بورهان شێخ ڕەئوف : تورکیا بۆ لە هەوڵى ئاساییکردنەوەى پەیوەندیەکانى دایە لەگەڵ ڕوسیا و ئیسرائیل ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیاسەتى تورکیا لە هەموو ئاستەکانى ناوخۆ و دەرەوە بە ئیقلیمى و نێوەدەوڵەتیشەوە بە قۆناغێکى جێ ى سەرنج و تێڕاماندا گوزەر دەکات لە کاتى ئێستادا ئەگەرچى لە ناوخۆدا لە دواى شکستهێنانى پرۆسەى ئاشتى بۆ چارەسەرى کێشەى کورد لە باکورى کوردستان و بەرپابوونى شەڕێکى سەخت و خوێناوى لە نێوان گەریلاکانى pkk و سوپاى تورکیا و لابردنى پارێز بەندى لە سەر پەرلەمانتارانى کورد و ئۆپۆزەسیۆن لەو وڵاتەدا و لە دەرەوەش لە سیاسەتى زیرۆ پرۆبلم ( سفر کێشەو موشکیلە ) لە گەڵ دراوسێکانیدا ئێستا فوول پرۆبلم ( پڕ کێشەو موشکیلەیە ) .
لەئاوا بارودۆخێکدا بۆ ئەردۆغان لە هەوڵى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى وڵاتەکەیدایە لە گەڵ هەردوو وڵاتى ڕوسیاو ئیسرائیل هەوڵدەدەم لە چەند خاڵێکدا وەڵامیان بدەمەوە :
1 – لە دواى ئەوەى کێشەو ململانێکانى تورکیا لە گەڵ زۆرێک لە وڵاتانى ناوچەکە گەیشتە بنبەست و بەریەککەوتن و ئاکامەکانى کاریگەرى گورچکبڕیان لەسەر تورکیا دانا بە تایبەتى دواى خستنە خوارەوەى فڕۆکە جەنگیەکەى ڕوسیا لە نۆڤەمبەرى 2015 و پەلاماردانى کەشتى ئستولى حریەى تورکى کە دەیانوویست گەمارۆى سەر غەزە بشکێنن لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ساڵى 2010 و هەروەها ناکۆکیەکان لە گەڵ ئەمریکادا لە سەر بارودۆخى سوریاو دامەزراندنى ناوچەى ئارام و کۆمەک و هاوکاریەکانى ئەمریکا بۆ یەکینەکانى پاراستنى گەل سەربە هێزە کوردیەکان لە ڕۆژئاواى کوردستان کەڕۆڵێکى کاراو بەرچاویان هەیە لە شەڕى تیرۆرو داعشدا کە ئەمەش زۆر جێگەى نیگەرانى تورکیایە .لەلایەکى ترەوە ناکۆکی لەگەڵ ئێران لەسەر بارودۆخى سوریا کە تەواو پێچەوانەى یەکترن . ئالەم کاتەدا کەناکۆکیەکان لە نێوان ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانى حکومەتەکە ى و سەرۆکى حزبەکەى ئاکپارتى ئەحمەد داودئۆغلوکە خاوەنى تیۆرى زیرۆ پرۆبلم بوو گەیشتە ئاستێک کە ئیتر نەتوانن بە یەکەوە کاربکەن و داود ئۆغلو دەستى لەکارکێشایەوە و بنئەلى یەڵدرم بە سەرۆکى حزب و دواتر سەرۆک وەزیران هەڵبژێرا ئەویش لە یەکەم لێدوانیدا ڕایگەیاند کە تورکیا لەمەودوا هەوڵدەدات بە کەمکرنەوەو ى دوژمنایەتى وزیادکردنى دۆستایەتى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە ، کە ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەى کە ئەم پەیڕەوەى سیاسەتێکى نوێ دەکات پێچەوانەى داود ئۆغلو .
2 – فاکتەرێکى ترى گرنگ کە زیاتر پاڵى نا بە ئەردۆگانەوە نامەى لێبووردن بۆ سەرۆکى ڕوسیا فلادیمیر پۆتین بنووسێت سەبارەت بە خستنە خوارەوەى فڕۆکە جەنگیەکەى ڕوسیا کە لە ماوەى ڕابردوودا بە هەموو شێوەیەک ئەوەیان ڕەت دەکردەوە نزیکبوونەوەى کوردو ڕوسیابوو و سەردانى هەندێک لە بەرپرسانى کورد لە باکوورو ڕۆژئاوا بۆ مۆسکۆ و کردنەوەى نووسینگەى پەیوەندیەکان و هەروەها خستنە خوارەوەى هەلى کۆبتەرێکى جەنگى تورکیالەلایەن گەریلاکانىpkk بە ڕۆکیتێکى ڕوسى لە مایسى 2016 کە هەموو ئەمانە تورکیاى نیگەران کردووە چ دەرکەوتنى ڕۆڵى کاریگەرى کورد لە ڕۆژئاواو هەماهەنگى و پێشڕەوەیەکانیان لە شەڕى تیرۆرى داعشدا .
3 – تورکیا هەوڵدەدات هەماهەنگى ولێک تێگەیشتن لە گەڵ هەردوو وڵاتى ڕوسیاو ئیسرائیل بکات دەربارەى کێشەى سوریا لەکاتێکدا ڕوسیا ڕاستەوخۆ لە جەنگەکەدا بەشدارەوە هێزى سەربازى لەوێ هەیە و ئیسرائیلیش بە وردى چاودێرى قەیرانى سوریا دەکات لە نزیکەوە بەتایبەتى چالاکیەکانى حزبوڵاى لوبنان لە سوریا و هێزو لایەنەئۆپۆزەسیۆنە چەکدارەکان و ڕێکخراوى تیرۆریستى داعشیش . هەروەها ئەنقەرە لەو بڕوایەدایە بە ئاساییکردنەوەى پەیوەندیەکانى لە گەڵ ئەو دوو وڵاتە دەتوانێت ڕۆڵى خۆى وەربگریتەوە لە قەیرانى سوریا کە لە ماوەى ڕابردوودا بە هۆى ناکۆکیەکان لە گەڵ واشنتۆن لە دەستى دابوو بەتایبەت لەسەر ناوچەى ئارام و ڕۆڵى کورد لە شەڕى داعشدا . هەروەها بەرزبوونەوەى ڕادەى هەماهەنگى سیاسى و سەربازى لە گەڵ ڕوسیاو ئیسرائیل یارمەتى تورکیا دەدات لەو هەڕەشەو کردەوە تیرۆریستیانەى کە ڕووبەڕووى دەبێتەوە بەتایبەتى ئەو هێرشانەى ئەنقەرەو ئەستەنبوڵ .
4 – لایەنێکى ترى فرە گرنگ و پڕ بایەخ فاکتەرى ئابووریە کە ئەنقەرە ناچار دەکات پەیوەندییەکان ئاسایى بکاتەوە لە گەڵ مۆسکۆ و تەلئەبیب چونکە گرژى و ناکۆکیەکانى پێشوو زیانى گەورەیان لە ئابوورى تورکیا دا بە هۆى داکشانى ڕادەى گەشتیارى ڕووسەکان بۆ تورکیا و گەمارۆى ئابوورى ڕوسیا لەسەر موادى خۆراکى تورکیا جگە لەوەى ئابوورى تورکیا تووشى قەیرانگەلێکى زۆرتربووە و کردەوە تیرۆریستیەکانى ئەمدواییەش کاریگەرى نیگەتیفیان بە جێهێشتووە .
لەلایەکى ترەوە ئەنقەرە لە هەوڵى ئەوەدایە سەرچاوەى نوێ بدۆزێتەوە بۆ غازى سرووشتى هەرچەندە پەیوەندییەکانى لە گەڵ مۆسکۆ بەرەو ئاسایى کردنەوە دەچێت بەڵام نایشارێتەوە لە هەوڵى ئەوەدایە بۆندو گرێبەستى تازەى غازى سرووشتى لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ بکات لە ئایندەدا لە کاتێکدا مۆسکۆ هەمیشە دەیەوێت لە ڕێگەى گرێبەستەکانەوە فشارو هەژمونى خۆى بسەپێنێت لەگەڵ ئەوانەى کە بەرژەوندییەکانیان یەکناگرێتەوە ، بۆیە ئەنقەرە لە هەوڵى ئەوەدایە پەراوێزێک بۆ مانۆڕو گۆڕینى پەیوەندیەکانى لە گەڵ هێزە نێودەوڵەتى و ئیقلیمیەکانى بەرپرس بە کێشەکانى ناوچەکە بدۆزێتەوە .
لە کۆتاییدا ماوەتەوە ئەوەى بڵێم ئەگەر ئەردۆگان پەیوەندییەکانى لە گەڵ ئەو دوو وڵاتە ئاسایى دەکاتەوە بەڵام ئەوەى بیرى لێنەکردبووەوە ئەوەبوو داعش و هەموو گروپە تیرۆریستیەکانە کە لە چەند ساڵى ڕابردوودا دەرگاکانى تورکیایان بۆ خرابووە سەرپشت کە چەندین شانەى نووستوویان درووست کردوەو لەیەکەم کاردانەوەیان بەرامبەر ئەو ئاسایى کردنەوە تەقینەوەکانى فڕۆکەخانەى ئەستەنبوڵیان ئەنجامداو پێدەچێت لە ئایندەدا دەرگاىدۆزەخ بە ڕووى تورکیادا بکەنەوە و ئەزموونى وڵاتانیش لە گەڵ ئەو گروپە تیرۆریستیانەدا وامان پێ دەڵێن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت