بورهان شێخ ڕەئوف: تۆلێرانس، لێبووردەیى و پێکەوە ژیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سەرەتاى ئەم مانگەوە و لە کاتێک کە سەرۆکى تازەى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دۆناڵد ترامپ دەستى بە دەرکردنى فەرمانە کارگێڕییەکانى کرد و یەکێک لەو فەرمانانە قەدەغەى چوونى هاوڵاتیانى حەوت وڵاتى موسڵمانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بوو بۆ ئەمریکا هەربۆیە هاوکات لەچەند شوێنێکى ئەو وڵاتە خۆپیشاندانى ناڕەزایى و توندوتیژى لێکەوتەوە کە لەوانە سووتاندن و پەلاماردانى مزگەوتى مووسڵمانەکان و (کەنیس ) یەهوودەکان.
ئەوەى سەرنجى ڕاکێشام هەڵوێستى جوولەکەو کریستیانەکانى ئەو وڵاتەیە بەرامبەر بە موسڵمانەکان لە دواى دەستدرێژى بۆ سەر مزگەوتەکەیانیان لێرەدا پێمباشە ئاماژە بە ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەى ئەندیپەندیتى بەریتانى بکەم کە دەڵێت؛ جوولەکەکان لە شارى ڤیکتۆریاى ولایەتى تەکساسى ئەمریکا کلیلى پەرستگاکەى خۆیان واتە (کەنیس ) یان داوە بە موسڵمانەکان بۆ ئەوەى ئەرکە ئاینیەکانیانى تێدا بەڕێوە ببەن.
ڕۆژنامەکە زیاتر لەسەرى دەڕوات و دەڵێت: شاهید هاشمى کە دکتۆرێکى پسپۆڕەو بەرپرسى سەنتەرى ئیسلامى ڤیکتۆریایە وتى: هیچ شتێکى لە ناکاو کتوپڕ نەبوو بۆمان هەڵوێستى جووەکان، چونکە پەیوەندییەکانمان لە گەڵ کۆمەڵگاى ئێرەدا زۆر باشە و هەروەها هاشمى وتى: سەرەڕاى کۆمەک و دەستپێشخەرى جووەکان بەڕێوەبەرانى سێ کەنیسەى کریستیانەکانیش ئامادەیى خۆیان دەربڕى بۆ کردنەوەى کەنیسەکانیان بۆمان بۆ بەجێهێنانى ئەرکە ئاینیەکانمان.
لە هەمانکاتدا هاشمى دەڵێت: نەک هەرکۆمەکى کەنیس ى یەهودى و کەنیسەى کریستیانەکان، بەڵکو زۆر خەڵکى تریش لە دانیشتووانى شارى ڤیکتۆریا کۆمەکیان کردین بە شێوەیەک کە لە هەڵمەتێکى کۆکردنەوەى بەخشین و یارمەتى بۆ بنیاتنانەوەى ناوەندەکەمان لە سەر تۆڕى ئەنتەرنێت زیاتر لە یەک ملێۆن دۆلاریان کۆکردەوە ئەمە لە کاتێکدا لەو شارەدا تەنها نزیکەى سەد موسڵمان دەژین.
لە لایەکى ترەوە لە 20 / ى ئەم مانگەد ا شوبات 2017 کاتێک گۆڕستانێکى جووەکان لە شارى سانت لوێس لە ئەمریکا بەر شاڵاوى تێکدان کەوت کۆمەڵگاى موسڵمانان لەوێندەرێ لە هەڵمەتێکى هاوپشتى و کۆمەکى جووەکان لەماوەى کەمتر لە سێ سەعات زیاتر لە 25 هەزار دۆلاریان کۆکردنەوە بۆ چاککردنەوەى گۆڕەکان لە هەمانکاتدا ناڕەزایى خۆیان دەردەبڕى دژى ڕق و کینەوە توندوتیژى و خوازیارى تۆلیرانس بوون واتە لێبووردەیى و پێکەوەژیان بوون.
ئێستا لە دواى ئەو هەوڵ و ڕاپۆرتانە دەکرێت بپرسین ئەرێ خێرە لە ئەمریکاو ئەوروپا دەکرێت هەموو ئایین و ئاینزاکان بە یەکەوە بژین و بە دەم ئێش و ئازارى یەکدییەوە بچن و، لێرە لە ڕۆژهەڵاتى ناوین خوێن لە نێوانیاندا بڕژێت؟
خێرە لێرە لە ڕۆژهەڵاتى ناوین ماکى ئەم دەردە چیە کە یەکتر ناخوێنینەوە و یەکتر دەسڕینەوە دەبێت هۆکارو عیلەتەکانى چى بن؟
دەبێت بپرسین کاتى ئەوە نەهاتووە لە ئاستەکانى باڵادا هەر لە ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بگرە تا وڵاتانى زلهێزى وەکو ئەمریکا بەریتانیا و ڕووسیا و چین و هندستان توێژینەوەى زانستى قووڵ و درێژى بۆ بکەن و یارمەتى گەلانى ناوچەکە بدەن، کە لەم تونێلى مەرگ و کارەسات و خوێن ڕشتنە دەربچن؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت