بەیان ئیبراهیم: زانکۆکان کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی زانست یان بازاڕێک بۆ بە کاڵاکردنی خوێندکار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زانکۆکان ئەگەر کارگەیەک بن بۆ بەرهەمهێنان، ئەوا دەبێت بەرهەمەکانیان کاریگەریان لەسەر کۆی ڕەوتی کۆمەڵگا هەبێت بۆ باشترین جۆری سیستەم و پێشەکەوتن. زانکۆ دەبێت ئەو دەزگایە بێت، کە کۆی کۆمەڵگا ئاراستە بکات لە پۆینتێکەوە بۆ پۆینتێکی تر.
دەبێت زانکۆ ناوەندێک بێت بۆ زانستەکان و، بەردەوام نەوەی نوێ خوێندەوار بە مانا گشتیەکەی پێشکەش بە کۆمەڵگا بکات. زانکۆ لەسەر ئاستی ئەکادیمیا ساڵانە دەبیت توێژینەوەکانیان دەستنیشانی کێشە و قەیرانەکان بکات و، چارەسەری پێبێت بۆ باشترکردن یان چارەسەرکردنی کێشەکان. زانکۆ دەبێت وا بێت کە ساڵانە لە دوای ڤیستڤاڵی دەرچونیان خەرمانێک لە زانستی نوێ بخاتە بەردەم کۆمەڵگا و حوکمڕانی تا ببێتە سەرچاوە بۆ کاری دامەزراوەیی نوێ.
زانکۆ لەسەر ئاستی زانستی مرۆڤایەتی دەبێت ساڵانە ڕاپۆرتێکی داتابەندی هەبێت، کە بە ژمارە ئەوەندە خوێندکاری لە بوارە جیاجیاکاندا و ئەوەندە پسپۆڕی زانستی پێ گەیاندوە. لە دنیادا زانکۆکان نمونەی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەکە، کە دەڵین: فڵان زانکۆ، ئاستی پێشکەوتنی لە ڕیزبەندی زانکۆکانی جیهاندا ئەوندەیە. دەبێتە بەرز بونەوەی براندی ئەو وڵاتە و براندی زانکۆکەش. دەبوایە زانکۆکانمان تۆژینەوەی مەیدانیان هەبوایە لەسەر ئەم قەیرانانە و ئێستا هەزارەها تۆژینەوە سەبارەت بەم قەیرانانە ببوایە.
خۆ ئەگەر سەیری شۆڕشەکانی دنیا بکەین، ئەوا زانکۆکان سەنتەری دەستپێکردنی ئەم شۆڕشانە بون. یان سەیری پێشکەوتنەکان بکەین لە قوتابخانەی فرانکفۆرتەوە تا دەگاتە ئۆکسفۆرد، دەزانین چی جیهانێکیان خولقاندوە، هەزاران بیرمەندیان بەرهەم هێناوە، هەر لە هۆرکهایمەر و هابرماس و ئەریک فرۆم و هازارانی تر. زانکۆکانی ئێمە نەک کارگەیەک نین بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمی زیندو لەوێوە بیخەنە ناو خانەکانی لاشەی کۆمەڵگاوە تا زیندویەتی ببخشێتە کۆی جەستەی کۆمەڵگا. بەداخەوە بوەتە کارگەیەک بۆ بە کاڵاکردنی تاکی خوێندکار، لە ناو ئەم هەمو قەیرانانەدا، لەناو ئەم هەمو کێشانەدا، لە ناو ئەم هەمو بێ یاسایی و سست بونی کۆی جومگەکانی حوکمرانی.
بەداخەوە زانکۆکانمان نەک چارەسەریان پێ نیە، بەڵکو ئەوانیش توشی هەمان سەرەتان بون، بگرە خراپتر کە خوێندکار دەکەنە کاڵایەکی بێ نرخ. نەک هەر نەیان توانیوە ساڵانە هەزاران کۆنفرانس و لێکچەر و پانێڵی زانستی بگرن، بەڵکو زانکۆکانمان بە تەواوەتی خەریکە دەبێت بە ناوەندێکی مارکێتین و بزنس.. بە چیەوە، بە لاشەی خوێندکارەکانەوە، هەڵبژاردنی شاجوانی کوڕ و کچ لە زانکۆکاندا نەک مایەی شەرمەزاریە، بەڵکو مایەی نەخۆشکەوتنی هەستیارترین ناوەندی زانستیە بە نەخۆشی سەرەتان ، ئەم بەکاڵا کردن و بە بازاڕی کردنی لاشەی ژنان و پیاوان جۆرێکە لە هەراج کردنی بەشەر ، ئەمەی زانکۆکان کردیان وەک ئەوەیە ئێمە کۆمەڵگایەکی تەواو دروست بین و هیج کێشەیەکمان نەبێت، خۆ گەر واش بێت هێشتا ئەمە مایەی خەجاڵەتیە. بەداخەوە لەم بێسەر و بەرەییەدا ناوەندێک نیە لێپێچینەوە لەم دیاردەیە بکات، خوێندنی باڵاش لێی بێدەنگە، ئەمەش جارێکی تر نیشانەی نەخۆش کەوتنی ئەم وەزارەتەیە. جا وەرە لە ولاتێکدا خوێندنی باڵا ئاوا بێت، دەبێت ئەنجامی ئەم حکمڕانیە هەر ئەوە بێت کە دەیبینین، بەداخەوە لە ئێستادا کە گەندەڵی سەرپای دەزگاکانی داڕزاندوە لە ئەزمەیەکی ئابوری و پارەی کاش داین، کە گەندەڵێ لە دیاردەوە خەریکە دەبێتە نەریت، کە دەبو زانکۆکان بە پلەی یەکەم ڕێگر بونایە.
زانکۆکانمان نەک چارەسەر نین، بەڵکو دەبنە دروستکردنی ژینگەیەک بۆ تەحویل کردنی گەندەڵی و بەکاڵاکردنی خوێندکار بۆ نەریت، ئەم نوسینەی من هاوارێکە بۆ بەردەم خوێندنی باڵا …. تکایە…. تکایە دوا خاڵی هیوای سپی کۆمەڵگا ڕەش مەکەن، ئەم کاروانی بێ نرخکردنی خوێندکارە ڕاگرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت