Iran-Turkey

بەختیار شارەزوری : هەرێم لە نێوان کارتە بەهێزەکانی ئێران و کارتە لاوازەکانی تورکیا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی پێ‌ دەوترێت دەسەڵاتی سەربەخۆی وڵاتان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، جگە لە درۆیەکی گەورە هیچی تر نیە ، هەموو گۆڕانکارییەکان بەستراوە بە جوڵەی هاوکێشە گەورەکانەوە ، تەنها پرسی زۆر سادەو سەرەتایی لەسەر ئاستی لۆکاڵی بڕیاری لەسەر دەدرێت ، هەر لەم ڕوانگەیەوە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و ئەو قەیرانانەی کە ئێستە ڕویان لە هەرێم کردوە ، تا ئەو شوێنە دەسەڵاتە لۆکاڵیەکان خاوەنی بڕیاری خۆیانن کە لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەدا بێت ، کە دەسەڵاتی گەورە و هەمە لایەنەیان هەیە لە ناوچەکەدا ، ئەوەی دەگوزەرێ‌ لە ململانێ‌ سیاسیەکانی هەرێم ، لەبەر ئەوەی ئامادەگی نیە بۆ پرنیسیپەکانی دیموکراتی و ئەو درۆ گەورەیەی کە لە پەیڕەوی حیزبەکاندا هەیە و پێ‌ ی دەوترێت ( دەستاو دەست کردنی دەسەڵات ) بەردەوام بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان پەنا دەبەنە بەر تێکدانی ئەو بەرژەوەندیانەی کە هەرێم لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا هەیەتی ، بە پلەی سەرەکی تورکیا و ئێران و پاشان وڵاتانی تر ، بۆ ئەوەی وەک کارتێک بەکاری بهێنن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان ، ئەمە بەدەر لەوەی کارتی گوشار خستنە سەر هاوڵاتی و دروستکردنی سیناریۆی دەیان قەیران بۆ ئەوەی مانەوەی خۆیان وەک فریادڕەسی کێشەکان پیشانی هاوڵاتی بدەن .
ئەوەی دەگۆزەری لەسەر سەرۆکایەتی هەرێم ، لەسەرتادا قاسمی سلێمانی هەوڵێکی کورتی دا ، بەڵام لەبەر ئەوەی ناتۆ پێویستی بە جیوپۆلەتیکی تورکیا و بنکەی ئەنجەرلێک و دورخستنەوەی تورکیا لە داعش بوو ، بە تاکتیکی ناتۆ و ئێران ئەو چانسە درایە برێت مارگۆک تا بتوانێت کێشەکان یەکلا بکاتەوە ، هەرچەندە من پێم وایە کاری سەرەکی برێت بۆ ئەوە بوو کە ئەو نامە بداتە سەرانی حیزبە کوردیەکان کە دەستبردن بۆ هێزەکانی 70 و 80 و پێشمەرگە خەتی سورە ، خۆ ئەگەر بەرژەوەندی ناتۆ و ئێران لەگەڵ پێشمەرگە نەبوایە و هێزەکوردیەکان دەسەڵاتیان هەبوایە ، ئەوا شەڕی ناوخۆ دروست دەبوەوە ، ئەگەر تورکیا لە دوای پاشەکشەی لەو سیاستە باوەی کە هەیە لە ناوچەکەدا ، بیەوێ‌ جارێکی تر بگەڕێتەوە سەر مێزی گۆڕانکارەکان و ببێتە یەکێک لە کارئەکتەرکان لە گۆڕەپانی گشتیدا ، ئەوا قبوڵی ئەوە ناکات کە زۆنی زەرد سەوز بکرێتەوە ، دوای باڵا دەستی ئێران لە ناوچەکدا ، ( ئێران دەیویست زۆنی زەرد سەوز بکاتەوە )
پرسی سەرۆکایەتی هەرێم درێژەی کیشا و پارتی بە نەفەسی شەڕی ناوخۆوە چەند ئاماژەیەکی نیشان دا ( هێنانی 40 هامەڕ بۆ ناو هەولێر ، هەوڵی پەلاماردانی پەرلەمان ، ڕێگری لە پەرلەمانتاران ، لێدوانی هەندێ‌ فەرماندەی پارتی لە سنورەکان ) بەڵام بە هاتنی مارگۆک ئەمانە کۆتای هات ، هەوڵی یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە ئاشتی ، بەڵام پارتی هەر سورە لەسەر یاسا شکێنی و داواکاریەکانی خۆی ، ئەمە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە لە دوای پاشەکشەی تورکیا ، پارتی ترسی سەوز بونەوەی هەیە ، ترسی داماڵینی هەیە لە دەسەڵاتەکانی ، بۆیە دەیەوێت هەموو کارتەکانی بەکار بهێنی تا ئەو دەسەڵاتەی کە هەیەتی بمێنێتەوە ، کە زۆرینەی دەسەڵاتەکان دەکات زیاد لە بەرکەوتەی خۆی .
لەبەرامبەردا ئێران خاوەنی کارتی زۆر بەهێزە لە کوردستان و عێراقدا ، کە دەتوانێت لە ڕێ‌ ی ( پەکەکە ) و ناوەندی عێراقەوە پارتی قەید بکات دایببڕێت و ناچاری بکات بە داواکارییەکان ، هەرچەندە پارتی دەیویست لەگەڵ ئێران ڕێکبەکەوێ‌ ، بەڵام ئێران پێداگری دەکات لەسەر داماڵینی لە دەسەڵات ، ئەگەر ئێران ئەم ململانێیانەی جێهێشبێت بۆ برێت ، دوای شکشتی برێت لە ئێستادا ڕۆل دەدرێتەوە بە ئێران ، لەسەرتای دەرکەوتنی ( مسجدی ) سێبەرەکەی قاسمی سلێمانی ، تورکیا بە بیانوی شەڕی پەکەکەوە هێز دەهێنێتە ناو هەرێمی کوردستان ، کە ئەمەش دوبارەکردنەوەی دابەشکاریەکی مێژوەییە لەسەر نەخشەی هەرێمی کوردستان .
ئەوەی ماوەتەوە بەراوردکردنە لە نێوان کارتەکانی تورکیا و ئێران هەم بۆ عێراق و هەم بۆ کوردستان ، خۆ ئەگەر کارتی دەستی تورکیا داعش و بنکەی ئەنجەرلیک و پێگەی جیوپۆلەتیک و دەروازەی ئابوری ئەوروپا بێت ، لە بەرامبەر دا ئێران خاوەنی کارتی بەهێزی عەبادی و پەکەکە و ڕێگرتن لە بۆرەیەکانی تاناب و نابۆکۆ وئەو غازەی دەیدات بە تورکیا و بەشار ئەسەد و کارتی ڕوسیا و ئەرمینا و کارتی ناتۆ وەک دو دژی داعش و دەیان کارتی تر .
ئەوەی دەبێت بیڵین : پارتی بۆ ئەم پرسانە پشت بە تورکیا دەبەستێت و بە کارتی بچوک و گەورە ، لە ئێستا سەرەتاکانی دەرکەوتوە ( کێشەی هاڵک بانک و هێنانی تورکیا بۆ ناو هەرێم ) لەبەرامبەردا بێدەنگ بونی بەرێت و هاتنی سێبەرەکەی قاسمی سلێمانی ( مسجدی ) و شەڕی پەکەکە و داخستنی مەرزی ئیبراهیم خلیل ، هەموو ئەمانە ئاماژەن بە تۆخ بونەوە و دەرکەوتنی سنوریی دێگەلە و دوو ئیدارەیی ، کە لەم نێوەندەدا ئەمریکا و ناتۆ ناهێڵن کارتەکان بەریەکبکەون ، لەبەر بەرژەوەندیە گەورەکان ، ئەکرێت دوو ئیدارەیی دروست ببێت ، بەڵام ناهێڵن کارتی تورکیا و ئێران بگاتە بەریەککەوتنی کارتە گەورەکان ، لەم نێوەندەدا ئێران گرەوی خۆی بردوەتەوە چونکە ڕێککەوتنی (5+1) و ئەو بەرژەوەندیە هاوبەشە گەورانە لە نێوان ئێران و ناتۆدا هەیە ، ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت کە تورکیا سفر بکرێتەوە ، بەڵام بە هەموو دیوەکاندا ، تورکیا ناتوانێت یاریەکە بباتەوە ، ئەگەر ڕێککەوتنێکی نهێنی لە نێوان تورکیا و پارتی و داعش و ناتۆدا نەبێت دژی ئێران ، خۆ ئەگەر ئەمەش هەبێت ئەوا ئێران دەتوانێت لە تەوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرژەوەندیەکانی ناتۆ بخاتە مەترسییەوە ، کەواتە ئەم سیناریۆیەش گەر هەبێت لە ئێستادا ناتوانرێت کاری پێ‌ بکرێت .
بە هەموو دیوەکاندا پرسی سەرۆکایەتی هەرێم لە بازنەیەکدا و لەسەر ئاستی لۆکاڵدا دەمێنێتەوە دەخولێتەوە و بەردەوام لە بازنەیەکی داخراودا درێژە دەکێشێ‌ ، تا ئەو کاتەی پارتی ڕازی دەبێت بە نیوەی داواکاری بەرەی دژی خۆی ، خۆ ئەگەر ئەمە نەبێت ئەوا دوو ئیدارەی دەبێتە حوکمی واقع .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت