بەهرۆز جەعفەر: قەزیەی کورد بە کوێ ئەگات؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ «دوکتۆر بەرهەم ساڵح» یەکلابۆتەوەو، قسەیەک هەڵناگرێت. بەڵام قەزیەی کورد تەنها پۆستێک و دوان نییە، بەڵکو کێشەی بنچینەیی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەشێکی زۆر لە کادرو لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان وا بۆی چوون کە ئێمە دژایەتی پارتی و بارزانی ئەکەین. ئەمە دیدێکی هەڵەیە.
ئێمە بە گژ بڕیارو سیاسەتی هەڵەدا ئەچینەوە، کە لە پێش ڕیفراندۆم ەوە درێژەی هەیە، ئێمە لە نزیکەوە پێمان گوتن مۆڵەت بدەن با خزمەتی میللەتەکەمان بکەین، با لۆبی بۆ بکەین، با ڕای گشتی جیهانی بجوڵێنین، لە ڕێگەی ناوەندە زانستیەکانی خۆمانەوە، ئەوان ئەچن دەیان ملیۆن دۆلار ئەبەخشن لە واشینگتۆن تا چەند بابەتێکیان لەسەر بنوسن. برادەرێکیان هێنابو لە پەیمانگەی واشنتۆن بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک ڕاوێژیان پێ ئەکرد، دوایی بە تیمەکەی ئێمەی ووت «ئەم ڕیفراندۆمە بێعەقڵترین بڕیار بووە لەم ناوچەیە لە چەند ساڵی ڕابردووەوە بۆ ئێستا».
ئەوانەی یەک هەزار ماستاو درۆیان بۆ کردن، دوای ڕیفراندۆم ـەکە ئەیانگوت « با بارزانی ڕاستەوخۆ ئێستا داوای لێبوردن لە میللەت بکا» ئێمەش کە ڕووبەڕوو ڕاستیەکانمان پێوتون و هاتۆتە دی «ڕقیان لێ گرتوین»!. سەیرم لەم هەموو لایەنگرە نەخوێنەوارە دێ پارتیان لێ بوە بە خواو پێغەمبەر.
ئیمرۆکە پارتی دیموکراتی کوردستان کارو ئارگیۆمێنتی نەماوە لەسایەی یەک دونیا لەگلەگی و درۆزن و ملیاردێر و دەرگاوانی نەزان ـەوە ئەوە نەبێت کە یەکڕیزی تێک بداو، کۆمەڵگەی کوردی بەرەو هەڵدێر ببات. پارتی بە چاوی سووک سەیری هەموو شتێک ئەکا لە دەرەوەی خۆی، پێش ئەوەی نیەتی کوردانەی هەبێت، نیەتی شکاندنی هەیە، تا دوایی کۆنترۆڵت بکا.
لەم سۆنگەیەوە، کاری ئێمەش خۆبەخشانە لۆبیکردنە لە میدیای عێراقی و ناوخۆیی و دەرەکی، لەناوەندەکانی ناوچەکە، لە ناوەندی حیزبەکان بۆ سەرخستنی بەرهەم ساڵەحێک کە دیدێکی لیبراڵ و بیرێکی ڕووناکی هەیە بۆ ئایندە.
عەشقی کورسی و پارە شێتی نەکردوین سواری سەری خۆمان بین و، دواتریش دەستی دوژمنەکانی میللەتەکەمان ماچ بکەین تا قوتارمان بکات. ئیتر ئەم نیشتیمانە بەرەو هەڵدێر ئەڕوات لەسەر دەستی مونەزیرە درۆزنەکانی کوردایەتی. هیچ چەمکێک نەما ئەمانە سوکی نەکەن و پەکی نەخەن لە هەرێمێکی چکۆلانەدا، ئابڕووی کوردو کوردستان و دیموکراسی و هەڵبژاردن و حکومڕانی و حیزبایەتی و میدیاو مافەکانی مرۆڤ و….هەموو شتێکیان برد… لە هەموو شوێنێک میللەتی ئێمەیان سوک و ناشیرین کرد بە هۆی بەرژەوەندی نوخبەیەکی دەستەڵاتدار و دەوروبەرەکانیانەوە، بۆ شاردنەوەی ئەم شکستانەش لەناو گێژاوی ئەم هەموو ترسناکیە جیهانی و هەرێمایەتیەی لە ناوچەکەدا هەیە، هاتون هەڕەشەی دوو ئیدارەی ئەکەن و، خەڵکی خۆیان بەشەڕە قسەی ناوخۆییەوە سەرقاڵ ئەکەن. ئەوانەی وتیان ئابوری سەربەخۆ چێ ئەکەین ئەوەتا نیوەی مووچەی مانگێکی فەرمانبەرانی هەرێمیان بۆ بەرتیل بردۆتە بەغدا تا ڕێگەیان بەن سوێندێک بە یەکێتی خاکی عێراق بخۆن !. پارەکە ئەم عانە پارتی وتی ئەگەر مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران دەوڵەت ڕائەگەیەنم، ئیمساڵەکە ئەڵێ ئەگەر کاندیدەکەمان نەکەنە سەرۆک کۆمار دووئیدارەیی ڕادەگەیەنم!.
ئیتر بەدەستی خۆیانە، چەن دەنگ و چەن کورسیان بوێ ئەوەندە ئەهێنن و بۆخۆیانی ئەنووسن. چەند و کێ شیان نەوێ ئەمە دوژمنی گەلەو، دژی شۆڕشەو، یەکڕیزی ناپارێزێ….!. یەکڕیزی لای ئەوان سوجدە بردنە بۆ چەند فەعۆیەکی حیزب و هیچی تر!. بە گشتی کورد نابێ بە هیچ تا ئەمانە هەبن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت