بورهان شێخ ڕەئوف : ئەردۆغان ـ داود ئۆغلووشى وەلانا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتى داد و گەشەپێدانى تورکیا ( AKP) کەلە سەرەتاى ئەم سەدەیەوە واتە لە ساڵى 2002 ەوە حوکمڕانى تورکیایە کە بەتەنیا کابینەى حکومەتى پێکدەهێنا ، وا جارى سێهەمە کە کابینەى حکومەت بە تەنیا پێکدەهێنێت هەرچەندە لە دوا هەڵبژاردندا لە حوزەیرانى ساڵى ڕابردوو پاشەکشەیەکى بەرچاوى کردوو نەیتوانى بەتەنیا حکومەت پێکبهێنێت بەڵام نەچووە ژێر بارى حکومەتى ئیئتلافى و پەناى بۆ هەڵبژاردنى پێشووەخت برد .
ئەویش بە بەرتەسککردنەوەى دیموکراسى و خووڵقاندنى بارودۆخێکى بارگاوى بە ترس و تۆقاندن و پەلاماردانى نەیارانى سیاسى خۆیان لە کورد و چەپەکان و بەکەڵک وەرگرتن لە نەژاد پەرستە تورکەکان لە ئاکامدا توانى لە هەڵبژاردنى پێشووەختەدا لە تشرینى دووەمى ساڵى ڕابردوو 2015 دا ئەنجامەکان بگۆڕێت و جارێکى تر حکومەتیان بە تەنیا پێکهێنا .
لە ئێستادا کەوا بۆ بیست مانگ دەچێت دکتۆر ئەحمەد داودئۆغلو کە سەرۆکى پارتى دادو گەشە پێدان و سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى ئەو وڵاتەیە بکە بە یەکێک لە بیرمەندە کانى پارتەکە ناسراوەو خاوەنى دەیان کتێب و لیکۆڵینەوەیە کە دیارترینیان ( قووڵایى ئیستراتیجیە ) کە لە ڕابردوودا زۆرجار دەنگۆى ئەو بڵاوکراوەتەوە کە ململانێ و ناکۆکى لە نێوان ئەردۆغانى سەرۆک کۆمارو و داود ئۆغلو دا هەیە بەڵام حاشایان لێدەکرد .
ئەگەرچى دەستوورى تورکیا ڕێگا نادات سەرۆک کۆمار حزبى بێت و لایەنگرى لە هیچ لایەنێک بکات بەڵام ئەردۆغان لە ڕابردوودا بۆ چەندین جار دەستوورى پێشێلکردووەو وەکو ئەوەى لە کاتى هەڵبژاردنەکانى ساڵى پار لە بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا کردى و قورئانێکى گرت بە دەستیەوە و شار بەشار گەڕا و دواتر سەرۆکایەتى کردنى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران کە زۆر کەم لە مێژووى ئەو وڵاتەدا ڕووى داوە ، بەڵام ئەوەى ئیتر ناتوانن نکووڵى لێبکەن دەرکەوتنى ناکۆکیەکانە بە ئاشکرا لە میدیاکاندا کاتێک داود ئۆغڵو لە وڵاتى قەتەر بوو سەرقاڵى کردنەوەى بنکەیەکى سەربازى بوو لەوێندەرێ ئەنجوومەنى جێبەجێکارى پارتەکەى بڕیارێکى دەرکرد کە زۆرێک لە دەسەڵاتەکانى سەرۆکى پارتەکەى کەمکردەوە لەوانە دەسەڵاتى دانانى لێپرسراوەکانى پارتەکەى بۆ هەرێمەکانى ئەو وڵاتە لە سەرۆکى پارت واتە داوئۆغلو ئەستاندەوە .
لە هەمانکاتدا بڵاو بوونەوەى ستوونێک لە یەکێک لە سایتەکاندا لە لایەن نووسەرێکى نەناسراوەوە لە سەر کاروکردەوەکانى داود ئۆغلو دژ بە ئەردۆغان کە هەندێک لە چاودێران لەو بڕوایەدان کە نووسەرەکە کەسێکى زۆر نزیکە لە ئەردۆغان لە ناو حیزبدا ، لە هەمانکاتدا جیاوازى تێڕوانینەکانیان لە سەر گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانى لە تورکیا لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى فاکتەرێکى ترى ناکۆکیەکانە لە نێوان ئەردۆغان و داود ئۆغلو کە ئەمە یەکەم جاریش نیە لە ناو ئەکەپەدا ململانێ ى وا سەرهەڵبدات پێشتر لە گەڵ عەبدوڵاگویل ى سەرۆک کۆمارى پێشوویش ڕوویدا .
ئیستا ئیتر هیچ گومانێک نەما لەسەر ناکۆکیەکانى لە نێوان ئەو دووانەدا لە دواى ڕاگەیاندنى داود ئۆغلو کە دەست لە سەرۆکایەتى پارتى دادو گەشە پێدان دەکێشێتەوە و بە دەست لەکار کێشانەوەى لە سەرۆکایەتى حیزب ئۆتۆماتیکى دەستبەردارى پۆستى سەرۆک وەزیرانیش دەبێتەوە .
خاڵێکى ترى ناکۆکیەکانى نێوانى ئەو دووانە ئەو ڕێکەوتنە بوو کە لە نێوان تورکیاو یەکێتى ئەوروپا واژۆ کرا لە نێوان داود ئۆغلو و مێرکل سەبارەت بە ڕێگرتن لە ڕۆیشتنى پەنابەران کە ئەرۆدۆغان پێ ى باش نەبوو دەیوویست وەکو کارتێکى فشار بە کارى بهێنێت .
بەڵام ئەوەى کەلە ئەنجامى ئەم باسەدا بۆمان دەردەکەوێت وادیارە لە هیچ دۆسێیەکدا تەباو گونجاو نەبوون لە سەرکووتکردنى گەلى کورد و حاشاکردن لە مافە ڕەواو بەرهەقەکانیان نەبێت .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت