Bekir-ibrahim

   بەکر ئیبراهیم : پێشمەرگە لەسەر زاری ئەحمەد دەسماڵەوە بەرەو قارەمانی نێودەوڵەتی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دۆزرانەوەی وشەی (پێشمەرگە) بۆ خۆی داستانێکە. کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەد کە گرینگییەکی زۆری بە زمان و ئەدەبی کوردی داوە، ئەسپاردبووی لەجیاتی وشەی سەرباز و عەسکەر و نیزامی و فیدایی، وشەیەکی جوانی کوردی بدۆزرێتەوە و بەکار بهێندرێت. جا ریزەیەک لە نووسەران و زمانزان و هونەرمەندان و پسپۆڕانی کورد بەو ئامانجە کۆبوونەوەیەک پێک دەهێنن و چەند سەعاتێک گوتووێژی لەسەر دەکەن و بە ئەنجامێکیش ناگەن. کوردێکی پیر و نەخوێندەوار و دنیادیتە بە ناوی ئەحمەد دەسماڵ کە لەو کۆبوونەوەیەدا خزمەت دەکات و چایان بۆ دەهێنێ، دەبینێ کە هەموو شەکەت بوون و چوونەتە بەحری خەیاڵاتەوە، لەناکاو هەڵدەداتێ و دەڵێ، ئەرێ بۆچی خۆتان لە هیچ و خۆڕایی ماندوو دەکەن. باب و باپیرانمان پیاوی ئازا و بەکاریان بە پێشمەرگە ناو بردووە، ئێوەیش هەر ئەو ناوەی لێ بنێن، بە هەڵبژاردنی ئەو ناوەیش پێشمەرگە چووە قاڵبی پاڵەوانێکی ئەفسانەیی، فریادڕەس، فریشتە، ئازا و کۆڵنەدەر و نەترس، نیشتمانپەروەر و رزگاریخواز، بە بیستنی ناوی پێشمەرگەیش ئەو رۆڵە نەبەزانەی کوردمان دەهاتە بەرچاو و ئێستایش دێتە بەرچاو کە لە ریزی خەبات و تێکۆشان بۆ رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان بە قارەمانیەتییەکی بێوێنەوە پێشوازییان لە مەرگ کردووە، پێشمەرگەیش هەردەم دیمەن و ڕووخساری ئەو پیاوە بەنرخ و بەڕێزانەی خستوونیەتە بەرچاو کە بەردەوام لە خزمەتی گەل و نیشتمانی داگیرکراویاندا قۆڵی کوردایەتی و مەردایەتییان لێ هەڵماڵیوە، بەردەوامیش تا ئەمڕۆ پێشمەرگە پێشمەرگ بووە بۆ رزگاری و ئازادیی کوردستان و ئامادەی ژیانبەخشین بووە، کەمیش نین ئەوانەی خۆیان کردووەتە چرای ڕووناککەرەوەی رێگای رزگاری و ئازادیی کوردستان ، ئەمڕۆیش سەنگەرەکانیان قایمتر و خۆڕاگرترە لە بەرامبەر ئەو دوژمنانەی دەست بۆ خاکی کوردستانەکەمان دەهێنن، ئەم بەرگریەی پێشمەرگە لە نیشتمان، ئەم نەبەردییە زۆرەی ئێستا هەیە، ئەم هەموو فیداکارییە، دەشێ سەردەمێکی نوێ و قۆناخێکی نوێی ناو و ناوەڕۆکی پیرۆزی پێشمەرگە بێت کە خۆشبەختانە ئێستا ناوێکی بڵاو و ناسراوە لە هەموو ناوەندە سیاسی و ئیعلامییەکانی دونیا و لەسەر زاری گەورەترین سەرکردەی وڵاتانی جیهانیش .
ئەوەتا لە کاتی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فەڕەنسا (فرانسوا ئۆلاند) لە بەشێکی قسەکانیدا بۆ رۆژنامەنووسان دەربارەی پێشمەرگە گوتی، “سەردانم بۆ هەولێر کاریگەر دەبێت و شانازییش بەوەوە دەکەین کە خاوەنی بیرۆکەی سیاسەتی پشتیوانیکردنین لە ئێوە.” گوتیشی، “بە هۆی هاوکاریی ئێوە و دۆستانەوە، پێشڕەویی بەرچاو هاتوونەتە دی و، پێشمەرگەیش رۆژانە سەرکەوتنی مەزن تۆمار دەکەن. بڕوای تەواومان هەیە کە بە هەوڵی هەردوولا، ئەوە بەدی بێنین کە لە بەرژەوەندیی ناوچەکە و جیهاندایە.” ڕاشیگەیاند کە، “بە سەرسامییەوە لە پێشمەرگە دەڕوانم کە توانیویانە زەبری کوشندە لە تیرۆریستان بدەن. هەروەها بە هۆی هاوکارییەکانمانەوە توانیوتانە هاوسەنگیی هێز بگۆڕن، هاوکارییە سەربازییەکانیشمان بەردەوام و زیاتریش دەبن “.
سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (باراک ئۆباما)ـیش، لەو وتارەیدا کە لە سەروبەندی یادی 11-ی سەپتەمبەردا پێشکەشی کرد، لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی کە وڵاتەکەی ناچێتە نێو شەڕێکی نوێوە لەو ناوچەیەدا، بەڵام هاوکاریی زیاتری هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات .
لە چاوپێکەوتنێکیشدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، سەرۆکی پێشووتری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (بیڵ کلینتۆن) گوتی، “دەزانین کە کورد و پێشمەرگە ئامادەن شەڕی داعش بکەن، ئەگەر پشتیوانییان لێ بکەین و هاوکارییان پێشکەش بکەین، ئەوا جەنگی دژی داعش وەک ئەوەی ئێستا بەردەوام دەبێت، ئەمەیش ململانێیە بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی تاکەکەس”.
لە دیدارێکیشیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی دژی داعش جەنەراڵ (جۆن ئالن)، رایگەیاند کە ئەمەریکا لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، هەروەها هەموو هاوکاری و پشتگیرییەکیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و جەنگی دژی تیرۆر پێشکەش بە پێشمەرگە دەکات .
هاوکات وەزیری بەرگریی ئەڵمانیایش (ئۆرسۆلا فۆن دێر لێین)، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، “ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە کە بە درێژایی 1050کم لە شەڕی تیرۆردایە، لە جێی خۆیدایە و پێویستی بە چەک هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە، بە بایەخیشەوە سەیری خۆڕاگریی پێشمەرگە دەکەین و بەردەوام دەبین لە پڕچەککردن و راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە “.
ئەو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، کە ئەوان باش دەزانن کوردستان لە جیاتی جیهان شەڕی تیرۆریستان دەکات، بۆیە ئەڵمانیا بڕیاری هاوکاری و پاڵپشتیکردنی کوردستانی داوە.
حکوومەتی چیکیش پالًَپشتیی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لە پێدانی چەک بە پێشمەرگە و گەیاندنی نوێترین تەکنۆلۆژیای سەربازی بۆ ئەم هێزانە کردەوە. ئەم هەڵوێستەی حکوومەتی چیک لە میانەی دیداری وەزیری ناوخۆی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری چیک ڕاگەیەندرا، کە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی وەزیری ناوخۆ (میلان چۆڤانیک)، سەردانی ئەم وڵاتەی کردبوو.
لە لایەکی دیکەیشەوە، لە راپۆرتێکی فراوانیدا، رۆژنامەی واشنتۆن پۆست گەییشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کە کۆشکی سپی پێویستی بە هێزی پێشمەرگەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و پێشمەرگەیش چەک و جبەخانەی زیاتری گەرەکە و پێویستە لە بەغدایشەوە پشتیوانیی دارایی بکرێت .
واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوە داوە کە ئیدارەی (باراک ئۆباما) پشتی بە کورد بەستووە تا هێزی پێشمەرگە بکاتە پێشڕەوی ئەو هێرشە سەربازییەی کە بەنیازە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی سەرجەم ناوچەکانی عێراق ئەنجامی بدات.
رۆژنامەکە خەبات و تێکۆشانی کورد و هێزی پێشمەرگەی لە دژی رژێمی لەناوچووی بەعس بەبیر هێناوەتەوە کە چۆن بەرگەی ستەمی ئەو رژێمەی گرت و ئێستایش خەونی دامەزراندنی دەوڵەت و سەربەخۆبوونیان هەیە.
ئەمە ئەو گوتە گرینگ و پڕبایەخانەن کە من بەشێکی کەمیانم خستوونەتە روو، هەموو ئەوانە و زیاتریش پشتیوانییەکی گەورەی نێودەوڵەتییان بۆ کوردستان و پێشمەرگە هێناوەتە دی. ئەم پشتیوانییە گەورەیەیش بۆ خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەکانمان، پەیامی زۆر گرینگی تێدایە کە ئێستا پێشمەرگەی کوردستان جێگەی بایەخی سەرۆک و میدیای زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی دونیایە و وەزارەتی پێشمەرگەیش هەنگاوی کیسەڵئاسایە بۆ دروستکردنی هێزێکی نیشتمانی و باشترکردنی ژیانی پێشمەرگەکانمان، دە تۆش پیری کارامە و خزمەتکار و لەبیرکراو، خاوەنی دۆزینەوەی وشەی پێشمەرگە (ئەحمەد دەسماڵ) کە بە دۆزینەوەى ئەم ناوە پێشەوا (قازی)ـت گریاند، بمانبوورە کە لە ئەمرۆدا پێشمەرگەش قارەمانى نێودەوڵەتییە، و وەزارەتی پێشمەرگەش نەک پەیکەریان بۆت دروست نەکردووە، بەداخەوە هەر لەبیریشیان نیت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت