بنار هيدايەت: هەڵوەستەیەک لەسەر مەدرەسەکەى ئیبراهیم ئەحمەد و بارزانی مستەفا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەمێژووی دروستبوونی ئەمبەر و ئەوبەری کادیران بۆ ناو پارتە سیاسییەکان، ئیدی لەسەرەتاوە دەکەونە بەربەرەکانێی ئەو حزبەى چەندین ساڵ تێیدا خەباتی کردووە. بەبێ ئاوڕدانەوە بۆ مێژوویەک، بۆ هاوڕێیەتی سەردەمی شاخ و شار. بۆ شەریکە دزێتی و چەقاوەسویەتی و چاوسورکردنەوە لەنەیارانیان.
بەبێ ئاوڕدانەوە بۆ رۆژگارێک خۆیان لەو حزبە بکوژ و ببڕ خۆیان بوون. بۆ ئەو حزبەى کردی بەرەقەم و دواتر بەجێی هێشت.
ئەم خووە ناشریینە تەنها لەناو بەرپرسانی کوردا بوونی هەیە. ئەویش بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوە یەکێک لەوانە و سەرەکیترینیان”خۆ خۆشەویست کردن لای حزبی تازە”.
لەم چەند رۆژەى پێشوو کاک ئازاد جندیانی” هەرچەندە دۆستێکی ئەزیز و هاوڕێیەکی باشمە، لەسیمینارێک باسی لەقوتابخانەى ئیبراهیم ئەحمەد و مەلا مستەفای بارزانی کرد. گوایە مەدرەسەکەى بارزانی شکستی بەمەردەسەکەى بلە هێناوە. نازانم لەچیدا و لەکوێدا ئەم شکستەی جندیانی باسی دەکات هەیە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دواوە و ئاوڕێک لەمێژوو بدەینەوە، ئیبراهیم ئەحمەد بەدەر لەکارە سیاسییەکەى، پیاوێک بووە تژی بووە لەئەدەب و نووسین. هەر لەووتارەوە بیگرە بۆ رۆمان و پەخشان و شیعری ناوازە. کێ هەیە ژانی گەلی نەخوێندبێتەوە، کێ شیرن بەهارەى ئەزبەر نیە..! ئەى هەر کورد بوین و هەرکورد دەبین گوایە شیعرێکی کەمە.
ناگەڕێمەوە سەر رەوتی ئیبراهیم ئەحمەد لەبزاڤی رۆژنامەگەری کوردیدا، لێ هەرکەسێک هێندەى سەرە واوێک مێژووی خوێندبێتەوە دەزانێت ئیبراهیم ئەحمەد شۆڕەسواری بواری ئەدەبی بووە.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ریتمی سیاسیی. ناکرێت جێ دەستی باوكى هێرۆ لەدروستکردنی کەسایەتی و رۆڵ و پێگەى لەناو پارتی بەرچاو نەگیرێت، ئەو توانیبێتی لەناو ئەو مەعمەعە سیاسییەى ئەوێ رۆژگار دەیان گەنجی پەروەردەى ناو کایەى خەبات کردبێت، یەقینم وایە مەدرەسەکەى خوێندگایەکی هێندە خراپ نەبووە وەک کاک ئازاد باسی لێوە دەکات.
دەکرا کاک ئازاد نەچوایەتە سەر ئەو بابەتە، چونکە خۆی رۆژێک لەرۆژان لەناو یەکێتیدا یەکێک بووە لەکاکەکانی ناو م. س. ئیدی بۆ لەگەڵ وازهێنان ئەم بابەتی هێنایە سەرمێزی سیمینار.
کارم بەسەر نەوەکانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدەوە نیە، بەڵام دەکرێت چاوێک بەدیمانەکەى دکتۆر حسێن محەمەد عەزیز وەرگێڕین کەچەند کاتژمێرێک لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەد ئەنجامی داوە، گوفتار لەسەر ئەو مەدرەسەیەى بونیادی ناوە دەئاخفێت.
دەکرێت کادیرێکی یەکێتی باس لەمەدرەسەکەى بارزانی مستەفاش بکات!، بەڵام هەڵدانەوەى مێژوو بەهەموو خراپییەکانییەوە لەم کاتەى لافی سەربەخۆیی لێدەدرێت سودی چییە و کێ قازانج ویستی ئەم بابەتەیە.
کۆتای بەوە دێنم، هەق وابوو کاک ئازاد لەکاتی بەرپرسیارێتی لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان قسەى لەسەر ئەم بابەتە بکردایە، نەک دوای وازهێنانی. چونکە ئەگەر منیش نەیڵێم ئەوا خەڵکێکی هۆشیارتر هەیە بێژن “قسەکانی ئازاد جندیانی لەبەر دڵی پارتییە”. بەڵی کاک ئازادی هاوڕێم بۆ پەنجەکان یەکتری بشکێنن لەکاتێکدا بەبێ پەنجەیەک دەستێک نوقسان و ناشرین دەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت