جەزا ئەحمەد فارس: مافیاکانى نەوت لەهەرێمى کوردستان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گروپێکى بچوک لە هەردوو حزبى دەسەڵاتدارى هەرێمى کوردستان/عێراق، دەستیان بەسەر داهاتى نەوت گرتووە کە سەرەکیترین سەرچاوەى داهاتە بۆ هەرێمى کوردستان ئەم گروپە ئەکرێت بە مافیاى نەوت ناویان بێنین لە بەر ئەوەى هەموو سیفەتەکانى مافیایان تێدایە. ئەو نەوتەى کە سروشت پێى بەخشین لەبرى ئەوەى ببێت بە سەرچاوەى خۆشبەختى و ئاسودەى بۆخۆمان و نەوەکانمان ئەم گروپە مافیایە کردیان بە نەهامەتیەک کە خۆمان و نەوەکانیشمان ئەبێت باجى بدەین.
مافیاکانى نەوت بە شێوەیەیەکى نا ئەخلاقى و نا یاساى داهاتێکى خەیاڵاویان لە هەناردە کردنى نەوتى ئەم هەرێمەوە دەست دەکەوێت. بۆئەوەى ئەو داهاتە زۆرەى کە لە فرۆشتنى نەوتەوە دەستیان دەکەوێت لەکاتى بردنە دەرەوەى توشى لێپرسینەوە نەبن سیاسەتى سپى کردنەوەى پارەى نەوت ئەگرنە بەر. چەندین کۆمپانیاى وەهمیان دروست کردووە بەمەبەستى ئەوەى کاتێک کە داهاتەکانیان بردە دەرەوە بڵێن ئەم داهاتانە لە قازانجى ئەم کۆمپانیانەوە دەستمان کەوتووە. زۆر جار لە پاڵ ئەوەى ئەم کۆمپانیانە کارى سپى کردنەوەى پارە دەکەکەن بە شێکى زۆرى تەندەرەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش وەر دەگرن و لەوانەشدا گەندەڵییەکى بێشوومار ئەنجام دەدەن.
یەکێکى تریش لەو دیاردانەى کە ئەم مافیانەى نەوت دروستیان کردووە چەندین کەسى نزیک لە خۆیان لەماوەیەکى کەمدا کرد بە ملوێنەرو ملیالەر لە سەر داهاتى خەڵکى ئەم هەرێمە. ئەم هەرێمە واى لێهاتووە وەکو قاچک لەماوەى شەو ڕۆژێکدا چۆن هەڵەتۆ قێت ئاوا چەندین ملوێنەرو ملیالەر دروست دەکرێن کە ئەمە شتێکى نا ئاساییە لە بەر ئەوەى زۆر بەى ئەو خەڵکانەى کە لەم هەرێمەى ئێمە ئە بن بە ملوێنەرو ملیالەر لە سەر داهاتى خەڵک بوون نەک لەسەر بنەماى لێهاتووى و کارى خۆیان.  کارەساتى گەورە چاوەڕێى خۆمان و نەوەکانمانە ئەگەر ئەم مافیایانەى نەوت نەوەستێینین چونکە ئەم مافیایانە گرنگ نیە بەلایانەوە ئەگەر هەموو ئەم هەرێمە وێران بکەن لە پێناو بەرژەوەندى تایبەت بەخۆیان.

مافیاکانى نەوت کێن؟.
لەدواى ئەوەى کە هەرێمى کوردستان هەناردەکردنى نەوتى دەست پێکرد بۆ دەرەوە خەڵکى ئەم هەرێمە سەرەتا هیچ زانیارییەکان لە سەر ئەوە نەبوو کە ئەم نەوتە ئەگەر لە دەستێکى ئەمیندا نەبێت ئەبێت بە مایەى نەهامەتى بۆ خۆیان و نەوەکانیان بۆ یە هاوڵاتیان پێیان وا بوو کە ئایندەیەکى پرشنگدار چاوەڕێیان دەکات. بەڵام بە تێپەڕ بوونى کات ئەو ڕاستیە ڕوونبوویەوە کە نەوت بۆ خەڵکى نەهامەتى دێنێت و بۆ بەر پرسەکانیش خۆشگوزەرانى.  هەمیشە راگەیاندکارە حیزبیەکانى هەردوو حزبیى دەسەڵاتدار لەڕێگەى راگەیاندنەکانیاوە ئەوەیان بە گوێماندا ئەدا کە نەوت ئە بێتە مایەى خۆشگوزەرانى بۆ هەموو خەڵکى کوردستان بۆیە خەڵکى ئەم هەرێمە چەواشە کرا بەشێوەیەکى نادروست راى گشتى ئاراستە کرا بە ئاڕاستەى پشتگیرى کردن لە هەناردەکردنى نەوت. بەتێپەڕبوونى کات نەوت بوو بە نەهامەتى بۆمان لەبەر ئەوەى کە گروپێکى مافیا کە من بە مافیاى نەوت ناویان دەبەم کۆنترۆڵى سەرچاوەکانى نەوتیان کرد و زۆر بەى داهاتەکەیان خستە خزمەتى خۆیانەوە و خەڵکى هەرێمى کوردستانیان بێبەشکرد لە و داهاتەى کە لە ڕێگەى نەوتەوە دەست دەکەوێت.
مافیاکانى نەوت زۆرێک لە بەر پرسەکانى ناو هەردوو حزبى دەسەڵاتن کە ئەوانیش پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستانن ئەمان ئەو داهاتەى کەلەنەوتەوە دەست هەرێمى کوردستان دەکەوێت بە ئارەزووى خۆیان تەخشان و پەخشانى دەکەن بۆیە ئەم هەرێمە کەوتۆتە ناوقەیرانێکى داراى قورسەوە کە ڕزگاربوون لێى ئەگەر مەحاڵ نەبێت ئەوە ئەستەمە. ئەگەر سەیرێکى واقعى هەرێمى کوردستان بکەن لەم ڕۆدا هەموان بوینەتە قوربانى سەوداو مامەڵەى مافیاکانى نەوت بەهۆى ئەوەى کە مافیاکانى نەوت کۆنترۆڵى هەموو شتێکیان کردووەلەم هەرێمەدا.
چەندین بەر پرس لە سەرکردە سیاسیەکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان لە سایەى نەوتەوە بوون بە کەسى ملوێنەر و ملیالەر ئەمانە خۆیان کردووە بە خاوەنى چاڵە نەوتەکان و هەر یەکەیان چەندین بیرى نەوتیان هەیە. لەپاڵ ئەوەى کە لەرێگەى بۆرییەوە بە شێکى زۆرى نەوتى هەرێمى کوردستان بەتاڵان ئەبرێت بەدرێژارى چەندین ساڵى ڕابردوو ئێستاش بە بەردەومى تەنکەرەکانى نەوت ڕیز دەبەستن بەدواى یەکدا و ئاودیوى سنورەکانى هەرێمى کوردستان ئەکرێن.

شێوازى کارى مافیاکانى نەوت
یەکێک لە سیفەتە دیارەکانى مافیاکانى نەوت ئەوەیە کە بێهەستن بە هیچ شێوەیەک هەست بەئازارەکانى خەڵکى هەرێمى کوردستان ناکەن وە زۆر خۆپەرستن ئەیانەوێت هەموو شتێک بۆ خۆیان بێت و رۆحى قۆرغکارى باڵى کێشاوە بەسەریاندا . مافیاکانى نەوت بەنهێنى کارەکانیان ئەنجام ئەدەن و ئەو داهاتانەى کە دەستیان دەکەوێت بەناوى کەسە نزیکەکانى خۆیانەوە لە بانکەکانى دەرەوە هەڵى دەگرن.
مافیاکانى نەوت خاوەنى چەندین پرۆژەى گەورە گەورەشن کە هەندێکیان تەنها بۆ سپى کردنەوەى پارەکانیانە وە هەندێکى تریشیان بۆ ئەوەیە کە بتوانن کۆنترۆڵى سەرجەم بوارەکانى ژیانى تاک بە تاکى هەرێمى کوردستان بکەن.
هەندێک لە مافیاکانى نەوت خاوەنى کۆمپانیاى خانوبەرەن کە لە رێگەیەوە لەیەک کاتدا دوو سودى گەورە بە دەست دەیەنن یەکەم پارەکانیانى پێ سپى دەکەنەوە دووەم قازانجى خەیاڵاویش لەو پرۆژانەدا ئەکەن.
ئەم مافیایانە خەڵکى هەرێمى کوردستانیان توشى تێکشکانێکى دەرونى گەورە کردوە ئەتوانین بڵێن پێویستمان بە چەندین دەیە ئە بێت بۆ ئەوەى جاریکى تر بگەرێنەوە حاڵەتى ئاساى، چونکە زۆر بە بەرنامە کار لە سەر تێک شکاندنى کەسایەتى مرۆڤى کورد کراوە.

چۆن مافیاکانى نەوت بوەستێنین؟
کاتى ئەوە یە کە مافیاکانى نەوت بوەستێنین چونکە بە بەردەوام بوونى ئەمان لە سەر کارە چەپەڵەکانیان قەیرانەکان زیاتر ئاڵۆز ئەبن و ئاسۆى چارەسەر وون ئەبێت لێمان. ئەگەر بەزووترین کات مافیاکانى نەوت نەوەستێنرێن ئەوە کارەساتى گەورە توشى هەرێمى کوردستان دەکەن کە بۆ چەندین نەوە کاریگەرى ئەبێت. پێویستە ئەم مافیانە هەوڵبدرێت لەناوخۆ ڕوو بەڕووى دادگاکان بکرێنەوە ئەگەر زەمینە سازى دادگاکانیش لەبار نەبوو لە هەرێمى کوردستان ئەوە ڕوو بەڕووى دادگاکانى عێراقیان بکەینەوە لە بەر ئەوەى بە پێى دەستورى عێراقى تاوەکو ئێستا ئێمە وەک هەرێمى کوردستان بە شێکى جیانەکراوەیەن لە خاکى عێراق.
پێم وایە دادگاکانى ناوەند شێوازى کارکردنیان باشترە لە دادگاکانى هەرێمى کوردستان وە حکومەتى ناوەندى عێراق چەندین قۆناغ لە پێش حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بۆڕوو بەڕوو بوونەوەى گەندەڵى بۆیە ئەکرێت لە ڕێگەى دادگاکانى حکومەتى ناوەندەوە کە مەبەستم ئەوانەى دەرەوەى سنورى هەرێمى کوردستانە ئەم مافیایانە ڕوو بەڕووى دادگا بکرێنەوە. ئەگەر هاتوو ئامادەش نەبوون بڕۆنە بەردەم دادگاکان ئەوە یەک رێگەى ئاشتیانەى تر لە بەردەمماندا ئەمێنێت ئەویش بریتیە لەوەى کە لەڕێگەى ئەو نوسەرو رۆشنبیرانەى کە لە دەرەوەن بەتایبەتى لەووڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا ئەژین هەوڵبدرێت لەوێ پەڕاو لەداگاکان بۆ ئەو مافیایانە بکرێتەوە وەپاشان قەدەغەى سەفەریان لێبکرێت و ئەو پارەى کە بەناوى خۆیان و کەسوو کاریانەوە هەڵگیراوە لە بانکە کانى دەرەوە بلۆک بکرێت چونکە ئەو پارانە هى هەموو خەڵکى هەرێمى کوردستانە نەک هى ئەوان.

مافیاکانى نەوت و کارى تیرۆر
ئەگەر بێدەنگ نە بین ئەوە مافیاکانى نەوت ئەمان کوژن یان هەوڵدەدەن بمانکڕن دیار ترین نمونەى تیرۆریش بریتیە لەشەهیدکردنى (کاوە گەرمیانى) ڕۆژنامەنوس کە بەر لەوەى یەکەمین نەوەى خۆى ببینێت بە ناشیرینترین شێوە و دور لە هەموو بەهایەکى مرۆڤایتى تیرۆریان کرد. شەهید کاوە گەرمیانى بووە قوربانى ئەو راپۆرت و کارە رۆژنامە نوسیانەى کە بە شێکى پەیوەندى بەمافیاکانى نەوتەوە هەبوو، ئەو ئەیویست کە مافیکانى نەوتى ناوچەکەى خۆى بە ئێمە بناسێنێت و گەندەڵیەکانى کەرتى نەوت لەگەرمیان دەربخات کە ناوچەیەکى ستراتیژى و گرنگە. ئەم مافیایانە دەبێت لە سەر ئاستى نێودەوڵەتى ناویان بخرێتە لیستى تیرۆرە وە لە بەر ئەوەى هەر ئەم مافیانەى نەوت بوون بە بێ گوێدانە هیچ بە هایەکى مرۆڤایەتى دەستیان لەگەڵ داعش تێکەڵ کردو بازر گانیان لەگەڵ کردن.
ئە بێت ئەوەمان قەت لە بیر نەچێت لەکاتێکدا کە داعش منداڵەکانى ئێمەى ئەکوشت و سەرى ئەبڕین چەندین مافیاى نەوت کە کورد بوون و لە لایەن پارتە سیاسیەکانەوە پشتگیرى دەکران دەستیان لەگەڵ داعش تێکەڵ کردبوو بازرگانى نەوتیان لەگەڵ دەکردن. بە داخەوە بازرگانى نێوان مافیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان و داعش نەبووە رۆژەف و ئەم باسە زۆر گرنگى پێنەدراو لە سەر ئاستى ناوخۆى هەرێمى کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت