بورهان شێخ ڕەئوف: پاشەکشەى دیموکراسى لە تورکیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر باسى دیموکراسى لە تورکیادا دەکەین ئەوەى ڕوون و بەڵگە نەویستە ئەوەیە، کە پرۆسەى دیموکراسى لەو وڵاتەدا تایبەت بووە بە نەتەوەى سەردەست و فەرمانڕەوا. واتە تەنها تورک زمانەکان مافە دیموکراتیەکانیان پەیڕەو کردوەو گەلانى ترى ئەو وڵاتە کە لە کوردو ئەرمەن و شەرکەس و عەلەوى و ….تد، هیچ ماف و لێپرسراوێتیەکیان بەرنەکەوتووە لە دامەزراوەکانى حوکمڕانى تورکیادا مەگەر نکووڵیان لە بن و بنەچەى خۆیان کردبێت.
بەڵێ لە دواى شکستهێنانى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیادا و سەرهەڵدانى شەڕو پێکادان لە شارەکانى باکوورى کوردستان لە نێوان گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان و سوپاى داگیرکەرى تورک و هێزە سەرکوتگەرەکانى هەروەها لە دواى شکستى کودەتاکەى 15 ى تەمووزى ئەمساڵ 2016 تورکیا بووەتە زیندانێکى گەورە بۆ ئازدیخوازان و هەموو ڕەوتە ئۆپۆزەسیۆنەکان هەرلە بزوتنەوەى خزمەتى فەتحوڵاگویلەنەوە تاوەکو هێزە چەپ و نووسەرو ڕۆژنامەنووسەکان.
لەو شەڕەدا کە ناو شارەکانى باکوورى کوردستان گۆڕپانى بوون هەر لە سوورى ئامەد و جەزیرەو شرناخ و زۆر شوێنى تر کە زۆر شوێن لە گەڵ خاکدا یەکسانکران و هەموو جۆرە چەکێکى قورسی تێدا بەکا هێنرا بە بەرچاوى کۆمەڵگاى نێو دەوڵەتیەوە.
ئێستا ئەو وڵاتە باڵى ڕەشى نائومێدى و ڕەشبینى زاڵە بەسەریدا لە دواى پەرەسەندنى چالاکیە سەربازییەکانى گەریلاکانى (pkk ) کە لەسەرەتاى سەرهەڵدانیەوە لە سەرەتاى هەشتاکانى سەدەى ڕابردووەوە تائێستا بەم گوژم وتاوە پەرەى نەسەندووە.
لەلایەکى ترەوە بە هۆى تێوەگلانى حکومەتەکەى ئاک پارتى و ئەردۆگان لە شەڕەکانى عێراق و سوریا و پاشەکشەى کەرتى گەشت و گوزار کە داهاتى سەرەکى ئەو وڵاتەیە، داڕمانى بەهاى لیرەى تورکى بە دواى خۆیدا هێناوە.
سەرەڕاى هەموو ئەوانە کێشەى کورد تا ئێستا گەورەترین و گرنگترین و سامناکترین کێشەیە کە ئەردۆگان و ئاکپارتى بە عەقڵێکى دۆگماو کۆن و بەسەرچووە و کە ڕێگەى سەربازى و چارەسەرى ئەمنیە دەخوازن یەکلایى بکەنەوە کە ئەوەش مەحاڵەو ئەزموونەکانى سەد ساڵى ڕابردوو ئەوەیان سەلماند کە بەو شێوازە کورد لە ناو نابرێت و بەبێ چارەسەرێکى دیموکراسى و عادیلانە ئاشتى و ئارامى و سەقامگیرى و پێشکەوتن لە تورکیادا بەدى نایەت.
بەڵام وەکو دەبینین حکومەتەکەى بنعلى یڵدرم و ئەردۆگان دەست بۆ هێڵى سوور دەبەن و دیموکراسى پێشێل دەکەن و سەرکردەو نوێنەرە هەڵبژێراوەکانى کورد لە باکوورى کوردستان ڕاپێچى زیندانەکان دەکەن کە بەم هەنگاوەیان قەیرانەکان قووڵتر و لاپەڕەیەکى ترى خوێناویى دەخەنە سەر لاپەڕە ڕەشەکانى مێژووى تورکیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت