بورهان شێخ ڕەئوف: بەهارى عەرەبى لەیادى حەوت ساڵەیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدواى حەوت ساڵ لە شۆڕشى تونس ئەو شۆڕشەى کە چەخماخەکەى لەوێوە بووە بزوسکەى شۆڕشێکى گەورە کە بەشێکى گەورەو گرنگى نیشتمانى عەرەبى گرتەوە بە میسرى قیبلەى عروبەو گەورەترین وڵاتى عەرەبى و قوتابخانەى بیرى نەتەوەیى و جێگەى هیواو ئومێد، ئەگەر نەجدو حجاز کە مەکەو مەدینەى لێیە قیبلەى ڕۆحی نەتەوە بێت ئەوا میسر قیبلەى سیاسى و هزرى نەتەوەیى عەرەبە و ڕێبەرایەتى هەموو شەڕەکانى نەتەوەى عەرەبى کردووە لە گەڵ ئیسرائیل.
بەهارى عەرەبى ئەگەرچى ئومێدو هیوایەکى گەورەو زەبەلاحى لە سەر هەڵچنرا بەڵام دواتر بووبەپاییزو خەزانى ئەو ئومێدو خەونانەى کە نەتەوەى عەرەب هەرلە کەنداوەوە تا وەکو ئۆقیانووسى ئەتلەسى گۆرانیان پێدا دەوت.
ڕاستە بەهارى عەرەبى ئاکامى هیچ پیلان و هاندان و دەستێکى دەرەکى و تاپورى پێنجەم و ئاژاوەگێڕى نەبوو بەقەدەر ئەوەى کە بێئومێدى ملێۆنان کەس بوو لە لاوان و ژنانى ستەمکێش و خەڵکى بەش مەینەت و نەدارلە ڕژێمە شمولى و تۆتالیتارەکانى عەرەبى کە لە پەنجاساڵى ڕابردوودا شکستیان هێنا بوو لە دابینکردنى سەرەتاییترین مافەکانى مرۆڤ لە دادپەروەرى و سەروەرکردنى یاساو یەکسانى ژن و پیاو ژیانێکى شەرافەتمەندانە کە شایستەى مرۆڤ بێت چ لە ڕووى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و گەشەپێدانەوە.
جگە لەوانەش لە ڕووى نەتەوایەتیەوە ئەو ڕژێمە فەرمیە عەرەبیانە شکستیان هێنابوو لە هەماهەنگى و هاو هەڵوێستى هاوپشتى لە پرسە چارەنووسازەکانى نەتەوەى عەرەبدا، هەموو ئەمانە وایانکرد واتە شکست لە ڕووى گەشەپێدان و حوکمڕانى دروست و دابینکردنى خزمەتگوزارى پێویست و شکست لە سیاسەتى دەرەوە کەهەموو گەل هاوارا بکە ن و پێیان بڵێن ارحل واتە بڕۆن.
لەیادى حەوت ساڵەى بەهارى عەرەبى دا جارێکى تر تونس کە لەویۆە خۆپیشاندانەکان دەستى پێکرد دواى ئەوەى لاوێکى ئەو وڵاتە بەناوى موحەمەد بوعەزیزى خۆى سوتاند لەبەرئەوەى سوکایەتى پێکراو عەرەبانەکەىکەسەوزەى لەسەر دەفرۆشت دەستى بەسەرداگیرالە لایەن هێزەکانى ئاسایشەوە، ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانى فراوانى خەڵک بەرامبەر سیاسەتە ئابوریەکانى حکومەتى دواى شۆڕش دەستى پێکرد کەئەمەش دەلالات و ئاماژەى گەورەى هەیە.
لەلایەکى ترەوە هەر لە یادى حەوت ساڵەى ڕوداوەکانى بەهارى عەرەبیدا ئەمجارە ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانى گەورەى خەڵک لەو وڵاتانەى تر دەستى پێکرد وەکومەغریب سودان بەهۆى بەرز بوونەوەى نرخەکان و هێزەکانى ئاسایش بەرەنگاریان بوونەوە کە لە شەپۆلى یەکەمى ڕوداوەکانى بەهارى عەرەبى بە ساغ و سەلامەتى دەربازبوون هەرچەندە وڵاتانى بەهارى عەرەبى شەپۆلى یەکەم نەیانتوانى بگەنە کەنارى ئارامى و سەقامگیرى خۆشگوزرەرانى جگە لە تونس کە بە جۆرێک لە جۆرەکان توانى هاوسەنگى و ئارامى و سەقامگیرى خۆى بپارێزێت و لە سەرپێ ى خۆى بووە ستێت.
ئەگەرچى لە شەپۆلى یەکەمى بەهارى عەرەبیدا خواست و ئارەزوویەکى لە ڕادەبەدەر هەبوو لە لایەن لاوانى ئازادیخوازى عەرەبەوە بۆ ڕزگارکردنى وڵاتەکانیان لە بارودۆخى قەیراناوىو گەیاندنى بە کەنارى ئارامى و خۆشنوودى ئەویش لە ڕێگەى دامەزراندنى سیستمى حوکمڕانى دیموکراسى کە ماف و ئازادییەکانى هاوڵاتیان بپارێزێت بەڵام ئەمەش هەر لە سەرەتاى ساڵى 2012 ەوە لەبار برا لەڕێگەى چەکدارکردنى شۆڕشەکانەوەو دەستێوەردانى سەربازى و بەشداربوونى تاقم و گروهە تیرۆریست و تەکفیرییەکان توانیان شۆڕش و ناڕەزایەتیەکانى خەڵکى ئازادیخواز لە ئامانج و ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەى خۆى بترازێنن و دۆخەکە بە بنبەست و چەقبەستن بگەیەنن لە ڕێگەى گێڕانەوەى زۆرێک لە سەرە دیارو ناشیرینەکانى ڕژێمەکانى پێشوو بۆ حوکمڕانى هەروەها بەلاڕێ بردنى هەڵبژاردنەکانى لە ئامانج و خواستە ڕاستەقینەو دیموکراسیەکانى.
بەڵێ لە ئاوا بارودۆخێکدا کە جیهانى عەرەیى تێیدا گوزەر دەکات سەرەڕای ئارەزو و خواست بۆ ئازادىو دیموکراسى لەلایەن بەشێکى بەرینى خەڵکەوە کەچى هێشتا بارودۆخى ئابورى زۆرێک لە وڵاتانى عەرەبى ڕوو لە داڕووخان تەپینەو کە پێدەچیت بۆ چەندین ساڵى تر درێژە بکێشێت و بەردەوام بێت بەهۆى شکستى سیاسەتى ئابووری و نەبوونى بەرنامەیەکى ڕاست و ڕوونى نیشتمانى کە هەموو هێزو لایەنە نیشتمانى دیموکراتخوازەکان لەخۆى کۆبکاتەوە بۆ دەرچوون لەو قەیران و تەنگژە گورچکبڕانە کە ببێتە ئەڵتەرنەتیف بۆدۆخى ئێستا کە پشتبەستنە بە قەرزو قۆڵەى دەرەکى وکە ئەمەش لە سەروەرى وڵات کەمدەکاتەوەوو قەرزەکان زیاتر دەکاتەوەو کە هەموو ئەمانەش باری سەرشانى هاوڵاتیان قورستر دەکات و دەخوازێت لە حکومەتەکان کە هەنگاوى تەند بگرنە بەر بە زیانى هاوڵاتیان وەکو لابردنى پشتگیرى لەسەر زۆر شتى گرنگ و پێویست بۆ ژیانى هاوڵاتیان.
کە ئەمانەش هەموو ئومێدێک لەباردەبەن لە ئایندەى نزیکدا بۆهەڵسانەوەو باشتر کردنى ژیان و گوزەرانى خەڵک.
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە بەڕاستى جیهانى عەرەبى لە قەیراندایە لە مێژەو و بەهارى عەرەبیش کە ئێستا پێ ى دەڵێن پایزى عەرەبى نە پیلان بوو نە گێچەڵ لە تاریکى شەودا نەخشەى بۆ کێشرابێت بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ ڕیفۆرم و چاکسازى بارى لارى عەرەب.
لەوانەش خراپتر پەنابردن بۆ چارەسەرکردنى بارودۆخەکەبە پینەو پەڕۆ کێشەکان زیاتر پڕ لە ئازارو ئێش دەکات و دوریان دەخاتەوە لە دۆزینەوەى ڕێگەى دروست و گونجاو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت