Taqinawa-.-Ankara

بورهان شێخ ڕەئوف : تەقینەوەکەى ئەنقەرە تەنگەژە یان دەرەچە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کاتێکدا ڕۆژى 10/10 / 2015 ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى لایەنگرى پارتى دیموکراتى گەلان لە تورکیا سەرقاڵى خۆ ڕێکخستن بوون بۆئەنجامدانى چالاکیەک لە ئەنقەرەى پایتەختى تورکیا دژ بە توندو تیژى لە نێوان گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان و سوپاى تورکیا هەروەها بۆ پشتیوانى لە ئاشتى ودایەلۆگ لەو کاتەدا لە دەمژمێر10ى بەیانى تەقینەوەیەکى دووانە ڕوویدا لە یەکێک لە وێستگەکانى میترۆ دا کە 97 کەس گیانیان لە دەستداو زیاتر لە 200 کەس برینداربوون .
هەر دواى کەمێک لە ڕووداوەکە ئەحمەد داود ئۆغلوى سەرۆک وەزیرانى کار بەڕێکەرى تورکیا وێڕاى پرۆتستۆکردنى ڕووداوەکە پەنجەى تۆمەتبارکردنى بۆ ڕێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى ( داعش ) و پارتى کرێکارانى کوردستان و پارتى ڕزگارى شۆڕشگێڕى گەلى تورکیا درێژکرد .
تائێرە ئاساییە بەڵام کات و شوێن و تۆمەتبارکردنى ئەو لایەنانە لە لایەن داود ئۆغلوەوە جێگەى پرسیارو تێڕامانە دەبێت کێ سوودمەندى یەکەم بێت لەو ڕووداوە ؟
یەکێ لە سوودمەندەکان لەو ڕووداوە دەکرێت ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد بێت چونکە دەبێتە هۆى گەورەبوونى بۆشایى و دوورکەوتنەوە لە نێوان داعش و حکومەتى ئاکەپە لە تورکیا کە دەکرێت تورکیاوزیاتر ڕابکێشرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ڕاستەوخۆ لە گەل داعشدا و تێکەڵکردنى ئەوراقەکانى لە سەر گۆڕەپانى سیاسى تورکیا و سوریا .
لە لایەکى ترەوە دەکرێت بپرسین بۆ پەنجەى تۆمەتبارکردن بۆ پارتى کرێکارانى کوردستان درێژ بکرێت لە کاتێکدا ئەوان زۆر لە گەڵ پارتى دیموکراتى گەلان نزیک و هاوسۆز و تەبان بە پێچەوانەى تەقینەوەکەى شارۆچکەى سروژى کوردنیشین کەلە حوزەیرانى ڕابردوو ئەنجامدارا کە ڕاستەوخۆ پەنجەى تۆمەتبارکردن بۆ داعش درێژدەکرا لە بەر ئەوەى کەشو هەواى سیاسى کاریگەرى لە سەر لێدوانەکان هەیە چونکە تە قینەوەکەى ئەنقەرە کاردانەوەى نیگەتیفى لە سەر هەڵبژاردنە پێش وەختەکەى تورکیا دەبێت کە لە یەکى تشرینى دووەمى داهاتوودا ئەنجام دەدرێت .
کە ئاکەپە دەیەوێت ڕێژەى دەنگەکانى بەرزبکاتەوەو بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت لە کاتێکدا ئەم تەقینەوە وا نیشان دەدات کە پارتى دیموکراتى گەلان قوربانیەو سۆزى خەڵکى زیاتر دەکات بۆى و لەکاتێکدا ڕاپرسیەکان پێمان دەڵێن کە ئاکەپە کێرڤى جەماوەرى بە هیچ شێوەیەک بڵند نەبووەتەوە .
هەر لەبەر ئەو هۆیەشە ئاماژە بە ناوى پارتى کرێکارانى کوردستان و کورد کراوە وەکو تۆمەتبارو گومانلێکراو لەو تاوانەدا لە لایەن سەرۆکوەزیرانى تورکیاوە داود ئۆغلو .
تۆمەتبارى دووەم ڕێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى داعشە کە ئەگەر ئەو بێت دەیەوێت بە حکومەتى تورکیا بڵێت کەوا هەرکات بمانەوێت دەتوانین سزاتان بدەین لە ناو پایتەختەکەتاندا لە سەر ئەو هەڵوێستانەتان بەرامبەر بە ڕێکخراوەکەیان لەم دواییەدا چ لە سوریا و چ لە تورکیا لە هەمان کاتیشدا بە کوردیش دەڵێن هەر کۆبوونەوە کۆڕێکتان لە هەرکوێ بێت دەتوانین بیکەین بە ئامانج لە هەرکات و شوێنێکدا بێت لە سوریاو تورکیاو کوردستانى باشووریش .
لە لایەکى دیشەوە نامەیەکە بە حکومەتى تورکیا دەڵێت هەرکات بمانەوێت لە ناو ماڵى خۆتاندا سزاتان دەدەین و جگە لە کاردانەوە خراپەکانى ئەم کردەوە تیرۆرستیە بۆ سەر گەشەى ئابورى و دۆخى سیاسى و داهاتى گەشتیارى ئەو وڵاتە .
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە تەقینەوەى کەى سروژ لە مانگى حوزەیرانى ڕابردوودا پێچەوانەى تەقینەوەکەى ئەنقەرەیە لە 10/10 ئەمساڵدا ، چونکە ئەو ەى سرۆژ جێگەى خۆشحاڵى ئاکەپە بوو چونکە ئەوان واتە کوردى بە هۆى شکستەکانى خۆى دەزانى لە هەڵبژاردنەکانى مانگى حوزەیران کە دەنگیان پێ نەداو نەیانتوانى بە تەنیا کابینەى حکومەت پێکبهێنێت . بەڵام تەقینەوەکەى ئەنقەرە ئەو تەنگژەیە کە ئاکەپە کەوتە ناویەوە لە کاتێکدایە کە ئاکەپە لە دۆخێکى زۆر قورسدایە و ئیرەیى پێ نابرێت و پێویستى بە بەرزکردنەوەى کێرڤى دەنگدەرانیەتى نەک بەرزبوونەوەى کێرڤى جەماوەرى پارتى دیموکراتى گەلان .
دەکرێت بڵێین ئەکەپە تەنها سوودێک لەو ڕووداوە ببینێت ئەوەیە بە وەستاندنى هەڵبژاردنە پێش وەختەکە بە بیانووى تێکچوونى بارى ئاسایشى وڵات وەکو هەندێک لە چاودێرانى سیاسى دۆخەکە بۆى دەچن و هەندێک کەسایەتى ئۆپۆزەسیۆنیش هۆشدارى دەدەن لە وەها ڕەفتارێک .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت