جیهاد محەمەد : پێویستە ئەم ئامارە ترسناکانە هەلوێستەیەکمان پێبکات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هاوڕێیان سەیری ئەم تاوان و کارەساتانە بکەن ، تاوان و کارەساتگەلێکی یەکجار ترسناک ، کە دکتۆر کازم حبیب وەک کەسێکی مرۆڤدۆست و مرۆڤپەروەر لەم بابەتەدا دەیخاتە ڕو .  ئەم پیاوە بە ویژدانە داوادەکات چیی زووترە مرۆڤدۆستی و مرۆڤپەروەریی لە جێگەی ئەم تاوان و کارەستانە فەراهەمبکرێت . بێگومان ئەم پیاوە دۆست و هاورێی راستەقینەی کورد و پێش ئەوەش دۆست و هاورێی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە خۆرا ئامارێکی وا ترسناک ناخاتە ڕو ، هەرچەندە سەرچاوەی ئەم ئامارەی پیشاننەداوە ، بەڵام دڵنیام کە راستگۆیانە ئەم کارەی کردوە . بۆیە منیش وەک مرۆڤێک ، وەک هاووڵاتیەک ، وەک کەسێکی بە ویژدان دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی دکتۆر کازم و پڕ بە دەمم هاوار دەکەم ، خەڵکی کوردستان و عێراق هۆشتان بیتەوە لای خۆتان و دوای عەقڵیەتی ناسێۆنالستی و رەگەزپەرستیی و تایەفەگەرێتیی و ئیسلامی سیاسیی مەکەون ، لە جیاتی ئەوە هەوڵ و خەبات یەکخەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و حکومی دیموکراتانە و سکۆلارانەی راستەقینە لەسەر بنەمای مرۆڤدۆستیی و هاووڵاتیی بوون و وەلانانی هەموو جیاکاریی و ڕاسیزمییەک .

ئامارە ترسناکەکان پێماندەڵێن ، ئەگەر دەستبەجێ و بە پەلە فریا نەکەوین ، کارەسات و تاوانی یەکجار گەوەرە بەڕێوەیە بۆ خەڵکی عێراق و خەڵکی کوردستان .

بە هۆکاری ستەمی حکومڕانە دەوڵەتدارەکانی عێراق و تیرۆر و توندوتیژیی دینی و تایفەگەریی و شۆڤێتنیەتی بەعسیەکان و بیرتەسکی و ڕەگەزپەرستیی ناسیونالستیی و شەری عەرەب و کورد و شەری نێوان تایەفەگەریی سونە و شیعە و جەنگی ئەمەریکا و سەدام حسەین و جەنگی ئێران عێراق بەم جۆرەی خوارەوە ئامارە ترسناکەکان پیشان دەدات :

1 – ژمارەی سابیئە مەندانیەکان لە ٧٠٠٠٠ حەفتە هەزارەوە هاتۆتە خوارەوە بۆ ٥٠٠٠ پێنج هەزار کەس ، کە زۆربەیان بە هۆکاری ترس و تۆقاندن لە شوێنی خۆیان دەرکراون یان خۆیان کۆچیانکردوە بۆ کوردستان و وڵاتانی دەرەوەی عێراق .

2 – دوای کۆچی گەورەی زۆربەی مەسیحیەکان بۆ ئەوروپاو وڵاتانی تر لە ساڵی ٢٠٠٣ دا ژمارەیان هاتۆتە خوارەوە بۆ ملوێن و نیوێک ١٥٠٠٠٠٠. لە ساڵی ٢٠١٣دا ژمارەیان بوە بە ٤٥٠٠٠٠ چوارسەد و پەنجا هەزار کەس . واتا لە ماوەی ١١ ساڵدا مەسیحیەکان ژمارەیان بوە بە ٢٥٠٠٠٠ دوسەدو پەنجا هەزار کەس . بە پێی ئەم ئامارە لە سەدا ٩٠ ی مەسیحیەکان کەمیکردوە ، یان بە کوشتن یان بە کۆچکردنی زۆرە ملێ و لە ژێر کاریگەرێتی تۆقاندن و کوشت و بڕیندا .

3  – ئێزیدیەکان ، بە هۆکاری کورد بونیان،   هەروەها بە هۆکاری جیاوازی دینیان ، کە دینەکەیان زۆر کۆنترە لە جولەکە و مەسیحیی و ئیسلام. بەردەوام لە سەردەمی بەعسیە فاشیەکان و لە دوای ڕوخانی سەدامیش لە ژێر چەوساندنەوە و ستەمی ئیسلامی سیاسی و قاعیدە و لەم دواییانەشدا لە ژێر توندوتیژیی تیرۆرستەکانی داعشدا بوون ، ئێستا ژمارەیان لە نیو ملوێنەوە ٥٠٠٠٠٠ هەزارەوە زۆر کەمیکردوە و یان کوژراون یان دەربەدەر کراون .

4 – شەبەک و تورکمانەکانی تەلعەفەر بە هەمان دەردی ئێزیدیەکان براون لە ژێر فشار و کوشت و بڕینی تیرۆریستەکانی داعشدا.

5- شیعەکان و سونیەکان ، بە هۆکاری شەرێکی نەگریسی نێوانیانەوە ، کە بەردەوام تایەفەگەرێتیی و عەقڵیەتی تایفەگەرێتی ئەم شەڕە جۆشدەدات لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٣ دوو ملوێن زیاتر لەم دوو لایەنە ئاینزایە کەوتوونەتە بەر شاڵاوی کوشت و بڕین یان کۆچکردن لە ترسی میلیشیا چەکدارەکانی خۆیان .

ئەم ئامارە ترسناکانە جگە لە هەموو ئەو خەڵکەی کە بە هۆکاری شەری نێوان عەرەب و کورد کوژراون ، یان دەربەدەر بوون لە کوردەکان ، ئەمەش بە هۆکاری عەقڵیەتی ناسیۆنالستیی و رەگەزپەرستیی .

لە لایەکیتر ژمارەی کوشت و بڕین و دەربدەرکردنی خەڵکی عێراق و کوردستان و ئەنفالکردن و کیمیابارانی کوردستان رەنگە هەر لە ژمارە نەیەن. شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عیراق و ئێران و شەری خلیج و پەلاماردانی عێراق لە لایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیانەوە کارەسات و تاوانێکی هێندە گەورەی دروستکردوە، کە چەندین بابەت و نووسینی وەک ئەمەی دکتۆر کازم لە حەقی نایەت و ناتوانێت ئامارەکان بە راستی پیشان بدات. ئەم تاوان و کوشت و بڕینانە تەنها خەڵکی عێراق و حیزب و لایەنە حوکمڕانەکان بەرپرسیار نیین لێیی، بەڵکو هەموو بەرژەوەندخوازەکانی کۆمپانیا گەوەرەکانی قاچاخچێتی نەوت و بازرگانێتیکردن بە نەوت و مەوادی خواردەمەنی و کەلوپەلی پێویستەوە بۆ ژیان بەرپرسیارن لێیی، بە واتایەکی دیکە بڵێم هەموو ئەو کۆمپانیا بازرگانییە گەورانەی جیهانیی و ناوخۆیی، وەک کۆمپانیا گەورە چاوچنۆکەکانی ئەوروپیی و ئەمەریکیی و ئوسترالیی و بەریتانیی کە بەردەوام بەرژەوەندیان لە بەرپارکردنی شەر و شۆر و جەنگ و کوشت و بڕیندایە، بەرپرسیارن وەک هەموو حکومڕان و حیزبە گەندەڵەکانی عیراق و کوردستان، کە ئەمانیش دەبن بە وەکیلی ئەو کۆمپانیا گەورانەو خەریکی جۆشدانی عەقڵیەتییەکی دواکەوتوویی ناسیۆنالستیی بەرتەسک و تایفەگەرێتیی و حیزب حیزبێنەن. ئەمانیش بە دەیان حیزب و سەدان کەسی حوکمڕان و دەستۆرشتوو کە بەردەوام خەریکی جۆشدانی عەقڵیەتێکی دواکەوتوویین لە عێراق و کوردستاندا، هێندە دەوڵەمەند بوون کە نزیکن بوونەتەوە لە دەوڵەمەندە زۆر گەورەکانی جیهان. ئەمانیش بێ ویژدانانە خەریکی جۆشدانی شەر و ململانێیەکی ناشەریف و نا مرۆیین لە نێوان خەڵکی ستەمدیدە و نەخوێندەوا و ملکەچ و گوێڕایەڵ بۆ عەقڵیەتی ناسیۆنالستیی و عەقڵیەتیی ئیسلامی سیاسیی و تایەفەگەرێتیی و رەگەزپەرستیی. ئەگەر ئێمەی خەڵکی عێراق و کوردستان فریایی خۆمان نەکەوین رۆژگارێکی تاریک و ئەنگوستەچاو چاوەڕوانمانە. بۆیە چیی زووترە پێویست و ئەرکی مرۆڤیی و ئەخلاقییمانە دوای هیچ جۆرە ئایدۆلۆجیەکی حیزبیی و تایەفەگەرێتیی و ناسیۆنالستییەک نەکەوین و دەوروبەرمان ئاگادار بکەینەوە لەم شەرە نەگریس و کوشت و برینانەی کە بەردەوام خوێنمان لێ دەرێژێت بە بێ ئەوەی هیچ سودێکی لێ وەربگرین، خوێنڕشتنی خەڵکی عێراق و کوردستان، مەینەتیی و داماویی و ڕەشوڕوتیی خەڵکی گشتی ئەم وڵاتە بووە بە بەروبوومێکی بە سودی زۆر گەورەی ئەوانەی کە بە شەڕمان دەدەن و ملمانێیەکی ناشەریفانە و نا مرۆیانەیان لە نێوماندا دروستکردوە .

http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=442486

 

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت