Behroz-6

بەهرۆز جەعفەر : کەرکوک و کەرامەت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دووساڵیش ، ئەبێت دوورو نزیک قسەیەکى جدى لەسەرکەرکوک و ماددەى (140) نەکراوە ، بەڵکو هیچ دامودەزگایەکى کوردیی چاوێکى بەراوردکارانەى ژیر نەکردۆتەوە ، لەپاى کەمکردن یان زۆر کردنى ڕێژەى دانیشتوانى کوردو عەرەب ، لەناوچە کێشەلەسەرەکان . خۆ ئەگەر چەند نمونەیەک لە : بزوتنەوە و هەڵسانەوە کوردییەکان وەربگرین . لەدواى ڕووخانى ئیمپراتۆریەتى عوسمانیی و دروستبونى دەوڵەتى عێراق (1921) و ، گۆڕانى بنەچەیی لەناوچەکەداو ، زاڵکردنى سووننە مەزهەبەکان ، ئەوا هیچ کام لە ڕێبەرە کوردییەکان ، بۆ یەک ساتیش بێت ، بیریان لە سازشکردن لەسەر کەرکوک نەکردۆتەوە . نەک هەر ڕێبەر و سەرکردەکانى کورد ، لانى کەم بۆ هەزاران ساڵى ئایندە مێژوو ئەیانخاتە بەر نەفرەت و تفى خیانەتبازیان لێدەکا.

هەربۆیە زۆربەى کوردەکانى شارەکە ، کەرکوکیان کردۆتە بەشێک لەنەست و کەرامەتى ( بون) ى خۆیان ، ئەگەر جاران داخ لەدڵان بە ( تەقینەوە) بیرێکیان لەکۆچى کوردان ئەکردەوە ، ئێستا بۆ بێنرخکردنى تەقینەوەکانیان ، تاسەربانى خانوەکانیشیان ناچن ، تا دووکەڵەکەى ببینن. لەناوەڕاستى هەفتاکان بەدواوە ، (ئەرپە) پارتى بوو ، یەکێک بوو لە شەقاوەو پیاوە بەجورئەتەکانى کورد لەکەرکوک ، ملى بەکەس نەئەدا.. دواى ئەوەى پارتى کەرکوکى چۆڵکرد، فشارێکى زۆریان خستە سەرى ، تائەویش بچێتەدەرەوەى شارەکە ، بەڵام بە کڵاشینکۆفێکەوە ، تاقى تەنها بەرامبەرى دەزگا هەواڵگریی و ئەمنە داپڵۆسێنەرەکانى بەعسی گرتبو ، بچن بپرسن : عەرەب و بەعسی شارەکە ، لەدووریشەوە نەیان ئەوێرا ، سەیرى پێڵوى چاوەکانى بکەن.. بۆئەوەى لەمان و نەمانى دڵنیا بن . تا شەهیدیشیان کرد ، ئەترسان خۆیان بەن ، بەسەر جەنازەکەیدا .

وەلێ ، ئەمڕۆکە ، جگەلەوەى خەریکە ، لەئەدەبیاتى دەسەڵاتى کوردیدا ، کەرکوک و دووزو خانەقین و شنگال و مەندەلى ، دەبنە ناوچە لەبیرکراوەکان . ساڵانێکە بەچاوى خۆم ئەبینم ، خەڵکێلێک بەناوى نوسین و خەمخۆریی و دەزگاى ڕاگەیاندنەوە ، هەرجارى لەباڵو دەزگایەکى ئەمنییەوە ، گیرفانیان پڕدەکەن و ، هەرکاتێکیش بەتاڵیانکردەوە ، بۆ کاروانێکى تر ، دەست ئەدەنە : هێرش کردن بۆ سەرئەم و ئەو ، کێشە نییە ، تاسەریش بکێشێت بۆ درز خستنە نێوماڵى کورد لەشارەکە ( هەرچەندە دووبەردیان یەکى نەگرتووە ) ، ئەمانە باکێکیان نییە . قەراغى شاریان لێگرتووەو ، زوتر ئەگەنە هەولێرى پایتەخت.. ڕەنگە لەسەر تۆمەت و سیخوڕیی و درۆکردن و بەزاندنى ئیتیک ، سەدجار بانگهێشتى دادگا کرابن ، کەچى ئەمەیان ناو ناوە ، قوربانى بۆ کەرکوک و ، بەدەستکەوت بەبەرپرسانى شارەکەو خەڵکى بەشمەینەتى ئەفرۆشنەوە .

ئێمە : وێڕاى دەیان سیمینارو سەدان وتار لەسەر ئەم ناوچانە ، سەربارى ئەوەى چاوو دڵمان لەکەرکوکە ، ڕێگە بەخۆمان ئەدەین : هۆشیارى بدەین ، لانى کەم فلاشێک ، بۆ هاتنە دەنگى ڕاى گشتى و سەرکردایەتى سیاسیی کورد هەڵبکەین ، کە شکاندنى هەیبەتى کەرکوک و ڕمڵ لێدان بەناویی کەرکوکەوە ، لەدیاردە دەرچووە . ئەولەویەتیش بۆ ئەم زەنگە ئێمەومانانین :

– لەپرۆسەى ئازادیی کەرکوکدا ، خوا نەیکوشتم و مامەوە.

– لەو وەختەى یەکێتى بوم ، بە هۆى سەپەرشتى کردنى لق و ڕیزەکانى خوێندکارانەوە ، دیسان لەسەرەتاى ( شارع جمهورى) لەتەقینەوەدا ، خوا نەیکوشتم و مامەوە .

– ساڵى پار ، لەکاتى هات و هەراى سوپاى دیجلەدا ، لە رێی کەرکوک ، دیسان خوا نەیکوشتم و مامەوە ،(50) شەو،دەستم لەگەچا بوو .

– برایەکم ، ئاسایش بوو ، (18) شەو ، لەژوورى (انعاش تنفسى) نەخۆشخانەى ئازادیی کەرکوک ، باسی شوێنى ناشتنەکەى ئەکرا ، دیسان خوا نەیکوشت و مایەوە .

– خوشکێکم ، ساغ و سەلیم ، لەهەمان نەخۆشخانە ، لەساڵەى (منداڵبون) بەهۆى هەڵەو غیابی پزیشکەوە،لە (5/3/2013) کوشتیان .بۆ بزرکردنى کەیسەکەشی بەروارى دەرچونى جەنازەکەیان (2) ساڵ پێش ئێستا نوسیبو ، بێئەوەى هۆکارى مردنەکەشی باس بکەن ، تاقە یەک مناڵى (2) ساڵانى لەدواى خۆى جێهێشت .

– لەڕووى کۆمەڵایەتییەوە ، ئێمە ( جەبارین ) . لەوشارە،ڕۆژنامەنووس تیرۆر کراوە (سۆرانى مامەحەمە) ، ئێمە بوین ، مەلا تیرۆر کراوە (مەلا ڕەمەزان شکور) ئێمە بوین.. هەڵکوتراوەتە سەر ئاڵتونچى و کەیسەکەش بزرکراوە (کوڕو باوک) هەر ئێمە بوین .. بەڕێوەبەرى نەهێشتنى تاوان لەداقوق تیرۆر کراوە (مقدم سەرکەوت) ئێمە بوین ، ئەفسەرە ناودارەکانى شارەکە پارچە پارچە بون ، بەدەست عەبوەى ناسیفەوە هەر ئێمە بوین.

– یەکەم جار ، بەپرۆژەو بە دەم خوێندنەوەى بەیاننامەوە،زنجیرە چیاکانى حەمرینمان پڕکرد لە ئاڵاى کوردستان ، وتمان (تائێرە کوردستانە) ئێمەبوین ، ئێستاش نامەى ئاگادارکەرەوەى ( بەشى هەواڵگریی لەوەزارەتى بەرگریم) لاماوە ، کە هەڕەشە دەکات و ، ئاڕاستەى حکومەتى هەرێمى کردبو .

بەم حاڵەشەوە ، کەرکوک ، بەموڵکى هەموو کوردێک دەزانین ، لەهەر شوێنێکى ئەم جیهانە ، هەر کوردێک هەبێت ، دەبێت کەرکوک بەبەشێک لە حەیاو حەیسیەتى خۆى بزانێت ، نەک لەبەر نەوت ، بەڵکو ئەگەر بەسادەییەک بڕوانینە مێژووى ئەمریکاو هۆکارى زلهێز بونى ، ئەوا باش دەردەکەوێت کە : پێکەوە نانى (نیشتمان) لەپێش نەتەوەو کلتورو ئاین و دەلاقە ئابورییەکانەوەیە . بەداخەوە خاکى نیشتمان بەدەست ئەم ئەتوار سزانەوە ، بۆ مەرامى کەسیی خۆیان ، بۆ حەزى واتە وات و تیراژى ڕۆژنامەکانیان ، بیناو چاپەکانیان ، هەللا هەللا ئەکرێت . ئینجا ئەگەر دەسەڵاتى سیاسیی و بەتایبەت یەکێتى ئەمە قبوڵ بکات ، ئەوا خەڵکانێک ماون ، تا ئێستا تەڕە پوشێک خێریان لەکەرکوک نەدیوە ، بەڵام بەقەبارەى کەرەستەکانى خۆیان هەڵوێستیان دەبێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت