ئەرکان محەمەد: ئەرێ بێ ئەنجامی ڕیفراندۆم خیانەت نیە؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند ڕۆژێکە، لێرەولەوێ گوێبیستی ئەوە دەبین: هەرکەس بە نەخێر دەنگ بدات بە پڕۆسەی ڕیفراندۆم، ئەوا خاینە. بە نەزەری هەندێک لایەن، کە مێژوو چاو دادەخات لەڕابردوویان چونکە لاپەڕە نوسراوەکانی ڕابردووپێمان دەڵێت: ئەوانە کێبون کەچەندین جار بونەتە داردەستی دووژمنان و گەلێک جاریش بونەتە ڕێنیشاندەری داگیرکارانی خاکی کوردستان؟
بەڵام ئەوەی سەیرە لەئێستادا ئەوانە خۆیان کردۆتە هەڵگری دروشمی کوردایەتی و دەهۆڵی نەتەوەیی لێدەدەن !
ئەوەشی سەیرە، کۆمەڵێک بەناو نوسەرو ڕۆشنبیر بەفەرمانی چەند کەسایەتیەکی ناو پارتی کەوتونەتە دژایەتیکردنی ئازادیخوازان و ڕۆشنبیرانی شاری سلێمانی و ژورێکیان بە سەرپەرشتی خودی مەسعود بارزانی دروستکردوە، بۆ چاودێری و سیخوڕیکردن و ناشرینکردنی قەڵەم بەدەستانی دژە بەرژەوەندیخواز و دۆستی مرۆڤایەتی.
ماوەیەکە پارتی دیموکراتی کوردستان بەئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ ئەو ڕۆشنفیکرانە دەربڕیوە، کە پێیان وایە دەوڵەت بەعەقڵیەتی دیوەخان و خێڵەکی دروست نابێت، بەڵکو هەموان پێمان وایە، کە دەبێت دەوڵەت هەنگاوەکانی دروستکردنی دەوڵەت لەڕێگەی دەزگا شەرعی و یاساییەکانەوە بنێت. بەڵام پارتی ئەم بۆچونە بەمەترسی دەزانێت و دەیەوێت بیری تاکڕەوی خۆی بەسەرهەمواندا فەرزبکات و، بەهەنگاوێکی بەرنامە بۆداڕێژراو، کەوتۆتە تۆمەت دروستکردن بۆ ڕۆشنبیران و ڕوناکبیران و نوسەران و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەشەوە ئەو دەزگایانە سەرکوتبکەن، کەپێیان وایە ڕیفراندۆم بەم میکانزمەی ئێستا ناکرێت، لەو چوارچێوەش لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق داوای کردووە هەردەزگایەکی ڕاگەیاندن دژایەتی ڕیفراندۆم بکات، بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئەواهەڵدەستن بەداخستنی ئەو دەزگایە !
ڕیفراندۆم و گەیشتن بەدەوڵەت مافی هەموو گەلێکە و هەموانیش دەمانەوێت، بەڵام هەموان خەمی ئەوەمانە لەسایەی ئەم دەسەڵات و عەقڵیەتەی ئێستادائێمە چیجۆرە دەوڵەتێکمان دەستدەکەوێت و، چۆن بەڕێوە دەبرێت و شێوازی دەسەڵاتداریی تێیدا چۆنە کەمافی هەموو تاکێکە بیزانین و وەڵام بدرێینەوە، بەڵام کاتێک دەپرسین ئەوان بەخاین وخۆفرۆش لەقەڵەممان دەدەن لەکاتێکدا مێژووی نیوسەدەی ڕابردوی کورد پڕییەتی لەخیانەت و خاکفرۆشی و هێنانی سوپای بێگانە بۆ ناو خاکی هەرێم و تەسلیمکردنی چەند ناوچەیەکی هەرێم بەدڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی لەلایەن ئەوانەوە.
ئەم هەموو شکست و پاشکۆیەتییەش تەنیا لەپێناو مانەوەیان لەسەرکورسی دەسەڵات، کە ئەوان خەونیانە وەک بنەماڵە لەسەر کورسی دەسەڵاتبن، جائیتر خەڵک چۆن دەژی گرنگ نیە !
لەئێستادا چەندڕۆژێکی ماوە بۆڕیفراندۆم کەئەوان لەزاری خۆیانەوە دەڵێن: ڕاپرسی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت نیە ”
دەبێت لێتان بپرسین: ئەگەر ڕیفراندۆم بۆدامەزراندن و بناغەی دەوڵەوت نیە بۆچی دەیکەن ؟
یان دەتانەوێت بەدروشمی گەورە شکستەکانتان پەردەپۆشبکەن کەئەستەمەخەڵک لەبیری بکات
ئەی ئەم وتانەی ئێوە خیانەت نیە، کە هەمووی یاریکردنە بەهزری تاکی کۆمەڵگەی کوردی ؟
لەکۆتایدا ئەوە بزانن ئەنجامی ڕیفراندۆم ئەگەر ڕێژەی( % 99 )ی دەنگ نەهێنێت، ئەوا تێبگەن کەدەسەڵاتی شکستخواردوتان لەماوەی ڕابردوودا وای لەهاوڵاتیان کردوە پشت بکاتە پیرۆزییەکانی و، ئەو کات تەنیاسەرکۆنەی خۆتان بکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت