بورهان شێخ ڕەئوف: ئەمریکا و تورکیا لە دۆستایەتیەوە بۆ دوژمنایەتى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەرچى هاوپەیمانى باکورى ئەتڵەنتیک ناسراو بە ( ناتۆ) لە ساڵى 1949 دامەزرێنرا بە سەرکردایەتى ئەمریکاو وڵاتانى ترى ڕۆژئاوایى دەوڵەتى تورکیاش لە بەروارى 18 شوباتى 1952 ەوە بە ئەندامى ئەو هاوپەیمانێتیە وەرگیرا لەوساوە تا ساڵى 2002 کە ئەکەپە واتە پارتى دادو گەشەپێدان دەسەڵاتى تورکیاى گرتۆتە دەست تورکیا هاوپەیمانى ئەمریکا بووەو بەرگرى لە بەرژەوەندییەکانى کردووە جگە لە ساڵى 1975 کاتێک تورکیا باکوورى دووڕگەى قوبرسى داگیر کرد ئەمریکا نیگەران و ناڕازی بوو بۆیە چەک فرۆشتنى بە تورکیا قەدەغەکرد و تورکیاش لە بەرامبەردا هەموو بنکە سەربازییەکانى ئەمریکاى لەسەر خاکەکەى داخست و دواى سێ ساڵ دانوستانى درێژ و پڕ لە هەورازو نشێو و، ئینجا پەیوەندیەکانیان ئاسایى کردەوە.
پەیوەندییەکانى ئەنقەرەو واشنتۆن مێژووییەکى دوور و درێژى هەیە لە نەوەد ساڵى ڕابردوودا، ئەوەى ئێستا زیاتر خەریکە گەورە دەبێتەوەو درزى ڕاستەقینە دەخاتە نێوانیانەوە ئەوەیە کاتێک سەرۆک ترەمپ و جێگرەکەى هەڕەشەى ئەوەیان لە تورکیا کرد ئەگەر قەشە ئەمریکیەکە (ئەندریۆ برانسۆن ) کە بە تۆمەتى یارمەتیدانى تیرۆر و هەواڵگرى گیراوە ئازاد نەکەن ئەوا سزاى ئابوورى قورس دەخەنە سەر تورکیا، هەروەها ئەو سزانەى خرانە سەر هەردوو وەزیرى دادو ناوخۆى تورکیا زیاتر پەیوەندییەکانى ئاڵۆز کردو تورکیاش هەمان هەنگاوى نا بەرامبەر بە وەزیرەکانى ئەمریکا.
هەرچەندە کاربەدەستانى تورکیا چاودێران و نووسەرانى تورک لەوەڵامى ترەمپ دا دەڵێن: ئەمە کەیسێکى یاساییەو دەسەڵاتى دادوەرى یەکلایى دەکاتەوە و ئیدارەى ئەمریکا هەڵوێستى گۆڕیوە بەرامبەر بە تورکیاو دەخوازێت وەکو کەیسەکانى ئێران و کۆریا سەیری بکات و، هەروەها هۆشدارییان داوە لەوەى کە لۆبى و ناوەندى هێزو بڕیار هەن لە ئەمریکادا لە هەوڵى تێکدانى پەیوەندییەکانى نێوان دوو وڵاتن بۆ بەرژەوەندى لایەنى تر کە مەبەستیان ئیسرائیلە بە دیدى من، لە هەمان کاتدا کاربەدەستانى گەورەى تورکیا لە پێش هەموویانەوە ئەردۆگان ڕایگەیاندووە کە لە ژێر فشاردا ناچنە ژێربارى هیچ کام لە داخوازییەکانى ئەمریکا.

گرنگترین خاڵە ناکۆکەکانى نێوان ئەنقەرەو واشنتۆن
1- کەیسى قەشە برانسۆن.
2- پەیوەندییەکانى ئەمریکا و هەسەدە واتە ڕۆژئاواى کوردستان کە هەماهەنگى پەیوەندییەکى توندو تۆڵ سیاسى و سەربازى گەرم لە ساڵى 2014 بەرامبەر داعش و تیرۆر کە تورکیاى زۆر نیگەران کردووە.
3- کێشەى کڕینى سیستمى ڕۆکێتى S400 ڕووسى کە پێچەوانەى ڕێکەوتننامەى ناتۆیە کە تورکیا ئەندامە تێیدا کە بە نیازە نەوەى پێنجەم لە فڕۆکەکانى F35 ئەمریکى بکڕێت کە بۆندەکەى واژۆ کراوەو یەکەم فڕۆکەش بۆ ڕاهێنان وەرگیراوە بەڵام ئێستا کۆنگریسى ئەمریکا بۆندەکەى وەستاندووە.
4- کێشەیەکى تازەتر لەم ڕۆژانەدا کە سزاکانى ئەمریکا بۆسەر ئێران دەستى پێکردووە سەرى هەڵداوە ئەویش ئەوەیە تورکیا بڕیارى داوە پا بەند نابێت بەو سزانەى ئەمریکاوە بۆیە ئەمەش دەبێتە کەلێنێکى گەورەى تر لە نێوان ئەو دوو وڵاتە هاوپەیمانەدا.

کێشەکان لە کوێ وە سەرچاوەى گرتووە؟
1- هەرچەندە لە ساڵى 2002 ەوە ئاکەپە تاکە پارتى فەرمانڕەواى ڕەهاى تورکیایە کە باکگراوندێکى ئیسلامى ئیخوانى هەیە بۆیە ناکۆکیەکى ئیدیۆلۆجى سەرى هەڵداوە لە نێوان تورکیاو ئەمریکا و ئەوروپاش ئەگەر ئاوڕێک بدەینەوە بۆ دواوە و ساڵى 2003 کاتێک ئەمریکا عێراقى داگیرکرد تورکیا کە ئەندامى کاراى ناتۆیە بوارى نەدا هێزەکانى ئەمریکا و ناتۆ خاکى تورکیا بەکاربهێنن بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمە خاڵى جەوهەرى بنەڕەتى و سەرتاو سەرکى ململانێکانە.
2- داواکردنى فەتحوڵاگویلەن ئەو پیاوە ئاینى و بانگخوازەى کە لە ولایەتى پانسلڤینیاى ئەمریکا یەو تورکیا بە پلان دانەرو نەخشەڕێژى کودەتاکەى 16 تەمووزە 2016 دەزانێت.
3- کاتێک فڕۆکە سیخۆکەى ڕوسیا لەلایەن تورکیاوە خرایە خوارەوە و تێکشکێنرا هاوپەیمانەکانى لە ناتۆ هەڵوێستیان نەبوو بەرامبەر هەڕەشەکانى ڕووسیا لە تورکیا
4- هەندى شیکارى تر هەیە باس لەوە دەکەن کە ترەمپ و جێگرەکەى دەخوازن کەڵک لەم ناکۆکیە ئاینیەى نێوان تورکیا و ئەمریکا وەربگرن بۆ ڕاکێشانى دەنگى مەسیحیە توندڕەوەکان لە هەڵبژاردنى تەواوکارى چەند مانگى داهاتوو بۆ بەرژەوەندى خۆیان کە سەرۆکێکى ئیسلامى و پارتێکى ئیسلامى قەشەیەکى ئینجیلیان زیندانى کردووە.

بە هەرحاڵ لە کۆتاییدا ئەوەى گرنگە تورکیا جگە لەوەى پێگەیەکى جیۆسیاسى گرنگى هەیە بۆ ئەمریکاو ناتۆ خۆیشى زیرەکانە کەڵکى لە ململانێى نێوان ڕووسیاو ئەمریکا وەرگرتووەو زۆرترین قازانجى کردووە چ لە سوریا و کێشەکانى ترى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین و لە ئێستاشدا شاندێکى تورکیا لە ئەمریکایە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت