ئەحمەد ڕەزا : فەرەنسا بە نمونە ـ نیولیبرالیزم و جەنگی جیهانیی سێیەم .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتای سەدەی نوێ ، بە گوڕوتاو کردنی چالاکیی ئۆرگانەکانی نیولیبرالیزمی جیهانییە ، لە پێناوی دەستەبەرکردنی گۆڕانکارییە جیهانییەکان ، بەرەو ڕیزبەندکردنی وڵاتانی جیهان ، لەو سیستمەدا .. بە تایبەت وڵاتانی ئەوروپا، جگە لەوەی سیستمی سەرمایەداریی حوکمیان ئەکا، ئێستا نیولیبرالیزم بە هەموو توانایەوە، لە بەردەم هەڵوەشاندنەوەی سیستمی خۆشگوزەرانیدا وەستاوەتەوەو پڵیتەی گۆڕانکارییەکانی خستووەتە ناو ماڵی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەوە .

 نیولیبرالیزم توانی بە ئاسانیی بگاتە ناو دڵی وڵاتانی سێیەم و دەستەمۆی کردوون ، لە ڕێی وروژاندنی هەستیانەوە بە جوانتر کردن و پێشکەوتنی سەرسوڕهێنەر ، بە قەرزکردن لە بانکی نێودەوڵەتیی و جێبەجێکردنی مەرجەکانی بانکەکەو سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی . قەرزکردن لە پێناوی دانەوەی قەرزو جارێکیتر قەرزکردنەوە ، تا ئاستی نابووت بوون ئەم پرۆسەیە بەردەوام ئەبێت.

 بەڵام بەلانی وڵاتانی ئەوروپاوە ، هاوکێشەکە دوورایی تر ئەگرێتە خۆی .. لەوێدا لە ڕێگەی دەسکاری کردنی یاساکانی کارەوە ، بە هەمان چەشنی وڵاتانی جیهانی سێیەم ، دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی کۆتایی پێ ئەهێنرێت و خەڵک بێکارو هەژار ئەکرێن.

 هەرچەندە فەرەنسا زۆرێک پێی ئەڵێن پیاوە پیرەکەی ئەوروپا ، بەڵام بە هێزێکی پتەوەوە بەرەنگاری دەست بەسەراگرتنی دامەزراوە داراییەکانیت وەستایەوە .. ئەم بە رەنگارییەی بە دەگمەن دائەنرێت لە ئەوروپادا.. ئەویش بەهۆی ئەوەوە کە تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی موچە وەرئەگرن لە فەرەنسا ، بە توندیی بەڕووی حکومەتدا وەستانەوەو داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسا هەموار کراوەکان و دوورکەوتنەوە لە ڕووە هەڵخەڵەتێنەرەکەی گڵۆباڵیزم ئەکەن .

 هەناردەکردنی ڕێکخراوی داعش بۆ فەرەنساو زنجیرەی چالاکییەکانیان سزادانی فەرەنسییەکان نییە ، بەقەدەر ئەوەی دوورخستنەوەیانە لە چالاکییە سەندیکاییەکانیان ، تۆقاندنیانە لە پلەیەکی باڵادا ، بۆ ناچار کردنیان بە بەردەوام نەبوون لەسەر دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکان .. بەوجۆرەش لە فەرەنسادا ئەوی دویمینیک فیلبان پێشنیازی کردبوو بۆ گۆڕانکارییەکانی قۆناغی دووەمی موچەو یاسای کار ، سەرلەبەری جێبەجێ ئەکرێت و ڕێژەی هەژاریی و بێکاریی بۆ ئاستی وڵاتە دواکەوتووەکان بەرز ئەبێتەوە .

  ئەوەی نیولیبرالیزم لە ئێستادا پەیڕەوی ئەکا ، جەنگێکی نوێی جیهانییەو بە شێوەیەکی جیاواز.. ” لویس ئەناسیۆ داسیلڤا ” سی و پێنجەمین سەرۆکی بەرازیل( 2002 / 2011 ) لە لێدوانێکدا سەبارەت بە برسیی کردنی دانیشتوانی سەر زەویی وەرگرتنی دەسەڵات دەسەڵات بە 17  ساڵ ، لە کۆنگرەی هاڤانادا لە 1985 دا ئەڵێت : بە بێ ئەوەی ڕادیکاڵێکی ناشرین بم ، پێتان ئەڵێم جەنگی جیهانیی سێ، بە کردەوە دەستی پێکردووە .. جەنگێکی بێدەنگە، بەڵام ئەمە واینەکردووە خراپەکارییەکەی کەمتر بێت . ئەم جەنگە بەرازیل و ئەمەریکای لاتین و بە کردەوە هەموو وڵاتانی جیهانی سێی لەتوپەت کردووە . لەبری مردنی سەربازەکان ، مناڵان ئەمرن ، لەبری برینداربوونی چەندین ملیۆن بریندار ، ئێستا چەندین ملیۆن بێکار هەیە ، لەبری ڕوخاندنی پرد ، ئێستا کارگەو قوتابخانەو نەخۆشخانەکان و ئابوریش بەتەواوەتیی خاپور ئەکرێن. ئەمە جەنگی وڵاتە یەکگرتووەکانە دژی ئەمەریکای لاتین و وڵاتانی سێ. یان جەنگە لەسەر قەرزی دەرەکیی . جەنگێک چەکە بنەڕەتییەکەی سوو وەرگرتنە، کە لە بۆمبی ئەتۆمیی وێرانکەرترە ، تێکشکێنەرتریشە لە چەکی لیزەر .

 لە ئێستاشدا گروپە چوارقۆڵییەکەی ” ڕوسیا ، ئەمەریکا، چین، ئینگلتەرا ” ئەم جەنگە لە ڕێی سەرهەڵدانی مەترسییەکانی داعشەوە ، ئەگوێزنەوە بۆ ئەوروپا.. ئەبینین لە چەند وڵاتێکی تری ئەوروپیشدا هەمان کێشەی هەموارکردنەوەی یاسای کار پشێویی دروستکردووە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت