بورهان شێخ ڕەئوف: ڕۆکێت بارانى بنکەى شعێرات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى سەرلەبەیانى حەوتى نیسان ڕوویدا ڕۆکێت بارانى بنکەى هەوایى شعێراتى سوپاى عەرەبى سوریا لە نزیک شارى حمس لە لایەن کەشتیە دەرییاییەکانى ئەمریکاوە لە ڕۆژهەڵاتى دەریایى ناوەڕاست بە 59 ڕۆکیتى جۆرى تۆماهۆک، ئەو مووشەکانەى زۆرجارى تر لە چەند ساڵى ڕابردوودا ئەمریکا لە ناکاو و بە شپرزەیى ئاڕاستەى نەیارەکانى کردووە و یارەکانى خۆى پێى شاگەشکە بوون چ لە ئەفغانستان و عێراق و هەورامانى لاى خۆمان و سودان.
لە بارودۆخێکى وەکو ئێستاى سوریادا کە شۆڕش و ناڕەزایەتیەکانى خەڵکى ئەو وڵاتە بۆ ژیان و گوزەرانێکى باشتر و بەرقەراربوونى دیموکراسى و کۆتایى هێنان بە حوکمى کۆمارى پشتاوپشتى بنەماڵەى ئەسەد. گۆڕا بۆ شەڕو ململانێیەکى قورس و خوێناویى. تەنانەت ئیقلیمى و نێودەوڵەتیش، کە ئێستا هەموو جیهانى بە خۆیەوە سەرقاڵ و گیرۆدەکردووەو، لە تونێلێکى تاریک و بنبەستێکى نالەباردایە، دەیان و سەدان کۆنگرەو کۆنفرانسى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى هەر لە جنێفەکانەوە تا ئەستانەو و پایتەختەکانى ناوچەکە نەیانتوانى بەر بەو تاوان و خۆێن ڕێژییە بگرن.
لە سوریاییەکدا ئەگەر پێشووتر ڕژێمى ئەسەد چەکى کیمیاوى بەکار هێنابێت و ، هەموو چەکەکانى لەناوبرابێت، لە ژێر چاودێرى ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتووەکاندا و. ئێستاش باس لە بوونى چەکى کیمیاوى لە لایەن گروهە تیرۆریستیەکانەوە دەکرێت بە تایبەتى داعش، کە پێشتریش چەندین جار بەکارى هێنا دژ بە هێزەکانى پێشمەرگە لە بەرەکانى نزیک مووسڵ، لە ئاوا بارودۆخێکدا کە هەموو کارتەکان تێکەڵن، لەوەیە دیاریکردنى ئەنجامدەرانى تاوانى کازى کیمیاوى ئاسان نەبێت ئاوا !!
ئەوانەش لە لایەک لە کاتێکدا ترامپ و ئیدارەکەى وتیان: کارى لە پێشینەى ئێمە لە ناوبردنى تیرۆرو داعشە و، چارەنووسى ئەسەد و ڕژێمەکەى لێگەڕێن بۆ خەڵکى سوریا. وادیاربوو ئەسەد ئەمە بە تیشکى سەوز تێگەیشتبوو، کە چى بەگەلى سوریا بکات بۆى بەسەردەچێت. لەوەش بەهێزتر لێدوانەکانى ترامپ لە کاتى سەرۆکایەتى سەرۆکى پێشوو ئۆباما کە وتبووى: دەستێوەردانى ئەمریکا لە کاروبارى سوریا خزمەت بە بەرژەوەندى ئەمریکا ناکات. هەروەها ئەو دەنگۆو لێدوانانەى کە لەماوەى ڕابردوودا، باس لە باشى پەیوەندییەکانى ترامپ و پۆتینى سەرۆکى ڕوسیا دەکرا. هەموو ئەوانە پاڵپشت و هۆکار بوون بۆ ئەوەى ئەسەد جێ پێى خۆى قایم بکاتەوە. جارێکى تر و وەڵامى داخوازییەکانى ئۆپۆزەسیۆن نەداتەوەو تەنانەت بەشار جەعفەرى سەرۆکى شاندى ڕژێم لە دانیشتنەکانى ئەم دواییەى جنێف بە شاندى ئۆپۆزەسیۆنى وت ئێوە تیرۆریستن و شایەنى ئەوە نین لە گەڵتان دانیشین و باسى ئایندەى سوریا بکەین.
بەڵێ ئێستا جیهان لە دواى ئەم پێشهاتە سامناکە کە تا ئاستێکى باڵا ڕووداوەکانى سوریاى بردە پێشەوە ئەگەرچى پێشتر ڕوسەکانیان ئاگادار کردبووەوە ئەمریکیەکان کە ئەوە نەیهێشت هیچ سەربازێکى ڕوسى ببێتە قوربانى ئەو کات کۆنترۆڵکردنى دۆخەکە ئاسان نەدەبووو هەرچەندە ڕوسیا دەڵێت زۆر زیانى بە پەیوەندییەکانمان گەیاندووە و کارى هێڵى گەرمى پەیوەندى نێوان هەردوو لا وەستا کە ئەمەش مەترسیەکى ترى گەورەیە کە لەوانەیە لەهەر کاتێکدا دۆخى سوریا خراپتر لە ئێستا بتەقێتەوە.
بەڵى جگە لە ئاماژەکانى ئەمریکا بۆ ئەسەدکە لە سەرەوە باسمکرد ڕوسیا و ئێران دوو پاڵپشتى ترى بەهێزى ڕژێمن بە تایبەتى ڤیتۆکانى ڕوسیا لە ئەنجومەنى ئاسایش دژ بە هەر هەوڵ و تەقەلایەکى وڵاتان بۆ سزادانى ڕژێم ڕێخۆشکەر بوون بۆ ئەم تاوانەى خان شیخون کە 80 کەس کوژران کە 30 کەسیان مناڵ بوون و پێشتریش لە غوتە ى ڕۆژهەڵات لە دیمەشق 1300 کەس کوژران هەر بە هەمان چەک کە ئۆباما ویستى سزاى بدات پۆتین پاراستى.
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین کە هێرشى کیمیاوى ڕژێمى ئەسەد بۆ ناوچەى ئەدلپ جێگەى نیگەرانییەکى زۆرە ئاماژەیەکى مەترسیدارە کە بەرەى دیمەشق دەخوازێت بەرەى بەرەنگاربوونەوەکان فراوانتر بکات لە دواى سەرکەوتنەکانیان لە حەلەب، لە هەمان کاتیشدا ترامپ و ئیدارەکە لە بەردەم ئەزموونێکى قورسدان ئەگەر هاوکێشەکان نەگۆڕن و تواناکانیان نەخەنەگەڕ چ (( بە شەڕ و چ بە ئاشتى ))نەک هەر خەڵکى سڤیل بەڵکو دۆستەکانیشیان دەستەمۆى بەرەى دیمەشق و دۆستەکانیان دەبن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت