جیهاد موحەمەد : نادیە موراد کێیە و چیی دەوێت ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نادیە موراد کچێکی چاو پڕ لە فرمێسک و دڵ و دەروونێکی گوشراوی  پڕ لە حەسرەتی ئێزیدیی ، ئەو کچەی ، کە هەموو کەسە نزیکەکانی بە دەستە چەپڵ و قێزەونەکانی داعش و بە فەرمانی خەلیفە کۆنەپەرست دڕندەکەیان کوژاران و زیندە بە چاڵکران و کچەکانیشیان فرێنران . نادیە خەڵکی گوندی کۆجۆی ئێزیدیەکان ، کە زۆرترین کەسیان لێ کوژرا و زۆرترین کچ و ژن و منداڵیان لێ فرێندرا و تاوانی نامرۆییانەیان بەرامبەر کرا و لە بازاڕەکانی وڵاتانی ئیسلامیدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرا . ئەوەی تیرۆرستانی داعش بەرامبەر بە نادیە و سەدان کچی وەک نادیە کردی مەگەر هەر لە سەدە تاریکەکانی مێژوودا کرابێت .

نادیە موراد ، ئەو کچە ئێزیدیە ئازا و دڵێرە بوو ، کە توانی لە دەست داعشەکان هەڵبێت و خۆی رزگارکرد لە دەستی ئەو جانەوەرانە . نادیە موراد، ئێستا وڵات بە وڵات دەگەڕێت و پەیامی مرۆڤدۆستانەی خۆی دەگەیەنێت بە هەموو جیهان . یەکێک لە قسە بە ناوبانگەکانی نادیە ئەوەیە کە دەڵێت :  ئێمە چۆنین ، هەروا قبوڵمان بکەن ، بە جیاوازیەکانی خۆمانەوە قبوڵمان بکەن ، ئێمە هەرچی هەین مرۆڤین وەک هەموو مرۆڤێکی ئەم سەرزەمینە .

نادیە ، بەو پەڕی لێبوردەیی و بەو پەڕی تۆلێرانس و دڵفراوانییەوە دوور لە هەموو توندوتیژیەک و دوور لە هەموو بیرکردنەوەیەکی دڵڕەقانە و دوور لە رۆحی تۆڵەسەندنەوە پەیامی ئاشتی خۆی بە هەموو جیهاندا رادەگەیەنێت . نادیە ، دەگاتە هەرچ وڵاتێک لە ئەوروپا و رۆژئاوادا ، پەیامی خۆی رادگەیەنێت بە رۆژنامەنووسەکان و بە حیزبەکان و بە سەرۆکی پەرلەمانەکان و بە سەرۆکی وڵاتانی جیهان و بە هەموو مرۆڤدۆستان .

سەرسامییەکی یەجگار گەورە لە جیهانی ئەوروپا و رۆژئاودا بەرامبەر بەم کچە قارەمانە دروستبووە . زۆرێک لە سەرۆک پەرلەمانەکان و سەرۆک حیزب و سەرۆکی حکومەتەکان دەڵێن ، ئەوەی نادیە دەیگێرێتەوە نەک ناخ و دڵ و دەروونی مرۆڤە مهیرەبانەکان ، بەڵکو ناخ  و دڵ و دەروونی مرۆڤە دڵڕەقەکانیش دەهەژێنێت ، جگە لە داعشە تیرۆست و سەلەفیزمەکانی ئیسلامیی و ئەوانەی دەیانەوێت دنیا بگێڕنەوە بۆ سەدە تاریک و نوتەکەکان . فرمێسکە وشک نەبووەوەکانی نادیە و پەیامە مرۆیی و ئاشتەواییەکەی و تۆلێرانسەکەی بووە بە سیمبولی مرۆڤدۆستی لە جیهاندا .

کوردەکانی ئاوارە و دڵشکاوی وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوا ، بە تایبەتی لەم کاتەی، کە دەریای ( ئیجەش ) بووە بە داعشێکی دیکە بۆ گیانی کوردی خێر لە خۆ نەدیو لە سایەیی حکومەتێکی مایەپوچ و حیزبگەلێکی دزەوە ، بوون بە پاڵپشت و بەرگریکارێکی بەهێز و سەرسەخت بۆ ( کاندیدکردنی ئەم کچە دلێرە ) بۆ ئەوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی پێ بدرێت .

من وەک هاووڵاتیەک ، کە هەست و نەست و دڵ و دەروونم یەجگار بریندار بووە بە مەسەلەی جینۆسایدکردنی ئێزیدەکان و ئەو هەموو تاوانە نامرۆییەی بەرامبەریان کرا ، داوا دەکەم ، هاوار دەکەم ، دەنگم بەرز دەکەمەوە ، وریاتان دکەمەوە! کە با فریایی خۆمان کەوین ، ئەوەی بەرامبەر بە ئێزیدیەکان کرا بەرامبەر بە هەموو ئەو مرۆڤانە کراوە کە هەستی مرۆڤییان تێدایە ، کە داواکاری ئازادیین ، کە داواکاری وەلانانی جیاوازییەکانن . فەرموون دەنگ بدەن ، بە نادیە ، دەنگ کۆبکەنەوە بۆ نادیە ، بۆ نادیە مورادێک، کە دەبێت بە نوێنەری دەیان هەزار و سەدان هەزار کچ و ژنی ئێزیدی و کورد بە گشتی . لە جیهاندا دەبێت بە نوێنەری ئاشتەوایی هەموو ئەو کوردانەی ، کە بە درێژایی مێژوو زوڵم و ستەمیان لێکراوە . دەبا نادیە بگەیەنینە ئاستی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ، دەبا ئێمەی کورد لە دژی ئەو هەموو ستەمەی لە مێژوودا لێمانکراوە سیمبولی ئاشتەواتی خۆمان و تۆلێرانسی خۆمان بۆ ئاشتی بگەیەنینە هەموو دنیا و لە رێگەی نادیەوە خۆمان بە شایستەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی  بزانین و بناسێنین .

دەستخۆشی زۆرم بۆ هەموو ئەو کوردە بە شەرەفانەی کە شێلگیرانە لە هەوڵ و کۆششدان بۆ پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە نادیە . بە تایبەتی هاوڕێ شیرینەکانم لە وڵاتی نەرویج ، کە بەردەوام پێوەندییان پێوە دەکەم و ئەوانیش ئاگادارم دەکەنەوە لە کارەکانیان .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕیکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت