بورهان شێخ ڕەئوف: ڕۆژهەڵاتى ناوێن لەسەر دەریاییەک لە ئاگر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژى 30 مایسى ئەمساڵ 2017 ماڵپەڕى کەناڵى دووى تەلەفزیۆنى ئیسرائیل ڕاپۆرتێکى دوورو درێژى بڵاوکردۆتەوە دەربارەى پێشبڕکێى خۆپڕچەککردن لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوین و بەتایبەتى وڵاتانى میانڕەو. ئەم زاراوە جاران بەکاردەهات بۆ جیاکردنەوەى وڵاتانى بەرەى بەرەنگاربوونەوە لە شەڕى عەرەب ئیسرائیلدا، کە ئەو ڕژێمانە هیچ کامیان نەماون لە ئێستادا.
ڕوونە بۆ چاودێرانى دۆخى ئەم ناوچە کە ئیسرائیل لە دواى بەڵێنى بیلفۆر بە ساڵانێکى زۆر لە ساڵى 1948 دامەزرێنراو لەوساوە بەهرەمەندە لە پارێزگارى و پاسەوانى ئەمریکا و بەریتانیا
خۆیشى خاوەنى هێزو تواناى ئەتۆمیە و سەرەڕاى ئەو هەموو توانا هێزە فەراهەمکراوە هەر دوودڵەو خاوەنى گەورەترین دەزگاى هەواڵگرییە و بەوردى چاودێرى هەموو جمووجووڵ و توانا سەربازى و ئابوورى یەکانى وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى دەکات.
بۆ ئەوەى زیاتر لە بابەتەکە دوور نەکەوینەوە ڕاپۆرتى ناوبراو زۆر بە وردى و هەموو گرێبەستەکانى چەکى وڵاتانى ناوچەکەى دەستنیشانکردووە بەجۆرەکانیەوە ( فڕۆکە تانک ڕۆکێت کەشتى ژێردەریایى ) سەرەڕاى ئەوەى کە خۆى خاوەنى چەندین کڵاوەى ئەتۆمى و باشترین وپێشکەوتووترین سیستەمەکانى ڕادارو بەرگرییە بەڵام هەر ترسى ئەوەى هەیە نەوەکو باڵادەستى سەربازى خۆى لە دەستبدات لەناوچەکەدا.
ئیسرائیل زۆر نیگەرانە لەم پێشبڕکێ ى چەکە کە تا ساڵى 2016 بایى 215-216 ملیار دۆلار چەک کڕراوە لە لایەن وڵاتانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوینەوە، هەر بۆیە لیبرمان وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل وتى: دواى گرێبەستە قەبەکەى عەرەبستانى سعودیەو ئەمریکا، ژیان خۆش نیە لە ئاوا پێشبڕکێیەکى چەکدا کە باریى ئابوورى وڵاتەکەى ڕێ بە ئاوا پێشبڕکێیەک نادات.
عەرەبستانى سعودیە ئێستا تازەترین جۆرى فڕۆکەى جەنگى و ڕۆکێت و تانکى پێشکەوتووى ئەمریکى بەدەستدەهێنێت و، هەروەها ئێرانیش لە گەڵ ڕوسیادا لە وتوێژدایە بۆ کڕینى تازەترین جۆرى چەکی سیستمى تازەى بەرگرى لە دواى لابردنى سزا ئابووریەکان.
لەلایەکى ترەوە میسرو جەزائیریش سەرقاڵى کڕینى چەک و سیستمى تازەى بەرگری و هێرشیشن هەروەها ڕژێمى ئەسەدیش دەتوانێت چەک لە هاوپەیمانە دێرین و نوێکانى لەڕووسیا بکڕێت.

ڕیزبەندى گرێبەستەکانى چەک کڕین
عەرەبستانى سعودیە لە ساڵى 2015 بایى 3.5 ملیار دۆلار چەکى کڕیووە
عێراق بە پلەى دووەم دێت لەم ساڵەدا بایى 2 ملیار دۆلار چەکى کڕیوە کە زۆرى کەوتە دەست تیرۆریستانى داعش، دەوڵەتى ئیماراتى یەکگرتووى عەرەبیش بایى 1.3 ملیار دۆلار چەکى کڕیووە ، کوەیتیش بایى نیو ملیار دۆلارى کڕیووە و ئوردنیش بایى 200 ملیۆن دۆلارچەکى کڕیووە.
هەموو ئەم بڕە پارە قەبانە تەنها لە ئەمریکا کڕاون بێجگە لەوەى لە وڵاتانى ترى ئەوروپاش چەکیان کڕیووە و هەروەها ئیسرائیلیش هەرلەم ساڵەدا بایى 871 ملیۆن دۆلار چەکى کڕیووە . گرنگە ئاماژە بەوەش بدەین هەر لەم ساڵەدا وڵاتێکى تریش هاتووەتە بازاڕى چەک فرۆشتنەوە ئەویش کەنەدایە کە بایى 2.5 ملیار دۆلار چەکى بەم وڵاتانە فرۆشتووە لە کۆى 4 ملیار دۆلار هەموو فرۆشتنەکەى لە چەک.

هەروەها ڕوسیاش بایى 4.5 ملیار دۆلار چەکى بە عێراق فرۆشتووە لە ساڵى 2012 دا.
ئەوروپاش سەرچاوەیەکى ترى چەکە بۆ میسرو جەزائیر وڵاتە عەرەبیەکان کە بەلەم و ڕۆکێت و ژێردەریایى ئەڵمانى لە باشترین جۆر یان بۆ دابین دەکات .لەلایەکى ترەوە میسر سەرەڕاى خراپى بارى ئابوورییەکەى ڕاپۆرتەکان باس لە گرێبەستى 10 ملیار دۆلارى کڕینى فڕۆکەى جەنگى ڕوسى دەکەن ، هەروەها چەندین ڕاپۆرتى تر باس لە گرێبەستى 10 ملیار دۆلارى نێوان ئێران و ڕوسیا دەکەن بۆ کڕینى فرۆکەو ڕۆکێت و تانک .هەروەها ڕژێمى ئەسەدیش بڕێکى باش چەکو پێویستى جەنگى لە ڕوسیا کڕیووە.
هەموو ئەمانە وەکو لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە هیچیان وەکو ئەو چەکە سووکانە کە دەگەنە دەستى حزبوالله ى لوبنان ئیسرائیل نیگەران ناکات.
چونکە عەرەب لە 69 ساڵى ڕابردوودا نەیان توانى هیچ هەڕەشەیەکى ڕاستەوخۆ دروست بکەن بۆ دەوڵەتى ئیسرائیل وەکو دەڵێن عەرەب ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەى کە هەرگیز ڕێک نەکەون و هەواش بوو ە شەڕو ناکۆکیەکانى چەندساڵى ڕابردووى جیهانى عەرەب گەواهى ئەو ڕاستیەن چ لە شەڕى یەمەن میسرو داگیرکردنى کوەیت لەلایەن عێراقەوە و ململانێ سیاسى وپیلانگێڕى وپەنجەشکاندنەکانیان.
بەڵێ ماوەتەوە بڵێین و بپرسین کڕینى ئەم هەموو فڕۆکەو تانک و ڕۆکێت و ژێردەریاییە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوەبۆ ئەم ناوچە بۆ چیە جگە لە لە وێرانکارى و سەرکوت کردنى گەلان و بزوتنەوە ئازادیخوازەکانى؟
ئەى کورد چى کڕیوەو چى کردووە لە کاتێکدا بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆیى هەنگاو دەنێت؟!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت