بەهرۆز گەڵاڵی : کابینەی داهاتوو پێشکەشی برایانی پارتی‌ و گۆڕان بێت و پیرۆزیان بێت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێتی دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن ؟

راپۆرت : ستیڤان شەمزینی ، ئاژانسەکان

* فریاد رەواندوزی : بەم بارودۆخەوە یەکێتی ناتوانێت ئەرکەکانی وەکو ئۆپۆزیسیۆن ئەدا بکات 

* مەلا یاسین : یەکێتی بۆ دەسەڵات دروست نەبووە بەڵکو یەکێتی بۆ ئۆپۆزیسیۆنبوون دروستبووە

* بەهرۆز گەڵاڵی : کابینەی داهاتوو پێشکەشی برایانی پارتی‌ و گۆڕان بێت و پیرۆزیان بێت

لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 21-9-2012 یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو بە هێزی سێیەم و بە جیاوازیی شەش کورسی کەوتە دوای هێزی دووەم ” گۆڕان “. بەمەش ریزبەندیی هێز لە هاوکێشەی ناوخۆیی کوردستاندا گۆڕانکایی زۆری بەسەردا هات . کە کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت بۆ سەر پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێم ، بە تایبەت بە هۆی ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان نیەتی بەشدارییکردنی هەیە لەم کابینەیەدا. یەکێتی دەیەوێ لە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتدا، لایەنی براوەی یەکەم ” پارتی” ژمارەی کورسی نەکاتە پێوانە ، بەڵکو رەچاوی رێککەوتنی ستراتیجی بکات، بەڵام ئەو لیستەی یەکێتی بۆ بەشداریی لە حکوومەت تەرحی کردووە، لە وەرگرتنی جێگری سەرۆکی حکوومەت و چەند وەزارەتێکی سیادی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان ، وای لە پارتی کردووە کە هەڵوەستەیەک بکات و هەوڵ بدات بۆ رازیکردنی یەکێتی لەلایەک و گۆڕان لەلاکەی تر بە پێی ئەو ئیستیحقاقەی هەیەتی لە هەڵبژاردندا .

یەکێتی ، پێشتر بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد، پێویستە حکوومەتێکی بنکە فراوان بە بەشداریی سەرجەم لایەنەکان دروست بکرێت، مەرجی ئەوەشی دانابوو کە دەبێت جۆری بەشدارییەکەی لە دەسەڵات راستەقینە و هاوبەشانە بێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو بانگەشانە کۆتاییان هاتووە و زێدەتر تەرکیزی یەکێتی لەسەر پچڕینی بەشێکی باشە لە کابینەی هەشتەم ، لەم نێوەندەدا پارتی کەوتۆتە دووڕیانێک لە نێوان هاوپەیمانە ستراتیجییەکەی و براوەی دووەم، بۆیە پارتی بە دوای چارەسەرێکی مامناوەنددا دەگەڕێت. بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئەگەر پارتی بە مەرجەکانی یەکێتی رازی نەبوو، یەکێتی دەچێتە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن یان سازش دەکات؟. ئایا تا چەند یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ رای ئەو ئاڕاستەیەی ناو یەکێتی کە دەیانەوێ بۆ ئەم قۆناغە حزبەکەیان ئۆپۆزیسیۆن بێت؟. بە بڕوای چاودێرانی سیاسیی، پێناچێت یەکێتی حەز بەوە بکات ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام ئەگەر واقیع ناچاری بکات ئەمەیان مەسەلەیەکی ترە .

بەشداریی لە کابینەی هەشتەم

بەشی زۆری سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە، یەکێتی بۆ ئەم خولەش بەشداریی لە حکوومەتدا بکات، ئەوەش وەک بەشێک لە پرۆسەی بەهێزکردنەوەی یەکێتی سەیر دەکەن. لە باری واقیعیشەوە یەکێتی تا ئەم خولەکەش دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەشکێت کە بە “زۆنی سەوز”ی پێشوو پێناسە دەکرێت .

فریاد رەواندوزی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، هەلومەرجی یەکێتی ئەوە دەخوازێت بۆ ئەم قۆناغەش بەشێکی گرنگ بێت لە حکوومەتێکی بنکە فراوان. رەواندوزی رایگەیاند “پێموانییە یەکێتی لە کاتێکدا خۆی تووشی چەندین کێشەی بونییەوی بووە، موئەهەل بێت بۆ ئۆپۆزیسیۆن. بە رای من ئاڕاستەکە بەرەو ئەوەیە یەکێتی بەشێک بێت لە حکوومەتێکی بنکە فراوان، پێدەچێت میزاجی گشتیی، هەم کۆمەڵایەتی و هەم سیاسیش بەو ئاڕاستەیەدا بڕوات”.

فریاد رەواندوزی، پێیوایە بەشداریی لە حکوومەت دەرفەت دەداتە یەکێتی بۆ بەخۆداچوونە. وتیشی “لە مەسەلەی ئیدارەدان، لە بەڕێوەبردنی حکوومەت، لە چۆنێتی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەی هەیە، بۆیە بۆئەوەی نەفەسێک بە خۆمان بدەین و بتوانین یەکێتی چاکبکەینەوە، کێشەکان لە بونیادەوە چارەسەر بکرێت پێویستی بەوەیە لەم قۆناغەدا بەشداری حکوومەت بێت، بەڵام شەریکی راستەقینە بێ، چوونکە ئەگەر شەریکی راستەقینە نەبێت و نەبێتە ئۆپۆزیسیۆنیش ئەوا وەکو عەرەب دەڵێ هەردوو هەنگاو لە دەستدەدات، هەم ناتوانێت ئیدارەی حکوومەت بدات و هەم ئامادەکاریی نییە لە هزری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بوون بەئۆپۆزیسیۆن. لەو باوەڕەدام ئاڕاستەی چوون بۆ حکوومەت زاڵتر بێت “.

ستران عەبدوڵڵا، سەرنووسەری رۆژنامەی “کوردستانی نوێ”ی زمانحاڵی یەکێتی، پێداگریی لەسەر بەشداریی یەکێتی لە حکوومەت دەکات و پێیوایە کابینەی ئەم جارە بێ بەشداریی هەر سێ لایەنی سەرەکی “پارتی، گۆڕان، یەکێتی” سەرکەوتوو نابێت. سەرنووسەری کوردستانی نوێ، جەخت لەوە دەکاتەوە “پارتی بێ ئەوان ناتوانێ و نایەوێ‌ حکوومەت پێکبێنێ. ئەوانی تر بە پلەی یەکەم بریتین لە یەکێتی، هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی کە ماوەیەکە ململانێی رۆژانە، رێگای لە دەمەزەردکردنەوەی (ستراتیژییەکەیان) گرتووە، گۆڕان کە دۆستایەتییەکی تازە بابەتی لەگەڵ پارتی دەست داوەتێ و پەیامی (چوار ساڵی ئارام)ی ناردووە. بە پلەی دووەمیش دوو هێزە ئیسلامییەکە دێن کە لە ژێر یەک تایتڵی ئیسلامیدان، بەڵام لە وردەکاریدا ئاڕاستەیان جیاوازە”.

ستران عەبدوڵڵا ، باس لەوە دەکات، بۆ ئەوەی حکوومەتێکی نیشتمانی و کوردستانی دروست بێت کە دەسەڵاتی بەسەر تەواوی کوردستاندا بشکێت ، پێویستە گۆڕان و یەکێتی لە حکوومەتدا بەشدار بن. وتیشی “سێ کوچکەی (یەکێتی و پارتی و گۆڕان) سێ توخمی سەرەکین لە پێکهاتنەکەدا ، پارتی بۆ ئەوەی حکوومەت کوردستانیی بێت و بگاتە (سلێمانی و کفری)ش، دەبێ گۆڕان و یەکێتی، هەریەکەیان لەبەر هۆکارێک، رەچاو بکات کە ئەوەی یەکێتی ئەزموونی کارکردنی پێکەوەیی جارانیانە، ئەمە وایکردووە کۆدی یەکتری بخوێننەوە. بە لابردنی فاکتەرەکانی تر رەنگە رێککەوتنی سێ کوچکەیی ئاسان بێت: سێ هێزن و حکوومەت دروستدەکەن، بەڵام کێشەکە لەو وێستگە تازانەی هەڵبژاردندایە کە دەوری جێبەجێکردنی ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی (21/9/2013)یان داوە”.

ئاریان فەرەج، ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی پارتی، پێیوایە دەبێت یەکێتی واقیعی تازە لەبەرچاو بگرێت و قبوڵی بکات، ئێستا لە خشتەی دوو هێزە سەرەکییەکەی کوردستاندا نییە. فەرەج دەڵێت “ئێستا هاوکێشەکە جۆرێکی دیکەیە. ئەگەر نەڵێین ئەمڕۆ دوو جەمسەرە سەرەکییەکە بریتین لە پارتی و گۆڕان، ئەوا بێگومان دوو جەمسەرەکە بریتی نین لە پارتی و یەکێتی، ئەگەر هەموو ئیعتیبارە جۆراوجۆرەکانیش لەبەرچاو بگرین ئینجا هاوکێشەکە بەم جۆرەیە (پارتی- گۆڕان – ئەوجا یەکێتی) ئەگەر رێککەوتننامەی ستراتیجی رێککەوتنی هێزە سەرەکییەکانی کوردستان بێت، ئەوا لە ئێستادا تەنیا لایەنێکی رێککەوتننامەکە سەرەکییە کە ئەویش پارتییە، ئەوی دیکە کە یەکێتییە دەکەوێتە دوای هێزێکی سەرەکیترەوە کە پێی دەڵێن بزووتنەوەی گۆڕان “.

ئاریان فەرەج، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، چوار ساڵی داهاتووی خەڵکی کوردستان کەوتۆتە سەر واقیعبینی یەکێتی و دەڵێت “چی دیکە رێککەوتننامەی پارتی لەگەڵ هێزێکی ناسەرەکی، یەکدەنگی و هاوخیتابی و سیاسەتی گشتیی نەتەوەیی و نیشتمانی لێ بەرهەم نایەت. هەروەک چۆن حکوومەتێکی دەستڕۆیشتووشی لێ پێکنایەت کە قەڵەمڕەوەکەی بە هەمان شێوەی هەولێر و دهۆک لە سلێمانی و گەرمیانیش حاکم بێت. زوو پێکهاتنی حکوومەت و پەکنەکەوتنی ژیانی خەڵک و گرەنتی چوار ساڵی داهاتووی ئارام لە کوردستاندا بەندە بەوەی یەکێتی نیشتمانی لە ئێستادا چەندە واقعبینە “.

بژاردەی ئۆپۆزیسیۆن

بەشێکی زۆر لە بنکەی جەماوەریی یەکێتی و کادرە پێشکەوتووەکان و ئەندامانی سەرکردایەتی لەگەڵ ئەوەدان، بۆ ئەم چوار ساڵە وەک ئۆپۆزیسیۆن درێژە بە کاری سیاسیی خۆیان بدەن، بە تایبەت بەهۆی بەشداریی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێستا، بۆشایی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمدا دێتە ئاراوە. بەڵام باڵی دەستڕۆیشتووی ناو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی ئەم پێشنیارە رەت دەکەنەوە و داکۆکی دەکەن لەسەر بەشداریی یەکێتی لە کابینەی هەشتەمدا. بەو پێیەی بەم دۆخە پڕ قەیرانەوە سەنگەری ئۆپۆزیسیۆن هەڵبژێرن رووبەڕووی تەنگژەی زیاتر دەبنەوە .

فریاد رەواندوزی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، پێداگریی لەسەر بەشداریی لە حکوومەت دەکات و پێیوایە یەکێتی لەو هەلومەرجەدا نییە ببێتە ئۆپۆزیسیۆن. رەواندوزی دەڵێت “بەش بەحاڵی خۆم پێموانییە یەکێتی لە کاتێکدا خۆی تووشی چەندین کێشەی بناغەیی بووە و پێویستی بە بنیاتنانەوە هەیە و پێویستی بەوە هەیە چاو بە هەموو بوارەکاندا بخشێنێتەوە (بە پێکهاتە و شێوازی کارکردنی خۆی، بە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی خۆی) بتوانێت لەم بارودۆخەدا ببێتە ئۆپۆزیسیۆن . بوون بە ئۆپۆزیسیۆن بەم کێشە و قەیرانە بونیەوی و ریشەیانەی ناو یەکێتی هەیە، ئۆپۆزسیۆنایەتیش لە دەستدەدەین. بەم بارودۆخەوە یەکێتی ناتوانێت ئەرکەکانی وەکو ئۆپۆزیسیۆنیش ئەدا بکات ، یەکێتی لەبار نییە بۆ ئۆپۆزیسیۆن. لەکاتێکدا دەتوانرێت ببێت بەئۆپۆزیسیۆن کە رێبازەکەی دیار بێت، بەڵام لەناو یەکێتیدا کێشەی رێبازیش هەیە “.

مەلا یاسین، بریکاری پێشووی وەزارەتی ئەوقاف و کادری پێشکەوتووی یەکێتی، پێیوایە یەکێتی هیچ زیانێک ناکات ئەگەر بەرەی ئۆپۆزیسیۆن هەڵبژێرێت . جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە “یەکێتی بۆ دەسەڵات دروست نەبووە وەک هەندێک کەس پێیانوایە. بەڵکو یەکێتی بۆ ئۆپۆزیسیۆنبوون دروستبووە. کە دروستبووین، ئۆپۆزیسیۆن بووین‌ و دژی رژێمی بەغدا خەباتمان کردووە و تێکۆشاوین . ئەگەر بڕیاری ئۆپۆزیسیۆنبوونیش بدەین مانای ئەوە نادات تاقیامەت بەو جۆرە بمێنینەوە “. لە بارەی ئەوەی تاچەند یەکێتی زیان دەکات ، ئەگەر ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، مەلا یاسین، دەڵێت ” ئێمە زەرەری گەورەمان کردووە. هیچ لەو زەرەرە گەورەتر نییە کە بووینەتە خاوەنی 18 کورسی پەرلەمان. هەر زەرەرێک بکەین بەهۆی ئەو بڕیارەوە، بەقەد زەرەری ئەوجارە نابێت “.

مەلا یاسین، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، رێژەی کورسی بۆ پێکهێنانی حکوومەت زۆر گرنگە و پێیوایە ئەو یەکێتیانەی دەڵێن کورسی حساب نییە، هەڵە دەکەن . ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات زۆر گرنگە یەکێتی ئۆپۆزیسیۆن بێت و دەڵێت “یەکێتی لەگەڵ پارتی مێژووییەکی هاوبەشی پڕ لە خەبات ‌و تێکۆشانی خوێناویمان هەیە دژی رژێمی بەغدا، بەڵام بۆ ئەم قۆناغەی داهاتوو باشترە دەست‌ و پەنجە لەگەڵ یەکتری نەرم بکەین‌ و کارێک بکەین کۆمەڵانی خەڵک بە سەلامەتی بژین . ئەگەر لە دیموکراسی بگەین، ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا و رێ رووناککەرەوە بەشێوەکی فیعلی دەبێتە بەشێک لە دەسەڵات‌ و فشار و گوشارەکانی کاریگەرییان دەبێت‌ و قسەکان شوێنی خۆیان دەگرن. بەتایبەتی لە بەشی پۆزەتیڤ نەک نێگەتیڤ . بە شێوەیەکی گشتیی بوون بە ئۆپۆزیسیۆن مایەی خەتەر و هەڕەشە نییە “.

پێشتریش، “بەهرۆز گەڵاڵی” ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، پێشنیاری ئەوەی خستە بەردەم سەرکردایەتی حزبەکەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو، دەسەڵات و حکوومەت پێشکەشی پارتی و گۆڕان بکرێت و یەکێتی وەک هێزی ئۆپۆزیسیۆن رۆڵ بگێڕێت. گەڵاڵی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە “کابینەی داهاتوو پێشکەشی برایانی پارتی‌ و گۆڕان بێت. با حوکمڕانی خۆیان بکەن. پیرۆزیان بێ. ئێمەش بڕۆین بۆ ئۆپۆزیسیۆن‌ و کاری باشیان کرد دەستخۆشییان لێبکەین و کاری خراپیشیان کرد، لێیان دەکەینە هەراوهۆریا و جەماوەریان لێ هاندەدەین ‌و خۆمان بە هێزی گەل بەهێز دەکەینەوە، متمانە و پشتیوانی جەماوەری کوردستان جارێکی تر دەتوانین بگێڕینەوە بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات‌ و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. رێککەوتننامەی ستراتیژیش تێکنادەین، چوونکە رێککەوتننامەی ستراتیژیی لە بنچینەدا بۆ ئەوەیە شەڕی ناوخۆ روونەداتەوە. بەڵێ ئەمەش وەکو بیلبیلەی چاوی خۆمان دەیپارێزین “.

بەهرۆز گەڵاڵی، پێیوایە بەشدارییکردنەوەی یەکێتی لە حکوومەت، ئەو حزبە رووبەڕووی شکستی زیاتر دەکاتەوە، بۆیە تاکە رێگا لەبەردەم یەکێتی بە ئۆپۆزیسیۆنبوون دەبینێت. گەڵاڵی دەڵێت “چیتر یەکێتی بە قوربانی حکوومەتی (بە ناو هاوبەش‌ و بە ناو یەکسان) ناکەین، چوونکە بەم شێوەیە بەردەوام بین لەگەڵ پارتی! لە هەڵبژاردنی داهاتوودا کەم دەبینەوە، دیارە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بایی ئەوەی هەیە کە بتوانێ هەشت نۆ ساڵ بنکە و بارەگا و پێشمەرگە و کادرەکانی خۆی بەخێو بکات، یەکێتییەکان ئیتر بەسە یاڵڵا با بڕۆین بۆ ئۆپۆزیسیۆن‌ و واز بێنن لە کورسی ئەم دەسەڵاتەی کە بۆتە هۆی لاوازکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان . با بەکردار بگەڕێینەوە بۆ خانووە قوڕەکان‌ و دروشمەکەی جەنابی مام جەلال. بە کردار جێبەجێی بکەین و لەمەشدا داهێنان بکەین “.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت