بەهرۆز جەعفەر: نەوەى نوێ یان دەوارى ڕەش: کێ لە بن ئەم دەوارە دائەنیشێت؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرئەنجامى گەندەڵى و بێ دەربەستى دەستەڵاتى کوردى لە هەرێمى کوردستان نەوەیەکى باڵادەستى ئەمنى و ئابوری دروست بووە کە/
یەکەم: خاڵین لەویژدان و ئەخلاقى کوردەواریی،
دووەم: خەڵکێلێکى عەوام بەرهەمهێنراون، کە بەردەوام لەئێستادا بژین، ئێستایەک کە لەچوارچێوەى چەندین سەرمایەدارى چاوچنۆکدا، جیاوازییە چینایەتییەکان باش باش هەستى پێدەکرێت. یەکێک لەو سەرمایەدارە چاوچنۆکەى کە ماوەیەکە بووە بە دیاردەو، ئەو بەدەورى خەڵک و خەڵک بەدەورى ئەودا دێن و ئەچن، ئامۆژگارى ئەدات کە گەنجان خاوەنى خۆیان نیین و شکستخواردوون و “ئەو” کەسێکى سەرکەوتووەو، کۆمەڵگە ئەبێت چاو لەو بکەن!. فەرموون بە ئامارو داتا لاى خوارەوە ئاماژە بە چەندین کارى نایاسایی و فێڵى گەورەى پرۆژەکانى ئەم سیاسییە تازەیەتان بۆ بکەین کە خاوەنى گوندى ئەڵمانى یەک و دوو و سێ و چاڤى لاندو کەناڵى ئاسمانى ئێن ئاڕتى یە، بەڵام پێشەکى بۆ ئەوەى کەس نەڵێت ئەمە پەیوەستە بە بانگەشەى هەڵبژاردنەوەو، پێشوتر بۆ ئەم باسەت نەوروژاندووە، ئێمە لەساڵى (2013) بەشێکى ئەم قسەو بەڵگانەمان نوسیوەو لینکەکان ماون:
یەکەم: گوندى ئەڵمانى یەک و دوو
یەکەم: گوندى ئەڵمانى یەک و دوو،مەترى بە (75) سەنت لەحکومەت کڕدراوە (واتە ناکاتە 1 یەک دۆلار لە چ شارێکى دونیادا مەترێ زەوى بە دۆلارێ کەمترە؟) لەئێستادا سەرەڕاى ئەو قەیرانە ئابوررییەش کە هەیە، یەک شووققەى (140 م) ئەدەن بە (165000) واتە (16،5) شانزە دەفتەرو نیو، هیچ مەترێک شووققە لە (350$) زیاترى تێ ناچێت، لێرەدا (140 ×350) یەکسانە بە (50000) واتە شووققەیەک پەنجا هەزار دۆلار یان (5) دەفتەرى تێ ئەچێت، ئەمان ئەیدەن بە (16،5). !!.کەوابێت بۆیەک شووققە لە باڵەخانەیەکى گەورە،لەقاتى (7 و 8) تەنها (11،5) یانزە دەفتەرو نیو، خێر وەردەگرن..!.
دووەم: ئەم پرۆژەیە کاتى خۆى کە بۆ دەستەى وەبەرهێنان نێرراوە (کە سەرۆکەکەى هاوڕێى نزیکى خاوەنى کۆمپانیاى نالیا بووە!) تیایدا نوسراوە (60%) ى سەوزاییە،کەچى (20%) کردووە بە سەوزایی، یانى گوندى ئەڵمانى1 ،2، هەردوکیان پێکەوە ڕێژەى سەوزاییان لە (20%) تێ ناپەڕێت ؟..لەمەش سەیرتر گوندى ئەڵمانى (دوو) لە سەوزایی گوندى ئەڵمانى (یەک) دا دروستکراوە.
سێهەم : لەناو گوندى ئەڵمانى دا، لەماستەرپلانەکەدا، زەوى تەرخانکراوە بۆ ( باخچەى ساوایان + خوێندنگە) کە دەبوایە حکومى بن بەپێی یاسا، کەچى ئێستا بووە بە باخچەى ساوایانى تایبەت (واتە ئەبێت پارە بدەن بە کۆمپانیاکە) ،هەموو مانگێک هەر مناڵێک دەبێت زیاتر لە (100$) بدات، ئەمە بێجگە لەوەى ئەوانەى ئەم شووققەو یەکانە دەکڕن، وەک کرێچى کۆمپانیاى نالیا وان، بەئارەزووى خۆیان پارەى ئاو و گەرمى و ساردى و کارەبایان لێوەردەگرن !.
چوارەم : ئینجا بابزانین کێن ئەوانەى لە گوندى ئەڵمانى دائەنیشن و ئەم برادەرە شوێنى نیشتەجێبونى بۆ کێ دروستکردووە:
1- حاکمەکان ،خانوى حاکمەکان لە گوندى ئەڵمانى (گەڕەکى حاکمەکان) بەناوبانگن ،ئەمانە بۆئەوە خانویان بۆ کراوە تا لەمەحکەمە کەیسەکانى گوندى ئەڵمانى و کۆمپانیاى نالیا ببەنەوە .
2- دەستڕۆیشتووەکانى شارەوانى .
3- دەستڕۆیشتووەکانى دەستەى وەبەرهێنان .
4- ژمارەیەک دەوڵەمەندى سات و سەوداکەرو،خانویەکى (ع،ف) ئەندامى مەکتەبى سیاسی یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کە (1000) مەتریە،بایی زیاتر لە (150) دەفتەر دۆلارە، واتە (یەک ملیۆن و نیو دۆلار). ئەم خانووە خۆى تیا دا نە ئەنیشت و چۆڵ بو (ئێستا فرۆشراوە!)، ئەم ئەندامى مەکتەبى سیاسییەى یەکێتى چاوەڕێى ئەکرد ئۆفیسەکەى لاى بازاڕى زارا تاپۆ بکات لەسەرخۆى، بێجگە لەخانوەکەى گردى ئەندازیاران، ئەوسا بچێتە گوندى ئەڵمانى، هاوکات یەکێک لە کچەکانى بە هەمان شێوە یەکە یەکى نیشتەجێ بونى لە گوندى ئەڵمانى یەک هەیە.
5- هەروەها ماڵى ئەندامێکى ترى مەکتەبى سیاسیی یەکێتى نیشتیمانى (ح، ق)، دیسان رووبەرى هەردوو خانوەکەى (1000) مەترەو، ماڵى دوو ئەندامى پێشووى مەکتەبى سیاسیی یەکێتى تریش لەهەمان شوێنن. ئینجا ماڵى کۆمەڵێک بەرپرسی پارتى و سکرتێر و سکرتێرەى ڕێکخراوەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و لەگەڵ دوو دەستگەى گومانلێکراو!.
پێنجەم : یەکە بەچەنە ؟.
وەک ووتمان شووققەى دەستى دوو بە(170000) هەزار دۆلار یانى (17) دەفتەر هەیە، ئەویش لەقاتى چوار پێنجەکان، دیارە نالیا تائێستا بەهەزاران شووققەى دروستکردووە .!. ئینجا تا ماوەیەکى زۆر شووققە تازەکان بە (16) دەفتەر بو کە ئەبێت (80%) پارەى پێشەکیش بدەیت. پاشان خانوى (200) مەترى بە (400000) چوارسەد هەزار دۆلار و بەرەو ژوور،یانى (40) دەفتەرو، هى (370) مەترى لەگوندى ئەڵمانى (3) بە (800000) هەشت سەد هەزار دۆلار،واتە (80) دەفتەر دۆلار.
ببینە: “ماهر حەسەن” یش بە (10000) دە هەزار دۆلار ڕیکلام ئەکاو، ئەڵێت : ڕاکە، فریاکەوە، با لە دەستت نەچێ دوایی لەدەستى دوو بە دووهێندە ئەیکڕیتەوە، یانى بە (160) دەفتەر.!.

سەرۆکى نەوەى نوێ ئەم پارانەى لە کوێوە هێنا؟.
بەڵگەى بەردەست زۆرن کە ئەم پارانەى لە کوێوە هێناوە، بەڵام با لە ڕەوتى داتاو لۆجیک لانەدەین، تا (نەوەى نوێ) بزانێت لە کوێوە پێی ڕائەبوێرن و، بنچینەى شتەکان چیین. بە پێى ئامارى یەکێتى وەبەرهێنەران لەسەرەتاى (2018) ەدا (10800) دە هەزارو هەشت سەت ملیۆنێر و (30) ملیاردێر لە هەرێمى کوردستان هەن، ئەم ژمارەیە بە پێى بەراوردکارى و زانستى ئابوریی زۆر زۆر نا ئاساییە بۆ هەرێمێکى چکۆلانە، لە کاتێکدا ووڵاتێکى نەوتى وەک سعودییە کە ڕۆژانە (10،250،000) دە ملیۆن و دوو سەت و پەنجا هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم ئەهێنێت تەنها (10) ملیار دێرى هەیە!.
تو ویژدانتان، ئەمەیە ئەخلاقى کورد؟. بەحەق: ئەمڕۆکە ئەگەر مەترسییەک هەبێت بۆسەر ئەزمونى نەتەوایەتى کورد،ئەم سەرمایەدارانەن، کە خەڵکى ئیستفزاز دەکەن، ئەگەر هێندە دۆستى کۆمەڵگەن، بۆچى دەستى دوو گەنج تان نەگرت؟. لە ساڵى (2012) سیاسەتمەدارى بەڕەگەز لوبنانى (فواد عەجمى) م بینى “دووساڵ پێش ئێستا کۆچى دوایی کرد”، ئەو لە شەستەکانەوە لەئەمریکا ژیابو،ئەکادیمیەکانى ئەوێی خوێندووەو، تا بووەتە ڕاوێژکارى ناوەندە باڵاکانى ئەمریکا، بۆ نمونە ڕاوێژکارى بووش بو، ئەو قەناعەتى بە بوش کردبو، کە عێراق داگیر بکات، باشە کورد کە ملیاردێرى واى هەیەو دڵسۆزەو، درۆ ناکات، بۆ تەنها (4) کەس لەناو ئەمریکادا وەک فواد عەجمى زەرع بکات، خۆ دەیتوانى کۆنترۆڵى بەشێک لە بڕیارو سیاسەتى خۆرئاواوە بکات، هاتووە لەو شەقامانەى سلێمانى مرۆڤى بودەڵەو گەنجى خاوەن فەیسبوک بە پارەى دزراو ئەکڕێت!. بەجددیی کورد خەریکى چى یە ؟.
گوندى ئەڵمانى، لوتکەى بێ ئیتیکى و بێ ڕەوشتى کوردمان پێنیشان ئەدات، ئاخر ئەڵەمانەکان ئەچوون کیمیایی و گازى خەردەلیان ئەفرۆشت بەعێراق، تا بەسەر کورددا بیبارێنێ، لەبرى شەکواکردن لە دادگاى دەولى لەسەریان، دەچین گوندى ئەڵمانى کۆپى دەکەینە سەر کوردستان .!. لە ساڵى (1984) ەوە تا هەنووکە ئەڵمانیا یەک هەڵوێستى مرۆڤانەى لەسەر پەکەکەو ئۆجەلان نەبووە، بگرە تاکە دۆستێکى تورکیایە لە ئەوروپا (بە ووتەى دۆڕان کالکان) کەچى ئەو قلە قلە ى لایەنگرانى پەکەکە لە باشور چوون لەگەڵ خاوەنى گوندى ئەڵمانى و لیستى نەوەى نوێ هاوپەیمانییان پێک هێناوە!.
هەقە خەڵک بزانن: ئەوە بۆگەنى ئەو سیستەمە سیاسیی و ئابورییە یە کە بۆتە مایەى پێگەیاندن و دەوڵەمەن بونى سەرۆکى لیستى نەوەى نوێ، ئەو پارانەى ئەو لە هەناوى ئەو دزى و گەندەڵییەوە هاتووە کە ئەو ئێستا باسی ئەکات بۆ کۆکردنەوەى دەنگى خەڵکى ڕەشوڕووتى ئەم ووڵاتە. زیانێکى ترى ئەم ملیاردێرە هەڵتۆقیوە ئەوەیە کە “مارکس” ووتەنى “جیاوازى چینایەتى” لە کۆمەڵگەدا دروست کردووە، ئەویش لە کۆمەڵێک لاوە، بۆ نمونە: لە هەرێمى کوردستان چونکە تواناى بەرهەمهێنان خراپە (ئەسڵەن یاساکەشى بۆ بەرژەوەندى ئەمانە دەرکراوە لە پەرلەمان!) ئەمەش سیاسەتى ئابوریی و بازرگانى تەواو لاواز کردووەو لاسەنگى بازرگانى دروستکردووە، مەسەلەن بڕى هاوردەکردنى کاڵاکانى هەرێم لەدەرەوە بۆ ناو هەرێم (95.2%) تەنها بە ڕێژەى (4.8%) کاڵا لە هەرێمەوە ڕەوانەى دەرەوە کراوە، دەى ئەم وەبەرهێنەرە کە شانازى بەسەرکەوتوویی خۆیەوە ئەکا با بڵێ ئەوەم بەرهەم هێناوە؟. تەنها بازاڕى کوردستانیان پڕ کردووە لە شمەکى دەرەکى یەک خشت یان لە کوردستان وەبەر نەهێناوە.

چاڤى لاند نا یا ساییە و کەسیش قسە ناکا!؟.
– بەهەموو شێوەیەک فرۆشتنى پشک (ئەو پشکانەى ریکلامى بۆ ئەکرد لە کەناڵى ئێن ئاڕتى) نا قانونی بو، وە نا قانونیشە، بۆ ؟. ئەم ڕاستییەشمان کاتى خۆى بە نووسین بە خەڵک ووت، کە ئێستا فێڵیان لێکراوە (تاوانى ئێمە نییە بە قسەیان نەکردوین) بە مانایەکى تر ئەم پرۆژەیە فێڵە چونکە:
یەکەم: کاتێک کە تۆ پشک ئەفرۆشی، دەبێت بڵێی بڕى پارە یان سەرمایەى گەورەکردنى پرۆژەکە چەندە ؟.بە خەڵکیش و بە وەزارەتى دارایی و وەبەرهێنیشى نە ووتووە، واز لە خەڵک بێنە هەر ئەبێت ئەم جۆرە کەسانە بەشیان بخۆن، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى حکومەت و حزب ئەمەیان بەسەردا تێ پەڕى ؟.
دووەم: لەبۆرسەى عێراقدا (Iraqi Stock Market) زیاتر لە (300) کۆمپانیاى گەورەى وەکو ( ئاسیا، کۆڕەک ، زەین ، بانکەکان ، کارگەکان و ….هتد. هەیە و کڕین و فرۆشتن بە پشکەکانیان دەکرێت، نەک ئەوە ئێستا دراوى ئەلیکترۆنیش وەک (بت کۆین و ڕیپڵ و وەن کۆین) لە بۆرسەدان، کەچى چاڤى لاندى تیا نییە !.واتە ئەو کۆمپانیایەى پشکدار بێت، دەبێت ئەندام بێت لەو بۆرسەیە،چاڤى لاند نییەتى، کەواتە: فێڵە.
سێهەم : لەهیچ شوێنێکى فەرمى ،کڕین و فرۆشتن بەم پشکەوە ناکرێت، کە ئەمەش دیسان پێچەوانەى قانونە.
چوارەم : لەناو غاباتدا کابینەى دروستکردووە !.ئەمەیان (بەپێی ڕاپۆرتى دیوانى چاودێریی دارایی).کە پێچەوانەى یاسایە.
پێنجەم : ئەرێ ئەو پشک (سەهم-Share) انە،هى پرۆژەکەى پێشوتر نین، کە نە فرۆشراون، جارێکى هەڵڵاى بۆ دەکەن .ئەمە تاوان و ناقانونیشە .
شەشەم : کە ڕیکلام ئەکا بۆ هەر پشکێک، ئەوانەشى کە ڕیکلامى بۆ کردووە، ئەبێت پێمان بڵێ : نرخى پشک بە چەنە ؟. کە نایڵێت ،کەواتە : فێڵە. لەوەش سەیرتر ئەم نووسینەو ئەم دۆخەى شارو ووڵاتى تێکەوتووە داواکارى گشتى بێدەنگە و! نایا داکۆکى لەو خەڵکە بکا!.
حەوتەم: لەهەمووى سەیرتر، لەسەرەتاى فرۆشتنى پشکەکاندا، ئەوپرۆژانەى کە بڕیاربو ئەنجام بدرێت ،لەکەتەلۆکەکەدا دانراوە، بۆنمونە،ئەڵێت : (110) ملیۆن دۆلار خەرج ئەکەم، لەم پرۆژەیەدا، بۆدروستکردنى بۆنمونە : (20) پرۆژەى گەورە لەناو چاڤى لاند ،یەکێک لەوانە تاوەرێکى (35م) یە.لەسەرشاخى ئەزمەڕ .تاوەرەکەش دروست نەکراوە، پارەکەشی خورا دواتر ڕەنگە بە پارەى ئەو پشکانە بێتە دروستبون کە لەو دواییەدا فرۆشتى. ئینجا هەر لەم دواییەى پێش ئەوەى گۆڕان لە حکومەت بێتە دەرەوە بۆ وەرگرتنى قەرز (لە کاتێکدا پرۆژەکان وەستابون) هەرجارەو سەروو (100) ملیۆن دۆلارى وەرگرتووە (هەموو نوسراوە فەرمییەکانى بانک بەردەستە، شێوازى نووسینەکە ئاڵۆز ئەکات دەنا ئەوەشم لەگەڵ بڵاو ئەکردەوە)
خاوەنى ئەم ڕوئیا ڕۆشنەى کە لیستێکى بەناوى “نەوەى نوێ” لە کوردستان دروستکردووە بە ملیارەها دۆلارى خەڵک و حکومەت، ئەڵێ ” منیش وەک ئەو خەڵکەو ئەو خەڵکەش وەکو من پشک یان کڕیوە!!”. ئەو خەڵکەش چەپڵەى بۆ لێ ئەدەن!. ئینجا چووە دەیان لاپەڕەى لە سۆشیال میدیا کڕیووەو، بەناوى خوازراوەوە پەلامارى ئەم و ئەو بدەن!. ئێستا پێى بڵێ ئەمانە چییە ڕەنگە سەت تۆمەتت بۆ دروست بکا، نازانێ ئێمە پێش ئەو و پێش هەموو ئەوانەى لە نالیادا ڕۆژنامەوانى ئەکەین لەم ووڵاتە ڕەخنەو قسەمان هەبووە لە ئامرازەکانى میدیادا.
کەناڵى ئاسمانى ئێن ئاڕتى-NRT جگە لەوەى بەشێکە لە گریمانەکانى چەتەکانى ئابوریی نێودەوڵەتى –Confessions of an Economic Hit Man” خوێنەرى ووشیار ئەتوانێت بەدواى ئەوەدا بگەڕێت. لەسەردەمى چەتە کۆربۆکراتییەکان دا، کە گریمانەیەکى زۆر ناشیرینى دونیاى سەرمایەدارین، ئیتر ئەبێت دیدو بۆچونى هەموو کەسێک سەبارەت بە هەواڵەکان و میدیاو ڕیکلامەکانیش بگۆڕدرێت، ئەمەى کەسێک پارەى دەستکەوتووە لە سیستەمێکى پڕ لەچەتەدا و کەناڵى میدیایی و لیستى پەرلەمانى دروست ئەکا، فیعلەن بۆ کوردستان تازەیە، بەڵام هەر لە ئەمریکا تۆڕى (NBC) کۆمپانیاى جەنەراڵ ئەلیکتریک خاوەندارێتى ئەکا، تۆڕى (ABC) هى کۆمپانیاى دیزنى-Disney یە، هەروەها (CBS) کۆمپانیاى فیاکوم –Viacom و بەهەمان شێوە CNN و تۆڕە میدیاییەکانى تر… عەساباتى جیهانى دەستیان بەتەنها نەگەیشتووە بە ئاڕاستەکردنى بانکەکان و ڕەزیلکردنى سێ بەشى ئەم گۆى زەوییە، هەر پارە سپى ناکەنەوە (چونکە بە ڕوو ڕەشى پەیاى ئەکەن) ئا ئاوها بەرەبەرە ئەیانەوێ کۆنترۆڵى مێشکى تاکەکەنیشیان بەدەستەوە بێت. ببینە: هنرى فۆرد خاوەنى کۆمپانیاى فۆرد ئەڵێ ” ئەگەر خەڵکى ئەم دونیایە بزانن ئێمە چى ئەکەین بەیانى زوو شۆڕشێک دروست ئەبێت.
لە کۆتاییدا ئەگەر پێتان وایە، فوو ئەکەنە هەندێ مرۆڤى بەتاڵ و لەسەر شاشە گەورەى ئەکەن و، ئەیانکەن بە پەرلەمانتار، ئەوە ئەم جۆرە لە نووسینیش هەیە، ئەگەر پێتان وایە ئێوە بوونە مینبەرى کۆمەڵێ بەرپرس و پەرلەمانتارى هەرزە ڕۆژە بێتەوە داتاى هەڵەوپەڵە بۆ کوێرکردنى خەڵک بڵاوئەکەنەوەو، ناویان نەهێناون، ئەوە هەناسەیەکیش لێرەوە هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت