بنار هیدایەت: فەرەیدون عەبدولقادر لەهەڵۆ سورەکانی قەندیلەوە بۆ پیاوی پیاهەڵدان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەسێک کەمێژووی کۆمەڵە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی خوێندبێتەوە، ناوی فەرەیدون عەبدولقادری بەرگوێ کەوتووە، کەم تا زۆر لەکەناڵەکانی تیڤییەوە قسە و لێدوانی هەبووە. لێ ئەم ماوەیە لەمەحمود محەمەدی وتەبێژی پارتی زیاتر لێدوان دەدات بۆ سودی پارتەکەى بارزانی.
سەرەتا لەکتێبەکەیەوە دەست پێدەکەم.
نوسینەوەی مێژوو جگە لەوەى ئەمانەتێکە و دەبێت وەکو خۆی باسی لێوەبکرێت، دەبێت بەئەمانەتەوە ئەو پرسانەی روویداوە بەنێگەتیڤ و پۆزەتیڤەوە بخرێتە بەردیدی خوێنەرانی. بەڵام کاک فەرەیدون هەستاوە بەشیکارکردنی رووداوەکانی رابردوو، لەزۆر شوێن باسی ئەوەیکردووە نەدەبوو وابێت و دەبوو وابێت، ئێ من چ پێویستیم بەوە هەیە تۆ شیکارییم بۆ بکەی.
دەڵێن کابرایەک چۆتە لای عەریزە نوسێک و شەرحی حاڵی خۆی بۆکردووە، عەریزە نوسیش نەیکردۆتە نامەردی وای بۆ هۆنیوەتەوە کافر پێی موسڵمان بووە. دوایی بۆ کابرای خوێندۆتەوە. کابرای سکاڵانووس دەستی کردووە بەگریان وتویەتی “هەر بەڕاست من وەزعم وایە”.
لێرەشدا ئەم نمونەیەی سەرەوە دروست بۆ کاک فەرەیدوون هاتووە. خۆی لەپرسە هەرە خەتەرەکان پاراستووە، خاترانەیەکی هەندێک کەسی گرتووە، ئەگەر خۆشیان بەو شێوەیە بکەوتنایەتە سەروپۆڵاکی مێژوو هەر بەم چەشنەى ئەم خێل و خوار دەکرا.
کاک فەرەیدون لەباسی بارزانیدا لەکتێبەکەیدا هێندە خاتری گرتووە، نەک مێژووی شێواندووە بەڵکوو شەلم کوێرم کەس ناپارێزم بۆ رازیکردنی بارزانی مێژووی هەڵاوەگێر کردووە..
لەنێوان دیداری تەمەنی مام جەلال و هەڵو سورەکانی قەندیل جیاوازییەکی زۆر هەیە لەسەر مێژووی نێوان یەکێتی و پارتی. نازانین شایەتمان بەرەو رووی کامە قیبلە بدەین.
زۆر لەسەر کتێبەکە ناڕۆم دڵنیام کەسانی شارەزاتر قسەى خۆیان دەبێت.
کاک فەرەیدون لەم دوایانە وەک وتەبێژی پارتی هەڵسوکەوت دەکات، راستە لەکاتێکدا دەست لەکارکێشانەوەى خۆی پێشکەش بەمەکتەبی سیاسیی یەکێتی کرد، ئاژاوەکان وەک ئەمەى ئێستا نەبوون و فرە کوێخایی نەبوو، بەڵام دەکرا وەک ملازم عومەر ببێتە خۆشەویستی هەموو لایەنە سیاسییەکان.
لێدوانە یەک لەدوای یەک و دیدارەکانی ئەم دواییەی کاک فەرەیدون پرسیارێکی زۆری لەسەر کەسایەتی ئەم سیاسەتمەدارە دروستکردووە، بۆ لەم کاتە بەم شێوەیە قسە لەسەر رووداوەکان دەکات..! بۆ ئەم هەموو پشتیوانییە دەکات… راست و رەوان بڵێ منیش پارتیم.. کەس مامۆستا فەرەیدونی رانەگرتووە بچێتە ناو پارتی، بەڵام ئەو قسانە وەڵامی دەوێت.
بۆ ئەم کاکە لەم کاتە هەستیارە قسەکانی لەسەر پۆستەکەى بارزانییە! بۆ دەبێت راست و رەوان نەڵێت “بەڵی بارزانی ماوەکەى بەسەر چووە و پێویستە بەرێکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بارزانی لەپۆستەکەى بمێنێتەوە…. ئەم هەموو مەدح و سەنایە لەبری چی…
مام جەلال لەدیداری تەمەن دەڵێت: فەرەیدون کەسێکی زیرەک بوو بەڵام بەهەڵپە بوو دەیویست زوو پێبگا، دروست قسەکەى تاڵەبانی لەسەر کاک فەرەیدون تەواوە، ئەگەر نا بۆ هەڵپە و خۆ پێگەیاندن نەبێت بۆ ئەم وەسف گەلەی پارتی و سەرۆکایەتی هەرێم دەکات.
لەکۆتاییدا دەڵێم حەزمان دەکرد وەک کاک فەرەیدون عەبدولقادر بین، لای بارزانی خۆشەویست بین، بەڵام بەمەرجێک نەڵێین بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، تەنها سەرۆکی پارتێکە لەکوردستانی باشوور.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت