بەیان ئیبراهیم: جیاوازی لە نێوان (نەخێر) ی من و( نەخێر) ی شاسواردا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر دەوڵەت بون بریتی بێت لە یارییەکی بێزەون لە نێوان حیزبەکاندا، ئەگەر دەوڵەت بون بریتی بێت لەم یارییە ناشیرینەی حیزب و گاڵتەجاڕی کردن بە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و هاوڵاتی، ئەوا دەکرێت کۆی ئەو یارییانە تێ بگەین و بایکۆتی کۆی یارییەکانیان بکەین، چونکە لەم هەرێمە هەمو پێوەرەکان خێڵەکین و یاسا و دامەزراوەیی نیە، هەمو بەهاکان دەبنە یاری دەستی بزنس و سیاسیە بێ مۆڕاڵەکان، خۆ ئەگەر دامەزراوەیەکی وەک پەرلەمان هەبوایە و هێڵی سوری سەروەریە نیشتمانیەکان دیاری بکردایە، ئەوا هەرگیز لە ئێستادا نە ناچار دەکراین سەیری یارییەکی وا بێزەونی نێوای دو تیپی ناشیرین بکەین، ئەگەر پەرلەمان هەبوایە ئەوا یاری نێوان تیپی ( بەڵێ ) و تیپی ( نەخێر ) دەبوایە بدرایە بە دادگا و ئێستە شار بەدەر بکرانایە، ئەم سیناریۆ ناشیرینانەی نێوان دوو بەرە، سەرچاوەکانیان یەک ئامانجە، ئەم دو تیپە سەر بە یەک سەرچاوەی بۆگەنی یارییە ناشیرینەکانن، دوو دیوی یەک دراون، بۆیە گەر دەوڵەت بون مافی بەشداری هەر تاکێکمان بێت، ئەوا ئەم دو تیپە لار و لەوێرە یاری بە کەرامەتی تاک دەکەن، ئەگەر دەوڵەت بون بریتی بێت لە خزمەتگوزاری ئەوە ئەم دو تیپە نەک باسی ناکەن بەڵکو دەیکەن بە هۆیەک بۆ شاردنەوەی ڕوی ناشیرینیان، ئەگەر دەوڵەت بون نەتوانێت کارەبا، موچە، ئاو، سەروەری یاسا، لێپێچینەوە لە نایاساییەکان، دۆسیەی نەوت، تەندروستی، پەروەردە، دادگاکان و… هتد، بەرهەم بهێنێت، ئیتر بە هەردو دیوەکەدا ( نەخێر ) و (بەڵێ ) جگە لەیارییەکی بێزەون و بە گەمژەکردنی خەڵکی هیچی تر نیە.
ئەوە گومانی تیا نیە کە بەرەی ( بەڵێ ) تەنها لە پێناو یەک کەسدا دەکرێت و عەبایەکە دەدرێت بەسەر کێشەکان و دورخستنەوەی تەمەنی نایاسایی مەسعود بارزانی، ئەمەیان هەمومان تێ دەگەین، بەڵام بەرەی ( نەخێر) لە من باشتر دەزانن کە شتێک نیە بە ناوی دەوڵەت بونەوە، لە من باشتر دەزانن لەسەر ئاستی دەرەکی و ناوەکی ئامادەگیەک و ژینەگەیەک نیە بۆ دەوڵەت بون، لە من باشتر دەزانن کە ئەمە ماکیاجێکە بۆ شاردنەوەی دەموچاوە ناشیرینەکان ئەمانیش دێن و ئەم دەمامکانە دابەش دەکەن، بەرەی ( نەخێر ) هەمان کەرەستەی ماکیاجیان لە هەمان سەرچاوەی بەرەی ( بەڵێ ) هێناوە بۆ گەمژەکردنی کۆمەڵگا، بەڵام هەردو بەرەکە ئەوە نازانن کە ئێستە کۆمەڵگا لەوان باش تێگەیوە دەتوانێت بڕیار بدات، ئێستە تاک و کۆمەڵگا خاوەنی ڕاگەیاندنی خۆیەتی و هەر گاڵتەشی دێت بە شاشەی تی ڤیەکانی ئەوان، وەک مەحوی دەڵێ ( شوکور هوشیارە مەحوی تێ دەگات دنیا خەراباتە ) کەواتە تێگەشتین لە بەرەی ( بەڵێ ) ئەمەیە و بەس بۆ سەرۆکێکی ناشەرعیە بۆ درێژکردنەوەی ئەو ناشەرعیەتەیە. بەڵام جیاوازی زۆرە لە نێوان ( نەخێر ) ەکەی من و (نەخێر) ەکەی شاسوار دەتوانم بڵێم:
1- (نەخێری) من لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە گاڵتە بە بەها نیشتمانیەکان نەکرێت، (نەخێر) ی شاسوار هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ فێڵ و ساختەکەی (بەڵێ ) دا، بەلام بە دیوێکی تردا.
2- (نەخێر ) ی من بۆ ئەوەیە کە سیاسەت و بزنس لەیەک جیا بکرێتەوە، (نەخێر ) ی شاسوار بۆ داگیرکاری حیزبێکی نوێ یە لە بازاڕ.
3- (نەخێر ) ی من بۆ ئەوەیە چاوچنۆکەکان کۆتاییان بێت، (نەخێر ) ی شاسوار دانانی هێلکەی هەزارەها چاوچنۆکی ترە.
4- (نەخێر ) ی من بۆ بایکۆتکردنی کۆی گاڵتەکردن و فێڵ کردنە لە تاک، (نەخێر ) ی شاسوار هەمان گەمەی بەرەی بێتامی ( بەڵێ ) ە.
5- (نەخێر ) ی من بۆ دەرکردنی تاکە لەم بارە قورسەی ژیان، (نەخێر ) ی شاسوار بۆ کردنی تاکە بە موشتەریەکی باشی بازاڕەکەی.
6- (نەخێر ) ی من بۆ خێراکردنە لە چارەسەری موچە و کارەبا و ئاو، (نەخێر ) ی شاسوار گاڵتەکردنە بە کات بۆ قسەنەکردن لەسەر ئەم دۆسیانە و دورخستنەوەی.
7- (نەخێر ) ی من بۆ ئەوەیە چی تر پارەی ئەم هەرێمە نەدزرێت و لە بازاڕەکانی دنیادا سپی نەکرێتەوە، (نەخێر ) ی شاسوار بۆ بەردەوامی دانە بەم دۆسیەیە.
بەڵێ هازارەها (نەخێر ) و هەزاران جیاوازی تر.
کە بە گشتی دەڵێین. ئەم یارییە بێزەونە ڕاگرن، خەڵک ئەودیو شانۆکە دەبینێت، خەڵک دەزانێت ئەم داموچاوانە ماکیاج کراون، دەزانن هەموی بۆ بەرگرتن و پاراستنی سرمایەی ناشەرعی و کورسی ناشەرعیە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت