جەزا ئەحمەد فارس: رێکەوتن لەسەر فرۆشتنى خاک و خوێن باجەکەى قورسە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان روویدا، بریتى بوو لە فرۆشتنى خاک و خوێنى پێشمەرگە لە سەر بنەماى رێکەوتنێک، لەنێوان هێزە کوردییەکان و سوپاى عێراقى بەئاگادارى (هێزەکانى هاوپەیمانى دژى داعش).
لەم رێکەوتنەوە دەگەینە ئەو راستییەى کە دەسەڵاتى کوردى لە پێناو مانەوەى خۆى و بنەماڵەکانیان، نەک تەنها ناوچە جێناکۆکەکان. بەڵکو ئامادەشن (هەولێرو سلێمانی)ش بفرۆشن ئەگەر پێویست بکات.
بۆیە لەسەر خەڵکى هەرێمى کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان ئەرکێکى نەتەوەى و ئەخلاقییە، کە چیتر متمانە بەم سەرکردەو دەسەڵاتدارانە نەکات، کە مامەڵە بە خوێنى منداڵەکانیان و خاکەکەیانەوە دەکەن.

لە2014 ەوە خوێنى پێشمەرگە دەکرێتە قوربانى بیرەنەوتەکان
ئەو شکستە گەورە ى کەسوپاى عێراقى لە ساڵى 2014 توشى بوو لە سەر دەستى داعش، شانسى ئەوەى بە سەرکردایەتى کوردا کە کۆنترۆڵى ناوچەجێناکۆکەکان بکات بە بەکارهێنانى هێزى پێشمەرگە .
بەهەزاران پێشمەرگە لە 2014 ەوە کرانە قوربانى کۆنترۆڵکردنى ئەو بیرەنەوتانەى کە سەرکردایەتى کورد ساڵانێک بوو چاویان تێبریبوو.
بەخوێنى هەزران پێشمەرگە ئەو شوێنانەى کە دەکەوتنە سنورى ناوچە جێناکۆکەکان توانرا لە چەکدارانى داعش پاکبکرێتەوەو لەو کاتەدا سەرکردایەتى کورد ئەو سەرکەوتنانەى پێشمەرگەى بەکارهێنا بۆ بەدەستهێنانى پشتگیرى و هاوکارى نێودەوڵەتى.
لە راستیدا خوێنى ئەو هەزاران پێشمەرگە لە شەرى داعش لە پێناو ناوچە جێناکۆکەکان نەرێژرا بەڵکو ئەوان کرانە قوربانى بۆ بەدەستهێنانى بیرەنەوتەکان، پاشان نەوتەکەشى خرانە خزمەتى دووپارتى سیاسیەوە کە لە خەمى مانەوەى دوو بنەماڵەدان لە دەسەڵاتدا .

کێ رێکەوتنى لەگەڵ بەغداد کرد بۆ رادەستکردنەوەى ناوچە جێناکۆکەکان
لەراستیدا ئەم رێکەوتنەى کەکراوە رەهەندێکى مێژووى هەیە ئەویش بیرتیە لەو بەڵێنەى کە سەرکردایەتى هەردوو پارتى دەسەڵات کە لەساڵى 2014 ەوە بە سەرکردە سەربازییەکانى عێراقیان دابوو کە ئەوان ئامادەن لەهەر کاتێکدا بێت ناوچە جێناکۆکەکان رادەستى سوپاى عێراقى بکەنەوە دواى کۆتای هاتنى داعش.
یەکێتى و پارتى ئەو راستییەیان باش دەزانى کە لەدواى کۆنترۆڵکردنەوەى حەویجەوە حەشدى شەعبى و سوپاى عێراقى هەوڵى کۆنترۆڵکردنەوەى کەرکوک و تەواوى ناچە جێناکۆکەکان دەدەن بەڵام هیچ هەنگاوێکى پراکتیکیان نەنا بۆ رێگرتن لەمەو لەگەڵیاندا رێکەوتن .
لەم قۆناغەدا کە یەکێتى لەدۆخێکى خراپدایە بە دڵنیاییەوە بە هەڵکردنى گڵۆپى سەوز لەلایەن پارتییەوە رێکەوتووە بۆ رادەستکردنەوەى ناوچە جێناکۆکەکان ئەوەى راستى ئەمەش دەسەلمێنێت، بریتییە لەوەى کە ئەوە تەنها هێزەکانى یەکێتى نەبوو کە بەبێ شەر شوێنەکانیان چوڵکرد بەڵکو پارتیش لە پاڵ یەکێتى بەکەمترین زیان شوینەکانیان رادەستى حەشدى شەعبى وسوپاى عێراقى کرد.

بۆچى پێشمەرگە دیسانەوە کرایەوە بە قوربانى لەکاتێکدا رێکەوتن هەبوو ؟
هەردوو پارتى دەسەڵاتدار مێژوویەکیان هەیە لە بەقوربانى دانى پێشمەرگە ئەوان لە 2003 پێشمەرگەیان بەکارهێنا بۆ رزگار کردنى کەرکوک دواتر لە پێناو پارە و دەسەڵات ئامادە بوون بڕۆنەوە دەرەوەى شارى کەرکەوک .
لە 2014 ش هەزاران پێشمەرگەیان کردە قوربانى لە پێناو کۆنترۆلکردنى بیرە نەوتەکانى کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بەڵام بەزووى ئەمەیان بیر چوویەوەو لە 2017 بۆحەشدى شەعبی و سوپاى عێراقیان چۆڵکرد.
لەپاڵ ئەوەى کە رێکەووتون هەبوو بەمەبەستى هاتنە ناوەوەى حەشدى شەعبى و سوپاى عێراقى بۆناوچە جێناکۆکەکان بەڵام بەسەدان کورى فەقیر و هەژارانیان دا بە شەهید کردن لە پێناو ئەوەى راى گشتى هەرێمى کوردستانى و ناوچە جێناکۆکەکانى پێ چەواشە بکەن و بڵێن کە ئێمە بەر گریمان کرد بە ڵام ئێمە روو بەرووى هێزێکى نابەرامبەر بووینەوە بۆیە شکستمان هێنا.
گەرانەوەى هەیمەنەى ناوەند بۆ ناوچە جێناکۆکەکان
حکومەتى ناوەندى توانى جارێکى تر هەیمەنە بکاتەوە بەسەر ئەو ناوچانەى کە بەهۆى هاتنى داعشەوە ساڵانێکە بیرە نەوتەکانى لەدەستداوە.
سەرکردایەتى کورد گرەویان لەسەر کەوتنى ناوەند دەکرد لە (2014) کاتێک عێراق رووبەووى هێرشى داعش بوویەوە، بۆیە زۆر بە بێبەرنامە ئەم پارێزگایەیان بەرێوەدەبرد، هەمیشە لەشەردا بوون لەگەڵ یەکترى لە پێناو بەرژەوەندى تایبەتى پارتەکەیان و دابەشکردنى نەوتى کەرکوک.
دەسەڵاتى کوردى لە کەرکوک نەیتوانى بوو لەماوەى رابردوودا نمونەیەکى جوان پێشکەش بکات لە پیادەکردنى دەسەڵات بۆیە هەموومان لە شاشەى تەلەفزیۆنەکانمانەوە بینیمان کە عەرەبەکان و تورکمانەکانى ناوکەرکوک وەک ئەوەى لە دیکتاتۆریەت رزگاریان بوو بێت ئاهەنگیان دەگیرا کاتێک هێزە کوردییەکان کەرکوکیان بەجێهێشت.

یەکێتى و پارتى باجى ئەم رێکەوتنەدەدەن
ئەم رێکەوتنەى یەکێتى و پارتى باجەکەى زۆر بە قورسى دەشکێتەوە بەسەریاندا لەبەر ئەوە ئەم دووهێزە بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێن کە متمانەیان نەمێنێت لە ناو خەڵکى هەرێمى کوردستاندا و وە لەناوچە جێناکۆکەکاکان نفوزیان لە دابەزیندایە.
لەکۆتایدا دەگەینە ئەو راستییەى کە خوێنى ئەو هەزاران پێشمەرگەیەى کە لە شەرى داعش لە پێناو ناوچە جێناکۆکەکان نەرێژرا بەڵکو ئەوان کرانە قوربانى بۆ بەدەستهێنانى بیرەنەوتەکان، نەوتەکەشى خرانە خزمەتى دووپارتى سیاسیەوە کە لە خەمى مانەوەى بنەماڵەدان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت