Hellbjardin-

بێکەس قادر: پرسی ڕاپرسی و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی باشووری کوردستان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی یەکەم:
پرسی راپرسی لە ئاستی نێوەخۆ، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بە پلەی جودا چەردەیەک کاردانەوە، باس، لێدوان و لێکدانەوەی بە دوای خۆی هێنا. ئەم پرسە هەستیارە فرە پێویستی بە هەڵوەستە و هەستی بەرپرسیارانەیە.

لە دەستپێک دوو چەمک و وشە بە هەڵە لە زۆر لە نێوەندی سیاسی و میدیایی بەکار دەهێنرێ
– لە باتی راپرسی، بە هەڵە گشتپرسی بەکار دەهێنرێ. بەرامبەر ( استفتاء ،Referendum) راپرسیە، نەک گشتپرسی. بابەتی راپرسی خۆی گشتی یان تایبەتی بوونی راپرسی دیاری دەکا.
– لە باتی دەوڵەتی کوردستان، دەوڵەتی کوردی بە هەڵە بە کار دەهێنرێ. لە سەر بنەمای هەرێم و نیشتمان، مادام هەرێمی کوردستان هەیە، دەبێ بە دەوڵەتی کوردستان، نەک دەوڵەتی کوردی.

مافی بڕیاردانی چارەنووس
هەر گەل و نەتەوەیەک لە هەرێمی نیشتمانی خۆی، بە ئازادی مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی هەیە. ئەم مافە لە مادە/1 بڕگە/2 و مادە/55 ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەو شێوە دەقنووس کراوە ( هەموو گەلان مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان هەیە، بە پێی ئەم مافەش بۆی هەیە پێگەی سیاسی خۆی ئازادانە دیاری بکا و ئازادانە هەوڵ بۆ گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کۆلتوری خۆی بدا). سەرەڕای وەی ئەم پرەنسیپە لە چەندین بڕیار، جاڕنامە و بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی دیکە چەسپاوە، وەک عورف و یاسای نێودەوڵەتی، بنەمای یاسایی پابەندکاری هەیە.
پیادەکردنی مافی بڕیادانی چارەنووس، لە بنچینەدا گەڕاندنەوەی مافە بۆ خاوەن ماف. بۆ ئەوەی دەوڵەت بە کەسێک لە کەسەکانی یاسای نێودەوڵەتی لە قەڵەم بدرێ ئەوە دەبێ ئەم مەرجانەی تێدابێ:
1- گەلێکی هەمیشەیی.
2- هەرێمێکی دیاریکراو.
3- حکوومەت.
4- توانای دروستکردنی پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی دیکەدا هەبێ.
کاتێ پیادەکردنی ئەم مافە بژاردەی جاڕدانی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ هەڵدەبژێرێ، ئەوە دادگای دادی نێودەوڵەتی(محكمة العدل الدولية)، بۆ مافی پێکهێنانی دەوڵەت ئەم پێوەرانە دیاری دەکا و دەبێ:
1- ئەو کیانە ئارەزووی بوونە دەوڵەتی هەبێ.
2 – ئاشتی دۆست بێ.
3 -ئیلتیزاماتەکانی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند بکا.
4- توانای جێ بەجێکردنی ئەو ئیلتیزاماتانەی هەبێ.
5- ئارەزووی جێ بەجێکردنی ئەو ئیلتزاماتانەی هەبێ.
بڕیاردانی مافی چارەنووس لە رێگەی راپرسی بۆ گەلی کوردستان، جگە لە بە دەستهێنانەوەی مافێکی سروشتی و ئاسایی زەوتکراو، شتێکی زیادە نیە.

بەر لە هەرشتێ دەبێ پرسی راپرسی و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان، وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی چارەنووسساز لە دەرەوەی مڵملانێی حزبایەتی و کێشە سیاسیە لاوەکییەکانی نێوان حزبەکان بەڕێوەبچێ.
دەشێ بۆ ئەو پرسە لە نێوخۆدا دیدی جیاواز و روانگەی جیا جیا هەبێ، دەنگی بەڵێ و نەخێر بە شێوەی ئاسایی سەیر بکرێ، چونکە ئەمە بۆ خۆی وەکو پرۆسەیەکی دیموکراسی سروشتی راپرسیە، لەو گۆشەنیگایەوە بوونی دوو بەرەی جودا پێویستی پرۆسەی راپرسیە، بەڵام دابەشکردنی کۆمەڵ و سەپاندنی لۆژیکی رەش و سپی، پرسەکە بە تۆنێلێکی تاریکدا دەبا، کە جگە لە یەکدی رەتکردنەوە، دووبەرەکی و لێکتران، هەرگیز خزمەتی بەرەو پێشبردنی پڕۆسەی دیموکراسی و ئامانجی سەربەخۆیی ناکا، بۆیە ناشێ پرسی سەربەخۆیی و ناکۆکییە لاوەکییەکان تێکەڵ بە یەک بکرێن.
لە ئێستا پرسی راپرسی و سەربەخۆیی بە دروشم مەیسەر نابێ، بۆیە پێویستە لە هەموو روویەکەوە بە کردەوە کاری لە سەر بکرێ، لە ئاستی نێوەخۆدا لە پێناو سەربەخۆیی لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشە سیاسییەکان بەلادا بخرێت، لە جیاتی پێوەری ( عینادی وعوقدە ) بە پێوەری پێکەوە سازان و یەکدی قەبوڵکردن، ناوماڵی کوردستانی رێکبخرێتەوە و ئاستەنگە نێوەخۆییەکانی بەردەم سەربەخۆیی تەخت بکرێ .
1- لەم پێناوە دەستبەجێ پەرلەمان دەست بەکار بکاتەوەو بە پێی پرەنسیپی سازان و هاوسەنگی تا کۆتایی ئەم خوولە کارەکانی رایی بکا.
2- لە رێگەی واژۆکردنی پەیمانی سەربەخۆیی کوردستان کۆدەنگی نیشتمانی بەرجەستە بکرێ، کە گشت رێکارەکانی راپرسی و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان لە خۆبگرێ.

گەلی کوردستان هیچی لە گەل و نەتەوەکانی دیکە کەمتر نیە تا دەوڵەتی سەربەخۆی نەبێ، بۆ ئەو مەبەستە پێویستمان:
– بە خواست و ویستی سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی کورستان هەیە.
– بە جۆرێک لە موغامەرە و جەربەزەیی و قوربانیدان هەیە.
– بە بوێری و تەحەدیات و شتێک لە جورئەتی داعش هەیە.
– بە پەیمانی سەربەخۆیی هەیە.
پەیمانی سەربەخۆیی بە سەرپەرشتی کۆمیتەی راپرسی و راگەیاندنی سەربەخۆیی ئامادە بکرێ، ئامانجەکان و تەواوی رێکارەکانی راپرسی و سەربەخۆیی و ئەرک و ئیلتیزامەکانی بەدیهێنانی لە خۆ بگرێ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت