تێکۆشەر حوسەین: لە نێوان 25 تەموز و 25 ی ئەیلولدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەریەک لە نەوشێروان مستەفا و مسعود بارزانی وەک دوو کارەکتەری سیاسی باشوری کوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە هەریەکەیان هەڵگری ئایدیای سەربەخۆیی بوون بۆ دروست کردن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان، بەڵام نەوشێروان مستەفا جیاوزتر لە بارزانی بیری دەکردەوە، ئەو پێی وابوو کە ” کوردستانی سەربەخۆ شتێک نیە بە قسە دابمەزرێت، بەڵکو تەلارێکە ئەبێ پایەکانی لەسەر زەمین بچەسپێت” دیارە ڕەوانشاد مەبەستی لە پایەکانی کوردستانی سەربەخۆ کۆمەڵێک شت بوو، دیارترینیان:
1- بوونی دەستورێک
2- دیاری کردنی سیستمێکی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان
3- بە دامەزراوەیی کردنی هەر یەک لە سێ دەسەڵاتەکانی دادوەری و یاسادان و جێبەجێکردن
4- ئابوری سەربەخۆ
5- دروست کردنی هێزێکی نیشتمانی لە چوارچێوەی دەستور دا
6- دووبارە پێداچونەوە بە علاقاتی دوەلی و ئیقلیمی
ئەمانەو کۆمەڵێ خاڵی تر کە پەیوەستن بە پرەنسیپەکانی دیموکرسی و دەوڵەتداریەوە، هەرچی مسعود بارزانی سەرۆکی پێشوی هەرێمی کوردستانیشە بە هەمان شێوە لە سەر بیری خۆی هەرچی هەوادار و لایەنگر و کادرانی ئاستی باڵا و خوارەوە هەبوو لەسەر موزایەدەی حزبی و ڕق و کینەی ڕاهێنابوون دوور لە کۆدەنگی نیشتمانی و بێ گوێ دانە دەور و بەر و لایەنەکانی ناوخۆ، بێ ئەوەی ستراتیژێکی دوور مەودای هەبێ، بێ ئەوەی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەدەست بێنێ بەقسەی دارو دەست و پێوەندەکانی دەور و بەر و نزیکەکانی خۆی بڕیارێکی هەڵەیدا لە دیاریکردنی ڕۆژی گشت پرسی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەکاتێکدا هەر لە سەرەتای دروست کردنی”ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ” دا ئەوان تەئکیدیان لەوە کردەوە کە ئەنجامدانی گشت پرسی لە لایەن سەرکردایەتی کوردەوە وەک ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم مەست لێی ڕاگەیاندنی دەوڵەت و جیابونەوە نیە لە عێراق!
بێ ئەوەی بیر لە ئەنجامە نێگەتیفەکانی پڕۆسەکە بکەنەوە کە ئاخۆ دۆزی کورد بەکوێ دەگات و ئایندەی کورد چی بەسەر دێت، ئەگەر چی ئەو ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمە نەیتوانی کۆدەنگیەکی نیشتمانی دروست بکات لەناوخۆ، هەروەها نەیتوانی پاڵپشتی دەرەکیش بە دەست بێنێ ووڵاتانی اقلیمی و نێودەوڵەتیش لە ئەنجامی نەرێنی ئەنجامدانی گشت پرسیان ئاگادار کردنەوە، بەڵام گوێیان نەگرت، تا دوایی ئەوەی لێکەوتەوە حکومەتی ناوەندی گڵۆپی سەوزی لەلان امریکاوە بۆ پێکرا لەوەی لە چوارچێوەی دەستوری عێراق دا بگەڕێتەوە بۆ سنوری پێش 2003 لە ناوچە جێناکۆکەکانی کرکوک و سنوری ماددەی 140.
خاڵی جیاوازی هەریەک لە نەوشێروان مستەفا و بارزانی لەنێوان دوو بەرواری 25-7 و 25-09 دا بریتی یە لەوە هەرچی نەوشێروان مستەفا بوو لە بەرواری دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان دا بیری لەوە دەکردەوە بۆ ئەوەی ببین بە خاوەنی کیان و دەوڵەتی سەربەخۆ لە ڕێگەی داهێنانی بیری ئۆپۆزسیۆن بوون و پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن و ڕاگەیاندنێکی ئۆپۆزسیۆنانەوە دەتوانرێ شاڕێ ی ڕاستی دەوڵەت داری و حکومەت داری دابهێنێ، بەوەی بە هەڵبژادنی خەباتێکی مەدەنی پەرلەمانی لە شێوازی ڕەخنەوە وا بکات قیادەی کوردی و پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بە خۆیان دابچنەوە، لە بەرگی شەرعیەتی شۆڕشگێری بێنە دەرەوە و ئاشنای دنیای پێشکەوتن خوازی بن و بیری پاوانخوازی خۆیان لە داهات و دەسەڵات وەلاوە بنێن، بە بەراورد لەگەڵ بارزانی دا ئەو گوێ ی نەگرت و بە بیرێکی کۆنە پەرستیانەوە هەمیشە بڕیارە چارەنوس سازەکانی بە هەڵەدا لە پێناو بەرژەوەندی حزب و خۆی و دار و دەست و پێوەند و بنەماڵەکەی، بۆ ئەوەی خۆی بکات بە پیاوی مێژوو لە هەڵگری بیری خەونی لە مێژینەی سەد ساڵەی گەلێک کە دەوڵەتی کوردیە، ئیدی خەونەکە وایلێهات تەنها مۆڕک و موزایەدەی شەخسی و حزبی هەڵگرت، لە بری ئەوەی هەڵگری ڕۆحیەتی خەمخۆری گەلێکی ستەمدیدە بێت.
دەرەنجامەکانی بڕیارەکەی بارزانی و پاشگەزنەبونەوە و حوکمڕانیەتی ئەوان ئێمەیان بەم ڕۆژگارە گەیاند، بە جۆرێک گەیشتینەوە خاڵی سفر و بگرە خراپتریش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت