بەهرۆز جەعفەر: دوالیزمی دەوڵەتێکی بەهێز بۆ کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەک/
لەمیانەی پرۆگرامەکانی ئەم گەشتەی فۆکۆیاما، زنجیرەیەک «گفتوگۆی قووڵ» لە زانکۆی ئەمریکی ڕوویدا، لە دیدی ئێمەدا فۆکۆیاما لە دوای 11 ی سێپتەمبەری 2001 ەوە فیگەرێکی بێ بازاڕە، ئەم تێکستەش لەگەڵ خۆی تاوتوێ کرا:
A- فۆکۆیاما لە تێزەکانیدا «پێی وابوە» ئەوەی دوای لیبرالیزمی سەرمایەداری بە سەرکردایەتی خۆرئاوا نەکەوێت، ئەوە ئەبێت دواجار لەو کێوانە لە سارادا بەجێ بمێنێت.
B- فۆکۆیاما ئەیوت دەوڵەتێکی بەهێز زامنی بەرجەستە بونی دیموکراسیەتە، یانی ئەوەی دەوڵەتێکی بەهێزی هەبێت دیموکراسیەتێکی بەهێزی هەیە، پرسیمان ئەی ئەوانەی دەوڵەتیان نییە لەم سەردەمی پۆست ئیندوستریالیزەیشنەدا!؟. ئێمە بۆ دەوڵەت مان نییە!؟.
ئەوە نییە یابان، هیندستان، چین، باشوری ئەفریکا، بەرازیل، ئێران، کۆریای باکور، بەشێکی تر لە پاشخانی سیستەمە ترادیسۆنیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێن لیبرالیزمی سەرمایەداری نەکەوتوون و، لە سەر زەوییەکی تەخت ئەژین و دیموکراسیەتێکی ڕێژەییشیان بەرجەستەکردووە، لە هندستان نزیکەی 122 زمانی سەرەکی هەیە 1599 زمانی دیکە یان لاوەکیش هەیە، نزیکەی 200 جۆر ئاینزاو نەتەوەی جیاوازیش هەن لەو وڵاتەدا، کەچی سێهەم گەشەی ئابوریی جیهان هیندستانەو، لەو کێوانەش جێ نەماون!؟.

دوو/
دەوڵەتێکی بەهێز بۆ کوردستان چەند زەرورە، چەندە دەوڵەت هێزێکی بێشوماری دەستوری و چوارچێوەیەکی جوگرافی و هێڵێکی پانی مێژوویی و شوناسێکی نێودەوڵەتی ئەبەخشێت، بەهەمان بڕو ئاراستە ئەوەندە زەرورە ئەوانەی بە ناوی ڕیفراندۆم و موزایەداتی حیزبایەتی و تاڵانی سامانی گشتیەوە دەست ئەگرن بە قەزیەی دەوڵەتی کوردستانەوە دوور بخرێنەوە. ئەگەر مەترسییەکی گەورە هەبێت لەسەر کوردستان تێکڕا ئەوانەن بونەتە بار بەسەر خاک و تاکی کوردستانەوەو، لایانوایە کوردایەتی لە کاسەی بەتاڵی ئەواندا ڕوواوەو، ئەوی لە دەرەوەی ئەوان نەبێت ئیتر لەو کێوانە لە سارادا جێ دەمێنێت!. ڕیفراندۆمناسی کوردی زمانی ئەوەندە ئیش ئەکا ئەڵێت« ڕیفراندۆم جێی خۆی گرتووە»!؟ پێمان ناڵێ لە کوێ ئامانجەکەی پێکا، لە کەرکووک؟. لە عێراق؟ لای ناتۆ ؟ لە یەکێتی ئەوروپا و یوئێن؟. لە کوردستان؟. لای ئێران و تورکیا؟.

سێ/
ئەم زەمەنە زەمەنی ناسنامەیە، زەمەنی گەرانەوەیە لە گڵۆباڵەوە بۆ لۆکاڵ، زەمەنی ناسیۆنالیزمی ئابورییە، زەمەنی کزبونی چرای لیبراڵیزمی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە. هەمیشە جەخت کردنەوە لەمە مەبەست لێی ئەوە نییە وەسفێکی خاسی ناسیۆنالیزم بکرێت، بەڵکو ماتریاڵێکەو هەیە. ئەمما چۆن ناسیۆنالیزم لە حیزبی کوردی ئەتەکێنیت، ئەمە بەڵا گەورەکەیە ڕووبەڕووی فەزای گشتی کوردستان ئەبێتەوە، تۆ چۆن بە دەرزییەک میزڵدانی ئەو هەموو مرۆڤە پرۆ- حیزبی و بێ ئارگیۆمینتە ئەتەقێنی کە تەنها ختوکەی سۆز و هەستی هاونیشتیمانی ئەدات بۆ مەرامێکی سیاسیی دواکەوتوو؟.
دەوڵەتێک بۆ کوردستان هەموو کاتێک زەرورە، ڕۆح بەبەر کەسێتی تاکی کورددا ئەکات، بەڵام کاتێک ئەمە چێ ئەبێت کە لە چەند کێڵگەیەکدا زەوی بەیار کێڵدرابێت، لەوانە «لەسەر ئاستی هەموو ئەکتەرە نێودەوڵەتیەکان» هەتا ئەکتەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا درک نەکەی و تێورییەکانی پشت ئەمە نەخوێندرابێتەوە، زەحمەتە لەم کێڵگەیەدا بەو کەرەستە حیزبی و مرۆڤە لووتشکاوانەی دەوروبەری مەرکەزی بڕیار هیچ نادروێتەوە. بەهەمان شێوە لە ئاستی ناوخۆ و عێراقیشدا هێزی کوردی ئەو ماڵە نین بانگەشەی دەوڵەتێک بۆ کوردستان بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت