بەختیار شارەزوریی : دەبمە پاسەوانی N.R.T .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر ڕاگەیاندن کاری سەرەکی گواستنەوەی ڕوداوو بێت و وەک دەسەڵاتی چوارەم چاودێر بیت بەسەر کۆی دەسەڵاتەوە ، ئەوا ئەوەی پێ ی دەوترێت میدیای ئەهلی دەبێتە هەڵگری ئەم بەرپرسیاریەتیە ، ئەو ناوەندانەن کە دەتوانن دەنگی هەقیقی هاوڵاتی بن ، لە هەریمی باشوردا لەبەر ئەوەی حیزب کۆی جومگەکانی دەسەڵاتی داگیرکردوە ، میدیاش لەم نێوەندەدا بێ بەش نەبوە لەم هێرشەی حیزب ، بوتە بەشێک لە زمانحالێ حیزبەکان ، ئەوەندەی گوزارشت بوە لە ئامانجی حیزبێک هێندە کاریان بۆ کارە سەرەکیەکەی ڕاگەیاندن نەکردوە ، لەناو ئەم زۆری میدیایانەدا سەرەتایەک هەبوە بۆ لە دایک بونی میدیای ئازاد و بێ لایەن کە لە (N.R.T) دا خۆی بینیوە ، ئەمەش تەواوکردنی ئەو هەوڵە بو کە سەرەتا لە ڕەهەندیەکانەوە بە نوسین دەستی پێ کرد ، ڕەهەندیەکان لە ڕێگەی گۆڤارەوە (بوون و ئازادی ) هەوڵێ هوشیاری کۆمەڵگایان دەدا ، پاشان درێژ دەبێتەوە بۆ ڕۆژنامەی هاوڵاتی و ئاوێنە و لڤین ، کە بە شێوەی ڕۆژنامە و گۆڤار بڵاو دەبونەوە ، لە دوای ئەمانە کە سایتەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دروست دەبێت کوردستان پۆست و فەیس بوک و پاڵتاک و تویتەر کاریگەریان وەک بەشێک لە میدیای سەربەخۆ دەبیت ، بەڵام هیچ یەکێك لەمانە نەبونە (T.V ) تا وەک بینراو ڕۆڵی خۆی بگێڕێ .
(N.R.T) توانی لە قۆناغێکدا وەک میدیای سەربەخۆ دەربکەوێت و تاکە کەناڵێکە کە هەموو ڕوداوەکان وەک خۆی دەگوازیتەوە ، بوەتە بەشێکی گەورە لە دەسەڵاتی چوارەم ، وە بوەتە سەکۆیەک بۆ گەیاندنی دەنگی هاوڵاتی بێ جیاوازی ڕەنگ و دەنگ ، کە ئەتوانم بڵێم بوتە مینبەری هاوڵاتی ، ئەگەر چی زۆر جار لەبە ئەوەی لەگەڵ بیری هیچ حیزبێکدا نایەتەوە ، تاوانباری دەکەن بەوەی کە دەستێکی لە پشتە و دەڵێن زاڵمای خەلیل زاد یان نەوشیروان مستەفا یان لە قوناغێکدا نێچرەڤان بارزانی یان د.بەرهەم یان و یان … هاوکاری دەکات ، بەڵام ئەم کەناڵە بەردەوام بوە لەسەر کارەکانی و خزمەتێکی زۆری بە پاشخانی هوشیاری کۆمەڵگا و تاک کردوە ، لەسەر ئاستی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیش بەردەوام کاری لەسەر پاراستنی ئاسایشی نەتەوەی کردوە ، بە شێوەیەک لە هەر کویا هەڕەشەیەک هەبوبێ لەسەر کورد (N.R.T) لەوێ بوە ، هەر لە سەنگەرەکانی شەڕی داعشەوە بۆ پاراستنی سنورەکانی کەرکوک ، بە شێوەیەک لە گەڵ پێشمەرگە و گەریلادا وەک گیانی بەرپرسیاریەتی کاری کردوە .
(N.R.T) چەند جاریک هەوڵ درا کە ئەم دەنگە زیندە بە چاڵ بکرێت ، ئەم دەنگە بکەنە فۆتۆکۆپی هەمان میدیای حیزبی ، بەڵام بەردەوامی کارمەند و ڕاگەیەنکارەکانی ڕێیان لەم خەونە گرت و بەردەوامیان بە خۆیان دا ، کە ئێستا بوتە دەنگی هەقیقی هاوڵاتی و بەردەوامە لە کارەکانی ، تا گەیشتوەتە ئاستێک بوەتە کەناڵی ژمارە یەکی هەمو ماڵێک بە ماڵی لیپرسراوە حیزبی و حکومییەکانەوە ، کاتێک (N.R.T) هەڵدەسێت بە گواستنەوەی ڕوداوەکان وەک خۆی تاوانبار دەکرێت بە پشێوی نانەوە ، ئەوەیان لە بیر چوە کە شەری ناخۆ دروست بو (N.R.T) نەبو ، لە کاتێکدا (N.R.T) دروستکەری ڕووداو نیە بەڵکو کاری گواستنەوەی ڕووداوە ، ئەمە دەکاتە لاوازی نەبونی هوشیاری ڕاگەیاندن لای سەرانی حیزب ، بۆیە پاراستنی (N.R.T) پاراستنی دەنگی ئازاد و ژیانەوەی دەسەڵاتی چوارەمە ، دەرکردنی (N.R.T) دەرکردنی دەنگی ئازاد و پچڕاندنی سەرچاوەی زانیاریە ، (N.R.T) زۆر بەکورتی دایکێکە لە خەمی هاوڵاتی و باخچەیەکە لە دەنگی هەمو ڕەنگەکانی گوڵ ، بانگێکە بو ئازادی ، چاودیرێکە بۆ ماف و ئەرکی هەمومان .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت