sedam

تەحسین زراری : عێراق وڵاتێک بۆ بەرھەم ھێنانی قەیران .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵی ١٩٢١ ئەو ساڵە بوو کە وڵاتێک دروست کرا بەناوی دەوڵەتی عێراق، بەر لەو مێژووە ھەرگیز وڵاتێک لەناوچەکە دا نەبووە بەناوی عێراق، ئەم دەوڵەتە دروست کراوە دەر ئەنجامی یەکەمین جەنگی جیھانی بوو، کە بەریتانیەکان لە پێناو بەردەوامی دان بە ھەژموونی خۆیان و بە بێ لەبەر چاو گرتنی ویست و ئیرادەی پێکھاتە جیاوازەکانی ھەر دوو ویلایەتی بەغدا و بەسرەی سەر بە ئیمپراتۆیەتی دەوڵەتی عوسمانی خستە سەر یەک دەوڵەتەتێکی تازەیان دروست کرد، پاش چەند سالێکی کەم ویلایەتێکی تری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیان ڵکاند بە سنوری دەوڵەتی ئەویش ویلایەتی موسڵ بوو، کە ئەم 
ویلایەتە تەواو جیاواز بوو لە ھەردوو ویلایەتەکەی تر بەمەش عێراق بوو بە دەوڵەتێکی پڕ لە کێشە لەناوچەکەدا .

توێژەرە سۆسیۆلۆژییەکان زۆر توێژینەوەی جیاوازیان لەسەر عێراق ئەنجام داوە ، بەشێکی لە توێژەرەکان بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە بارودۆخ وسروشتی کۆمەڵگەی عێراق ھاوکار و یارمەتی دەرە بۆ بەرھەم ھێنانی قەیران و ئالۆزی ، ئەمەش پەیوەندی بە ئالۆزی پێکھاتە جیا جیاکانەوە ھەیە ، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر سەیری مێژووی زیاتر لە ھەشتا ساڵی ڕابردووی عێراق بکەین ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە ، لەبەر ئەوەی ھەر لە دوای دروست کردنی دەوڵەتی عێراق ناسەقامگیری و قەیران لەگەڵ ناوی دەوڵەتی عێراق بەستراوە، تەنانەت عێراق بە دەوڵەتی کودەتا ناسرا بوو لە ناوچەکە ، بە درێژایی مێژوو لایەنی فەمانڕەوا ئەوەندەی کاری لەسەر ئەوە کردووە کە لایەنەکانی تری نێو کۆمەڵگە پەراوێز بجات وبیان چەوسێنێتەوە ھێندە کاری لەسەر ئەوە نەکردووە کە بە چ شێوەیەک ئیدارەی دەوڵەت بکات تا وەکو بتوانێ ئارامی لە نێو وڵات بەر قەرار بکات، بەمەش لە نێو پێکھاتە جیاوازەکانی عێراق گرێیەکی سایکۆلۆژی دروست بوو بە شێوەیەک کە ھەر یەکێک لە پێکھاتەکان خەسڵەتی تۆڵە سەندنەوەی لەناو دەروونیدا بچەسپێت ، ئەمەش زۆر بە ڕوونی لە ڕابردوو و تەنانەت لە ئێستاشدا زۆر بەڕوونی ئەم خەسڵەتە بەدی دەکرێت لە عێراق ، مێژووی ھەشتا ساڵی ڕابردوو و بارودۆخی ئێستا سەلمێنەری ئەوەیە کە پێکھاتە جیاوازەکانی نێو عێراق ناتوانن بەیەکەوە لە ژێر دەوڵەتێکی یەکگرتوو و مەرکەزی بژین ، چونکە دەوڵەتی عێراق لە دەر ئەنجامی بارودۆخێکی مێژوویی بەرھەم نەھاتووە ، بۆھیچ کاتێ ڕەفتاری دەسەڵاتدار و فەرمانڕەواکانی عێراق بەو ئاراستەیەکە نەبووە کە بەرەو دروشت بوونی ھاوبەشی بێت لە دەسەڵات بەڵکو ھەردەم ڕەفتارەکە  بە شێوەیەک بووە کە باڵا دەستی لایەنێک لە سەر حیسابی لایەنەکەی تر بێت، ئەمەش دەرھاوێشتەی ئەوەیە کە عێراق بە شێوەیەکی نائاسایی لە دایک بووە و لە دەرەوەی ئیرادەی تاکەکانی نێو دەوڵەت .
کاتێ ڕژێمی سەرەڕۆیی و ستەمکاری عێراق لە دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی ھەشت ساڵە نێوان عێراق پەلاماری کوەیتی دا لەبەرامبەردا  ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ھێرشێکی گەورەیان کردە سەر سوپای عێراق و توانیان سوپا سەرکەشەکەی عێراق تێک بشکێنن و بیگەڕێننەوە بۆ ناو خاکی عێراق، ھەر لەو کاتەوە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتبووە ئەو بڕوایەی کە دەبێت ئەو ڕژێمە دیکاتۆە لەناوچەکە کۆتای پێ بێنێت کە مەترسیەکی گەورەیە لە ناوچەکە ، بەڵام لەبەر کۆمەلێی ھۆکاری بابەتی و خودی پرۆسەکەی دوا خست ، تەنانەت لە ساڵی ١٩٩٩ ئیدارەی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری ئازاد کردنی عێراق دەرکرد بەڵام ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر بووە فاکتەری خێراکردنی کۆتایی ھێنان بە ڕژێمی ستەمکاری بەعس لە عێراق ، ئەوە لە ٢٠٠٣ بە پاساوی ھەبوونی چەکی کۆکوژی کیمیاوی و پەیوەندی ڕژێمی بەعس لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیارەکەی خۆی لە ھەمبەر عێراق جێ بەجێ کرد و ھێرشی کردە سەر عێراق بە یارمەتی ھێزە ھاوپەیمانەکان، بەمش ساڵی ٢٠٠٣ بووە وەرچەخانێکی گەورە نەک تەنھا لە عێراق بەڵکو لە ناوچەکەش ، کە ٢٠٠٣ کۆتایی ھاتنی قۆناغێک و سەرەتایی ھاتنەی کایەی قۆناغێکی تر بوو لە عێراق ، بۆیە بە شێک لە شارەزایان و توێژەران گەشبین بوون بەوەی کە عێراق بەرەوە دیموکراسی و سەقامگیری دەچێت ، بەڵام ئەمان وا دیار بوو زۆر بە باشی بارودۆخی ناوخۆی عێراقیان لە ڕووی کۆمەڵایەتی ، کلتوری ، سیاسی ، ڕۆشنبیری و ئابوری دیراسە نەکردبوو ، بۆیە ئەو ئومیدەی ئەوان تەنھا لە چوار چێوەی تیۆر و بیری خۆیان مایەوە و لەسەر بواری کرداری و واقیعی لە عێراق شوێنی نەبوەوە ، تەنانەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دوای ٢٠٠٣ چەند پرۆژە و پێشنیاری جیاوازی خستە ڕوو جا چ لەلایەن خودی ئیدارەی ئەمریکا یان توێژەر و ئەکادیمیستەکانەوە بێت ، بەڵام سەرجەمیان فەشەلیان ھێنا و نەیانتوانی لە عێراق جێ بە جێی بکەن ، بۆیە لە دوای ٢٠٠٣ ەوە عێراق بەرەو ڕوو بارودۆخێک بۆتەوە کە بە ناکۆکی و شەڕی تائیفی و مەزھەبی ناوزەند دەکرێت کە دەر ئەنجامەی بوویتە ھۆکاری گیان لە دەست ھەزاران ھاوڵاتی مەدەنی ، کەواتە بەڕوخان و نەمانی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر عێراق سەقامگیر و ئارام نەبوو، بەڵکو زیاتر نوقمی کێشە و ئالۆزی وابوو کە بە ھیچ شێوەیەک عێراق بەو فۆڕم و پێکھاتەی کە ئێستا دەبینرێت سەقامگیر بە خۆوە نەبینێت ، بەمەش ھەموو ئەو ھیوا و ئومێدەی لە دوای ٢٠٠٣ەوە ھەبوون لە گۆڕ نران .
لە دوای ٢٠٠٣ فۆرمێکی تری دەوڵەت ھاتە کایەوە لە عێراق کە بە چەندین قۆناغی جیاواز گوزەری کردووە ، ھەر لە سەرپەرشتی کردنی عێراق لە لایەن حاکمی سەربازی ئەمریکاوە تا دەگاتە دەسەڵاتی ھەمیشەی لە عێراق ، لەم نێوەندەشدا چەندین پرۆسەی ھەلبژاردنی جۆرا و جۆر لە عێراق بەڕیوە چوونە ، وەک ئەنجامدانی یەکەم پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥، ڕیفراندۆمی گشتی لە سەر دەستوری ھەمیشەی عێراق لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥، ھەڵبژاردنی ھەمیشەی لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥ بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ھەروەھا کۆتا ھەڵبژارنی ئەنجومەنی نوێنەران لە مانگی ئازاری ٢٠١٠ و لەگەڵ ھەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، بەڵام کێشەکانی نێو خۆی عێراق ھەر بەردەوام بوونە ، کە ھەڵبژاردنە گشتیەکەی ٢٠١٠ ی عێراق گەورە ترین کێشە تێدا دروست بوو کە ئێستاش ئەو ھەموو توند و تیژی و ئالۆزی و کوشتارەی لە عێراق ھەیە یەکێک لە فاکتەرە ھەرە سەرەکیەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ھەڵبژاردنە ، لەبەر ئەوەی ئەو لایەنەی کە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان بوو نەیانھێشت حکومەت پێک بێنێت ، بەمەش عێراق بەرەو ڕووی قەیرانی گەورە بوەوە کە تا ئێستاش ھەر بەردەوامە ، ھاوڵاتیانی عێراقیش بە شێوەیەکی گشتی زەرەمەندی یەکەمی قەیرانەکانن ، کەواتە ئەو بارودۆخە ناھەموارەی کە لە دوای ٢٠٠٣ ەوە لە عێراق ڕوویداوە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ھەڵبژاردنیش چارەی کێشە و قەیرانەکانی ناوخۆی عێراق ناکات ، لەبەرامبەر دا بۆ ئەوەی کۆتایی بە قەیرانە خوێناویەکانی عێراق بێت باشترین بژاردە ئەوەیە کە کە عێراق بە شێوەیەکی کرداری دابەش بکرێت بۆ چەند دەوڵەتێکی جیاواز نەک دەوڵەتێکی ناوەند گەرایی کە ھەر کاتێ بیەوێت قەیران دروست بکات لەگەڵ لایەنەکانی تر ، ھەموو کات حکومەتی ناوەندی ئەو لۆژیکەی بەسەردا زاڵ بێت ھەر کاتێک بیەوێت ئەو دەسەڵاتەی کە بە پێیی دەستوری دەوڵەتێکی فیدڕالی دەدرێت بە ھەرێمەکان زەوت بکات و بەشێوەیەکی ناڕەوا و دوور لە مامەلەی ھاوبەش ھەڵسوکەوت بکات، بۆیە  تاکە چارەسەری کە عێراق ڕزگار بێت لە قەیران ئەوەیە کە ئەو  بنەما دەستکردەی کە پایە سەرەکیەکانی دەوڵەتی لەسەر بنیات نراوە لێک ھەڵبوەشێنرێنەوە بە شێوازێکی تر دابڕیژرێتەوە کە ڕەچاوی خواستی پێکھاتە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگەی عێراق بکرێت .
لە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق بە پێی ڕێککەوتنی(SOFA) لەگەڵ حکومەتی عێراق گرژی و ئالۆزییەکان زیاتر ڕوویان لە عێراق کردووە، لەبەر ئەوەی بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەرفەتێکی باش ھاتە کایەوە بۆ گروپ و ڕێکخراوە توندڕەوەکان بە مەبەستی فراوان  کردنی چاڵاکیەکانی خۆیان لە ناو عێراق ، بەمەش حکومەتی عێراق لە پاڵ کێشە وملمڵانێ مەزھەبی و ئائیفیەکان ، گروپە توندڕەوەکانیش چاڵاکی خۆیان چڕ کردۆتەوە ، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە بارودۆخی گشتی ناوچەکە یارمەتی دەری ئەوە بوو کە گروپە توندڕەوە تیرۆریستیەکان چاڵاکیەکانی پەرە پێ بدەن ، ئەوەش بووە ھۆی ئەو گروپە توندڕەوە تیرۆریستیانەی کە لە سوریا   دوای سەرھەڵدانی قەیرانی ناوخۆیی سوریا خۆیان ڕاگەیاندووە و ھاتنە ناو عێراق، وەکو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، ئێستا داعش لە شەڕ دایە لەگەڵ حکومەتی عێراق لە ناوچەکانی ئەنباڕ و چەند ناوچەیەکی تر، تا گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە داعش دەوڵەتێک ڕابگەیەنێت لە ناوچەکانی ئەنباڕ، کە حکومەتی عێراق بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو گڕوپانە ھێزی سەربازی خۆی بەکار دێنێت بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە بەسەر ئەم گروپانە زاڵ بێت ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە حکومەتی بەغدا جگە لەم کێشەی چەندین کێشەی تریشی لەگەڵ پێکھاتەکانی تر دا ھەیە .
سوننەکانی عێراقیش لە دوای دەست پێ کردنی ناڕەزاییەکان لەناو جیھانی عەرەبی لە کۆتاییەکانی ٢٠١٠ و سەرەتایی ٢٠١١، دەستیان بە دەر بڕێنی ناڕەزایی کرد لەبەرامبەر سیاسەکاتی مالیکی و ھەلوێستە ناڕەواکانی ، ناڕەزاییەکانی شەقامی سوننە دەر ئەنجامی ئەو پەراوێزخستن و بێ بەش کردنەیە کە حکومەتی عێراقی لەبەرامبەریان گرتویەتە بەر، کە داواکاری سەرەکیان خۆی دەبینێتەوە لە ھەرێمێکی سەربەخۆ بۆ لایەنی سوننە ، مالیکی لە ماوەی ڕابردوو ھەستاوە بە تۆمەتبار کردنی ھەندێک لە کەسایەتیە دیارەکانی نێو پێکھاتەی سوننە جێگری سەرۆک کۆماری عێراق تاریق ھاشمی بوو بە پاساوی تیرۆر، لە لایەکی تریشەوە بەکار ھێنانی ھێزی سەربازی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی خۆپیشاندەرانی سوننی نەک نەبووە ھۆی ئەوەی کە خۆپیشاندانەکان کپ بکرێن و واز لە داواکارییەکانیان بێنن بەڵکو زیاتر بووە ھۆی ئەوەی کە سور بن لە سەر داواکارییە ڕەواکانی خۆیان ، بۆیە لە ئێستادا ناڕەزایی شەقامی سوننی بەیەکێک لە تەحەدییە گەورەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی دادەنرێت .
ناکۆکیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا لە دوای ٢٠٠٣ ەوە بە چەندین ھەڵبەز و دابەز تێپەڕیوە لەسەر پرسەکانی مادەی ١٤٠ و پێشمەرگە و نەوت و بودجە بەگشتی و مەلەفی نەوت بەتایبەتی ، لە پاش ئەوەی چەندین جار گفتو گۆ و دانوستاندن لە نێوان شاندی ھەرێم و حکومەت ناوەندی بەغدا ئالوگۆڕ کراون بەڵام ھیچ یەکێک لەم پرسانەی کە ئاماژەم پێدا تا ئێستا چارەسەر نەکراون ، سەرەڕای ئەوەی ناکۆکیەکان لەسەر پرسی نەوت گۆڕانکاری بەسەر داھاتووە و گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە ناکۆکیەکان لە ئێستا دا لەسەر چۆنیەتی ناردنەدەرەوەی نەوتی ھەرێمە کە پێشتر حکومەتی ناوەندی ناکۆکیەکانی لەسەر لایەنی یاسایی گرێبەستەکان و ھەڕەشە کردن لە کۆمپانیا بیانییەکان بواری نەوت، پرسی بەشە بودجەی ھەرێمیش چەند سالێکە دووبارە دەبێتەوە ، کە مالیکی ئەمساڵیش بەبێ کورد بودجەی ٢٠١٤ی لە ئەنجومەنی وەزیران تێپەڕاند، بەڵام ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندی نەکرد ، مالیکی بڕیاری دا کە مووچە ھەرێمیش ڕابگرێت ، ئەمەش کێشەی گەورەی نایەوە لەبەر ئەوەی لایەنی کوردی دژی تێپەڕاندنی بودجە بوو لە ئەنجومەنی نوێنەران چونکە ناحەقی زۆری لەبەرامبەر ھەرێمی کوردستان تێدایە بۆیە کورد بە ھەموو شێوەیەک دژی وەستایەوە ،  دوای ئەوەی شاندێکی ھەرێم سەردانی بەغدای کرد بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکە بەڵام نەگەیشتنە ڕێککەوتنی ھاوبەش نە لەسەر بودجەی ٢٠١٤ و نەلەسەر چۆنیەتی ناردنە دەرەوەی نەوتی ھەرێم ،  بە شێک لە چاودێرانیش پێیان وایە کێشەکانی ھەرێم و بەغدا بەئاسانی چارەسەر نابێت لەبەر ئەوەی مالیکی ھەموو ھێزێک بە کاردێنێت بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری ھەرێم کەم بکاتەوە  بەڵام ھەرێمیش ئامادە نییە بچێتە ژێر باری حکومەت  ناوەندی بەغدا .
بە حوکمی ئەوەی عێراق ھەلقوڵاوی بارودۆخێکە کە لە دەرەوەی ئیرادەی پێکھاتەکانیەتی و دەرئەنجامی بارودۆخی دەرەکی دروست بووە ، ئەمەش وای کردووە بەدرێژایی مێژووی ھاوچەرخی عێراق فاکتەری دەرەکی ڕۆلێکی بەرچا و کاریگەری لە ڕەفتاری سیاسی دەسەڵاتداران و کاراکتەرەکانی ناوخۆی عێراق ھەبێت ، لە دوای ٢٠٠٣ و نەمانی ڕژێمی بەعسی ستەمکار دەرفەتێکی نوێ بێتە کایەوە بۆ ئەوەی دەوڵەتانی دەرەکی بەگشتی و دەوڵەتانی ھاوسێی عێراق بەتایبەتی دەست بخەن نێو کاروباری ناوخۆی عێراق ، ھەر یە کەیان بە فاکتەرێکی جیاواز بۆ مەبەستی بەردەوام دان بەبەرژەوەندییەکانی خۆیان و چەسپاندنی ھەژموونی خۆیان وەکو کاریگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر چۆنیەتی ئاراستە کردنی سیاسەت لە عێراق ، بۆچوونەک ھەیە لە بارەی کاریگەری ئێران کە دەلێن ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە عێراق لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەورە ترین خزمەتی بە ئێران کردووە لە ناوچەکە ، لەبەر ئەوە چاودێران دەلێن ئێران دەستێکی باڵای ھەیە لەوەی کە کاراکتەرەکانی دەوڵەتی بە چ شێوەیەک ڕەفتار بکەن و چۆن سیاسەت ئاراستە بکەن .
وا بڕیارە ٣٠ی نیسانی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق بەرێوە بچێت ، ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا بودجەی ٢٠١٤ی گشتی وڵات  پەسەند نەکراوە کە چی ساڵی دارایی نزیکەی سێ مانگە تێپەڕیوە ، ھاوکات بارودۆخی سیاسی وڵاتیش ناسەقامگیرە ڕۆژانە بەردەوام ھاوڵاتیانی مەدەنی دەبنە قوربانی ناکۆکیەکان ، حکومەتی مالیکی لەبەردەم چەندین قەیرانی گەورە دایە ، کێشەکانی مالیکی لەگەڵ لایەنی سوننە تا دێت ھاوشانی ناکۆکیەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەرەو قوڵ بوونەوە دەچن ، لە لایەکی تریشەوە سەرەڕایی ئەمانەش لە ناوخۆی شیعەکان ناکۆکیان لەگەڵ مالیکی ھەیە وەکو تەیاری سەدری و عەممار حەکیم ، ھەروەھا ناکۆکیەکان لەبارەی خۆکاندید کردنەوەی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ، ھەموو ئەمانەش وا دەکەن کە ھەڵبژاردنی نیسانی داھاتوو کێشەکان قوڵتر بکاتەوە ئەگەر ھاتوو مالیکی گۆڕانکاری بەسەر ھەلوێستەکانی خۆی نەھێنا لە بەرامبەر داواکانی کورد و سوننە ، لەبەر ئەوەی سوننەکان پێیان وایە تاوەکو مالیکی بەردەوام بێت لەدەسەڵات ئەوان زیاتر پەراوێز دەخرێن ، بۆیە بە ھەموو شێوەیەک کار دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان خۆیان ڕزگار بکەن لە ژێر دەسەڵاتی مالیکی ، ھەروەھا ھەرێمی کوردستانیش بژاردەی تری لەبەر دەمە ئەگەر مالیکی بەردەوام بێت لەسەر ھەلوێستەکانی، بۆیە بە بێ بەشداری کورد و سوننە پرۆسەی سیاسی تووشی گەورە ترین قەیران دەبێت ، چاودێرانیش پێیان وایە کە ھەڵبژاردنەکانی نیسانی داھاتوو لەو بارودۆخە ئالۆزەی کە ئێستا عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت وا دەکات قەیرانەکان و لێک ترازانی نێوان پێکھاتەکانی عێراق زیاتر بەرەو فراوان بوون بچن .

 
                                             

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت