بورهان شێخ ڕەئوف: سەردانەکەى عەبادى بۆ تورکیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عەبادى لە کاتێکدا سەردانى ئەنقەرە دەکات کە کۆتایى خوولى حوکمڕانیەکەیەتى و وەکو سەرۆک وەزیرانێکى کاربەڕێکەرە لەوانەیە لە چەند ڕۆژو هەفتەى داهاتوودا کابینەیەکى نوێ لە عێراقدا دەستبەکاربێت لە هەمانکاتدا حکومەتەکەى ڕووبەڕووى گەورەترین قەیران بووەتەوە کەلە بەشێکى زۆرى شارەکانى باشوورو ناوەڕاستى عێراق خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى گەورە بەڕێوەدەچێت دژ بە گەندەڵى و شکستى حکومەت لە دابینکردنى سەرەتایترین خزمەتگوزارییەکانى خەڵک کە ئاوى خواردنەوەو کارەبایە.
لە هەمان کاتیشدا حکومەتى تورکیا و سەرۆک کۆمارەکەشى حاڵیان لە عەبادى باشتر نی یە و لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا بە هۆى تێکچوونى پەیوەندییەکانى ئەمریکا و تورکیاوە ئابوورى تورکیا گەورەترین گورزى بەرکەوت بەجۆرێک بارودۆخى وڵات شەڵەقاوە کە پێ ناچێت وا بە ئاسانى ئاسایى ببێتەوە ئەو سزایانەى ئەمریکا بە هۆى زیندانیکردنى قەشەئەندرۆبرانسۆنەوە بەسەر تورکیاى دا سەپاند وهەروەها سزا بە سەر دوو وەزیرى کابینەکەى ئەردۆگان ئەوانیش وەزیرەکانى داد و ناوخۆ و زیادکردنى باج لە سەر ئاسن و فافۆن وایان کرد لیرەى تورکى داڕمان و هەرەسێکى گەورەو کتوپڕو چاوەڕوان نەکراو لە لایەن ئەردۆگان و حکەمەتەکەیەوە بە خۆیەوە ببینێت کە تورکیا بەدواى ڕێگاو فریادڕەسدا بگەڕێت.

عەبادى دەتوانێت چى بدات بە ئەردۆگان؟
هەرچەندە وەکو پێشتر ئاماژەم پێدا ڕوون نیە عەبادى لە کابینەى داهاتووى عێراقدا ڕۆڵى دەبێت یان دەبێتەوە بە سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران، بەڵام ئەگەر چانس یاوەرى بێت ئەوا دەتوانێت بە هاناى تورکیاوە بچێت لە کاتێکدا دینارى عێراقى ئەمڕۆ بەهاکەى لە زۆربەى دراوى وڵاتانى دراوسێ بەهێزترە بە تایبەتى ئێران و تورکیا بەهەرحاڵ ئێستا کە سزاکانى ئەمریکا وا بە سەر ئێراندا جێبەجێ دەکرێت عەبادى دەخوازێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەى ئەو فشارانەى کە لایەن حکومەتى ئێرانەوە کرایە سەر حکومەتەکەى و کارەبایان لە عێراق بڕى وە عەبادى ئەمەبە فاکتەرێکى سەرەکى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە جەماوەرییەکانى باشوورى عێراق دەزانێت بۆیە دەخوازێت ئەو پەیوەندى و ئاڵوگۆڕییە بازرگانیانەى کە ساڵانە بە 6 ملیار دۆلار لە گەڵ ئێراندا دەکراجگە لە داهاتى غازو بەرهەمە نەوتییەکان بگوێزێتەوە بۆ تورکیا چونکە تورکیا بەڕاى ئەو نایەوێت ئەو پەیوەندییانە وەکو کارتى فشار بۆ سەر حکومەتى عێراق بەکار بهێنێت وەکو ئەوەى ئێرانیەکان دەى کەن، لە هەمانکاتدا عەبادى بەنیازە ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆکى حکومەت بۆندى کڕینى وزەى کارەبا لەگەڵ تورکیادا واژۆ بکات و هەروەها دەست بە ناردنەدەرەوەى نەوت لە بۆڕى جیهان کەرکوکەوە بکرێتەوە وەکو لە سەردانەکەدا پێداگیرى لەسەر کرا پێداویستیەکانى تورکیا لە نەوت دابین بکات کە ئەمەش لەم کاتەدا پاڵپشتى و کۆمەکیەکى گەورەیە بۆ حکومەتى ئەنقەرە.

ئەردۆگان دەتوانێت چى بدات بە عەبادى؟
لە بەرامبەردا عەبادیش پێویستى بە پشتیوانى ئەردۆگان هەیە بۆ ئەوەى خوولێکى تر ببێتەوە بە سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران ئەویش بە زیادکردنى بەشە ئاوى عێراق لە هەردوو ڕووبارى دیجلەو فورات لە کاتێکدا عێراق بە سەخت ترین و شکەساڵى و کەم ئاوییدا دەڕوات بەهۆى تەواوبوونى کارەکانى بەنداوى ئەلیسۆى تورکیاوەو دەستکردنى بێ گلدانەوەى ئاو. کە ئەمەش ڕەزامەندى تورکیاى لەسەر کرا کە خاڵێکى بەهێزە بۆ عەبادى.
تورکیا دەتوانێت بۆشایى هەژموونى ئێرانى بە سەر عێراقەوە پڕبکاتەوە بە هۆى سزاکانى ئەمریکاوە کە عەبادى وتى هەرچەندە سزاکان ناڕەواو نا مرۆڤانەن، بەڵام بەرژەوەندى عێراق وا پێویست دەکات و ڕێگایەکى ترمان نی یە لەبەردەماندا جگە لە پابەند بوون پێ یەوە لە کاتێکدا زۆر لایەن و گروپى ترى شیعەى عێراق ناڕەزایەتى کاردانەوەى توندییان هەبوو بەرامبەر بە هەڵوێستى عەبادى.
بەهەرحاڵ تورکیا دەتوانێت زۆر شت بۆ عەبادى و عێراق بکات لەوانە هەموو پێداویستیەکانى عێراق لە خۆراک و کەرەسەى پیشەسازى و پێداویستى ڕۆژانەى خەڵکى عێراق دابین بکات. هەروەها وزەى کارەبا و بەشداریکردنى کۆمپانیا تورکیەکان لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەى عێراقدا کە ئەمەش سوودو قازانجى باشى بۆ تورکیا دەبێت و جێ پێى خۆى لە عێراق بەهێز دەکات و جێ بە ئێران لێژ دەکات.
لە کۆتاییدا دەپرسین ئایا هەموو ئەو ڕێککەوتنانە دەچنە بوارى جێبەجێ کردنەوە یان هەر بە حبرى لەسەر کاغەز دەمێننەوە بە تایبەتى ئەوەى پەیوەندى بە پاراستنى سنوورى تورکیاوە هەیە چونکە عەبادى تواناى پاراستنى کورسیەکەى خۆى نیە؟
دەڵێم: ئەوانەى پەیوەندى بە بازرگانى و جموجووڵى هاوڵاتیان و کردنەوەى دەروازەیەکى ترى سنوورى یەوە هەیە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەوانى دى پێویستى بە خولێکى ترو ولایەتێکى ترى حوکمڕانى عەبادىیەوە هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت