Kerkuk1

بەهرۆز جەعفەر : چوار مانگە ئەمەوێ بڵێم ( بەڵێ .. نەجمەدین کەریم گەندەڵى کردووە ) .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کێشەیەکى قووڵ ، لەکۆڵ نوسەران و ڕۆژنامەنووسان نابێتەوە ، ئەویش هەموو شت ئەحیزبێنرێت و ، لایەنێک بۆ دژایەتى لایەنەکەى تر بەکارى ئەهێنێت . بۆنمونە : ئەگەر لەوماوەیەى ڕابردوو ڕەخنەت لەنەجمەدین کەریم پارێزگارى کەرکوک بگرتایە ، بەگاڵتەو بەڕاستى دەچووە خانەو خزمەتى پارتییەوە ، ئەگەر تێبینیەکت لەسەر پەیەدە هەبێت ، یان دەمت بنوقێنە،یان سەردانێکى عفرین و قامیشلۆ بکە تا پێیان بڵێیت ، ئەگەرنا قسەکانت واش نەبێت ، هەر دەچێتە خزمەتى پارتییەوە ، ئەگەر ڕەخنەیەک لەئەمنیەتى سلێمانى بگریت ، ئەوا تۆ باڵى بەرهەم ساڵەحیت و لەگەڵ گۆڕینى بەرپرسە ئەمنیەکانى یەکێتیت .!.

ئەگەر (2 ) جار لەکوردسات بەدواى یەکدا قسە بکەى ، ئەوا دادە دەستێکى بەسەرتا هێناوەو ، نازانى چارەنووسەکەش چییە . ئەگەریش لەکەى ئێن ئێنەوە زۆر دەرکەوتیت و ، زۆر قسەى توندت لەسەر کەیسەکەى (مامە کاوە کرد) دڵنیابە ئەوە نیازیان هەیە ، بوکەن بە پەرلەمانتارى خولى ئایندەى عێراق ، یان لۆ ئەنجومەنى پارێزگا چوار دەنگت لەهەولێر پێ پەیدائەکەن . ڕەنگە یەکێ لە هۆکارە سەرەکیەکان بۆ هەموو ئەمانە ، ئەوەبێت ، کە میدیایەکى نیشتمانى نییە ، بەپێچەوانەوە هەمووى وەک یەک لەبەرژەوەندیی حزبی ئەگەڕێت . خۆ ئەگەر بەڕاست و چەپا دەست و نوکى پێنوسەکەت بوەشێنیت ، ئەوا یانى تۆ خولە پیزەیت و، لەدەرەوەى هەموو سیستەمەکەوە ، داواى گۆڕینى هەموو سیستەمەکە دەکەیت .

ئێستا،شوکر ئەو گرفتەى لە مەعبێن پسپۆڕى نەشتەرگەرییەکانى مێشک و دەمار ( د : نەجمەدین کەریم ) و پاشاى عەرشی کەلاوە ( پ . د . ک) کۆتایی پێهاتووەو، سوڵحێکى بێدەنگ و بەپەلەیان ، لەسەروبەندى تیرۆرەکەى مامە کاوەدا ، لێکرد .

زۆر گەرەکم ، بوو، بێژم ( بەڵێ … نەجمەدین کەریم تێوە گلاوە لەگەندەڵى ) نەک هەر ئەو بەڵگەنامانەى بە دەست دوا مناڵى پارتییەوە هەن ، نەک هەر بێ ئیدارەیی و بێ سەلیقەیی ئەمنى لەسەردەمى ئەودا ، نەک هەر نادیارى بەشێکى زۆرى پارەى پترۆدۆلار ( کە ڕۆژانە نزیکەى 4 ملیۆن دۆلارە) . بەڵکو کۆڵێک شتى کردییە ، لەو سەردەمى بودجە زۆرییەدا ، لەم وەختى پارەى پترۆدۆلارەدا ، مرۆڤ هەست بەشەرمەزاریی ئەکات . لەبودجەى ئەم پارێزگاى کەرکوکە گوندى وا قیرتاو کراوە ، هیچ پەیوەندیی بە پارێزگاى کەرکوکەوە نییە ، بێ ئەوەى ماڵێکى تیابێت  .!.

کورت و کرمانج ، یەک لیستى کورد لەکەرکوک ، تاڕادەیەک خزمەت بەقەزیەى کورد ئەکا ، بەڵام سەرەتاى کۆتایی یەکێتیش لەگەڵ خۆى ئەهێنێ ، ( یەکێتى نەگبەت بەرپرسەکانى ئەوەندە کارى نەگونجاویان دەرهەق بەدڵسۆزەکانى کردووە،کەس جورئەت ناکا دوو ووشەى لەسەر بڵێت ) . هەموو ئەم کارەش بۆیە کرا لەلایەن دکتۆر نەجمەدینەوە ، چونکە لەهەڵمەتى هەڵبژاردنەکانا ، پارتى و گۆڕان گەندەڵییەکانى پارێزگاریان بڵاوئەکردەوە ، چارى ناچار لەگەڵیان ڕێککەوت . (  ئێوە ناڵێن یەکڕیزیی .. ئەوەتا … ناى بینى !).

سەیرى ئەم دکتۆرە ، پارێزگارە ، ئەوەیە : تۆمەتبار دەکرێت بەحزبایەتى و ، تائێستاش سەرى نەکردووە بەماڵى یەک کادرو پێشمەرگەى دێرینى حزبەکەیدا ، تا ئەم چرکەساتە دیژلەمەیەکى لەگەڵ بەرپرسانى پێشوى یەکێتى لەشارەکە نەخواردووە . لەبەرامبەردا هەموو ماهیەت و گەورەییەکەشی تەنها ئەوەیە : لەمەرکەزیی بڕیاڕەوە ( ماڵى تاڵەبانى و بارزانى ) گڵۆپى سەوزیان بۆ هەڵکردبو ، لەگەڵ هاتنى بۆ سەر خوانەکە هەموو جۆرە بودجەو ئیمکانیاتە ماددییەکان زیادى کرد .

خزمینە ، ئەوە من کۆمێنتى خۆم ووت ، نەگبەتیەکەشم ئەوەیە ، هەرجارێ قسە ئەکەم ، دونیايه کەس وەک بێژى خوێ بکەمە بان برینیان ، بۆناو سەرو چاوم دێن ، دوایی ماوەیەک خۆیان ، یان مەرکەزیی بڕیاریان هەمان بۆچونى ئێمە باس دەکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت