جیهاد موحەمەد : حیکایەتی پەرلەمان و کاندیدەکان و کۆمەڵگا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

لە کۆمەڵگای کوردی ئەمڕۆدا ،  وەک لە ڕاگەیاندنەکاندا باس دەکرێت ، ٣٦٠٠ کەس خۆی کاندید کردوە بۆ پەرلەمانی کوردستانی/عێراق . ئەو پەرلەمانەی کە دەسەڵات پێیدەڵێت ، ( حیکایەتی گەورە ) ، ئێمە و مانانیش پێیدەڵێین ، حیکایەتی مێش . ئەوان حەقیانە ، ئەو ناوە گەورەیەی لێبنێن ، چوونکە دەستگایەکی حیزبییە و هەرچی لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتی بێت ئەوە دگوزەرێت تییایدا ، ئێمەش حەقمانە ، چوونکە فرتوفێڵێکە بە ناوی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانەوە . ئەم پەرلەمانە عەنتیکەیەی کوردستان ، ١١ کورسی بۆ مەسیحیەکان و کلدۆئاشوری و تورکمانەکان دانراوە ، چەندین لیست و دوکانیان بۆ داناون ، بە ناوی ( حیزب و لیستی سیاسیی ) ەوە .

بە فێڵی پارتی ، ئەم ١١ کورسیە بە کورسی کۆتا دانراوە ، هەموو ئەم دوکانانە دەستمایەکەیان لە لای پارتیەوە مسۆرگەر کراوە ، پێش مانگێک سەرکردیەکی پارتی قەرەبووی هەموو ئەو خەرجییەی بۆ کردنەوە ، کە لە ٤ ساڵی رابوردودا خەرجیان کردوە ، لە پێناوی گەمژەکردنی خەڵکی کوردستان و برا مەسیحی و تورکمانەکان . لە لایەکی ترەوە ، پارتی ، بەم دوکاندارانەی وتوە ، ئێوە لە ناو ( حیکایەتە گەورەکەدا ) کاتێک ئێمە حیکایەتتی مێشمان گێرایەوە ، دەست بەرزبکەنەوە ، جگە لەمەش ، مادام لە ژێر سایەیی ئێمەدا ئێوە ١١ کورسی مسۆگەرتان هەیە ، لە کاتی دەنگدان بۆ ( حیکایەتی هەڵبژاردن ) ، دەنگ بۆ ئێمە بدەن . کەواتە پارتی لە هەردوو سەرەوە قازانجە .

یەکێکیتر لە ( حیکایەتە گەورەکان ) ، کاندیدکردنی مەلا و ڕۆشنبیر و شاعیر و بێژەری تەلەفزوێنی و ڕادوێ و ڕۆژنامەنووس و پزیشکی دەرونناسە . پارتی ٧ مەلای کاندیدکردوە ، پارتی زیرەکە لە فرتوفێڵدا ، ئامۆژگاریکاری باشی هەیە لە هەر چوار دەوەری کوردستان و  ,دوورتریشدا ، لە لایەک ، هەموو ئەو جەماوەرەی کە بروای بە مەلا و وەعزدادانە مسۆگەرییان دەکات. لە لایەکیترەوە ئەگەر پەرلەمانتارێک ، یان فراکسوێنێک ، دەمی کردەوە و ، باسی پرۆژەیەکی عەلمانی کرد ، کە لەبەرژەوەندی پارتی نەبوو ، مەلاکان ، بتوانن بێدەنگییان بکەن ، بەوەی کە ئەو پرۆژەیە بێئەخلاقیە ، وەک چۆن یەکێتی زانایان چوونە لای ( سەرۆکی هەرێم ) و سکالایان بردە لای ، وتیان ، وشەی جێندەر ، یەعنی بێئەخلاقی !، ئەوەتا جەنابی سەرۆک ، لە پەرلەماندا باسی ئەو دەستەواژە بێئەخلاقییە دەکەن ، ئامان ، وڵاتی ئێمە موسڵمانە و ، جەنابیشت کوری پیاوێکی دینیت و ، سەرۆکی کۆمەڵگایەکی موسڵمانیت . دەستبەجێ ، جەنابی ، ئەمریکرد ، کە چیتر باسی جێندەر نابێت بکرێت لە کوردستاندا و بە تایبەتی لە ناو ( حیکایەتە گەوەرەکەدا ) . هەر لەسەر ئەو بریارەی سەرۆک ، لە زانکۆی سلێمانیدا ، پرۆژەیەک هەبوو بە ناوی پرۆژەی جێندەر ، دەستبەجێ ، پرۆژەکەیان وەستان و ، فۆرشتیانەوە بە زانکۆیەکی بەریتانی .

لە کۆمەڵگایەکدا ، ٣٦٠٠ کەس زیاتر خۆی کاندیدکردبێت بۆ ( حیکایەتە گەورەکە ) کە زۆربەیان رەخنەگربوە ، لە حیکایەتەکانی دەسەڵات ، زۆربەیان ، گەلەیی و گازندەیەن هەبووە ، ئەگەر لەبەر موچە چەور و بەلەزەت و ، سەیارە مۆدێل بەرزەکە نییە ، چۆن وا پەشیمان بوونەوە لە گەلەیی و گازندەکانی خۆیان ؟! ئەمە ، پێمان دەڵێت ، خەڵک بۆیە رەخنەگرە ، بۆ هەریسەکەیە ، کاتێک دەڵێن ، فەرمو ئەوە هەریسەکەیە ، ئێوەش هاوبەش بن ، ئیتر تاکە ڕەخنەگرەکانی کۆمەڵگا هەموو شتێکیان بیر دەچێتەوە .

دەرونناسێک ، رایگەیاند ، لەمرۆ بەدواوە ، بەرنامە تەلەفزوێنیەکەی دەوەستێنێت ، ئیتر نە قسە بۆ خەڵک دەکات ، نە خەڵک هوشیار دەکاتەوە ، نە وەک پزیشکێکیش هیچ نەخۆشێک دەبینێت . لە ئێستا بەدواوە ، ئەم دەرونناسە ، لە ( ناو حیکایەتە گەورەکە )دا ، باسی دەرونناسی بۆ حیکایەتخوانەکانی (حیکایەتی مێش ) دەکات .

ڕۆشنبیرە گەورەکەشمان ، لە هەمان دیوانی حیکایەتی مێشدا ، تێزەکان کۆدەکاتەوە ، هەموو تێزەکان دەکات بە باس و لێتوێژینەوە ، بۆ ئەوەی دوای ٤ ساڵی تەمەنی ئەو دیوەخانە ، بتوانێت تێزیکی گەورەی دکتۆرای لەسەر وەرگرێت ، کارێکی باشە ، تا ئێستا ئێمەی کورد ، تێزێکی دکتۆرامان نییە لەسەر حیکایەتی مێش .

ڕۆژنامەنووس و بێژەرە ڕەخنەگرەکانیش ، تا ئێستا باش بۆیان نەلواوە کە بچنە بەردەم کامێراکانی ڕاگەیاندن ، لەمەودوا ، زوو زوو ، خۆیان دەخەنە بەردەم کامێراکەی (حیکایەتە گەورەکە ) و دەموچاوی خۆیان پێشان دەدەن ، دەبن بە بێژەر و ڕۆژنامە نووسی حیکایەتی مێش .

بەرێزک لەوانە ، کە دەرچووی کۆلێژی سیاسیە ، ئەوەندە بە پەلە بوو ، ئەوە ١٠ رۆژە دەستیکردوە بە بانگهێشتکردن بۆ خۆی ، ئەمڕۆ تکای کرد ، کە هاورێکانی لە فەیسبووک و ، لە واڵای تایبەتی خۆیان ، ناوی لابەرن ، چوونکە سزا دەدرێت و هێشتا بانگهێشتکردن دەستیپێنەکردوە . ئەمە حاڵی کەسێکی ، ئەکادیمی و دەرچووی زانکۆ و ڕاگەیاندکار و سیاسیەکەمانە ، ئیتر چۆن بڕوا بە سەدان و هەزاران کەسی لەم نموونەیە بکرێت کە لە پێناوی گۆراندا خەبات دەکەن .

مەبەستی من لە هەموو ئەم قسانە ، بریندارکردنی هیچ کەسێک نییە ، ڕێزی زۆرم بۆ کەسایەتی تاک بە تاکی کاندیدکراوەکان هەیە وەک کەس ، وەک مرۆڤ ، وەک هاوڵاتیەک ، بەڵام قسەی من لەسەر خوێندنەوەمە بۆ کۆمەڵگای کوردی ، کە ناچارام بۆ ئەو خوێندنەوەیە دەستبەرم بۆ کەرەستەکان ، یەکێک لە باشتری کەرستەی ئەمرۆ ٣٦٠٠ کاندیدکراوەکەیە ، کە زۆرێک لەوانە ، ڕەخنەگربوون لە دەسەڵات، گلەیی و گازندەی دنیاییان هەبوو ، چۆن وا زوو بەرگێکی تریان پۆشی و خۆیان کاندیدکرد بۆ باڵاترین دەستگای سیاسیی و یاسایی . لە ڕاستیدا ، ئەمە پشتراستکردنەوەی هەموو خوێندنەوە سۆسیۆلۆجی و ئەنثرۆپۆلۆجی و سایکۆلۆجیەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ، کە کۆمەڵگای کوردستانیش بەشێکی لێیی، پشتڕاستدەکاتەوە .

کوڕێکی گەنجی زیرەکی تەمەن ١٨ ساڵ ، لە نەرویج ، لە کاتی قسەکردنم لەگەڵێدا ، وتی : جارێکیتر من ناڕۆمەوە بۆ کوردستان، وتم بۆ ؟!. وتی ، لەبەر ئەوەی من زۆر ڕەخنەم لە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی کوردستان هەیە ، کەچی کە چوومەوە بۆ کوردستان ، خزمەکانمان هەموویان جنێویان بە دەسەڵاتدەدا ، لەبەر ئەوە ڕقیان لە دەسەڵات بوو ، کە بۆچی دەسەڵات ،  ئەمانیش وەک خۆی زۆر دەوڵەمەند ناکات !، من هەستم دەکرد ، خزمەکانی باوکم، هەموویان ڕۆژانە دەیان کاری نابەجێ دەکەن وەک دەسەڵات ، کە پێم دەوتن ئەو کارانە خراپە ، دەیانوت ، بۆ کێی بکەین ، بۆ حکومەت !، کە لە ڕاستیدا پاکوخاوێنێکە بۆ خۆیان بوو ، ڕێکوپێکێکە بۆ خۆیان بوو ، خۆشەویستی بۆ شار و لادێ و ڕیزگرتن لە دەوروپشت بۆ خۆیان بوو ، ئازار نەدانی هاوسێ و دراوسێ بە هۆڕێنی ئوتومبیلەکانیان بۆ خۆیان بوو . مادام خەڵکی کوردستان ، وەک دەسەڵاتی لێهاتوە ، بە مانایەکی تر ، من ناڕۆمەوە بۆ کوردستان ، چوونکە بێتاقەتدەبم . دەڕۆم بۆ فەرنسا ، لەوێ دەخوێنم و حەزم زۆر بە کولتووری فەرنسایە . 

بە کورتی و بە پوختی کۆمەڵگای کوردی ئەمڕۆ ، ئەم چیرۆکەی بەسەردا جێبەجێدەبێت : دەگێڕنەوە ، ٣ کەس حکومی مردن دەدرێت بەسەریاندا .

یەکەم / پیاوێکی دینی دەبێت ، کە ملی ڕادەکێشنە بەردەم مەقسەڵەکە ، دەڵێن دوا قسەی خۆت بکە ، ئەویش دەڵێت ألله،ألله،ألله . مەقسەڵەکە دادەگرن ، بەڵام دەوەستێت و ، کارناکات ، خەڵکەکە دستدەکەن بە چەپڵە لێدان و دەڵێن ئەمە پیاوی خوایە بۆیە مەقسەڵەکە کاری نەکرد ، ناچار دادوەر ، پیاوە دینیەکە لە مردن رزگار دەکات .

دوەم/ پارێزەرێک دەبێت ، کە دەیبەنە بەردەم مەقسەڵەکە ، پێیدەڵێن دوا قسەی خۆت بکە ، دەڵێت من وەک ئەو پیاوە دینیە ، ألله ناناسم ، بەڵام عەدالەت دەناسم ، بۆیە دەڵێم عەدالەت ، عەدالەت ، عەدالەت . مەقسەڵەکە داگرن و ئیشناکات، خەڵکەکە دەستدەکەنەوە بە چەپڵە لێدان و دەڵێن، ئەم پیاوە عەدالەتخوازە بۆیە خوا یارمەتی دا، بەم جۆرە ئەمیش رزگاری دەبێت.

سێیەم/ فیزیاییک دەبێت، کە دەچێتە بەردەمی مەقسەڵەکە، بە هەمان شێوە داوای لێدەکەن دوا قسەی خۆی بکات، دەڵێت، من نە خوا ناسم، نە عەدالەت ناس، من فیزیا ناسم، ئەو مەقسەڵەیە بۆیە کار ناکات، گرێیەک لەبەردمیدایە، لە کات داگرتنیتدا، ئەو گرێیە نەیەڵیت بێتە خوارەوە، ئەو گرێیە لابەرن دەکەوێتە کار، بەم جۆرە، گرێکە لادەبەن و، مەقسەلەکە دادگەرن و فیزیاییەکە دەکوژن. ئەم نموونەیە، بە تەواوەتی جێبەجێدەبێت بەسەر کۆمەڵگای ئێمەدا .

نەرویج

 1,206 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت