بەهرۆز جەعفەر: ڕەهەندەکانى زیادبونى هەژموونى تورکیا لە هەرێمى کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تورکیا لەدواى پرۆسەى ئازادییەوە هەتا ساڵى 2007 ڕێچکەیەکى دوژمنکارانەى ڕاستەوخۆى بەرانبەر حکومەتى هەرێمى کوردوستان لەبەرگرتبو، بەهۆى بونى گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردوستان لەوناوچەیە. تەنانەت تورکیا فایلى عێراقى لەلاى سوپا دانابو، لەساڵى 2007 بەدواوە مەلەفى عێراقیان ڕادەستى وەزارەتى دەرەوە کرد. لەگەڵ دامەزراندنى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان لەساڵى (2006) و، بەرەبەرە زیادبونى هەژمونى ئێران لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق و، زیادبونى ژمارەى گەشتیارانى کوردستان بۆ تورکیا، ئیتر ئەم پەیوەندییە لەگەڵ هەرێمى کوردوستانیشدا گۆڕا بۆ پەیوەندییەکى ئابوریی و سیاسیی. تورکیا پیاوانى کار و کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى و شمەکى خۆى ناردە هەولێر، هەرێمى کوردوستانیش لەڕێگەى تورکیاوە نەوت و گازى سروشتى خۆى بۆ بازاڕەکانى جیهان هەناردە کرد (بڕیارە سەرەتاى ساڵى 2018 گازى سروشتى هەناردە بکرێت). ئەمەش توڕەبونى ئێران و حکومەتى عێراقى و سوریاى لێکەوتەوە.

یەکەم: بازاڕیی ئابوریی
لەساڵى 2007 هەرێمى باشورى کوردوستان لە پلەى 19نۆزدەهەمینى ئەو بازاڕانە بو، کە لەتورکیاوە کاڵاو شمەک ئەهێنن، قەبارەى هاوردەکردن لە تورکیاوە بۆ باشورى کوردوستان تەنها 1،7 یەک ملیار و حەوتسەد ملیۆن دۆلاربووە، لەساڵى 2011 دا هەرێمى کوردوستان بووەتە شەشەمین گەورەترین ئەو بازاڕانەى کە شمەکى تورکى تیا ساخ کراوەتەوە، کە قەبارەى هاوردەکردنەکە 5،1 پێنج ملیار و سەت ملیۆن دۆلاربووە، ساڵى 2013 ئەم هەرێمە ئەبێتە سێهەمین گەورەترین بازاڕ بۆ تورکیا کە قەبارەکەى گەیشتوەتە 8هەشت ملیار دۆلار. لەبەرانبەردا لەهەرێمى کوردوستانەوە هەناردەکردنى نەوتى لێدەرچێت لەبوارەکانى تردا زۆرکەمە، بەجۆرێک لەساڵى ( 2007 بۆ 2014) هەناردەکردن لە هەرێمەوە بۆ تورکیا لەنێوان ( 87 بۆ 105) ملیۆن دۆلاردا بووە، جگە لەوەش ژمارەى کۆمپانیا تورکیەکان لەهەرێمى کوردوستان زۆر زیاتربووە لەژمارەى کۆمپانیا بیانى و فرە ڕەگەزەکانى تر، لە ساڵى 2009 دا 450 کۆمپانیاى کارکەرى تورکى بونى هەبووە، لەساڵى 2013 دا ئەم ژمارەیە بووە بە 1500 کۆمپانیاى تورکى لەهەرێمى کوردوستان.
لەگەڵ تێکچونى بارودۆخى ئەمنى و سیاسیی لەعێراق و قەیرانى داعش و قەیرانى ئابوردیدا، نزیکەى 200 کۆمپانیاى تورکی هەرێمى کوردستانیان بەجێهێشتووە، بەڵام قەبارەى بازرگانییەکە زیاتر بووە، لەساڵى (2016 بۆ ئایاری 2017) ژمارەى کۆمپانیا تورکیەکان لە هەرێمى کوردستان (1300) کۆمپانیایەو، نزیکەى (30000) سى هەزار هاوڵاتى تورکیا لە هەرێم کار ئەکەن و ژیان بەسەر ئەبەن، لە میانەى چاوپێکەوتنێکیدا، “ئایدن مەعروف” سەرۆکى بەرەى تورکمانى لە پەرلەمانى کوردستان بۆ ڕۆژنامەى “شەرقولئەوسەت” ئەڵێت: تێکڕاى قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەنێوان هەولێر و ئەنقەرەدا لەساڵى (2016) دا (12) دوانزە ملیار دۆلار بووە، ئەمەش (60%) ى ئەو پەیوەندییە ئابورییە دائەپۆشێت کە تورکیا لەگەڵ عێراق هەیبووە.
لێرەدا، ئەگەر تێبینى بکەین، پەیوەندیی هاوردەکردن و هەناردەکردنى تورکیا لەدواى ساڵى 2008 ەوە لەگەڵ هەرێمى باشورى کوردوستان، نزیکەى 4 هێندەى ئەو پەیوەندییە زیاترە کە تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل هەیبوە، بەپێی بەراوردکارییەک (کە ئینستیوتى مێدیتریانە بۆ دیراساتى هەرێمایەتى) کردویەتى، پەیوەندییە ئابورییەکانى تورکیا لەگەڵ هەرێمى کوردستان زیاترە لە پەیوەندیی ئابوریی تورکیا لەگەڵ هەرچوار دەوڵەتى: ئەردەن- ئیسرائیل- سوریا- لوبنان.

دووەم: هەرێم وەک جوگرافیایەکى پڕ ئینێرجى بۆ تورکیا
لەبوارى (ووزە) شدا، بەگشتى لەم ساڵانەى دواییەوە، گۆڕانکاریی سەرەکى لە نەخشەى ووزەى جیهانیدا ڕوویداوە، کە ڕێڕەوى بەکاربردن (اسهتلاک) و خستنەڕووى سەرچاوەکانى ووزەو بە بازاڕیکردنی دەگرێتەوە، گرنگترین ئەو گۆڕانە جەوهەرییانەش، ئەکرێت ئاوها پۆلێن بکەین:
یەکەم: پەرەسەندنى تەکنەلۆژیا لەخێرا بەرهەمهێنانى نەوتدا، واز هێنان لەئامێر و شێوازە تەقلیدییەکان، بەتایبەت ویلایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا، لەم ساڵانەى ڕابردوودا چەند تەکنیکێکى نوێی بۆخێرادەرهێنانى غازو نەوت لەشوێنە بەردەڵانەکان (سەخەرى) ە کاندا خستە ڕوو.
دووەم: لەساڵى ( 2009 ەوە بۆ شوباتى 2017) لە عێراق و هەرێمى کوردوستان دا، دەرگاکان بۆ وەبەرهێنانى بیانى کراوەتەوە، تەنانەت گەورەترین فورسەتى مێژوویی ئەوەبو، کەنیوەى یەدەگى نەوتى عێراق بەبڕى (70) ملیار/بەرمیل.. خرایە موزایەداتى ئاشکراوە. کەزیاتر لە (50) گریبەستیان بە یەکجار هەر لەهەرێمى کوردوستاندا ئیمزاکراوە.
سێهەم: بەردەوامى لەپەرەسەندنى زیاترى کەرتى نەوت و غاز، تادێت ڕێژەى دەرهێنانەکە خێراتر و پتر ئەکات. کە ئەمەیان ڕۆحى هاوپەیمانێتیە سیاسیی و ئابورییەکانە، چونکە لە لایەک پەیوەستە بە ئاسایشى ووزە (Energy Security) لەناوچەکەداو، لەلایەکیش جیۆپۆڵەتیکى ووزەیەو بەدیاریکراویش بریتى یە لە پرسى هێڵەکانى ووزە (Energy Piplline). بۆ نمونە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاى (ڕووس نەفت- RossNeft) لە شوباتى (2017) و دواتریش لە ئایارى هەمان ساڵ بۆ گەڕان و بەرهەمهێنان و گەشەپێدان و بە بازاڕیکردنى نەوت و غازى سروشتى هەر لەگەڵ هەمان کۆمپانیادا لە میانەى (مونتەداى سانپیتەرسپۆرگ) دا ئەنجومەنى نەوت و گازى هەرێم ڕێککەوتوون لەگەڵ حکومەتى ڕووسیادا.
پرسى ووزە، بۆ هەرێمى کوردستان بابەتێکى ستراتیجییە، زیاد لەڕەهەندێکى هەیە، تورکیا لەم ڕووەوە زۆر پێویستى بە حکومەتى هەرێمە، ساڵى (2016) تورکیا بایی (60) شەست ملیار دۆلار تەنها غازى سروشتى کڕیووە، دیاردەیەکى پێکەنین ئامێز بوو، کە لە میانەى کۆنفرانسى ووزەى جیهانى لە ئەنکەرە، لە پانێڵکەدا “ئارش شەرگى” ڕووى تێکردم ووتى: تورکەکان دواى دوو دەیە گەڕان و کنەکردن سەریان سوڕماوە!. باشە بۆچى غازى سروشتى لە ئێران هەیە، لە هەرێمى کوردستان هەیە، لە سوریا هەیە، تەنانەت لە قووڵایی ئاودا لە دەریاى ناوەڕاست ئیسرائیل غازى دۆزیوتەوە، لە دەریاى ڕەش غازى سروشتى هەیە، لەم هەموو دەوروبەرە هەیە، ئەى بۆچى لەناو تورکیادا نییە!!… تورکیا غاز لە ئێران- ئازەربایجان- ڕووسیا- عێراق- جەزائیر- نەیجیریا وە هاوردە ئەکات، ئەمە گرفتێکە نەک لەسەر ئابوریی و داهات، بەڵکو بۆ کەسێتى ئەو وڵاتەش دیاردەیەکى نەنگەو، کردویەتى بە “پاشکۆ- تبعیە”ى هەندێک شوێن ئەگەر زەرورەت نەبێ، ئەردۆگان ئامادە نییە لەسەر مەراسیمێکیشدا لەگەڵ ڕابەرى هەندێ لەو ووڵاتانە دەربکەوێ.

سێهەم: زیادبونى نفوزى پەکەکە لە هەرێم و ئێران لە عێراق
خاڵێکى تر، کە تورکیا هەموو هێزى سیاسیی و سەربازیی و دەستگاى میت (Millî İstihbarat Teşkilatı،) ی بۆ خستۆتەگەڕ لە باشورى کوردستان، بریتى یە لە لەقاڵبدانى هەژموونى پەکەکە، هەم لە قەندیل، هەم لە هەرێمى کوردستان (بەتایبەتى ناوچەى سولەیمانى). ئەگەر تێبینى ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانى تورکیاش بکەین بۆ سەر پەکەکە، زۆربەى بۆردومانەکان قەندیل نیین، ئەو شوێنانەن کە ئەکەونە ناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە. ئینجا لەلایەکى تریشەوە باڵادەستى ئێران لە عێراق بەگشتى و، کەرکوک و ناوچەى سولەیمانى بەتایبەتى، ئەوەندەى تر تورکیاى شپرزە کردووە، سەرچاوەى سەرەکى ئەم شپرزەییەش لە ئەگەرى گۆڕینى هێڵەکانى ووزەوە سەرچاوەى گرتووە، بەتایبەت وەزارەتى نەوتى ئێران و عێراق بڕیاریانداوە نەوت و غازى ناوچەى کەرکوک و نەوتى کێڵەگانى نەفتخانەى دیالە ببەن بۆ ئێران. لەلایەکى تر ئێران لە پەلهاویشتندایە بۆ ناوچەکەو عێراق بەگشتى لەڕووى سەربازیی و فەرهەنگى و ئابورییەوە وای ئەبنێت پشکێکى کەمترى بردووە لەعێراق، تورکیاش وای ئەبینێت لەسوریادا پرۆژەکانى شکستى خواردووە ئەبێت لە عێراق بەتایبەتى هەرێمى کوردستان دا قەرەبووى بکاتەوە.
تورکیاو ئێران بێ ئاگا نیین لە ڕێککەوتنى داعش و حزبولڵاى لوبنانى کە لە کۆتایی (ئابى 2017) پێکهاتن، ئیسرائیل و ئەمریکاو عەرەبستانى سعودییەش تەماشاکەر نیین، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئیدارەى قەیرانە هەرێمایەتیەکان چەند گرنگن، ئیدارەى دانوستاندنە هەرێمیەکان دوو هێندە، کۆبونەوەو ڕێککەوتنى وەزیرانى بەرگریی و سوپاسالارى تورکیا و ئێران، بەدوای خۆیدا ڕێککەوتنى داعش و حزبولڵاو سەردانى “حەسەن نەسرولڵا”ى لێکەوتۆتەوە بۆ لاى “بەشار ئەسەد”، گواستنەوەى داعش بۆ دێرەزور و ئەلبوکەمال ى سەرسنورەکانى عێراق و سوریا (بۆ ئەو بیابانە) ڕەهەندێکى گرنگى دیوار دروستکردنە لەبەردەم ئێراندا نەگاتە سوریا و دەریاى ناوەڕاست.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت