بەهرۆز جەعفەر: ڕیفراندۆم وەک عەیبەیەکی گەورە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورد لە سەر پاشخانێکی گەورەی پڕ لەقوربانی دان دانیشتووە، نمونەی سەروەرییەکانی زۆرن دژی دوژمن و داگیرکەران، ساڵی 1946 کە کۆمارەکەی قازی محەمەد لە ناو ئەبرێت، نیزامی ئێرانی هەرکەسی چنگ ئەکەوێ لەو کۆمارە ئەیکوژێ، چوار برای کوردی پێکەوە لە سێدارە دا، ناردیان بە شوێن دایکیان دا ناوی ” گەوهەری تاج خانم” بو، تا سەیری کوڕەکانی بکات کە لە دار ئەدرێ، کە لە دارەکە کرانەوەو خنکێندران، ئەم دایکە ئەوەندەی چڕنوک لە خۆی دابو، خوێنی جەستەی خۆی لە دەم و چاوی کوڕە کانی، ئەیگوت ” با دوژمن کوڕەکانم بە ڕەنگ زەردی نەبینێ”… ئەمەیە دۆزی کورد.
ئەوەیە سەروەرییەکانی مێژوو، کە سیاسییە کوردەکان لە ماوەی 26 ساڵی ڕابردودا ئەوەندە ئینسانی کوردیان بێ هیواو، بێ ئینتیما کردووە، بڵێن “نەخێر بۆ ڕیفراندۆم”. “نەخێر دەوڵەتی کوردیی و سەربەخۆیی مان ناوێ، لوتبەرزی ئێوەو خۆبادانی جاش و مەفرەزە خاسەکان هیچ لە ژیانی نەوەی ئەم عەسرە ناگۆڕێ، بەڵێ بۆ بونیادنان و دادپەروەری”.
کۆمەڵناسی سیاسیی لە ئۆگەست کۆنتەوە تا جۆرج ئۆروێل تا ماکس وێبەر و مارکس (وەک ڕابەری زانستی کۆمەڵایەتی هاوچەرخ) ئەوەمان پێ ئەڵێن کە هەمیشە کاریگەری “نا” زیاترە، واتە (ٲثر مانع) زیاترە، كاریگەریی (1) یەک کەسی نەخێر زیاترە لە سەدان هەزار بەڵێ، ئەگەر لە ووڵاتێک یەک ملیۆن بڵێ بەڵێ، یەک کەس بێژێ نەخێر، نەخێرەکە سەرنجڕاکێشترە.
چ ئابڕووچونێکی گەورەیە بۆ کورد؟!. چ غەدرێکە لە کەسوکاری شەهیدان و قوربانیان، سبەی ڕیفراندۆم بکرێ، هەرچەندە تەزویر بکرێ، بەلای کەمەوە دەیان و بگرە سەدان هەزار کەس ئەڵێن ” نەخێر”. ئەنجامەکە “بەڵێ” ش بیباتەوە لە مەحفەلی دوەلی و ناوەندە جیهانیەکان دا، هەر بۆ کورد نەنگیە. دۆزی کورد و ململانێ لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیی، نە هەرێمی باسک ە و نە کیوبیک و نە سکۆتلەندا، نە قوبرسی باکور، مەسەلەی سەربەخۆیی سەرەتاییترین مافێکی کوردستانیانە، هەلومەرجە ئیقلیمی و جیهانیەکەی ئێستا خۆی داوای سەربەخۆیی لە کوردستان ئەکات، نە ئەوەی ئەم برادەرانە مونەزیری سەدە بن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا.
سادەترین پرسیارێک ئەوەیە: ئایا دەیان هەزار کەس بۆ ئەڵێن (نەخێر بۆ ڕیفراندۆم) ؟. ئایا نەخێر بۆ ڕیفراندۆم نەخێرە بۆ سەربەخۆیی یان بۆ بێباکی حوکمڕانی کوردیی؟. من زۆر جار بەتەواوەتی ئەگەمە ئەو قەناعەتەی هەموو ئەو کوردانەی خیانەتیان کردوەو بونەتە جاش و داردەستی دوژمن لە داخ و کاردانەوەی نا عەدالەتی ناوخۆ بووە نەک بۆ پارەو پۆست چوو بن…!. من پێموایە ئەو نەخێرانە بەرئەنجامی زوڵم و بێ ئاگایی و بێ بەهاکردنی کۆمەڵگەی کوردییە لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت