بایز ڕەشید: ڕێفراندۆم و ئایندەیەکی نادیار.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شکستی دەوڵەتمەداری دەسەڵاتدارانی هەرێم بە رونی دیارە هەرلە قەیرانە ئابوری و سیاسی ویاسایی و کێشەی خاک و تێکچونی دیموگرافیەوە تا دەگاتە سەرناپەسەند بەکارهێنانی سەرچاوە نیشتیمانیەکانی هەرێم لە وزە، ئاو، پێگەی جیۆپۆلەتیکی و سەرچاوەکانی تر. دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پڕۆسەی دەوڵەتداریدا شکستیانخواردوە هەر لە دامەزراندنی سیاسەتێکی گشتی سەرکەوتو لە سەر ئاستی ناوخۆ تا دەگاتە سەر سیاسەتی دەرەکی کە هیچ دۆستێکی متمانەپێکراویان بنیاتنەناوە. بە شێوەیەک شکستیاخواردوە کە لە روی دیبلۆماسیەوە ژمارەی نەیارانی هەرێم لە زیادبوندایە و رۆژانە نیگەرانی خۆیان بەرامبەر هەڵسوکەوتی سیاسی هەرێم نیشاندەدەن.
لەو کاتانەدا بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانیان پرسی ریفراندۆم دەکرێتە بابەتی گەرمی رۆژ .کە لە بۆشایی پەکخستنی پەرلەمان و حکومەتدا، هەرێم بەرەو قەیرانی گەورەتر دەبات. ئەو ریفراندۆمە هیچ بنەمایەکی یاسایی لە روی یاسای گشتی ناودەوڵەتیەوە نیە .ئەمەش پرسە نیشتیمانیەکان بەئاقارێکی نالەباردا دەبات.
ریفراندۆم بە ئامانجی سەربەخۆیی مافێکی ئاسایی نەتەوەکانە کە دەتوانن لەم رێگەیەوە پرسی مافی چارەی خۆنوسین بە رێگەی ئاشتیخوازانە یەکلایی بکەنەوە ،گەلی کورد لەم هەرێمەدا مافێکی رەوای خۆیەتی کە سودی لێوەربگرێت و دواجار سەربەخۆیی رابگەیەنێت. بەڵام سەرکەوتنی هەنگاوێکی لەمجۆرە، پەیوەستە بە پرسی ناوخۆیی و ناوچەیی و ناودەوڵەتیەوە. بە شێوەیەک پرسە ناوخۆیی و ناوچەیی و ناودەڵەتیەکان پەیوەستیان بەیەکترەوە هەیەو راستەوخۆ کار لە یەکتر دەکەن. کاتێک ناوخۆی هەرێم لە ڕوویی یاساییەوە لە ژێر پرسیاردابێت ئەوا لە ڕووی یاسای ناودەوڵەتیشدا بێپشتیوان دەمێنێتەوە.
یاسای گشتی ناودەوڵەتی کە لە جارنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان پەسەندەکرێت کە لە سەر بنەمای پەیماننامەی نێوان نەتەوەکان و یاسی داب و نەریتە ناوچەییەکان سەرچاوەی گرتوە، بەشێوەیەک یاسای گشتی ناودەوڵەتی تەنها پرسە یاساییەکان لە خۆدەگرێت و پەسەندیان دەکات. کە ئەمەش پێمان دەڵێت: پێشێلکردنی یاسا نیشتیمانیەکانی هەرێم لە ڕووی یاسایی و دەستوری و داب و نەریتەوە دەبێتەهۆی لە دەستدانی پشتیوانی ناودەوڵەتی لە ڕووی یاساییەوە. دەسەڵاتدارانی هەرێم لەو ساتاوەختەدا تەواوی یاسا و عورفێکیان پێشێلکردوە و لە پشت پەرلەمانەوە بریاردەردەکەن، بۆیە هەنگاوەکانی سەبارەت بە ریفراندۆم هیچ هێزێکی یاساییان نیە،کە لەگەڵ دیاری کردنی وادەی ریفراندۆم بەشێک لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش نارەزاییان نیشاندا، وێرای ئەوەی وڵاتانی دراوسێ و دەسەڵاتی ناوەند بە فەرمی ریفراندۆمیان رەد کردەوە. بۆیە ریفراندۆم بێ رێکەوتن و هەماهەنگی ناوخۆیی و ناوچەیی و ناودەوڵەتی ئەستەمە سەربگرێت.
یاسای گشتی ناودەوڵەتی بنەمای ریفراندۆمی بە ئامانجی سەربەخۆیی نەتەوەکان رێکخستوە بە شێوەیەک کە زیاتر پشتیوانی ریفراندۆمی دوو لایەنە دەکات، کە ئەویش بە بەستنی رێکەوتنامە لە نێوان دەسەڵاتی ناوەند (نەتەوەی زاڵ) و (نەتەوەی ژێردەستە) دێتەکایەوە. لەم جۆرەیاندا لەدوای دانانی ڕێوشوێنی یاسایی و مسۆگەرکردنی پشتیوانی ناودەوڵەتی بە شێوەیەکی ئاشتیانە پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت. نمونەی ریفراندۆمی دوو لایەنە وەک ئەوەی لە باشوری سودان ئەنجام درا کە بە سەربەخۆیی کۆتایی هات و کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی پشتیوانیلێکرد، یان وەک ئەوەی لە سکۆتلاند ئەنجام درا، کە دەرەنجام سکۆتلەندیەکان بریاریاندا لەگەڵ بەریتانیا بمێننەوە، یان وەک ئەوی لە کەنەدا گەلی کیوبێک ئەنجامیاندا کە بە نەخێر بۆ جیابونەوە کۆتایی هات. سکۆتلەندیەکان دوای بریاریی لەندەن بۆ دەرچون لە یەکێتی ئەوروپا بڕیاریاندا بۆ جاریی دوەم ریفراندۆم ئەنجام بدەنەوە، بەڵام دوای ناڕەزایی لەندەن ژیرانە بێئەوەی هاشوهوش دروستبکەن ڕای خۆیان گۆری و وادەکەیان گۆری بۆ سالی 2019. بۆیە هەرێمیش بە هەمانشێوە پێویستە بەهەماهەنگی ناوخۆیی و ناوچەیی و ناودەوڵەتی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وادەیەکی نوێ دیاریبکات.
هەروەها یاسای گشتی ناودەوڵەتی لە هەندێ کاتدا زەمینەسازی یاسایی بۆ ریفراندۆمی تاکلایەنانەش فەراهەمکردوە، کە ناوەند دەتوانرێت پشتگوێبخرێت و بێرەزامەندی دەسەڵاتی ناوەند ئەنجامبدرێت. کە بنەمای ئەم مۆدێلە دەگەرێتەوە بۆ پەیمانی مۆنتیڤیدۆ کە لە سالی 1933 ئەنجامدراوە، کە لەو سەردەمەدا بوەتە بنەمایەک بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نیشتیمانی کە بەدەر لە خواستی دەسەڵاتی ناوەند (نەتەوەی ژێردەست) دەتوانێ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات. وەک ئەوەی کە لە وڵاتی کۆسۆڤۆ ئەنجامدرا کە تاکلایەنانە بێڕەزامەندی سربیا لە ساڵی 2008 ریفراندۆمی ئەنجامداو سەربەخۆیی راگەیاند کە زیاتر لە 110 وڵات تاوەکو ئێستا دانیان پێداناوە، بەڵام بۆ ئەم شێوازەش چەند رێوشوێنێکیان داناوە کە بریتین لە چەند خاڵێک کە نەتەوەی ژێردەست دەتوانێ وەک بنەمایەکی یاسایی لە روی یاسای ناودەوڵەتی پشتیان پێببەستێت. کە رەگەزە سەرەکیەکان بریتین لە بونی دانیشتوانی هەمیشەیی، سنورێکی جوگرافی دیاریکراو ی بێ کێشە لە سەر، حکومەتێکی دانپیانراو و توانای بەستنی پەیوەندی دەرەکی، بەڵام هەرێم نەیتوانیوە ئەم چوار توخمەش دەستەبەربکات بە شێوەیەک کە وا لە کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی بکات لە ئاست ریفراندۆمی تاکلایەنە بێدەنگ بێت. لە کاتێکدا پەرلەمان و حکومەت بونی نیەو پەیوەندی ناودەوڵەتی هەرێم لە نێوان تاران و بەغداد و ئەنکەرە لە لایەک واشنتۆن و مۆسکۆ لە لایەکی تر ئەوەند نا تەندروست و نادامەزراوەییەکە نەبوەتە جێگەی متمانەی هیچ لایەک. ئەوە جگە لەوەی سلێمانی و هەولێرو شەنگال و کەرکوک خۆی لە چوار ناوچەدا دەبینێتەوە کە یەکدەنگی و کۆدەنگی لە نێوانیاندا نابینرێت.
چەندین نەتەوەی وەک باکوری قوبرس، سۆمالی لاند، ناگۆرنۆ- قەرەباغ، کۆماری ئەبخازیا، کۆماری باشوری ئۆسیستا، دەوڵەتی فەلەستین و کۆماری کۆسۆڤۆ، بەدەر لەخواستی نەتەوەی سەردەستی وڵاتەکەیان ریفراندۆمیان ئەنجامداوە و سەربەخۆیی و جیابونەوەیان لە ناوەند ڕاگەیاندوە، بەڵام هیچکام لەو نەتەوانە گوزەرانیان بەرەو باشی نەرۆیشتوە. لەبەرئەوەی ئەو نەتەوانە نەیانتوانیوە لە لایەن کۆمەڵگەی ناودەوڵەتیەوە دانپیانانی فەرمی وەربگرن و ئەندامێتیان لە نەتەوە یەکگرتوەکان جێگیربکرێت. کە ئەمەش لە چەندین ماف و شایستەی ناودەوڵەتی بێبەشی کردون هەر لە وەرگرتنی قەرزی دەرەکی تاوەکو دەگاتە سەر کڕینی چەک و تەقەمەنی و پێداویستیەکانی تر.
ریفراندۆم لە بنەمادا گوزارشت لە شوناس و یەکێتی کۆمەڵایەتی و رایگشتی نەتەوەیەک دەکات ، کە دواجار دەبێتە توخمێکی سەرەکی دروستکردنی کۆدەنگی نیشتیمانی و نەتەوەیی و بەرجەستەکردنی هێزی نەرم کە دەکرێت بکرێتە کەرستەیەک لە کەرستەکانی دەوڵەتمەداری. کەچی ریفراندۆمی هەرێم نەک نابێتە هۆی دروستبونی یەکێتی کۆمەڵایەتی و رایگشتی و بەرهەمهێنانی هێز، بەڵکو دەبێتە هۆی پەرتبون و زیاتر پەرتەوازەبونی باشوری کوردستان و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی. کە بەمەش زەرەرمەند خەڵکە هەژارەکەی کوردستان دەبێت.
کاردانەوە نەرێنیەکانی ناوخۆو ناوچەیی و جیهانی بەڵگەی شکستی دەسەڵاتدارنی هەرێم دەردەخەن، کە ئەمەش لە دەرنجامی ئەو گەندەڵی و بێدادی و نابەرابەریی و یاسا شکێنیانەیە کەبنیاتیان ناوە. لە هەمانکاتیشدا لە سەر ئاستی ناودەوڵەتی دیبلۆماسیەتێکی شکستخواردو پەیرەو کراوە کە سیمای نیشتیمانی پێوەدیارنیە.
دەرەنجامی ئەم ریفراندۆمە وا دەردەکەوێ کە هەرێم بەرەو داڕمان دەبات نەک سەربەخۆیی. هەمو لێکدانەوە مێژویی، سیاسی و یاساییەکان ئاماژەی ئەوەدەدەن کە پرسی ریفراندۆم، گەلی باشور بەرەو کارەسات دەبات بۆیە گۆرینی وادەی ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمە بە قانزانجی گەلی کورد کۆتایی دێت. شکستی دەوڵەتمەداری دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پرسەکانی وزەدا گەواهی ئەوە دەدەن کە پرسی ریفراندۆمیش بەهەمان چارەنوس دەچێت.
ریفراندۆمی هەرێم لەو وادەیەدا لە ڕووی تیوری و یاسایی و سیاسی و مێژویی و کات و شوێنەوە، لێکەوتەی مەترسیداری لێوەبەرهەم دێت. بۆیە دەستبردنی هەرێم بۆ پرسی ریفراندۆمی تاکلایەنانە لەم ساتەوەختەدا پێش پێداچونەوە و راستکردنەوەی پرسە ناوخۆیی (سیاسەتی گشتی) و ناوچەیی (هاوسەنگی نێوان تاران وئانکەرا) و ناودەوڵەتیەکان (دیبلۆماسیەتی دامەزراوەیی) یاریکردنە بە چارەنوسی پێنج ملیۆن هاونیشتیمانی باشوری کوردستان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت