کردنە بە سەر چوو.کاتێک دەبینین فەلسەفە لە دۆخی پەرش و بڵو بوون و شیرلزە تێکچون و تەنانەت لە ناو جۆرێک لە بە هەڵمبووندایە ، ئەوا کاری فەسلەفەو فەلسەفکردن و فەلسەفاندن لە کۆمەڵێک کایەو بواری جیاوازدا دەردەکەویت کە ڕەنگە لە ڤۆر شوێندا ئەم بوارو کایانە وا دەربکەون پەیوەندی و سەروکاریان بە یەکەوە نییە . جیاوازی و جودایی و پێکەوە نەلیکێنراویی ئەم بوارە جیاوازانەش زەمەن و چرکەساتی ” یەک فەلسەفەو فەلسەفەیەکی سیستەمیی و یەک فەیلەسوف و یەک گوتاری بەسەر چوو،ئاوا بوو ، ئەم پرسیارە کلاسیکییەی فەلسەفە بە سەر چوو کە ” شتێک چییە ؟!” یان ” مانا ” یەک چییە ؟!.بەڵکو لێرەدا بە قسەی نیتشە پرسیارەکە لە ماهییەت و چییەتییەوە دەگوازینەوە بۆ ئەوە ( کێ پرسیاری چییەتی دەکات ، کێ پرسیار لە مانا دەکات ، واتە بەو شیچوەیەی بە فەرەنسی ئاڵوگۆڕێک ، شوێنگۆڕکیێیەک بە پرسیاری (؟qu’est ce que بۆ پرسیاری (QUI VEUT? .واتە لێرەو لە ئێستادا ئەوە کێییە ئەم پرسیارانە دەکات و چی دەوێت لەو پرسیارانە و بۆچی ئەو پرسیارانە دەکات و لە کوێدا ئەو پرسیارانە دەکات و چی لەو پرسیارانە دەوێت …؟
فەلسەفە چ سەروکارێکی بەوەوە نەما کە بڵێت :ئەو شتە ئەبەدی و زیندوو هەمیشەیی چییە کە هەموو شتێکی تێدا دەتوێتەوە ؟! ئێمە کێین کە مەحکوم و ناچارین بە مەرگ ؟ وە ئەو شتە چییە کە ئاوا نابێت و ناتوێتەوە،یان ئەو بزێنەرو جوڵێنەرە سەرەکییە چییە کە مێژوو ئاراستە دەکات و بەرێوەی دەبات لە وێنەی ڕۆحی ڕەها ، پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و ململانێی چینەکان و گەڕان بە دوای ئازادیدا .. فەلسەفە بڕوای بە مێژوویەکی پڕ هارمۆنی و بەردەوامی ڕێک و تەریب نییە ! فەلسەفە قسەو باسی لە دابڕان و پێکەوە نەبوون و بە یەک نەگەیشتنی ڕوداوەکانە.! فەلسەفە کاری ئەوە نییە کە ڕوداوێک چییە ، بەڵکو وای دەبینێت ڕوداو پێکەوە بوونی کۆمەڵێک فینۆمنین لە میانەی هێزوو پەیوەندی هێزەکان و ململانێ و پارسەنگی هێزەکان دروست دەبێت ، فۆرمیولە دەبێت ، فۆرمێکی تایبەت لە ئێستایەکدا وەردەگرێت .
فەلسەفە بە ڕەهەندو مانایەکی نوێ ستراتیژی دەستنیشکانکردن و پشکنینی ئێستاو ڕەوەندی پێکهاتنێتی بە تێگەیشتنە نیتشەییەکەی .
ئێستا چی ڕودەدات ؟ ئێستاو لێرەدا چی دەگوزەرێت ؟ ڕەنگەو بە دلنَنیاییەوە ئێمە هیچ نەبینی جگە لە ئێستاو پێکهاتوو خولقێنراوێک لە ئێستادانە زیادو نەکەم . ئیتر ئێمە بەرهەمی مانێڤستبوونی ڕۆحێکی ئەبەدی نین! ئێمە بەرهەمی نەست و نا ئاگاییەک نین لە زمان یاخود لە دەرەوەی زماندا.! ئێمە بەرهەمی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و ململانێی چینەکان نین . ئێمە لێرداین و لە ئێستاداین .
بەمشێوەیە هێگڵ و مارکس و فۆریدو ئەوانەی لە ” خولگەکانیان ” دەسورێنەوە لەگەڵ ئەم حیکایەتە گەورانەدا ئاوابوون .!
پرسی فەلسەفە پرسی ئێستایە کە ئێمەی تێدا دەژین.پرسی ئەو فۆرمیولە بوونەیە کە لە میانەی پەیوەندی هێزەکاندا ئێمە خولقێنراوین.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت