ئەحمەد ڕەسوڵ: نەوتپەرستی و داڕمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمی کوردستان، بێئیرادە کردنی ئینسان و لێدان لە شکۆ و ئازادی مرۆڤی وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی مانەوە و پایەداربوونی خۆی لە درێژەی تەمەنی 25 ساڵەی خۆیدا هەژمار کردووە.
سترەکچەری ئیدارە و دەسەڵاتدارێتی لە کوردستان لەسەر بنەمای ملکەچی و گوێڕایەڵیەکی بێچەندوچون بۆ سەرووی خۆی تا دەگات بە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵات داڕێژراوە، بۆیە ئینسان لەسەر مۆدێلی ڕۆبۆت بەرهەمهێنراوە، کە نەک هەر ئازاد و خاوەن ئیرادە نیە، بەڵکو لە ئینسانییەتی سەلب کراوە “بە مانا ئاڕێنتیەکەی – هانا ئاڕێنت”. لێرەوە ئەم مرۆڤە جگە لە جێبەجێکردنی فەرمانی سەرووتری خۆی هیچ ئاکت و چالاکیەکی ئیرادەگەرانە، ئاوەزدارانە و ئارەزوومەندانەی خۆی لێچاوەڕوان ناکرێت. پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی دەسەڵاتداری کوردستان، جگە لەوەی دەزگاکانیان ماشێنی لەنێوبردنی ئینسانییەتی مرۆڤ بوون بۆ ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان بە تایبەت و خەڵکیش بە گشتی، خۆشیان هێزی بێئیرادە و نوشتاوە بوون لە ئاست دەوڵەتە داگیرکارەکانی دراوسێ و تەنانەت عێراقیش. بۆیە هێزێکی ڕاستەقینەی ئیرادەگەر بۆ هەر ئەکتێکی سیاسی یان هەر پڕۆسەیەکی جڤاتیی مەزن نەبوون و بەردەوامیش دژ وەستاونەتەوە بۆ ئەو هێز و بەرگریە ناوەکیەی کۆمەڵگاش کە ئەگەرچی لاوازیش بووبێت بەڵام ڕاستەقینە و ئازادانە بووە. لێرەوە هەر جوڵەیەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هێندەی گوزارشت بووە لە خواست و ئیرادەی دەوڵەتانی داگیرکاری دەوروبەر یان هێزە جیهانیەکان هێندە دەربڕی ویست و گوزارشتکردن نەبووە لە هێز و خواستی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای ئێمە. لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا ئاسایی و چاوەڕوانکراوە داڕمان و هەرەسی ئەم دەسەڵاتە یان کۆنتڕۆڵی بەسەر شارێک یان ناوچەیەک کاتێک پشتیوانی دەرەکی یان نێوچەیی لەدەستدەدات. چونکە هەم حزب و دەزگاکانی وە هەم هاووڵاتیانیش لە ئیرادە خراون و بەتاڵکراونەتەوە لە خواست بۆ ئازادی، بۆیە کۆمەڵگا لەسەر مۆدێلی کۆڕەو پەروەردەکردن لەسەر ڕاکردنی بەکۆمەڵ لەسەر ڕادەستکردنی شارەکان و ناوچەکان لەلایەن هێزی چەکداری ئەم دەسەڵاتەوە بە داگیرکاران وەک ئەنجامێکی سروشتی بێئیرادەبوونی ئینسان و لە مرۆڤکەوتنی مرۆڤ دەردەکەوێت.
تێگەیشتنی ئەم دەسەڵاتدارێتیە بۆ هێز، هاتنەسەرەوەی ووزەی پۆتێنشڵی کۆمەڵگا و هێزی ناوەکیانەی جڤات نیە، هێز نیە لە هاوپشتی و هاریکاری کۆمەڵایەتی و هەستی پێکەوە گرێدراوی نێو کۆمەڵگاوە سەرچاوەبگرێت، بەڵکو تێگەیشتنێکی هێندە پریمیتیڤ و ناشارستانیە کە جگە لە هێزی ڕووتی نەوت و پارە لەگەڵ خۆ گرێدانەوە بەبەرژەوەندی ئابوریانەی دەوڵەتانی داگیرکاری دەوروبەرمان، پشتدەبەستێت بە کەڵەکەبوون و تۆپەڵبوونی هێزی چەکدار وەک ئاپۆڕای گەورە کە وەک نیشانەی هێز خۆی دەربخات.
لێرەوە ئەم دەسەڵاتە جگە لە پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگا و کردنی کۆمەڵگا و ئینسانەکان بە ملیۆن دوورگەی لەیەکدابڕاو، ئاگالەیەکترنەبوو و لەخەمییەکدا نەبوو، هێزی ناوەکیانەی جڤات و ووزەی پۆتێنشڵی کۆمەڵگاشی لەنێوبردووە. بۆیە کۆمەڵگایەک و دامودەزگاکان و ئینسانەکانی لە دۆخێکی وەک ئەوەی کەرکوکدا جگە لە داڕمان و هەرەسێکی خێرای چاوەڕواننەکراو ناتوانێت هیچ دەرەنجامێکیتری هەبێت (تازەترین نمونە وەک ئەوەی کەرکوک هەم هاووڵاتیان هەم هێزی چەکدار پێشبڕکێ دەکەن لە هەڵاتندا).
لەتێگەیشتنی دەسەڵاتدارانی ئێمەوە کەرکوک تەنها وەک کۆمەڵێک چاڵی پڕ لە نەوت و سەرمایەیەکی خەیاڵی دێتە هەژمار کە دەتوانێ هێزێکی گەورەیان بداتێ نەک وەک شارێک بە چەندین کۆمیونیتی و کلتور و زمانی جیاوازەوە. لەتێگەیشتنی دەسەڵاتدارانەوە تەنانەت کۆمەڵگا هیچ نیە جگە لە ڕیزی گەورەی ماڕش و لەشکری گەورەی شانۆییە سیاسیەکان و نمایشەکانی هێز.
سەرەولێژبوونەوەی ئەم دەسەڵاتدارێتیە تازە نیە، بەڵکو لە نەمانی ڕەوایەتی ویژدانی، ئەخلاقی و ئیسانیەوە دێت لە نێو کۆمەڵگادا بۆ ئەم دەسەڵاتدارێتیە. داڕمان و هەرەسی ئەم دەسەڵاتدارێتیە لەمێژە دەستیپێکردووە، بەڵام ناعەقڵانیەت، لاوازی تێگەیشتن و غرورێکی بۆش و پوچە وایکردووە توانای تێگەیشتن، هەستپێکردن و بینینیان لەدەستبدەن. داڕمانی ئەم دەسەڵاتدارێتیە لەمێژە دەستیپێکردووە لە دەروونی کۆمەڵگادا. هەرەسی ئەم دەسەڵاتدارێتیە لەمێژە دەستیپێکردووە لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی تاکی و بەکۆمەڵی کۆمەڵگای ئێمەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت