Mustafa-Barzani

 بەهرۆز جەعفەر :  پارتى پارەکانى لەکوێ داناوە ؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشى دووەم : له تێگەیشتن بۆ پارتى .

بەپێی دابەزینى سورەتەکان ( فیل) نۆزدەیەمین سورەتە لەقورئاندا ، کاتێک قوڕەیشیەکان بە پێشەنگێتى ئەبرەهەى حەبەشى ویستیان ، کەعبە بڕوخێنن ، ( وڕرسل علیهم گیرا ڕبابیل ) . خودا لەئاسمانەوە زومره زومرە تەیرى بۆ پاراستنى کەعبە نارد ، تا لەڕووخان بیپارێزێت .. ڕەنگە لاى موسڵمانانى کورد ، نەنگى بێت دیاردەیەکى وا بەحزبێکى کوردیی بچوێنرێت ، بەڵام مەنتقى سیاسیەت و دراوەکانى ئەزمونى ڕابردوو لەگەڵ پارتى ، هەمان نمونەیە،باسکردن لەبەش و پارەى پارتى،لە چەند کیلۆمەترێک ئەولاى مەسیف سەڵاحەدینەوە ، زۆر لەو حاڵەتە قەڵسترە بۆ پارتى کە ئەسحابولفیل هێرشیان بۆ کەعبە دەکرد ، لەبرى تەیرە لئەبابیلە ، ڕەنگە پارتى ئەمجارە بە کۆپتەرو فڕۆکەى جەنگى بێگانە لێشیان بات . هەروا یەک دوو پەیجى فەیسبوک و کەفوکوڵێکى بێ ئایدۆلۆژیا ، لەپڕ دەیکەنە بەهارى خۆیان و پایزى پارتى ؟. هیوادارم لاى خوارەوە وێنەیەکى ئەمەتان بۆ بکێشم :
ئێمە ھێزێک ھەڵدەسەنگێنین کە بۆمانەوەی خۆی،ئەگەر پێویستی کرد،دوور نییە سبەی تا ھاوڵاتیان لەخەو ھەڵدەستن ھێزەکانی بەشار ئەسەد بگەیەنێتە کوردستان،باسی پارتی دەکەین،ئەو حزبەی ھەمیشە مەرکەزیەت تیایدا باڵا دەست بوەو،لەدوای ڕاپەڕینی (١٩٩١) ەوە،بەپشت بەستن بە پەتی دیبلۆماسیی و ئابوریی کوردستان خۆی ھێشتۆتەوە ، منەتی بەخەڵک و زۆرجار کادرەکانی خۆشی نەماوە.ڕەنگە بیرکردنەوەی سەری قووچەکەکە وا بێت ” کە خەڵکی بۆیە خوایان خوشەوێت،یان لێی ئەترسن،چونکە نایبینن !!”.
کاتێک لەساڵی (١٩٩٦) ھێزەکانی یەکێتی تەنھا تەپۆڵکەیەکیان بەدەست پارتیەوە ھێشتبووەوە ، لەسەجادەی ھامڵتۆن و مەسیف و قاسمەڕەش و کەپکی حەمەد ئاغا ، شایی و زەماوەندییان دەکرد،لەماوەی تەنھا (٤) کاتژمێردا بەیارمەتی سوپای عێراق گسکی لەنەیارە کوردەکەی کە (یەکیتی یە) داو ، لەو کاتەوە بەبەرنامە خۆی بەھێز ئەکاو ، سنوری پێدرێژکردنی بەرامبەرەکانی تەسک ئەکاتەوە .( لەبەشى سێهەمى ئەم نوسینەدا ، قسە لەسەر دروستکردنى بڕیارو دەرکردنى بڕیاردەکەین لاى پارتى ) .
پارەی پارتی ، لای (٣) کەسە،سەرۆکی پارتی،جێگرەکەی ، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن کە دەکاتە کوڕی سەرۆک . دەکرێت ، ئێمە پارتی وادابنەین کە دەوڵەمەندترین ھێزی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە ، بەم بەڵگانەی لای خوارەوە :
بەپێی بەڵگەیەکی سایتی ویکلیکس ، بە بەرواری (٢٣) ی حوزەیرانی (٢٠٠٣) باس لەوە ئەکات کە بۆڵ بریمەر ( یەک ملیارو چوار سەد ملیۆن دۆلار) ی بە (٣) کۆپتەری باریی لەبەغداوە ناردووە بۆ ھەرێم،(٧٩٨) حەوت سەدو نەوەت و ھەشت ملیۆن دۆلاری ئەو پارەیە بەر پارتی کەوتووە،(٦٠٢) شەش سەدو دوو ملیۆن دۆلاریش دراوە بەیەکێتی ، بێ ئەوەی ئەم پارانە یەک دۆلاری چییە بۆ خزمەتی گشتی بەکار بھێنرێت .
بەپێی ئەو قسەیەی کە بەرێوەبەری پێشوی ئاسایشی ئیبراھیم خەلیل ( سەید ئەکرەم ) دوو ساڵە لەسەری بەندکراوە،بێ دادگایی ، ماوەی (٢٠) ساڵە ھەموو ڕۆژێک داھاتی ئەم گومرکە (1000000) یەک ملیۆن دۆلارەو ناچێتە سەر خەزێنەی حکومەت ، پارەکەی بۆ نێچیرڤان بارزانی یە . لەهەموو حاڵەتێکدا هەموو دڵنیاین ، کەئەم پارەیە چەند بێت ، ناشەفافەو ناچێتەسەر خەزێنەى میللەت .
* بودجەی حزب لەحکومەت ، ئەگەرچی لەکابینەی شەش وتیان کەمکراوەتەوە ، بەڵام تائێستاش پارتی و یەکێتی مانگانە یەکى (٣٥) ملیۆن دۆلار دەبەن .
* پاڵێوگەکانی نەوت ، لەدەرەوەی یاسای نەوت و غاز ، واتە بەنایاسایی (٦٦) پاڵێوگەی نەوت ھەیە لەکوردستان ، دەبێت کێ لەناو پارتی جورئەتی ئەمەی ھەبێت ، جگە لەمەرکەزیی بڕیار.
* چوار ملیار دۆلاری شیرینی نەوتەکە ( کۆمیسیۆن(
* پارەی مۆڵ و کۆمپانیا نەوتیەکان و تاوەرو ئۆتێلە بەناوبانگەکان و بازرگانی جگەرە ، ( کە وەک چاوى قرژانگ بازاڕو شوێنە ڕاقیەکانى هەولێر و دەوروبەرى دیارن کێ سەرپەرشتى ئەکا ) . ھەروەھا خۆدەوڵەمەندکردن لەسەر حیسابی پرۆژە ستراتیژییەکان ، بۆنمونە : بۆ دروستکردنی فڕۆکەخانەی ھەولێری نێودەوڵەتی ، پێش ئەوەی دیزاین بکرێت ، دووساڵ بوو بودجەی بۆسەرف دەکرا ، سەری سێھەم جار دەستی یان پێکرد . یاخود فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى دهۆک ، بودجەیەکى تەواوى بۆسەرفکرا ، بۆ 2 ساڵ ، دواى ساڵێک دیسانەوە بودجەیەکى کاملى دیکەى بۆ سەرفکرایەوە ، واتە لەبودجەى یەکەم یەک نوکە خاکەناز ئیشیان تیانەکرد ، ئینجا دەبێت بودجەى تەواو بۆ دروستکردنى فڕۆکەخانەیەک چەند بێت ؟. ئا ئێستا لەهەولێرو دەوروبەرى پرۆژەى ئەوتۆ هەیە ، سوێند ئەخۆى لەهەموو شەرقدا شتى وا نییە ، ئاوها سەیردەکەى ، بابەتەکە میعماریی و مەدەنییە ، بەڵام بکۆڵەرەوە ، ترس هەموو جەستەت داگیرئەکات . !.
* یەکێکی تر لەفێڵەکانی دەوڵەمەندبونی پارتی ، لەشەڕی ناوخۆوە ، ئەوەیە بە (٣) مانگ ، مووچەی مانگێک لەپێشمەرگەکانی ئەخوات ، ئەگەرچی ھەموو ساڵیک ئەمە ناکات ، بەڵام ناو بەناو ئەم دەستە لەمووچەی خانەنشینیش ئەوە شێنێت .
* ئاسایشى ووزە،لەبابەتى ئابوریی سیاسییدا ، تۆپیکێکى گرنگ بەناوى ئاسایشى ووزەوە هەیە ، کە ڕەنگ نییە ، ئیتر هەموو کەس حیساب و کیتابى ووزەو بەرهەمهێنان و دابەشکردن و پێکهاتەکانى بزانێت . پارتى ڕابەرێتى ئاسایشى ووزە ئەکات ، لەکوردوستان ، جگە لە 3کەسى بنەماڵەو ، وەزیرى سامانە سروشتى یەکان ، کەسێکى تر نییە ، سفر بۆ ژمارەکان دابنات ، لەملاولا جار بەجارێک ژمارەیەک مان بۆ دەرئەکەوێت ، ئەوەش ناکرێت بۆگشتى پشتى پێ ببەسترێت .
هەرچەندە ، باوەڕیم بەدیموکراسییەت لەکۆى جیهاندا ، دەمێکە لەق بووە ، تیۆرییە واقعیی و تەجریبیەکانى خۆرئاوا ، پرۆسەى دیموکراسیی بۆ جیهان خستە ژێر پرسیارەوە ، هەربۆخۆشى لەئەزەلەوە دیموکراسیی چەمکێکى بێ عەیب و عار نەبووە . بەپێی ئەم دیموکراسییەى کە نییە و گریمان هەیە لەناوچەکەدا ، پارتى بەهەق نوێنەرى (35%) ى خەڵکى باشورى کوردوستانە ( بەتەزویریشەوە) ، بەقسەى گەورەبەرپرسانى هەردولا خۆیان ، لەم هەرێمە سەرۆکى هیچ لایەکیان ، لەلاکەى تر دەسەڵاتى فەڕاشێکى نییە . پرسیارەکە ئەوەیە ، ئایا پارتییەک بمانەوێ و نەمانەوێ بەپلەى ئیمتیاز موخاتەب و خاوەنى قەزیە بێت ، خاوەنى ئەو بەرژەوەندییە ئابورییە زەبەلاحانەى سەرەوە بێت ، دەسەڵات بۆ کێ جێدەهێلێت ؟. کێن ئەوانەى لەپڕێکا دەتوانن جێگەى پارتى بگرنەوەو ئیدارەى ئەو دیاردانە بدەن ؟؟ یەکێ هەتا ئێستا کورسى و پارەى نەدیوە ، یان هەیانە نازانێت لەسەرى دانیشێت ، یەکێ تا ئێستا کرێچى بێت ، چۆن وەک ئەوانەى پێدەکرێت ماڵەکەیان 18 بیرى ئیرتوازى و 400 دۆنم زەوییە ، کە لەدواى نەمانى مەلیک مەحمودەوە ، ئەوان ڕێبەرایەتى قەزیەى کورد ئەکەن بەخاسى و خراوییەوە ؟. کاتیەتى لەبەرامبەر (2) نمونەدا هەڵوەستە بکەین :
یەک : لەساڵى (1964) بەچیرۆکێک ، کەلەبەشى یەکەمدا کورتەیەکى کورتمان خستە ڕوو ، لێکترازان کەوتە ناو بزوتنەوەى ڕزگاریخوازیی کوردەوە ، ئاشکرایە تائێستاو پەنجا ساڵى دیکەش ئاسەوارە سلبییەکانى دەمێنێت . لەدواى ڕاپەڕینى (1991) بەپێی سەرچاوەکان (برایم ئەحمەد) سەرپەرشتیارى باڵى مەکتەبى سیاسیی پارتى لەشەستەکان ، ئامۆژگاریی تاڵەبانى دەکات : کە بچێت لەگەڵ ماڵى بارزانى ڕێکبکەوێت ، بڕۆ تۆ بەتەنها دەرەقەتى ئەوان نایەیت ، شەڕیان مەکە “.دواى ئەوەى نزیکەى (40000) چل هەزار ڕۆڵەى کوردیان بەکوشتدا،ئەسیرى یەکیان دەکوشت و ئەتکیان دەکردن .دوایی هەموو بینیمان : تاڵەبانى بەگۆچانێکەوە شارەو شار ئەگەڕا دەنگى بۆ بارزانى کۆدەکردەوە .
دوو: نەوشیروان موستەفاو بزوتنەوەکەى ، پەت نەما دەستى پێوەنەگرن ، بەشەر نەما سووکایەتى پێ نەکەن لەم کوردستانە ، مناڵ و مەزم نەما نەیخەنە سەرشاشە قسەبکا ، دوایی قیت و قنج لە بەردەم بارزانى لەسەرى ڕەش دانیشتبو ، ئەبێت ئاوها ئاقڵ بیت ، وتیشى : ڕێگەوبانەکانتان خۆشە .!. ئەوەتا دەبینن چونکە نەوشیروان بەڵینى شەقامى ئارامى داوەتە پارتى ، یەک ساڵە حکومەت تەشکیل نەکراوە ، ساڵێکى دیش نەکرێت ، خەڵکى ئێمە ئاقلن ، ئاقڵ دەنگ ناکەن !.

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت