Bextiar-Sharazuri

بەختیار شارەزورى : حیزبى مردو پێویستى بە دەنگى مردو هەیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حیزب ئەگەر خاڵى بویەوە لە مۆڕاڵ پەنا بۆ هەموو ئەو ساختانە دەبات کە دەبێتە هۆى نەمانى متمانەى گشتى بە دەنگدان و دەبێتە هۆى جۆرێک لە گرنگى نەدان بە دەنگى تاک و دەگاتە ئەوەى کە لە نێوان هاوڵاتى و حیزب سپەیسێکى گەورە دروست ببێت ، ئەو وێنەیە دەداتە شەقام کە جگە لە بە کۆیلە کردنى تاک و کوشتى دەنگى تاک هیچى تر ناکات … بە مانایەکى تر وەک ئەوە وایە حیزب بێت و بەهەشتێکمان لە کارتۆن بۆ دروست بکات و بە ناچارى هەمومان بەم بەهەشتە ڕازى بین و هەموشمان دەزانین کە بەهەشتى هەقیقى نیە و خاڵیە لە ژیان .

حیزبە دەسەڵاتدارەکان ئێستە ئەیانەوێت دنیایەک دروست بکەن دنیایەک بێت مردوەکان بڕیاڕ لەسەر ژینگەى سیاسى ئەم هەرێمە بدەن و گۆڕستانەکان باشترین گۆڕپان بێت بۆ ململانێ ى حیزبەکان.. بڕیار و دەنگ لاى مردوەکان بێت کە ئایا کام حیزبە دەتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست ئەم جۆرە لە هەوڵدان بۆ دەنگ ڕێک لە فیلمى خەیاڵى دەچێت مردوەکان شەوانە لەسەر گۆڕستانەکان کۆدەبنەوە و مێزێک لە بەرد دادەنێن و گفتوگۆ لەسەر پاشەڕۆژى ئەم هەرێمە دەکەن بە جۆرێک ئێسقانەکان دەبنە سەنتەر بۆ دیارى کردنى ئاسایشى نەتەوەیى هەرێم ، حیزبەکانى دەسەڵات لەسەر لافیتەکانیان نوسیوە (بەڕێزى مردوو دەنگ بدە بە حیزبى من تا پاشەڕۆژێکى پرشنگدارتان بۆ دابێن بکەم و ژیانتان پڕ بکەین لە بەهەشت ) لەو لاشەوە حیزبێکى تر دروشمەکانى بەو گۆڕانەدا هەڵواسیوە کە ڕۆژانێک پاڵەوانى ناو حیزبەکەیان بوون و هەوادارى خۆیانن و دەڵێت ( مردوە بەڕێزەکان ئێوە پڕن لە خەبات و تێکۆشان دەنگ بدەن بە ئێمە جەستەتان پڕ دەکەن لە دڵ و خوێن و هەموو ئەندامەکانى ترى لەشتان بۆ دەگێڕینەوە ) هەموو ئەمانە بەو مانایە دێت لە وڵاتى ئێمەدا هێندە مردن و گۆڕستان و پرسەمان خۆش دەوێت هێندە ژیانمان خۆش ناوێت …دەبێت زیندوەکان پابەند بن بە یاساى مردوەکانەوە ..دەبێت لاى زیندوەکان جوانترین باخچە گۆڕستانى مردوەکان بێت ..چى تر ئەبێت تاکى ئەم هەرێمە خۆى خاڵى بکاتەوە لە ژیان دۆسیەى مردن بۆ خۆى پڕبکاتەوە تا بتوانێت دەنگ بدات بەو دروشمانەى کە هەڵگرى چەمکى مردنن … چى تر دەبێت سندوقەکانى دەنگدان بەرینە ناو گۆڕستانەکان و مردوەکان سەرەى دەنگدان بگرن .. چى تر کاندیدەکانمان دەبێت دروشمەکانیان پڕبێت لە ڕۆژى پرشنگدار بۆ مردوەکان ، کێبڕکێکانیان ببنە سەر گۆڕستانەکان ، چى تر زیندوەکان ناتوانن کاندیدێ ببنە ناوەندى بڕیار و دەسەڵاتەوە …چى تر دەبێت حیزبەکان هاوار بکەن مردوە بەڕێزەکان کە هاتن بۆ دەنگدان بیرتان نەچێت هەر ناسنامەیەکتان پێ بێت دەتوانن دەنگ بدەن (فۆرمى بایعى ،مۆڵەتى شۆفێرى ، هەویە ، جنسیە ) خەمتان نەبێت ناوى ئێوەى مردوو لە تۆمارى دەنگداندا لە پێش زیندوەکانەوەیە ، ئەمەیە وڵاتى سەیر و سەمەر ئەمەیە وڵاتى ئەفسانەکان ئەمەیە وڵاتى ساختە و کارتۆنى بوون …ئەمەیە وڵاتى جەنگەڵ و یاساى گۆڕستانەکان .

نەنگیە بۆ دەسەڵاتێک هەڵگرى یەک دنیا لە دروشمى ژیان بێت و پەنا بۆ گۆڕستان بەرێت .. شەقام پڕ بێت لە جەستەى زیندوو پەنا بۆ ئێسقانەکان بەرێت ، کە هەموو ئەمانە دەکاتە ئەوەى بڵێین ئەوەى لێرە ڕوو دەدات نە فیلمى ترسناکە و نەهۆلیۆدە .. ئێرە وڵاتى ئەو کارەساتانەیە کە جگە لە بەرهەمهێنانى درۆ گەورەکان شوێنێک نامێنێتەوە بۆ ڕاستگۆیى بۆیە دەبێت چى تر زیندوەکان بە مردوەکان بڵێن ئیتر بەسە ئێوە لەبەردەم خواى خۆتانان و ئێمە دەنگ بەو حیزبانە دەدەین کە پڕن لە ژیان .. چى تر دەبێت زیندوەکان هاوار بکەن نا بۆ حیزبى مردوو نا بۆ دەنگى مردوو .

تێبینى :

ناونیشانى ئەم بابەتە لە ئەکاونتى کاک حلمى جەمال وەرگیراوە .

 630 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت