تارمایی جەنگ !! جەمال حسێن .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

روداوەكانی جیهانی عەرەبی ، كۆی ئەو ئاڵوگۆڕو لێكەوتانەی لێی كەوتەوە تا دەگاتە بەهێزتربونی بەرەی شیعەو سوننەو تۆختر بونەوەی ململانێكانی ئەو دو بەرەیە ، تارماییەكی جەنگی بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە . جەنگێك لەهەمو لایەكەوە بەبڵاوكردنەوەی رق و تورەیی و ناشیرینكردنی ئەویتر تادێت زەمینەی زیاتر بۆ دەرەخسێنرێت . ئەم ناكۆكیە گەرچی خەریكە فۆرمێكی موقەدەس و ئاسمانی وەردەگرن ، بەڵام بێ ئەنداز دنیاین و پەیوەندیان بەتێك گیرانی بەرژەوەندیەكانەوە هەیە . باشترین نمونەی ئەوەش سوریایە ، كە ئێستا لەوە دەرچوە راپەرین بێت دژی ستەمكاریی و راكردن بێت بەرەو ئازادی ، بەڵكو بەهۆی تێكگیرانی بەرژەوەندی كۆمەڵێك وڵاتی هەرێمی و نێو دەوڵەتی جەنگێك بەرپاكراوە كە رۆژانە بەسوتەمەنی سوریەكان بەردەام دەبێت ، ئەوان باجەكەی دەدەن و دنیاش یان هانیان دەدەن یان سەیریان دەكەن ، خراپتریش لەوە بەشێكیان دژیان دەوەستنەوە .

جەنگی سوریا تا ئەندازەیەكی زۆر ئەم بۆچونەی كیسنجەری بەراست وەرگێڕاوە كەماوەیەك بەر لەئێستا وتی  : جەنگی سەد ساڵی ئایندە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ، لەنێوان مەزهەبی سونەو شیعەدا دەبێت ، بۆیە واریدە خوێناوی ترو زبرترینیان بێت . ئەگەری جەنگ بەردەوامە ئەگەرە خراپ و بێزراوەكەیە ، لەگەڵ ئەوەشدا مێژوەكەی پان و پۆرترە لەخودی سیاسەت لەم ناوچەیە . ئاوردانەوە لەمێژوی زیاتر لەسەدساڵی رابردوی ئەم ناوچەیە فێری ئەوەمان دەكات ، كە كەمجار هەبوە بێ جەنگ و بەریەككەوتن ، بێ كوشتارو لە مرۆڤ كەوتن ، كێشە راستەقینەكان لە ئاقاری چارەسەر نزیك بوبنەوە . راپەرین و دواجار پرۆسەی ئازادی ، دوونمونەی راستەوخۆی پەیوەندارن بەژیانی سیاسی ئێمە وەك نەتەوەو وەكو هەبویەكی سیاسی لەعێراقدا . لەرووی مرۆییەوە هەمو پەنابردنێك بۆ جەنگ بۆ چارەسەركردنی هەركێشەیەكی سیاسی ، دوركەوتنەوەیە لە مرۆڤ بون ، سەرباری ئەوە ئیختیارێكی بێ ئیختیارییە ، دەرەنجامی دەستەوەستانی سیاسەتە لەوەی ئەو گرێیانە بكاتەوە كەهەر سیاسەت خۆی دروستی كردوە . لێرەوە سیاسەت درێژكراوەی جەنگە ، بەڵام بەكەرەستەو میكانیزمێكی تر . ئەم قسەیەی كلاوز ڤیتس زۆربەی جار وا شیكراوەتەوە كە جەنگ هیچ نییە جگە لە دەركەوتەیەكی زبری ململانێیی سیاسی و درێژكراوەی ئەوە ، بەڵكو زیاتر مەبەستی ئەوەیە بڵێ جەنگیش پێویسە پرۆسەیەكی سیاسی بێت ، هۆكارێك بێت بۆ خزمەتی سیاسەت .

ململانێ لەفۆرمی سیاسیدا بێت یان بەریەككەوتنی توندوتیژی و دواجار جەنگ ، لە ناكۆكیەوە سەرچاوەدەگرێ ، لەوە وەدێت دولایەن ، گروپ بن یان نەتەوەیی یان مەزهەبی ، بەهەر هۆكارێك بێت توانای ئەوەیان نەمێنێ بەدبلۆماسیەت و دانوستان و گفتوگۆوە كۆتای بەكێشەكانیان بێنن ، بەدەنگ هاتنی تفەنگ دەرئەنجامی ڵاڵ بونی زمانی سیاسەتە ، لێكەوتەیەكی راستەوخۆی توانای قسەكردن و گفتوگۆیە . بۆیە هەندێك بیرمەند هەیە پێیان وایە داكەوتنی جەنگ كۆتای سیاسەتە ، گەرانەوەیە بۆسەردەمی بەر لەسیاسەت و زاڵبونی مەنتیقی هێزە . بەڵام چی چەمكی هێزو سیاسەت جیادەكاتەوە ؟ سنورەكانیان چییەو لەكوێدا تێكەڵ دەبنەوە ؟ بەتایبەت لەسەر دەمێكدا كە دنیایەك ئاڵوگۆری گەورە بەسەر كۆی كۆمەڵگادا هاتوە . تا ئەوەی چەمكی جەنگ و ئاشتیش وەكو باقی چەمكە مرۆیی و سیاسیەكانی تر گۆراون ، چیتر تێگەشتنی تەقلیدی بەس نییە و تێری ئەوەناكات لەم دوانەیە بگەین . بێ ئەوەی خۆمان لەو دیوە تیۆریە بدەین ، باشتر وایە لێرە بەدواوە لەدۆخی سیاسی كوردیەوە ئاور لەو ئەگەرە بدەینەوە ، كەتادێت تارماییەكانی بەسەر ئێمەدا زیاتر دەردەكەوێت ، ئەمرۆ بەهەوڵی لەشكركێشی دیجلەو سبەیش بە ناوێكی تر . پێش هەمو شتێك لەدنیای سیاسی ئێمەدا ، لە خەیاڵدانی سیاسی ئێمەدا بەگشتی ، جەنگ ، بێ گومان مەبەستمان جەنگە لەنێوان ئێمە وەك نەتەوەو ئەوانی تر وەكو نەیاری نەتەوەیی ، لە ئاستی بەهەند وەرگرتنیدا غیابێكی تەواوی هەیە ، سەرباری ئەو ترسە زۆرەی كە تا ئاستی فۆبیا رۆشتوە لێی . خراپی ئەم روانگەیە بەدیوە سیاسیەكەیدا لەو خۆش باوەری یان لانی كەم خەمساردیەوە دێت كە بەتایبەت سەركردایەتی سیاسی ئێمە هەیەتی بە ئەوانیتر . وەكو ئەوەی بەریەككەوتنی زبر و سەربازی بەشێك بێت لە رابردوو ، نەك ئەگەرێی هەمیشە ئامادە لەفەزای سیاسی و كۆمەڵایەتی عێراق و ناوچەكە . بەدڵنیاییەوە دبلۆماسیەت و بەئاشتی چارەسەركردنی هەركێشەك ، بەیەكگەیشتن لەنیوەی رێگا بۆ كۆتاهێنان بەهەر گرفتێك ، نەك هەر ئیختیارێكی راستە لە رووی مرۆییەوە ، بەڵكو لەرووی سیاسیشەوە بۆ ئێمە باشترینە . بەڵام مادام قسە لە سیاسەتە ، مادام مێژوی زیاتر لە دەساڵی رابردوو ئەو راستیەی یەكلاكردەوە كە ئیرادەی پەلاماردان و قوتدانی مافەكانی كورد لەعێراقدا هیچ گۆرانێكی جەوهەری بەسەردا نەهاتوە ، كێشەی ناوچە دابراوەكان وەك كڵۆ بەفرێك بەخلۆربونەوەی زیاتر تادێت گەورەترو گەورەتر دەبێت ، ئەگەری جەنگ بەهەمو قێزەونی و ناشیرنیەكانیەوە ، بەردەوام بەگروتینەوە لەفەزای سیاسی عێراقیدا دەدروشێتەوە . وەكو پێشتریش وتمان ، گرفتێك سیاسەت یەكلای نەكاتەوە ، بەرۆشتنی كات كۆن نابێت ، بەڵكو رەنگە جەنگ بەلایەكی دابخات .

لێرەوە ئامادەكاری بۆ جەنگ ، نابێت بەروحی شەرانگێزی و وێرانكردن ببسترێتەوە ، لە سیاقێكی ئاوادا بەشێكە لە سیاسەتی بەرگریكردن لەمافە نەتەوەییەكانمان ، بەڵام بەكەرەستەو شێوازێكی تر . فەوزایەك كە مێژو سیاسەت دروستی دەكات ، جاری وایە جەنگ رێكی دەخاتەوە ، ئەم بروا نازیە سەربازییە ، سەرباری رەهەندە نامرۆیی و درندەییەكەی ، بەشێك لەو راستیەی تێدایە كە مێژوی جەنگی رزگاری خوازی هەڵی گرتوە .

لەدوای روخانی بەعسەوە ، دەوڵەتی عێراقی هیچ كات وەكو ئێستا لەبەردەم پرۆسەی بەسەربازیكردن و پرچەككردندا نەبوە ، لەئێستادا دەوڵەتەكەی مالكی ئەوەندەی لەخەمی سەربازیدایە ، بەدوای خۆ ئامادەكردن و پتەوكردنی سوپاكەیدایە ، خەمێكی تری پێوە دیارنیە . كە بەدیوێكدا ئەمە بەشێكی دانەبراوە لەتارمایی ئەوجەنگەی كۆی ناوچەكەی گرتۆتەوە بەتایبەت لەبەرەی سوننەو شیعە ، كە ئێستا لە سوریادا بەرجەستەیەو پرشكەكانی جارجارە دەگاتە لوبنان و بەحرەین و چەند شوێنێكی تریش ، بەدیوەكەی تریشیاندا دەربری لەروحی تۆتالیتارو سەربازی خودی كەسایەتی سەرۆك وەزیرانە . فشارهێنانی مالكی بۆ ناوچە دابراوەكان ، كە هەمو ئاماژەكان جدیەتی ئەم پلانە دەخەنە روو ، گەرانەوەیە بۆ ئەو گوتارە ناسیۆنالیستەی سونەی عێراق لەماوەی زیاتر لەهەشتا ساڵی رابردوی فەرمانرەوایی لە عێراقدا ، بەهەزاران شیعە خۆیان بۆ بەكوشت دا . بەواتایەكی تر بزواندنی هەستی ناسیۆنالیستانەی فاشیەتی عەرەبیە بەروی كوردا ، خۆ نمایشكردنە وەكو سەركردەیەكی نەتەوەیی بان مەزهەب و تایفە ، كە ئەمە یارییەكە هەرچەندە لەسەر ئاستی نوخبەی سیاسی عێراقی رەنگە نەیار زۆری هەبێ و تا ئەندازەیەكیش ئاشكرابێت ، بەڵام لەسەر ئاستە جەماوەری و میلیەكەیدا ، رەنگە باشترین سەرمایە گوزاری بێت لەهەڵبژاردنی داهاتودا بۆ مالكی ، بەتایبەت كەوادەی ئەنجامدانی لەسەر ئاستی پارێزگاكان نزیك بۆتەوە .

لەروی سیاسیەوە ئەمە ئەو بەشە تەكنیكیەیە كە پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد بەهەندی وەربگرێ لەوەی نەكەوێـتە ئەو داوەوە كە مالكی دایرشتوە ، وە وادەربكەوێ كە ئەم رابەری بەرگری لەو مافانەی عەرەبە كەگوایە لەلایەن كوردەوە پەلاماردراون . ماوەیەك بەر لەئێستا ئامارێك بڵاوكرایەوە كە بەپێی ئەوە زۆربەی دانیشتوانی بەغدا ، پێیان وایە دكتاتۆرێك كە تەواوی هێزی لەدەستدایە دەتوانێ عێراقیەكان رێك بخاتەوەو ئەو پەرتەوازەییە كۆتای پێبێنێ كەلەسەر حسابی ژینی رۆژانەیانە ، ئەمە ئاماژەیەكی بەهێزە بۆ ئەوەی كە بەرەو دكتاتۆریەت چون لەفەزای سیاسی عێراقیدا ، رۆشتنە بەئاقاری كاریزمیشدا ، زاڵبونە بەسەر كۆمەڵگایەكدا كە لەمێژودا وەزیفەی هوتاف و چەپڵە ترۆپكی بەشداری سیاسی بوە .  كەوابێ نزیك بونەوەی سوپای مالكی لەناوچە دابرواوەكان ، یاری كردنە بەو هەستە میلیەش ، سەرباری دەربریە لە نیازخراپی بەرامبەر داهاتوی كێشەكانمان لەبۆتەی عێراقدا . گرنگترین ویستگەی ئامادەكاری بۆ كۆی ئەو گۆرانكارییە ناوچەیی و ناوخۆییانە ، ترۆپكی بایەخ و ئاوردانەوەو بەهەند وەرگرتنیان ، خۆئامادەكردنەی سیاسیە ، پێداچونەوەی جدیە بەسیستەمی سیاسی و پرۆسەی سیاسیمان بەگشتی . بەكردەوە كردنی كۆڵێك لەو بەڵێن و بریارانەیە كە لەرابردو دراون دەرژێنە خانەی بەهێزكردنی ناوماڵی كوردی ، بەنەتەوەیی كردنی ئەو پرسانەیە كە لە بنچینەدا نەتەوەین و بان حیزبن . دروستكردنی روحی خاوەنداری پرۆسەی سیاسیە لای هەمو هاوڵاتیان ، كاراكردنی رۆڵی دامەزراوەی پەرلەمانە لەكۆی ئەم هاوكێشانەو زۆر رەهەندی تر كەكەس نیە نەیزانێ و دوبارەكردنەوەی زیادە مەسرەفێكی بێ مانایە . بەواتایەكی تر بێ خۆپرچەكردن بە چاكسازیەكی راستەقینە ، توانای بەرەنگاریمان لاوازتر دەبێ .

2,686 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت