puk-pdk

بەختیار شارەزورى : پارتى لە خەمى دارشەقەکەیدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێک لە قۆناغە زیندوەکانى شۆڕشى نوێ قوناغى کۆمەڵەى ڕەنجدەران بوە کە بۆ خۆى بەدەر لە بنەماڵەو خێڵەکان لەسەر بنەماى فکر و حیزبى شۆڕشگیر بەرگرى لە نەتەوەیەک دەکرد کە لەسەر ئاستى ناوخۆ سەرەتایەک بوو بو تێپەڕاندنى قوناغى فیودالى و سەرەتاى دەرکەوتنى شۆڕشێک بوو لەودیو سنورەکانى خێڵ و بنەماڵەوە بە واتایەکى تر تێپەڕاندنى ئەوەى پێى دەوترێ شۆڕشى بنەماڵەکان و خێڵەکان خۆئەگەر پێش ئەم مێژوە قۆناغى کاریگەرى بنەماڵە و خێڵ بو بێت ئەوا بۆ خۆى بەرزانى و خێڵەکان لە شۆڕشى ئەیلولدا کە هەموو کورد لەسەر بنەماى خێڵ بەشدار بون تێدا و مۆرکى گشتى پێوە دیار بوو بە شێوەیەکى باش تیپەڕێنرا بەڵام لە دواى هەرەسە و قۆناغى بنەماڵە و خێل کۆتایى دێت لەسەر ئاستى جیهانیش بە تایبەت لە ئێستادا بە هۆى فراوانبون و ئاسانکارى پەیوەندیەکانەوە کە ئەزمونى وڵاتانى پێشکەوتو بە کلیکێ دەبینى قابیلى هەزم کردن نیە لاى نەوەى نوێ ئەمە بۆ خۆى ئەو ئاماژەیەمان دەداتێ کە هێنانە ئێستاى ڕابردوو و دوو بارەکردنەوەى مێژوو کۆمەڵگا توشى وەستان و ئیفلیجى دەکات لە قۆناغەکانى بزاوت و پێشکەوتندا کە پێم وایە ئەگەر چى کۆمەڵگاى کوردى تا ئاستێک پێشکەوتنى بە خۆیەوە دیبێ بەڵام لە لایەن نوخبەیەکى خێڵەکیەوە ئەوە سەپێنراوە کە دەبێت بنەماڵە حوکم بکات ئەم هەڵەیەش هەڵەى ئەو سیاسیانە بوون کە لە شۆڕشى نوێدا دەرکەوتن کە نوخبەیەکى (ئەفەندى ) ڕۆشنبیر سەرلە نوێ لە دەرگاى پشتەوە خێڵیان هێنایە ژورەوە و جارێکى تر کەوتینەوە بەر حوکمى (ویراسى ) و بنەماڵییەوە هەڵەکە ئەوەندەى لە سەرانى یەکێتیەوەیە بە کۆنەکانى ناو گۆڕانیشەوە هێندە لە بنەماڵەکانەوە نەبوە چونکە قۆناغى بنەماڵەیى بەرو کۆتا بون دەڕۆیشت و بنەماڵە تەنها لە چەند پەیوەندیەکى خێزانى کۆمەڵایەتیدا دەسەڵاتیان هەبوە نەک پرۆسەى سیاسى کە ئەمەش لەم قۆناغەدا توشى دەیان هەڵەى سیاسى گەورەى ناخۆیى و دەرەکى کردوین چونکە کەسانى بنەماڵە مەرج نیە سیاسیەکى باش بن بە جۆرێکى تر شۆڕشى نوێ هەزاران شەهیدى لە هەموو چین و توێژەکان داوە و ڕوبارێک خوێنیان دروستکردو بنەماڵە لە ڕێى گڵوپى سەوزى سەرکردە ڕۆشنبیر و سیاسەکانەوە بە بەلەم بەناو ئەم ڕوبارە خوێنەدا هاتنەوە سەر کورسى دەسەڵاتى سیاسى بە جۆڕیکى تر لە دواى ڕێکەوتنى ستراتیژیەوە پارتى کەوتە سەپاندنى حوکمى بنەماڵەیى کە لە مێژودا پارتى و ئەیلول شۆڕشى هەموو خیڵەکان بوە نەک تەنها بنەماڵەیەک کە دەیەوێت ئەمە دوبارە بکاتەوە و جوگرافیاى کۆمەڵگا دابەش بکات بەسەر چەند خێڵێکدا بیخاتە ژێر دەستى یەک خێڵ و یەک بنەماڵەوە بگرە یەکێتى بوە ئەو دارشەقەى کە هێزى ڕۆشتنى داوە بە پارتى و یەکێتیش کشانەوەى قورسى لە بنەما فکریەکان و شۆڕشەکەى کرد و و هەموو بڕیارەکانى لە جەستەى سکرتێرێکدا کۆکردەوە بۆیە بە ون بونى ئەم سکرتێرە پارتى ترسى ئەوەى هەیە داشەقەکەى نەمێنى و ئەوەى پێ ى دەوترێ بزوتنەوەى گۆڕان کە مۆرکى کۆمەڵەى پێوەیە بەهێز نەبێت لە ڕو بە ڕوبونەوەیدا ڕوبەڕوى بونەوەیدا بۆیە پارتى بە وردى کار لەسەر ئەم دارشەقەدەکات و کردویەتى.. با بپرسین چۆن ..؟

لە کاتى بونى مام جەلال بە پێ ى ڕێکەوتنى ستراتیژى کە پۆستەکانیان دابەش کردبوو زۆربەى ئەو پۆستانەى یەکێتى بە پلەبەندى و لەسەرخۆ دەبونە کارتۆنى ئەمەش لە ژێر پرۆسەیەکى دراسەکراوى وردا ئەڵبەت وڵاتانى دراوسێ کە دوژمنى مێژویى کوردن پشتگیریان لە بونى بنەماڵەکان دەکرد تا کورد لەم هەرێمەدا نەتوانێن پێش بکەوێت و قۆناغەکانى گەشەسەندنى کۆمەڵگا بگۆڕێ واتا کە بنەماڵەکانى گرت هەموو کورد لەم هەرێمە دەگرێت کە ئەمەش هۆیەکى زیندوە لەم هاوکێشەیەدا ، هەر بە پێى ئەم ڕێککەوتنە ستراتیژیە جێگرى سەرۆکى هەرێم پۆستى یەکێتى بووە کە نەیتواینیوە وەک پێویستى پۆستەکە کار بکات بگرە بێدەنگ ترین جێگر بووە لە ئاست ڕوداوەکاندا بگرە لە کاتى سەفەرکردنى سەرۆکى هەرێمدا کە دەبێت جێگرەوەکەى سەرۆک بێت نەیتوانیوە بچوکترین دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم بەکار بهێنێت و بگرە لەمەش کەمتر وەک جیگرى سکرتێر و پێگەى خۆى لە هەولێردا نەیتواینوە کارى حیزبى خۆشى بکات لە کاتێکدا کۆسرەت ڕەسوڵ کادرێکى کاراى ناو کۆمەڵە و کەسێکى چالاک بوە لە هەموو ڕوبەڕوبونەوەکانى شۆڕشى نوێدا و کوڕى بنەماڵە نەبوە و کە ئەم کارتۆنى بونە لە پۆستەکانى ترشتدا هەروا بوە بە نمونە جێگرى سەرۆکى حکومەت و جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم هەموو ئەمانە ئەو وێنەیەمان دەدەنێ کە بنەماڵە لەم قۆناغەدا بە دارشەقێک دەچێت بە ڕێوە کە پێویستە بۆ مانەوەى خۆى پارێزگارى لێ بکات تا بەردەوام بێت لە ڕۆشتن بۆیە دەکرێت بڵیین یەکێتى دواى تاڵەبانى و یەکێتى سەردەمى کۆسرەت ڕەسول ئەگەر لەبەر یەک هەڵنەوەشێتەوە ئەوا ئەو یەکێتیە بێدەنگ تر دەبێت لە یەکێتى قۆناغى تاڵەبانى بە تایبەت لە دواى دەرکردنى بەلاغەکەوە .

ئەمڕۆ یەکێتى زیاتر ئەرکى بەرەو پێشچونى کۆمەڵگاى دەکەوێتە ئەستۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکى مێژویدایە بەوەى قۆناغى خێل و بنەماڵە ببڕێت چونکە لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و پارتیدا ئەو هێزەیە کە هاوسەنگى دیارى دەکات بەوەى کە سسیتمى سەرۆکایەتى بگۆڕێت بە پەرلەمانى کە بۆخۆى سەرەتاى گۆرَینى دەسەڵاتەکانە لە کۆمەڵگایەکى بنەماڵەییەوە بۆ کۆمەڵگایەکى مۆدێرن و سەروەرى یاساکان و مافەکانى تاک و کرانەوەى دەسەڵات و تواناى سەرکردە بە بێ پشت بەستن بە حوکمى پشتاو پشت ئەویش یان بە کۆکردنەوەى دەنگى زۆرینە لە پەرلەمان بۆ گۆڕینى و گەڕاندنەوەى دەستور و ئەو یاسایانەى کە ڕەهەندى نیشتمانیان هەیە یان بە تەوافقى سیاسى هەموو حیزبەکانى ناو پەرلەمان .

خەمخۆرى پارتى بۆ لێکنەترازانى یەکێتى لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە پارتى لەم قۆناغەدا زۆر پێویستى بە یەکێتیەکى بێ دەنگ هەیە وەک ئەو دارشەقەى کە پێویستى پێیەتى سەرکردەکانى ناو یەکێتیش بە بێ هیچ مەرجێ ئەمە قبوڵ دەکەن لە بەرامبەردا پارتى دڵنیایى پاراستنى سەرمایەکانیان بدات لە بەرامبەر بزوتنەوەى گۆڕاندا چونکە خۆیان باش دەزانن کە نەوشیروان مستەفا کەسێکە دەیەوێت لە ڕێ ى جێبەجێکردنى یاساوە دەەسەڵات بگرێتە دەست و کۆمەڵگاش بەرەو وریابونەوەیەکى خێرا دەڕوا و ئەو کات لە قۆناغێکى ترى هەڵبژاردندا یەکێتى بچوکتر دەبێتەوە لە بەرامبەر پارتى و بزوتنەوەى گۆڕاندا بۆیە دەکرێت بڵێین هەوڵى پارتى بۆ لەدەست نەکەوتنى دارشەقەکەیەتى ئەیەوێت مانەوەى خۆى بسلەمێنیت ئەو کات لاى تاکى دەنگدەرى یەکێتى ئەم پەندە دوبارە دەبێتەوە (ئەوەى بە شیرى گەرم زمانى سوتابێ فوو لە ماستاویش دەکات ) .

1,867 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت