بورهان شێخ ڕەئوف: عیراق لەبەردەم قەیرانی ئاودا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەڕای قەیرانە گورچكبڕەكانی عیراق هەرلە تیرۆرو گەندەڵی و پێكنەهاتنی پێكهاتەكان لەسەر فۆرمێكی گونجاو لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، قەیرانی سەرچاوەكانی ئاوو وشك كردنی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بە تایبەتی ئێران و توركیا بەر دەرگای بە عیراق گرتووەو پێدەچێت لە ساڵانی ئایندەدا كێشەی ڕاستەقینە بن .
ئەم ترسەلە خۆڕا نەهاتووە بەڵكو ئەوەی ناوەندەكانی چاودێری سەرچاوەكانی ئاو لە جیهان و ناوچەكە ئاماژەی پێدەكەن و پێشبینی دەكەن ئەوەیە كەتا ساڵی 2040 عیراق دەبێتە وڵاتێكی بێ‌ ڕووبار و هەردوو زێ‌ی ( نەمر) دیجلەو فورات كە لە ڕابردوودا وای پێ‌ دەوترا ئیتر دەمرن و ناگەنە شەتولعەرب و ناگەنە كەنداوی عەرەبی و دەریا و بە تایبەتی لە هەشت ساڵی ئایندەدا واتە تا ساڵی 2025 ڕووباری فورات بە تەواوی وشك دەبێت و سەرەتا ی وشكەساڵیەكی گەورە سەرهەڵدەدات و ڕووباری دیجلەش دەبێتە زێ‌ یەكی بچووك و باریك .
بەڵێ‌ عیراق لە ئێستادا ڕووبەڕووی كەمبوونەوەو دابەزینی سەرچاوەكانی ئاو دەبێتەوە تا ڕادەی وشككردن بە شێوەیەك كە كەلە سێ‌ دەیەی ڕابردوودا بە تێكڕا نیوەی ئاوی عیراق لە دەست دراوە كە لە نیوەی یەكەمی سەدەی ڕابردوودا خاوەنی بووە .
لەلایەكی ترەوە لە دەساڵی ڕابردوودا لە 80% ئەو بڕەئاوەی كەلە سەرچاوەكانی ئێرانەوە دەڕژانە خاكی عیراقەو لە دەستچوون بە هۆی بڕینی زیاتر لە 35 زێ‌ ی سەرەكی و سەرچاوەی ئاو بە گوێرەی ڕاپۆرتی كۆمیتەی كشتوكاڵ وئاوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەروەها ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە لە ئێستادا تەنها حەوت زێ‌ و سەرچاوەی ئاو ماوەلە ئێرانەوە ، كە حكومەتی ئێران لە هەوڵی ئەوەش دایە كە ئەوانیش ببڕێت چ بە بنیاتنانی بەنداو پڕۆژەی ئاودێری .
هەردەربارەی ئەو سەرچاوە ئاویانەی كەلە ئێرانەوە دەڕژێنە خاكی عیراقەوە پێمباشە زیاتر ڕوونی بكەمەوە ، ئێران لە هەنگاوێكی یەكلایەنە ڕێڕەوی هەردوو ڕووباری كارون و ئەڵوەندی گۆڕی كە زیانی زۆری بەڕووبەرێكی زەوی كشتوكاڵی بە پارێزگاكانی بەسرەو واسیت و دیالە گەیاند لەلایەكی ترەوە حكومەتی ئێران لە ساڵی 2011 بڕیاری بنیادنانی 152 بەنداوی داوە كە بۆ زیاتر كۆنترۆڵكردنی ئەو ئاوانەی كەدەڕژێنە ناو خاكی عیراقەوە .
سەرچاوەیەكی تری ئاوی عیراق لە توركیاوە دەهات كە هەوڵدەدەین لێرەدا بە كورتی تیشكی بخەینەسەر :
لە دوای ساڵی 2003 ڕووخانی ڕژێمی عیراق سەرقاڵبوونی عیراق و عیراقییەكان بە كێشەو ململانێ‌ ناوخۆییەكان شەڕی تائیفی و تیرۆر هەروەها لە سوریاش لە ساڵی 2011 ەوە سەرهەڵدانی ڕوداوەكانی بەهاری عەرەبی وقەیرانەكانی ئەو وڵاتەو شەڕی ناوخۆیی، توركیا بەتەنها دەستی گرتووە بە سەر هەموو سەرچاوەكانی ئاوەو كۆنترۆڵی كردووەوبە سیاسەتێكی زۆردارانەو ناڕەواو دوور لە هەموو یاسا و ڕێسا نێو دەوڵەتیەكان ئەویش بە دامەزراندن و بنیاتنانی زۆر پڕۆژەی زەبەلاح و قەبە كە زیاتر لە 1700 بەنداو دەریاچەی دەستكردخۆی دەبینێتەوە هەر لەبەنداوی ئەتاتورك و ئەلیسۆ و سیرز و تا بەرنامەی GAP .
ئەگەرچی لە ڕابردوودا پەیماننامەیەكی جێگیر لە نێوان عیراق و توركیادا هەبوو كە توركیا تێكڕا 15.75ملیار مەتر سێجا واتە 500 مەتر سێجا لە چركەیەكدا بۆ عیراق دابین بكات دواتر لە ساڵی 1990 عیراق و سوریا گەیشتنە ڕێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی ئاو لە نێوانیاندابە شێوەیەكی دادپەروەرانە كە 58% بۆ عیراق و 42% بۆ سوریا بێت ئیتر لەو كاتەوە سەرەڕای گۆڕانكارییەكان لەناوچەكەدا هیچ ڕێككەوتنێكی نوێ‌ لە نێوان ئەم سێ‌ وڵاتەدا واژۆ نەكراوە بۆ دابەشكردنی ئاو.
هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا ئێمە زۆرجار گوێبیستی لێداوانەكانی كاربەدەستانی دەوڵەتی توركیا بووین كە دەیان وت ئەوان چلۆن نەوتەكەیان دەفرۆشن ئێمەش ئاویان پێدەفرۆشین كە ئەمەش ماناو مەدلولی خۆی هەیە جگە لەوەش بەرنامەی GAPی مەزن ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە كە پەیوەندی بە كێشەی كوردەوە هەیە لە توركیا بۆ دامركاندنەوەی ململانێكانی ناوچەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنازۆڵ و ئاسایشی ئاو خۆراكی عیراق و سوریا .
لەلایەكی ترەوە هەموو ئەو پڕۆژانەی توركیا هەڕەشەی گەورەن بۆ سەرئایندەی عیراق هەڕەشەیەك وەكو ڕاگەیاندنی شەڕ وایە چونكە توركیا كەڵكی لەلاوازی دەوڵەتی عیراق وەرگرتووە لە ئێستادا لەچەند شوێنێكی جیاوە سەروەری عیراقی پێشێلكردووە بە شێوەی سەربازی چووەتە ناوخاكی عیراقەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت