جەبار ئەحمەد : ڕەهەندە نێگەتیڤەکانی لایەنگیریی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پەسەندکردن و پەیوەست بوون بەشتێک ، پرۆسەیەک ، کەسێک ، ئاینێک ، باوەڕ و ئایدۆلۆژیاو … هتد ، گوزارشتە لە لایەنگیری ، لایەنگیری ئەودۆخەی ئینسانە کە ناتوانێ خاڵی لاوازی ئەوشتە ( شیئ ) ببینێ کە لایەنگیریەتی ، هەمیشە هەوڵئەدات کەموکوڕی و ناتەواوییەکانی بشارێتەوە ، درز و بۆشایی و کەلەبەرەکانی پڕبکاتەوە ئەگەر لەڕێگەی دەمامکێکی درۆزنانەشەوە بێ ، گرنگ ئەوەیە ئەوانی تری دەرەوە، ئەوانی تری نەیار و دوژمن هەست بەو نوقسانی و ناتەواویانە نەکەن ، واتا لایەنگیری لە باشترین حاڵەتەکانی دا ، لە نەرمترین دۆخەکانی دا کە ئەوپەڕی مرونەت و لێبوردەیی نیشان بدات ، لەوساتەدا کە تا دوانەفەسی خۆی ڕووی جوانی خۆی دەربخات و خۆی لەتوندوتیژی ببوێرێ و تەریک بکات ، ئەوا ناچار بە دووکارە یان دوو نمایشە کە ئەنجامیان بدات ، ئەوانیش بێدنگی و درۆکردنن . کاتێک ئەو باوەڕ و شتەی لایەنگیری ئەکرێ توشی نەنگییەک ، ئیحراجییەک بوو و کەوتە داوێکی شەرمهێن و شەرمەزارانەوە ئەوا کەسی لایەنگیر هەوڵی بێدەنگ بوون ئەدات ، وەک ئەوەی هیچ ڕوی نەدابێت ، ئەمەش یان لەڕێگەی دروستکردنی ڕەمزێکی درۆزنانەی وەهمی دوور مەودا، یاخود لەڕێگەی بێبەهاکردنی  شەرمەزارییە هەنوکەییەکە ، واتا ئەوەڵجار هەڵدەستێت بە دروستکردنی ڕەمز و سیمبولێکی مەزن و پەسەندکراوی دەرەدەست لای هەموان ، بەڵام دەستخستن و دەستەبەرکردنی ئەم ڕەمزە ئەبەستێتەوە بەکات و مەودایەکی دوورترەوە ، ئەمەش لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخی شەرمەزارییەی لەئێستادا توشی هاتووە بەئامانجی ئەوەی بەتێپەڕینی کات کارە شەرمهێنەرە بەسەردا هاتووەکە لای تاکەکان کاڵ ببێتەوە و بیربچێتەوە ، دواتر کاتێ دروستکردنی ڕەمزەوەهمییەکە دادی نەدا و ویستەکەی کەسی لایەنگیری نەپێکا ئەوا هەوڵی بەکەم دانان و بێبەهاگردنی ئەو پرۆسە شەرمهێنە ئەدات ، لەڕاگەیاندنەوە وەکو خەبەرێکی بێزەوق و سادە و ڕوداوێکی ئاسایی ڕۆژانەیی باسی ئەکات ، ئەمەش لەپێناو چەسپاندنی وەکو شتێکی سادە و بێبەها لەزیهنی تاکەکاندن ، نمایشی دووەم کە کەسی لایەنگیر پێی هەڵدەستێ ( نمایشێکی زۆر خەتەرناک و کارەساتبارە و کاریگەرییەکی نەرێنی قوڵ لەسەر تاک و کۆمەڵەکان دائەنێ بۆ ماوەیەکی دوور و ئەبێتە فاکتەری دروستبوونی نەریتێکی ناشرینی ڕوپامایی نامتمانەی دەستەجەمعی ) ، ئەویش نمایش و خۆنواندنە بە ڕێگەی درۆکردن لەپێناو دەستەبەرکردنی پاکییەتی و دڵسۆزانەی خۆی لە لایەنگیری بۆ باوەڕ و ئەوشتەی لایەنگیرییەتی، درۆ لەم دۆخ و لەم پێناوەدا لەسەر دوو کۆڵەگە، بنەما، پایە و ئەساس ئەوەستێ : یەکەم بنەما کارکردنە بە تەرز و نەمەطی دووبارەکردنەوە بۆ قەناعەت پێهێنان ، گوتەیەکی دێرینە هەیە ئەڵێ : درۆبکە ، درۆبکە . بۆئەوەی وەکو ڕاستی لێتی وەربگرن ، واتا دووبارەکردنەوەی ناڕاستی دواجار وەکو ڕاستی لەکۆمەڵگادا قەبوڵ ئەکرێ ، بەتایبەت لەوکۆمەڵگایانەی کەئاستی هۆشیاری تاک نزمە و دەستڕاگەیشتن بەزانیاری و ئاگاداربوون لەڕوداوەکان لاوازە و زانینی هەڵوێست و مەبەستی دەسەڵات لەمەڕ پرس و بابەتی شاراوەی پشت ڕوداوەکان قوڕسە ، لەم دۆخەدا فۆبیای گەورە ، تارمایی ترسی مەزن ئاوێتە بە گوتارە دووبارە بۆوەکان ئەکرێ و لەڕێگەی گەیاندن و سەپاندنی ستەمکارانەوە پرۆسەی قەناعەت پێکردن پتەو و ئامانجدار ئەکرێ تاکو کۆی گوتارەکان یاخود بەشە هەرەگرنگ و مەبەستەکەی وەکو ڕاستی ئەبینرێ و قبوڵئەکرێ .

پایەی دووەمی درۆسازی لایەنگیری بریتییە لە یەقین بوونی کەسی لایەنگر، واتا ئەو کەسەی بانگەشەی ناڕاست بۆ لایەن و ئامانجەکەی بڵاو ئەکاتەوە ، بە یەقینەوە ئەو کارەئەکات و خۆی بەتەواوی باوەڕی پتەو و ناگومانانەوە ئەم درۆسازییە بەگرنگ و پێویست لەپێناو ئامانجێکی باڵادا ئەبینێ ، یاخود هەندێ لە لایەنگران ئەم بانگەشانە بە ڕاست و حەقیقی و واقعی ئەبینن و ئامادەی هەموو کار و کردەیەکن بۆ بەگژاچونەوەی هەر کەس و لایەنێک گومان لە ڕاستێتێ ئەو بانگەشانە بکات و بیەوێت درز و خەوش و کەموکوڕیان دەربخات بۆخستنە سەر ڕێگەی شرۆڤەکردن لەپێناو دۆزینەوەی دەرەچە و دەلاقەی تێپەڕاندن و ڕەتکردنەوەیان . لەکۆتایی دا ئەمەوێ بێژم دیاردەی لایەنگیری پەیوەندییەکی پتەو و تۆکمەی بە ئاستی هۆشیاری گشتییەوە هەیە ، تا ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا بەسەرجەم تاک و کۆمەڵەکانییەوە بەرزتر و هەڵکشاوتربێ بڕیاردانی تاکەکان بۆ پشتیوانی هەرلایەن و باوەڕ و شتێک لەسەر بنەمای هاوکێشەی نێوان سود و قازانج، ئەندازەی باش و خراپی لێکەوتەکانی پشتیوانییەکە ئەبێت ، ساغ بوونەوەی تاکەکان بۆلایەنگیری ، کارێکی ئاسان و بێ تاو وتوێ نابێت ، وە ئەم لایەنگیرییە درێژ مەودا و دائیمی و ئەبەدی نابێت ، بەڵکو پەیوەستئەبێت بە کارێکی دیاریکراو لە کاتێکی دیاریکراودا ، ئەشێ لایەنگیری تاکێکی هۆشیار بۆلایەنێک بۆکاتێکی ترو لەدۆخێکی تردا بگۆڕێ بۆ لایەنگیری لایەنێکی تر ، بەڵام لەکۆمەڵگایەکی ئاستی هۆشیاری نزمدا لایەنگیری زیاتر لەسەر بنەمای سۆزی دەروونی ئەوپەڕی نائاگایانە و هەندێ جار بۆماوەیی ئەبێت و کەسی لایەنگر لەکاتی کارە ئیجابی و سلبییەکانی لایەنەکەدا ئاستی لایەنگیرییەکەی گۆڕانی بەسەردا نایەت، بەڵکو هەردەم وەسفی کارە پۆزەتیڤەکان و پاساو بۆ کارە نێگەتیڤەکان ئەهێنێتەوە .

 

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت