بورهان شێخ ڕەئوف : هەڵگرتنى پارێزبەندى لەسەر پەرلەمانتارانى کورد لە تورکیا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى لە کەمتر لەساڵێکە لە تورکیادا ڕوویداوە شایانى هەڵوێستە لە سەرکردن و تێڕامانە کە چۆن لە دواى شکست هێنانى پارتى دادو گەشە ى ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانى حوزەیرانى پار کە نەى توانی بە تەنیا وەکو دووجارى پێشووتر کابینەى حکومەت پێکبهێنێت هەروەها بڕینى بەربەستى لەسەدا دە بۆ یەکەمجار لە لایەن کوردەوە و سەرکەوتن وەکو فراکسیۆنێکى سەربەخۆ بۆ پەرلەمانى تورکیاو قایل نەبوونى ئەردۆگان و پارتەکەى بە حکومەتى ئیئتلافى لە گەڵ پارتەکانى تر و پەنا بردن بۆ هەڵبژاردنى پێشووەختە و کۆتایى هێنان بە پرۆسەى ئاشتى لە گەڵ کورد ، هەروەها شکستهێنانى دروشمى ( زیرۆ پرۆبلم ) سفر گێرەوکێشە لە گەڵ درواسێکانى تورکیا واى لێهات هەر ڕۆژەى کێشەو گرفت لە گەڵ یەکێک لە دراوسێکانى بخووڵقێنێت .
بەڵێ ئەردۆگان کە کە هەڵگرى بیروباوەڕى ئاینیەو باکگراوندێکى درێژى هەیە لە گەڵ هەموو بزوتنەوە ئاینیەکانى ناوچەکەو جیهانیش زۆر قورسە بۆى کە بتوانێت لە گەڵ هەموو لایەن و پێکهاتە جیاوازەکانى وڵاتەکەى و ناوچەکەو جیهانیش هەڵبکات هەر دەبێت بەرەو قۆرخکردنى دەسەڵات بڕوات هەر وەکو چۆن سەرەتاکانى دەرکەوت لە چەند ساڵى پێشووترەو شکستهێنان لە پێکەوە ژیانى سیاسى لەگەڵ ئۆپۆزەسیۆنى ناوخۆ و ڕۆژنامەوانى ئازاد و دادگایى کردنى ڕۆژنامە نووسان و نەگونجان لە گەڵ دۆست و هاوپەیمانە دێرینەکانى تورکیالە ئەوروپاو ئەمریکا و کارگەیشتە بەریەککەوتنى سەربازى لە گەڵ ڕوسیا و سەرکووتکردنى هاونیشتمانانى کوردى وڵاتەکەى لە بەرامبەر داخوازییە ڕەواو یاساییەکانیاندا .
بەڵى هەر لە درێژەى ملهووڕى و قۆرخکارى وپەراوێزخستنى بەرامبەرەکانى ئەردۆگان دواجار یەکێک لە دۆستە نزیک و هاو ڕى وهاوبەشەکانى کارى سیاسى خۆى پرۆفیسۆر ئەحمەد داود ئۆغلوى وەلاناو هەر لەبەرئەوەى لە چەند بابەتێکا بۆچوونەکانیان یەکیان نەدەگرتەوە وەکو باسدەکرێت پرسى گۆڕینى سیستمى حوکم لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى و مەسەلەى ئاشتى لە گەڵ کوردا بووە ، دواترینى هەنگاوەکانى ئەردۆگان و پارتەکەى بۆیە دەڵێم پارتەکەى چونکە وادیارە ئەوەى وەکوئەو بیر نەکاتەوە ئیتر لەو پارتەدا جێگەى نابێتەوە وەکو داود ئۆغلو بازیاتر لە باسەکە دەرنەچم هەڵگرتنى پارێزبەندى لە سەر پەرلەمانتارانى هەدەپە واتە نوێنەرانى کورد لە پەرلەمانى تورکیا واتە لە کۆى 59 پەرلەمانتارى هەدەپە 54 یان پارێزبەندیان لەسەر لادەبرێت و دواتر دادگایى دەکرێن بە بیانووى هاندانى تیرۆرو گەندەڵى و سووکایەتى کردن بە ئەردۆگان .
مەبەست چیە لەم پەروایزخستنى نەیارانە ؟
ڕوون و ئاشکرایە ئەم پەراوێز خستن و قۆرخکارییە دوورخستنەوەى هەموو دەنگە جیاوازو ڕخنەگرەکانە تاوەکو بتوانێت بە ئاسانى دەستور هەموار بکاتەوە وسیستمى حوکمڕانى بگۆڕێت لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى بۆ ئەوەى دەسەڵاتەکانى فراوان بکات .
لەلایەکى ترەوە وڵاتانى خۆرئاواى هاوپەیمانى تورکیا و لایەنە ئۆپۆزەسیۆنەکانى تورکیا نیگەرانن لەوەى بە هۆى ئەم یاسایەوە زنجیرەیەک کەیسى بە سیاسى کراولە دژى پەرلەمانتاران و چالاکوانانى مەدەنى بەرز دەکرێتەوە کە ئەوەش بارگرژى زیاتر و قەیرانەکانى ئەو وڵاتە قووڵتر و کارەساتبارتر دەکات کە لە مێژەو ئەو وڵاتە بە دەست شەڕو پێکادانى خوێناویەوە دەناڵێنێت .
دواجار ماوە ئەوە بڵێم وادیارە ئەو دەردە کوشندەیەى کەلەمێژە دەڵێن لەم ناوچە گەراى داناوە لەناو نابرێت ئەویش نەبوونى خواست و ئارەزووى پێکەوەژیانە لە گەڵ بەرامبەرە جیاوەزاکانمان لە بیروڕادا .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت