بەهرۆز جەعفەر : ئەسبابى شەڕ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەوڵەتدارى چەند ئیدارەدانى ئەمڕۆیە ، دوو هێندەش دروستکردنى” ئایندەیە “. مەبەست لەوەیە فکرو کارى پسپۆرى هاوشانى هێزو هەستکردن بەجەنگ لە ستراتیژیەتى وڵاتدا وەگەڕبخرێت ، ئایندە دروستکردن مشورخواردنى ئەو لۆژیکەیە کە ئەیەوێت مەعریفە نەکرێتە پاشکۆى جەنگ . هیچ نەبێت تەریب بەیەکتربن ، بەدکارى ئینسانەکان لەولاوە گەشتۆتە ئاستێک ، هەمیشە لەهەوڵى کوشتن و سڕینەوەو سەرپانکردنەوەو زیندەچالکردنى یەکتریدان ..!؟.تا ئەو ئاستەى “ئەگەر ئاشتیت ئەوێت خۆت بۆ شەڕ ئامادەبکە “. جەنگ بابەتێکى حەتمیەو ئاشتیش هەرجەنگە ، کەرەستەکانى ئاشتى قورسترن لەکەرەستەکانى شەڕ ، ئەوەى لەئاشتیدا ڕەنگە بیدۆڕێنیت ، هەرگیز لەجەنگدا نایدۆڕێنیت ، ئێمە لەجەنگدا ئەنفالکراین ، هەستو سۆز و خۆشەویستیمان بۆ گەڕایەوە ، کەتووشى ئاشتى و گەڕانەوە بۆشارەکان بوین ، دەستمان کرد بەبراکوژیی و پیسخۆریی و نەهێشتنى بەها بەرزەکان و خەسڵەتە نیشتمانییەکان ، نەمانبینى لەقۆناغى شاخدا باوکێک هەموو کوڕەکانى خۆى بکوژێت ، کوڕێک هەموو خێزانەکەى بکوژێت ، بەڵام لەقۆناغى شارو ئاشتیدا نامۆترین دیاردەى مرۆڤایەتیمان پێش چاوکەوت . مێژووى مرۆڤایەتى ئەگەر شەڕو کوشتارگەو قات و قڕى لێدەربهێنیت ، هیچى واى لێ نامێنێتەوە ، بەو پیودانگەى هیچ قۆناغێک نییە لەمێژووى کۆن و ناوەڕاست و نوێ و هاوچەرخیشدا بەبێ جەنگ .
ئەبێت ، هەمیشە بیربکەینەوە چۆن خۆمان بەهێز بکەین ؟. دەکرێت ببین بەنمونەیەکى قەشەنگ لە ئەداکردنى پرۆسیسى دیموکراتى ، تا جیهان پەنجەمان بۆ ڕابکێشێت لەم ناوچەیەدا ؟. دەکرێت زێڕ لەناو زبڵدا بێت .؟ باخچەى ڕەنگاڵە لەناو ئاگردا ؟.. ئێمە لەهەر کات پتر پێویستمان بە ” سیاسەت ” ە . لەم ژینگانەدا سیاسەت هێشتا دروست نەکراوە . سەرنج ئەدەم چۆن کیڵگەکانى دیموکراسى و حوکمڕانى دروست هێشتا بەیارن ، ئاوهاش مەیدانەکانى جەنگ و سیاسەتى سەربازییمان نەخەمڵیون . ناتوانن تەریب بەگۆڕانى ڕەوڕەوەى مێژوو،بە ئامرازە نوێیەکانى سەردەم و ئاوسبونى جیهان بە گۆڕانێکى دى ، سایکۆلۆجیایەکى نوێ بۆخۆیان فەراهەم بکەن. کورد هەموو شتێکى کوردانەیە ، سیاسەتەکەى ، ئابورییەکەى ، دیبلۆماسییەکەى ، ڕۆژنامەگەریی و نوسەرەکانى ، هەڵوێستەکانى ، چاودێریی و بەدواداچونەکانى …هەموو ئەمانە هەر بەدیدە کلاسیکییە کوردانەکەى جاران لێ ئەخوڕن . هەربۆیە لەبرى ئەوەى ئیشى سیاسەت وەگەڕخستنى کۆمەڵگەو جوڵاندنى بێت ،ت ەمەڵکردن و خەواندنیەتى .هەزاران پیاوى سمێڵ قەترانى خانەنشین ، بەکڵاشینکۆفێکەوە ، لەو بیابانە دەستیان کردووە بەنواندنى هەڵوێست .!. لەکوێدا ماوە شەڕ بەکڵاشینکۆف بکرێت ؟. کڵاشینکۆف خۆى مرد . یەکەم فیشەکى (600) مەتر ، لەو بەدواش یان هەر تەقە ناکا ، یان چەند سەد مەترێک ئەڕوا . ئەمڕۆ هەموو ئامرازەکانى شەڕکردن لەجیهاندا گۆڕاون ، لاى کورد نەبێت . هەموو نەخشەو تارگێتەکان گۆڕوان ، کەچى هەرە زۆرى پێشمەرگە لەم عەسرەدا بە کڵاشینکۆفێکەوە ، زۆربەیان پێشمەرگەى دێرینن کە (30) ساڵ پێش ئێستا جەنگاون ، هەرهەمویان سەر ئەکەن بەیەکا بەکۆمەڵ ئەوەستن !. بابزانین کورد چى هەیە ؟
یەکەم : تەکنەلۆژیاو ئەندازەى سەربازیی
چوار هۆکارى گرنگ بۆ سوپایەکى سەرکەوتوو هەیە :
یەکەم : تەکنیک و ئەندازەى سەربازیی ( کەلاى خوارەوە باسى دەکەین).
دووەم : تەکتیک بۆ خێراگەیشتن بە ستراتیژیی سەربازیی (هەر ستراتیژێکى سەربازیی لەناو بازنەى ستراتیژیی باڵاو پیرۆزى ستراتیژیی نیشتمانیدایە ، هەریەک لەمانە لەئەستۆى سەرکردەو جەنەراڵە کارامە و ژیرەکاندان ) .
سێهەم : هەواڵگریی (ئیستخبارات ).
چوارەم : ئینتیما . باوەڕبونى سەربازەکانى سوپایەک بەو کارەى ئەنجامى ئەدا . هەستى سەربازەکان بۆ جەنگەى دەستیان داوەتێ چی یە ؟ ناچارییە ؟ بیر لەجیاوازیی مووچەى خۆیان و خیانەتکارێک دەکەنەوە ؟. پۆشتەو پەرداخ نین ؟. نەبونى هەماهەنگى و جیاوازیی لەنێوان یەکە سەربازییەکان بێزارى کردون ؟. گرفتى غەریزەو سێکسیان هەیە ؟. بەدواى دەستکەوت و فەرهودەوەن ؟. یان چى ؟.
تەکنیک و تەقەنیاتى سەربازیی ، دواى (22) ساڵ لەحوکمڕانى کوردیی ، هەرنەبێت لەدواى پرۆسەى ئازادییەوە ، ئەگەر چى کۆمەڵێک چەکى تازە بەپارەى نەوتى کوردوستان کڕراون . بەڵام بەپێی پۆلێنە زانستیەکەى خۆى بیرى لێنەکراوەتەوە ، کەئەمەیە :
پۆلێنێکى فەرعى : چەک ( چەکى بیۆلۆجى ، چەکى قەدەغەکردنى ناوچەیەک ، چەکى فڕۆکەوانى ، چەکى فەزائى ، چەکى تەقلیدیی ، چەکى ڕووسى و چینى ، چەک بەپێی جەنگ ، چەکى ئاگرین ، چەکى هێزە چەکدارەکان ، چەکى کیمیاوى ، چەکى دژە فڕۆکە ، چەکى مەدفەعى ، چەکى ئەتۆمى ، ڕەشاشات ، قازفات ، ساروخ … هتد). ئەوسا عیتادى سەریازیی و شێوازەکانى پەیوەندیکردنى سەربازیی ، ئامرازەکانى پەیوەندیکردن ، ڕۆبۆتى سەربازیی ، سۆنار.
پۆلێنێکى دى ، بەشێوەى سەفەحاتى کاتیگۆریی بۆ تەکنیکى سەربازیی ، کەئەمەیان کورد بەدەگمەن ئاگاى لێیەتى ، لەجەنگى ئەلیکترۆنى و ئینتەرنێتى ، ئامرازە هاوچەرخەکانى جەنگ کە بۆ زانینى شێوازى جوڵەو قسەکردنى دوژمن بەکاردێن . زانینى ئەوەى دوورى نێوان دوو مۆڵگەى دوژمن چەندە ؟ بەچ ئامێرێک پەیوەندیی ئەکەن ؟ جوڵەى یەکێکیان بۆلاى ئەوى تر لەچ کاتێکدایە تا تۆ لەو خاڵە بدەیت . ئیمڕۆکە هیچ شتێک لەکڕینى چەک و ئامرازەکانى کۆنترۆڵکردنى بەرامبەر بۆ کورد ئاسانتر نییە . بەسەدان کەس هەیە سەدان ڕاوێژکاریی بەوتوانامان بۆ ئەهێنێت ، دەیان کەس هەیە ئەتوانێت درزى گەورە بخاتە نێو هێزەکانى دەوروبەرمان ، چ چەکێکت ئەوێت و ناوێت لەم جیهانە بە چەند ڕۆژێک ئەیهێنێتە شوێنى مەبەست .
چەند سەیرە ، نەقیبێک ، نەقیب ، ڕێ بزر بکات بچێتە نێو هێزەکانى داعش !. ئەمە بەڵگەى ئەوەیە ئەم هێزانە نەخشەى پێویست و تەکنیک و تەکنەلۆژیاى سەردەمیان پێ نییە ، بۆ ئیختراقکردنى بەرامبەرەکانیان ، لەماوەى ڕابردوودا هەر خەریکى چۆنیەتى سانسۆرکردنى نوسەرو ڕۆژنامەوانانى وەک ئێمە بون .

حاجى ئەفەرموێ :

جۆشێ بدەن وەکو هەنگ
تەکبیر بکەن بە بێدەنگ
ئەسبابى شەڕ پەیاکەن

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت