ئەحمەد ڕەسوڵ: قاوغێکی مۆدێرن و ڕۆحێکی ترادیسیۆنال.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا لەمسەر تا ئەوسەری کوردستان، کۆمەڵێک دەسەڵاتدارێتی بچوکی لۆکاڵی بەناوی میرنشین لەلایەن کۆمەڵێک ئاغا، شێخ، بەگ و بەگزادەوە وەکو نوێنەرایەتیکردنی دەسەڵاتدارێتیە گەورە دەرەکیەکان و ئیمپراتۆرێتیەکان بەسەر خەڵکی ناوچەکانیانەوە، بوونی کورد بەرجەستە دەکات کە خۆی ئەم دەسەڵاتدارێتیە ناوچەییە ئاغاواتیانە بەربەستی گەورەی بەردەم پەرەسەندنی سروشتیی کۆمەڵایەتی جڤات و گەشەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای کوردی بوون.

سەدەی بیست و ناسیۆنالیزم
لە سەدەی بیستدا جۆرێک لە هۆشیاری لەبارەی بوونێکی کوردیانەی گشتگیر سەرهەڵدەدات، کە هۆشیاریەکی ناسیۆنالیستیە، بەڵام هەمان شێوە فۆڕمی ئەم هۆشیاریە، فۆڕمێکی خێڵەکیانەی لۆکاڵی، هۆشیاریەک لە ڕواڵەتدا باس لە ناسیۆنالیزم وەکو تێزەیەکی مۆدێرن بۆ تەعبیر لە ڕۆحی دەستەجەمعیانەی ئینسانی کورد دەکات، بەڵام ئەم گوتارە لە ڕەگەوە بە توندی بەستراوەیە بە ستراکتوری خێڵ و قەبەلیەتەوە. ئیشکردنی ناسیۆنالیزم لە دروشم و شیعریەتی سیاسی تێناپەڕێت، بەو مانایەی تەنها گوتاری سیاسی-شیعری و هەندێ فۆڕمی سیاسەتکردن “وەک پەیکەری حزب و ناونانی کۆمەڵە و گروپەکان” شتێک لە ناسیۆنالیزم و دنیای مۆدێرنەوە وەردەگرن، بەڵام کۆی پڕاکتیکی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی هەم لەنێو حزب و هەم لە نێو شۆڕشەکاندا، هەمان هەژمونی کۆلێکتڤیی خێڵگەرایانەی ئەنتی ئیندیڤیدە. ناسیۆنالیزم خۆی هۆشیاریەکی ئیندیڤیدە “واتا هۆشیاری تاکەکانە سەبارەت بە بوونی خۆیان لە چوارچێوەی کۆیەکدا”، هەڵبەت مەبەست لەم قسەیە ئەوە نیە کە ناسیۆنالیزم بە سروشتی لە نێو هۆشیاری تاکدا بێ بوونی هیچ سپۆتێک و هیچ سەرچاوەیەک بەرهەم دێت، بەڵکو مەبەست لەوەیە کە ناسیۆنالیزم چاندنی جۆرێک لە بیرکردنەوەیە لە نێو تاکەکاندا کە هەست بکەن ئەوان سەر بە کۆیەکن و بەبێ ئەو کۆیە ئەویش نابێت و ئیتیمایەکی توند بیبەستێتەوە بە کۆی جڤاتەوە لەسەر کۆمەڵێک هاوبەش و تایبەتمەندێتی کە سەرچاوەی تیشکدانەوەی ئەم هۆشیاریە نوخبەیەکە لە بەرهەمهێنەرانی بیری ناسیۆنالیزم، هەڵگر و وەرگێڕانی ئەم بیرەش لەسەر دەستی ئەکتیڤیستی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ حزب و گروپە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوەیە. واتا ناسیۆنالیزم بەبوونی ئیندیڤیدەوە مانا پەیدا دەکات، لێرەوە هەر ناسیۆنالیزمێک بێ بوونی ڕاستەقینەی ئیندیڤید ناسیۆنالیزمێکی فەیک و شکڵیە ناتوانێت هەڵگری ڕۆحی ڕاستەقینەی ناسیۆنالیزم بێت. قەبەلیەت و خێڵگەراییش بە توندی دژ بە سەرهەڵدانی مرۆڤە وەک تاک. لێرەوە ئێمە لەسەدەی بیستدا لەبەردەم ناسیۆنالیزمێکی قاوغیی و شکڵیداین، بە کۆنتێنت و ڕۆحێکی پڕاوپڕ خێڵەکیانەی فیۆداڵیەوە. ئەم ناسیۆنالیزمە خێڵەکی و فیۆداڵیە لەسەدەی بیستدا ناودەنرێت بە کوردایەتی، بزووتنەوەی کوردایەتی یان بزووتنەوەی سیاسیی کوردی.

بزووتنەوەی کوردایەتی وەک دوالیزم
بزووتنەوەی کوردایەتی لە سەدەی بیستدا بە مێنتاڵیتیە سیاسی و بونیادە گوتاریەکەی خۆیەوە بزووتنەوەیەکی سیاسی ئاغاواتی و خێڵەکیانەیە کە بە توندی دژ بە لەدایکبوونی مرۆڤە وەکو بوون و کەینونەیەکی سەربەخۆ، خاوەن ئیرادە و بڕیاری سەربەخۆ، خاوەن خواست و هۆشیاری تاکگەرایانەی خۆی، چونکە لەدایکبوونی سروشتی و ڕاستەقینەی ئیندیڤید لە کۆمەڵگای ئێمەدا دژ بە ڕۆحی بزووتنەوەکەیە “بزووتنەوەی کوردایەتی” کەلەسەر کۆگەلیی خێڵ و بێئیرادەیی تاک ڕاوەستاوە. بزووتنەوەی کوردایەتی لەسەر ئاستی ڕیتۆریکی سیاسی و گوتارە مێدیاییەکەی وەکو ناسیۆنالیزم و وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی نەتەوەیی خۆی نمایشدەکات و لەسەر ئاستی ئەکت و پڕاکتیکی سیاسی و مامەڵەکردنی لەگەڵ ئیدارە و ئابوریدا، تێگەیشتن و کارکردنی لەهەمبەر هێزی جەنگاوەرانەی خۆیدا، هەم مامەڵەکەکردنی لەگەڵ ئینسان وەکو تاک، بزووتنەیەکە بە توندی گرێدراو بە ڕۆحی خێڵ و بە توندی گرێدراو بە بنەما ستراکتوریەکانی هیرارکیەتی دەسەڵاتەوە لە نێو خێڵدا. لێرەوە بزووتنەوەی کوردایەتی، بە هەمانشێوەی میرنشینەکانی کۆمەڵگای ئێمە و بگرە زیاتر “ئەگەر میرنشینەکان لەسەردەمێکدا بوون کە کرانەوەی عەقڵی و مۆدێرنیزەبوونی بەها و نۆڕمەکان لە کۆمەڵگا خۆراواییەکاندا تازە بوون و هەم دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم هێشتا نەگەیشتبوو بە ئەوجی خۆی ئەوا لەسەدەی بیستدا و بە گوێرەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردییەوە ئەو بەها و نۆڕمە مۆدێرنانە و هەم کرانەوەی عەقڵیی لە دنیای خۆراوا و لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەریشماندا قۆناغ و زەمەنی زۆری بڕیبوو” هەم هێزێک و دەسەڵاتێکی دژ بە بوونی تاکگەرایانەی ئینسان بووە و هەم دژ بە سەرهەڵدانیەتی ئەمە سەرباری دژایەتیکردنی بۆ هەر ژینگە و زەمینەیەک کە هەوڵ بۆ سازدانی بدرێت بەئامانجی سەرهەڵدانی تاک. بۆیە بزووتنەوەی کوردایەتی لەسەر بێمافی و ڤیکتیمایزی تاک ڕاوەستاوە. کۆگەلیەک کە بوونی هەبێت لە تێگەیشتنی ئەم بزووتنەوە سیاسیەوە، تەنها وەکو بوونێکی کۆیی بۆ قوربانی و قوربانیدانە.
سەرنجێکی خێرا کە لێرەدا ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە هەڵبەت کە سەرەتای ئەو هۆشیاریە ناسیۆنالیستیە مۆدێرنە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا بە تایبەت لە باشوری کوردستان لەسەر دەستی کۆمەڵێک خوێندەواری خاوەن هۆشیاری مۆدێرنەوە سەرهەڵدەدات بەڵام هەر زوو دەکەوێتەوە ژێر هەژمونی خێڵ و فیۆداڵیزمەوە.

کوردبوون قوربانیەکی دوو دیو
لە درێژایی سەدەی بیستدا لە نێو دەوڵەتە پۆست کۆلۆنیاڵیەکانی داگیرکاری چواردەور، کورد بوونێکی فیزیکیە بە پەڕاوێزێکی کلتوری و هونەریەوە. هەر هەوڵ و سەردەرهێنانێکی کورد بۆ تەعبیر لە بوونێکی دیکەی جیاواز گۆڕاوە بۆ تراژیدیا و هەمیشە وەک بوویەکی ڤیکتم لە نێو چێوەی ئەو دەوڵەتانەدا ستاتۆی هەبووە. واتا ئەم بوونە بەردەوامەی کورد وەک سەکریفایس و قوربانی، هەمیشە لەسەر دوو ئاست کاریگەری قوڵی هەبووە:
یەکەمیان: بەردەوام کودبوون لە دۆخێکی بێمەرجدا سوتەمەنیەکی بێنرخ بووە بۆ هەموو ئەو شۆڕش و بزووتنەوە چەکداریانەی لەلایەن بزووتنەوەی کوردایەتیەوە، دژ بەو سۆڤرێنیتیە دەوڵەتیەی لە سەنتەردا “سێنترالیزەی بوون، هێز و دەسەڵات لە پایتەختەکاندا، هەر چوار پایتەختەکە” بەرپاکراون.
دووەمیان: لە درێژایی ئەو بزووتنەوەی چەکداری و شۆڕشانەدا، بوونی کورد بەبەردەوامی تارگێتی خالێکردنەوەی توندوتیژی و ڕەوایەتیپێدانی ئەو هێزە ئەگرێسیڤە بووە کە لە نێو خودی پاشڤەڕۆیی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەوە سەریهەڵداوە.
لە سەدەی بیستدا عێراق وەکو دەوڵەتێکی نوێ بە دەزگا مۆدێرنەکانی دنیای هاوچەرخەوە “وەکو هەموو دەوڵەتە پۆست کۆلۆنیاڵیەکانی ئەم ناوچەیە” نەک نەیتوانی کۆمەڵگا لەسەر بەها و نۆڕمەکانی بەرهەمهاتووی مۆدێرنیتی موتوربە بکات بەڵکو دەوڵەت بە دەزگا مۆدێرنە ئەمنی و هەواڵگریەکانی و بە سوپایەکی مۆدێرنی پڕ چەکی پێشکەوتوو و بە‌هێز، بوو بە سیستمێکی کۆنتڕۆڵ بەسەر کۆمەڵگاوە تا گەیشتنی بە ترۆپک لە دەیەی هەشتاکانی عێراقی سەدام حسێندا، هەڵبەت هاوشانی میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگا و هەم کۆنتڕۆڵکردنی، پڕۆسە سیستماتیکیانەی لەنێوبردنی بوونی کورد گەیشت بە ئەوپەڕی بەربەریەت و دڕندەیی خۆی. ئەو سیستمە دڵڕەق و کۆنتڕۆڵکردنە میلتاریستیەی کۆمەڵگای عێراقی و کردنی دەوڵەت بە دەزگایەکی هەواڵگری و سوپایەکی گەورە نەک هەر ڕێگەی لە گەشەکردنیی سروشتیانەی کۆمەڵگا گرت بەڵکو کۆمەڵگای کردە کۆمەڵێک پێکهاتەی ناهۆمۆجینی چەپێنراو.

ڕاپەڕین و دەسەڵاتدارێتی بزووتنەوەی کوردایەتی
داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراق و لە ئاکامدا هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، تێکشکانی سوپا، لاوازبوونی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا و لاوازبوونی دەزگا هەواڵگریەکان بوو بە هۆکاری دروستبوونی بۆشایی گەورەی ئەمنی و کەلێنی گەورەی لە نێو سیستمدا دروستکرد، ئەمەش وایکرد ئەو چەپاندنەی چەندین دەیە بەسەر کۆمەڵگای کوردستانەوە بوو، هەم درزی تێکەوێت و هەم ببێتە دەرچەیەک بۆ دەرچوونی ئەو ووزە چەپێنراوەی توندوتیژی کە دەرئەنجام بووە هۆی ڕاماڵینی دەزگاکانی دەوڵەت لە کوردستان و دواتر خۆسەپاندنی دوو جەمسەرە سەرەکیەکەی بزووتنەوەی کوردایەتی “پارتی و یەکێتی” بەسەر کۆمەڵگادا.
دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمی کوردستاندا لە دوای ڕاپەڕین، ئەو دەزگایانەی کە وەکو ڕوخساری دەسەڵاتدارێتیەکی دیموکراتیک و مۆدێرن دەرکەوتوون، وەکو ڕوخساری خۆی ڕوو بە دنیا دەرەوە دامەزراند. هەروەکچۆن بووتنەوەی کوردایەتی لە درێژایی تەمەنی خۆیدا لەسەر هەردوو دوالیزمی مۆدێرن و ترادیسیۆن وەستاوە، گوتاری سیاسی و مێدیایی لەگەڵ دروشمگەلی ناسیۆنالیستی و دیموکراتیکی مۆدێرن لەسەر ئاستی شکڵ و قاوغ هەروەها ناوەڕۆکێکی ترادیسۆناڵ و ئەکت و پڕاکتیکی سیاسی و حزبیی خێڵەگەرایانە لەگەڵ پەیوەندیەکی قەبەلی بە دنیای کوردی خۆیەوە و دنیای دەرەوەش، بەهەمانشێوە دەزگا مۆدێرن و دیموکراتیکەکانی وەکو پەرلەمان، دەسەڵاتی قەزایی، حکومەت، وەزارەتەکان و سێکتەرەکانی نێو هەر کۆمەڵگایەکی مۆدێرن وەکو ڕوخسارێکی مۆدێرن و دیموکراتیک بەڵام شکڵی و تەنها وەک قاوغ. چونکە کارکردنی ئەم دەزگایانە لە ناوەوە بەپێی بنەما ستراکتوریەکانی خێڵ بەڕێوەدەبرێن و هەڵگری هەمان بەها و نۆڕمە ترادیسیۆناڵەکانن. ئەم دەزگایانە بەتاڵکراونەتەوە لە شوناس و نۆڕمی مۆدێرنی تایبەت بەو دەزگا و کایانە خۆیان، بەڵکو موتوربە کراون بە شوناسی دیوەخانی و ئاغاواتیانە، بە کارکردنی خێڵەکیانە و بە نۆڕمی ترادیسۆناڵ.
لێرەوە بزووتنەوەی کوردایەتی هەروەک سروشتی خۆی، دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتیشی لە هەرێمی کوردستاندا بەسەر قاوغێکی مۆدێرن و ڕۆحێکی خێڵەکیانەدا دابەشکردووە، قاوغە مۆدێرنەکە وەکو ماسکێک ڕوو بەدنیای دەرەوە و کارکردن و شوناس و نۆڕمەکانیشی وەکو ناوەڕۆکێکی ترادیسیۆناڵی خێڵەکیی ڕووبە دنیای ناوەوەی کوردی. واتا بزووتنەوەی کوردایەتی هەم خۆی لە درێژایی نزیکەی ٧٠ ساڵەی تەمەنی خۆیدا بەسەر دوالیزمی مۆدێرن و ترادیسیۆندا دابەشبووە کە قاوغەکەی بۆ دەرەوە و نێوەڕۆک و ڕۆحەکەی بۆ ناوەوە بووە، بەهەمان شێوە لە دوای ڕاپەڕین دەسەڵاتدارێتیشی لەسەر هەمان ستاندارد و هەمان دوالیزم دامەزراند.
دیموکراسیەت وەک پڕۆسێسێکی فرە ڕەهەند، جگە لەوەی هەڵبژاردنی پاک و ئازادی گەرەکە، بەڵام بە کۆمەڵێک نۆڕم و بەهای دیکەوە بەستراوە، کە یەکێک لەوانە تاکگەرایی ” Indvidualism ” ە. تاکگەرایی یەکێک لە پایە گرنگەکانی هەم هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک و ڕاستەقینەیە، هەم دەزگا مۆدێرنەکانی هەر سیستەمێکی دیموکراسیە. لێدان لە هەموو ئەو بنەما و پرەنسیپانەی کە دەشێت تاکی ئازد و خاوەن ئیرادەی لێوەبەرهەمبێت، لێدان لەو میکانیزمانەی ئیشکردنی دەزگاکانی نێو دەسەڵاتدارێتی کە دیسانەوە دەشێت تاکگەرایی لە نێو سیستەمێکی یاسایی و دیموکراتیکدا بێنێتە بوون، لێدانە لە پەرەسەندنی سروشتیی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان، کە لە درێژایی تەمەنی خۆیدا دەسەڵاتدارێتیەکەی بزووتنەوەی کوردایەتی وەک پلان و ستراتیژ کاری لەسەر کردووە. . دەسەڵاتدارێتی بزووتنەوەی کوردایەتی وەک قاوغێکی مۆدێرن و دیموکراتی و ڕۆحێکی خێڵەکی ترادیسیۆناڵ دژ بە لەدایکبوونی مرۆڤە وەک تاکی خاوەن ئیرادە و بڕیار، وەک تاکی خاوەن هۆشیاری تاکیی و سەربەخۆ لە خێڵ. بەوپێیەی کە شکۆی ساختە و درۆزنانەی دەسەڵاتدارێتی لە کوردستان لەسەر بێشکۆیی و بێئیرادەیی تاک ڕاوەستاوە، ئەوا زەمینەی ئیشکردن بۆ دیموکراتیزەکردنی دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی و مۆدێرنیزەکردنی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای ئێمە بە پلەی یەکەم و سەرەکی کارکردنە بۆ لەدایکبوونی ئینسان وەک تاک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت