بەهرۆز جەعفەر: کورد چی بەسەر دێ؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەزیری بەرگریی ئێران و تورکیا لەسەر سێ پرس کۆئەبنەوە، یەکێکیان پرسی ڕیفراندۆمە، یەک ناوەندی کوردیی نییە لێی بکۆڵێتەوە.!.
حەسەنی ڕۆحانی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنامەی (5+1) ئەدات لەگەڵ خۆرئاوا، کە تایبەتە بە پیتاندنی یۆرانیۆم له کۆگاکانی چەکی ئەتۆمی ئێران، یەک ناوەندی کوردیی نییە تەتەڵەی بکات!.
وەزیری نەوتی ئێران و عێراق بڕیاریان داوە، غازی سروشتی و نەوتی ناوچە کێشە لەسەرەکان و نەوتی نەفتخانەی دیالە ببەن بۆ ئێران، ناوەندێکی کوردیی نییە، تەتەڵەی بکات.!.
کێشەی یۆرۆ زۆن بەردەوامە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا جیهانی کردۆتە سێ بەشەوە بۆ ئەوەی تەحەدای ئەم سەدە یەش بکات:
بەشی یەکەمیان: سنوردانان بۆ گەشەی ئابوریی چین- یابان- هندستان.
بەشێکی دووەم: بەرەنگاربونەوەی هەژموونی ئێران و ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست.
بەشی سێهەم: پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل لە ناوچەکە. کەچی یەک ناوەندی کوردیی نییە گەنگەشەی ئەمانە بکات.
پرسی ئاوارەو کۆچبەرەکان (Refuge Crisis) لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەرونیەوە، مەسەلەی (ئاوێتە بوونی ئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی ناوین و دیوار دروستکردن) لەهەرە بابەتە گرنگەکانە، لە تەکیدا مەسەلەی شوناسنامەو قەیرانی ناسنامە. کەچی یەک ناوەندی کوردیی نییە بە دواداچوونی بۆ بکات.!.
بە دیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئۆباڵی سەدا نەوەدی ئەم بەرپرسیارێتیەی ئەکەوێتە ئەستۆ، لە نە بوونی هەموو ئەو فاکتەرە گرنگانە؟.
لەگەڵ ئەوەی هیچ کاتێک، توێژینەوە و ئاکادیمیا، میتودەکانی کۆکردنەوەی داتا و شێوازی ئەنەلایزکردنی داتا، نا بە سترێ بە حزب و گروپی سیاسیی و ئایدۆلۆژییەوە، وە بە گروپی قەومیی و ئیتنییەوە، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ ئێمە کوردین و سەرمان لەناو خوانی کوردستاندایەو بووە. ئێ کە حکومەت، کە حیزبی قائید، هیچ هەماهەنگیەکی نەک دارایی، بەڵکو یاسایی و حکومی و …تا دواییت، لەگەڵ نەکات، چی ئەکەی؟. ئەوە تۆ خزمەتکاری میللەتەکەی خۆت بویت و خۆت تەرخان کرد لە دۆخێکی دژواردا ماکیاڤیللی ئاسا هاواری یەکپارچەیی و پاراستنی خاکی ئیتاڵیا بکەی، ئێهەر هەندێ کاروباری گرنگ هەن بە (موئەسەسات) ی حکومی و نیشتیمانی ئەکرێن، بە تاکەکەس و ئاکادیمیستێک ناکرێ.
لە ساڵێکدا سێ جار ئەچنە واشنتۆن تا لە ناوەندێکدا چەندین ملیۆن دۆلار سەرف بکەن، کەچی لە ناوخۆدا خەریکی ڕێگیریی و وێرانەکاریی و بیناکردنی نەخوێنەوارین، تازە تازە خەریکی ئەوەن مادام بزوتنەوەی گۆڕان تەلەفۆن بۆ پارتی ناکا پارتیش تەلەفۆنیان بۆ ناکاتەوە!. لەسەر ئاستی چەند مەلایەکی خورافەچی کە گوایە خەویان بینیوە، لەسەر ئاستی چەند بەناو هونەرمەندێکی میللی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم ئەکەن!. پێویستە ناوەوە بینا بکرێت پاشان لە دەرەوە خەریکی لۆبی کردن بین. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا لۆبی کردن هیچ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەگۆڕێ ( لەسەردەمی ترامپ یشدا !)!.
لەڕاستیدا، ئێستا کورد لە باشوری کوردستان هەموویان سواری پاسی پۆڵەندی بوون، پاسی پۆڵەندی زۆربەی نەفەرەکانی پشتیان لە شۆفێرەکەو ڕوویان لە دواوەیە، لەناوخۆشیاندا خەریکی غەڵبە غەڵبن و نازانن شۆفێرەکە بەرەو کوێ لێ ئەخوڕێ.؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت