Iran-5+1

بەختیار شارەزوریی : گەیشتن بە دەریای سپی و (5+1) ئێران لە نێوان لێدان و ڕێككەوتندا  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای دەركەوتنی داعش , گۆڕانی هاوكیشەی سیاسی و جوگرافی و جیۆسیایی و ئابوری و جیوپۆلەتیكی  , ئێران توانی لەو بۆشاییەدا دەركەوێ‌ و ببێتە هێزێكی سەرەكی , وە توانی بە سود وەگرتن لەو ترسەی كە ئەم ناوچەیەی گرتوتەوە , وەك یاریچەیەكی سەرەكی بچێتە سەر مێزی ترسی هاوبەش و ببێتە بەشێك لەو سیاسەتەی ئەمڕۆ لە ناچەكەدا پیادە دەكرێت , خۆ ئەگەر بەدرێژایی مێژوو عوسمانی و سەفەوی دو زل هێزی ناوچەكە بوبێتن و هەر یەكەیان نمایندەی هیلالێك بوبێتن , ئەوا ئەمڕۆ ئەوەی پێی دەوترێت , پاشماوەی عوسمانی و توركیای ئەمڕۆ لە پاشەكشە و كەوتندایە , ئەمە وا دەكات وڵاتانی زلهێزی دنیا , زیاتر لە ئێران نزیك بنەوە , وە ئێران ببێتە هێزیكی گرنگ بۆ ئاسایشی جیهان  .

دوای ئەوەی ئەردۆغان ئەوەی نەشاردەوە كە ئەمریكا دەیەوێت كوردەكان بگەیەنێتە سەر دەریای سپی , ئەو ڕاستیە دەبینرێت كە ئەمریكا بە هاوكاری كوردەكان , دەیەوێت نەخشەی ئابوری و دەروازەی گواستنەوە و بنكەی دەریایی بگۆڕێت , خۆ ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە سەیر بكەین ئەوا دەبینین , پەیەدە و پەكەكە بونەتە بەشێك لە ستراتیژی سەربازی ئەمریكا و لەوێشەوە دەیەوێت كۆمەڵێك گوڕانكاری بكات , خۆ ئەگەر وا بێت كورد بگەیەنێتە سەر دەریای سپی , ئەوا دەتوانرێت بەندەرێك وەك بەدیلی بەندەری جیهان دروست بكات و هەر لەوێشەوە بۆرییەكانی وڵاتانی جورجیا و توركمانستان و قیرقستان و ئازەرباینجان بهێنێتە ناو سوریا و هەر لەوێشەوە بیگەێنێتە دەریای سپی و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا , ئەو كات ئەو شوێنانەی كە بۆریەكانی پێدا تێدەپەڕن ناوچەی دەوڵەمەند دەبن بە غازی سروشتی و نەوت .

ئەمە وا دەكات لەسەر نەخشەی ئەم پلانە , ئێران گرنگی زۆری هەبێت , بۆیە كاتێك وڵاتانی (5+1) لەگەڵ ئێران ڕێككدەكەون لەسەر هەستیار ترین دۆسیە كە دۆسیەی ئەتۆمیە , ئەوە دەگەیەنێت كە ناتۆ نایەوێت لەم قۆناغەدا دڵی ناو ئەم هاوكێشەیە كە ئێرانە تێك بدات , بۆیە بیر لە ڕێككەوتن دەكرێتەوە لەگەڵیدا , ئەمە لە كاتێكدایە كە دۆستی هەمیشەیی و مێژووی ناتۆ و ئەمریكا و ئەوروپا كە توركیایە , خەریكە دەبێتە بەشێك لە دژی ئەم هاوپەیمانێتیە , بۆیە نەخشەی هاوپەیمانێتی ناتۆش گۆڕانكاری بەسەردا دێت .

كاتێك ئۆباما دەڵێت : ئەگەر ئێران پابەند نەبێت ئەوا هێرش دەكەینە سەریی , لەو ڕوانگەیەوە دێت كە ئێران یارییەكی شەیتانی دەكات و كورت بوونەوەی دەسەڵاتی پیاوەنەخۆشەكەی ئێستا ( كە توركیایە ) ئێران بە تەنها هەموی بۆ خۆی پاوان كردوە , ئێران مێژویەكی شەیتانی و شەبەحی هەبووە لە هاوكێشەو گۆڕانكارییەكاندا , وە یاری و تاكیكی بەهێزی هەبوە , لە ئێستاشدا لەسەر زۆر دۆسیەی هەستیار , ئێران و ئەمریكا هاو بەرژەوەندی و هاو ترسن  .

كاتێك ئێران دەخرێتە بەردەم دوو ئەگەرەوە ( یان پابەند بون یان هێرش كردن ) بەو واتایە دێت ئەمریكا لەسەر بناغەی بەرژەوەندییەكانی زۆر گڵوپی سەوزی بۆ ئێران هەڵكردوە بەشداری پێ‌ دەكات لە گۆڕانی نەخشەی گشتی ئەم ناوچەیەدا , دەترسێ‌ لەوەی ئێران وەك یەمەن و كەنداوی عەدەن و گەروی جەبەل تاریق , جارێكی تر تاكتیك و یارییەكی شەیتانی تر لەگەڵ ناتۆ بكات , تاكە كارتێكیش بەدەس ناتۆ وە , كارتی دۆسەیی ئەتۆمیە ,  كە ئێران بكاتە نمونەیەكی وڵاتانی خلیج , بۆیە ئێران دەخرێتە بەردەم ئەم دوو ئەگەرەوە , بە دیوێكی تردا ئەگەر ئێران پابەند بێت , بە ڕێككەوتنی (5+1) وە , ئەوا بۆ ناتۆ هەر لە باكۆ و ئازر باینجانەوە تا دەگاتە وڵاتانی دەریای خەزەر و پاكستان وئەفغانستان وڵاتانی خلیج , هێمنی دروست دەبێت  .

دەكرێت بە پابەند بونی ئێران زۆر گۆڕانكاری ڕوو بدات و داعشیش بچوكبكرێتەوە بۆ ئەو بازنەیەی كە ئەمریكا بۆی دیاری كردوە , خۆ بە پێچەوانەوە ئەگەر پابەند نەبیت , دەكرێت ململانێ‌ و شەڕەكان زیاتر ببن و ئەم ناوچەیەیە بكەوێتەوە بەردەم شەڕێكی قورسەوە , پرسیارەكە ئەمەیە ئایا هەرێمی كوردستان چی بەسەر دێت …؟ بە بۆچونی من لەناو ئەم ڕێككەوتن و گۆڕانكاری هاوكێشەدا , هەرێمیش دەخرێتە ناو ئەو نەخشەیەوە كە دەوڵەتێك دروست بكرێت و بگەیەنرێتە سەر دەریای سپی , ئەمەش بە یەكێك لەو هۆكارە گرنگانە دەزانم كە ڕێككەوتنی (5+1) لێدەكەوێتەوە , ئەمەش وا دەكات ئەم ناوچەیە بە تایبەت هەرێمی كوردستان دوای كەوتنی توركیا , بە گڵوپی سەوزی ئەمریكا و ناتۆ وە بكەوێتە بەردەم هەژمونی ئێرانیەوە  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت